Zhanaral.jpg

ساڵیادى ژه‌نه‌ڕاڵى پایز و ئاواره‌یى

ئەو شیعری دەنووسی، یەکجار، بەسەر یەکەوە هەندێکی نووسی و بۆ ئەبەد ڕامبۆ ئاسا جێی هێشت، ئەو یەکجار دەربارەی پایز نووسی و بۆ ئەبەد بە بەرگێکی پایزییەوە ژیا و دواجار خۆی کوشت..خۆکوشتنێک کە هەوڵبوو بۆ گەرانەوە بۆ جیهانی بوونە ڕەسەنەکان. جێهێشتنێکی بریندارانەی دونیایەک بوو کە تیایدا جوانی و وەفا و هاوڕێیەتی باری کردبوو.

  محەممەد عومەر عوسمان، لە ساڵی 1957 لە گەرەکی دەرگەزێنی شاری سلێمانی لە دایکبووە، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی هەر لە شاری سلێمانی تەواو کردووە، لە سەرەتای لاوێتیەوە دەستی بە کتێب خوێندنەوە کردووە، لە ساڵی 1975 دەستیکردووە بە نووسینی شیعر و بڵاویکردووەته‌وه‌، هەروەها دەستی وێنەکێشانی هەبووە و چەندین تابلۆی کێشاون. شیعرەکانی ئەو، دەربارەی ژیان و مردن و پایزێکن کە ژیان و بوونیان داگیرکردبوو، ئەو دەربارەی پایزێک دەینووسی کە لەناو بونیدا نیشتەجێبوو.

له‌ رۆژى 22/10/2019 لەماڵەکەی خۆیدا کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا و بەیەکجاری ئەو دونیایەیی جێهێشت کە هەمووشتێک تیایدا ئاماژەبوو بۆ دڵشکان و جێمان.

 "ئیسماعیل حەمەمین" دەربارەی حەمە عومەر دەنووسێت: جا ئەگەر سیۆران (بێخەوی) کردبێتە ڕوانگە و هەڵوێستگەیەک، ئەوا حەمە عومەر (بێئومێدی) کردە ئامرازی لەبەریەکهەڵوەشاندنەوەی ئەو بوونە ڕەق و توندوتیژە و ئەو ژیانە پایزییە هەمیشەگییە و ئەو بەدبەختییەی کۆتایی نایەت. ئەو زۆر خۆنەویستانە ژیا و بێهودەگەربوونیشی وەکو جۆرێک لە بێکەڵکبوونی خودا نیشاندا، شتێک کە هیچ (بێباوەڕێک)پێی نەکراوە. ئەم لەبەریەکهەڵەوەشاندنەوەیە کردەیەکی زۆر کاریگەرانەترە لەکردەی هەر ڕەخنەگر و هەر شۆڕشگێڕێکی ئیدیۆلۆگی.

 شێرکۆ بێکەس، سەبارەت بە دیوانە تاقانەکەی “لە غوربەتا” دەڵێت: دیوانی لە غوربەتا یەکێکە لە جوانترین پەنجەرەکانی شیعری تازەی کوردی، لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، زمان لە گۆمێکی قووڵ و ڕەوانی پرشنگدار دەچێت. لەم دیوانەدا شاعیرێک دەبینین، کە لە هاوڕێکانی پێش خۆی ناچێت. وڵاتێکی تری شیعری بۆ خۆی دۆزیوەتەوە، دیارە هەر ئەم جیاوازییەش بووەتە هۆی ئەوەی ئەم دیوانە سەرنجمان بە لای خۆیدا ڕابکێشێت و لە کاتی خۆیدا چەند جارێک ئەم شیعرانەم بە شەوق و تاسەوە خوێندووەتەوە.

 ئەمڕۆ یادی خۆکوشتنە شاعیرانە و پڕ شکۆکەی حەمە عومەر عوسمانە و سایتی گەلاوێژ بەو بۆنەیەوە یەکێک لە بەناوبانگترین و جوانترین قەسیدە شیعریەکانی ئەو بڵاودەکاتەوە.

 مردن لێم گەڕێ.. ئەمشەو خۆم ئەمرم..

تا شیعرێ بێنمە بوون و ژینەوە

لە سەرابێکام.. خوێنم ئەسوتێ..

بەسۆزی تاڤگەو چەمی شینەوە

مردن پێم ئەڵێ.. تۆ تەواو شێتی..

وشە جێ ی ژانتی تیا نابێتەوە

سەرخە سەرسنگم.. چاوانت لێک نێ..

کەس نییە فرمێسک بخوێنێتەوە

ــــــــــــــ

لۆمەی من مەکەن..

ئێوە ئەوانەی لە ژووری گەرما..

لە پشت پەنجەرەی داخراوەوە..

سەریری ئاسمانی باو بۆران ئەکەن

ئەو ساتانەش کە دەرگای ژوورەکەم..

بەڕووی (با)و بەفرا توند پێوەداوە

(با) لە ناو خوێنما توند هەڵیکردووە..

لە خەشتەو زوقما پەلم کوتاوە

ـــــــــــــ

کێ لەم زریانەم ئەشارێتەوە..

کێ.. کێ خۆی ئەکا بەچەتری سەرم؟

کەسێ نابینم سیمای لەو بچێ..

بەر لەمردنم هانای بۆ بەرم

ــــــــــــ

خۆزگە ئەمتوانی دڵم دەربێنم..

خوێنی بتکێنمە سەر شوێن پێکانی

ڕیزێک شوێن پێ ی سوور.. بەسەر بەفرەوە..

جوانیی یەک نییە.. شان با لەشانی

ــــــــــــ

ئێستاش گەرچی خەزانی تەمەن..

ئەمبا بەرەو گۆڕ کزەباو تەمی

لەچاوما هەوری حەسرەت و پرسیار..

چەخماخە ئەدا.. کەیلە لە غەمی

ــــــــــ

دەستێکی مژدە لە دەرگای نەدام..

کەسێکم نەدی خورپە بێ بۆ دڵ

زستانی ژوورم تەفروتووناکا

تاپۆی تەنیاییم.. بنێتە ژێر گڵ

بڵێ ی بێتەوە بەر لەوەی گۆڕێک..

باڵام بنێتە باوەشی ڕەشی؟

لە ئەشکیا بمشواو خۆڵەمێشی دڵ..

کڵپە بسێنێ سەر لەنوێ لەشی !

ـــــــــــــ

با خۆم گێل نەکەم.. منی غوربەتیی..

کەنارم تۆف و شەستە بارانە

کەس ناگری بەسەر ڕوخساری منا..

تەم و مژێکی دەم ئێوارانە

بۆ شادمانیی زۆر کورتە تەمەن..

بۆ کوێرەوەریی.. نابڕێتەوە

چۆن گڕ ناگرێ بەفری بەر هەتاو؟..

خۆ دوای چەند ساتێ.. سەرئەنێتەوە !

 

حەمە عومەر عوسمان


ئەم بابەتە 83 جار خوێندراوەتەوە