Wena_bo_babat.jpg

چەشنناسیی پێوەندیی ئەشق و سیاسەت لە وێژەی کوردیدا

د. خالید تەوەکولی- فەرهاد ئەمینپوور

پێشەکی:

بیرمەندانی زانستە کۆمەڵایەتییەکان پێیانوایە؛ مرۆڤ بە شێوەیەکی سروشتی، بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە. بەدرێژایی مێژوو، دیاردەکان، وارسکەکان، هەستەکان و پێداویستییە هەمەچەشنە کۆمەڵایەتییەکان بیچمیان بە ژیانی مرۆڤ داوە و مانایان پێ‌بەخشیوە. هەندێک لەم هەست و پێداویستییانە لە سەرجەم کۆمەڵگاکان و لە نێو تاک بە تاکی مرۆڤەکاندا دەبینرێ و کاریگەرییەکی زیاتری لە سەر ژیانی کۆمەڵایەتی هەبووە. "ئەشق[1]" یەک لەم دیاردانەیە کە پانتاییەکی زیاتری هەیە و چییەتی، چۆنیەتیی دابینکردن، دەستوور، لۆژیک و ڕادەی کارتێکەرییەکەی لە سەر ژیانی تاک و کۆمەڵگا لە ئاقاری گشتی و کۆڕە زانستی و هونەرییەکاندا، بەردەوام خراوەتە بەر باس و هەڵسەنگاندن. گرنگیی ئەم چەمکه لە ئاستێکدایە کە رووبەری بەشێکی زۆر لە ئەدەبیات و هونەری گرتۆەتەوە.

سەرەڕای کاریگەریی بێهاوتای ئەشق و گشتگیرییە کەم‌وێنەکەی لە پانتایی کۆمەڵگادا، هەمیشە هەندێک دژبەری لاساریشی هەبووە کە بەردەوام ویستوویانە هیچ باس و خواسێک سەبارەت بە ئەشق نەگوترێ و نەبیسترێ و ئەوەندەی توانیویانە بە قەدەغە و حەرام ناوبردەیان کردووە. هەندێکجار عەقڵیان رووبەڕووی کردۆتەوه و هەندێکجاریش تۆرەڤان و عاشقان و عارفەکانیان دەرکردووە و بە شێت ناویان بردوون. لەم چەند سەدەی دواییدا، جگە لەو فاکتەرانەی سەرەوە، ئەوەی کە زیاتر لە هەموو شت لە دژی ئەشق وەستاوە و ویستوویەتی بەرتەسکی بکاتەوە یان بیخاتە پەڕاوێزەوە، سیاسەت بووە. لەم وتارەدا، ئەم خاڵ و پرسیارە دەخرێتە بەر باس و تاوتوێ دەکرێ کە سیاسەت‌کردنی "مرۆڤی کورد" لە سەردەمی هاوچەرخدا چ کاریگەرییەکی لە سەر ئەشق و ئەوینداری لە کوردستان داناوە و چ چەشنە پێوەندییەک لە نێوان ئەشق و سیاسەتدا هەیە؟

 پێناسەی چەمکەکان

- ئەشق

بیرمەندانی جیاواز؛ لە فەیلەسووف و وێژەوانانەوە بگرە تا بیرمەندانی زانستە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکان، هەر کامەو لە ڕوانگەی خۆیانەوە ئەم پرسەیان تاوتوێ کردووە و ڕای خۆیان لە سەر دەربڕیوە. لەگەڵ ئەمەش، هەنووکە‌ش دەرکێکی هاوبەش و کۆدەنگییەک سەبارەت بە پێناسە، تایبەتمەندییەکان و چییەتیی پێوەندییە ئاشقانەکان نەهاتووەتە ئاراوە. لەم بەشەی وتارەکەدا بە کورتی ئاماژە بە ڕای چەند فەیلەسووف و کۆمەڵناسێک دەدرێ کە سەبارەت بە ئەشق پێناسەیان هەبووە و ڕایان دەربڕیوە:

ئەفلاتوون (٤٢٧-٣٤٧ی پ.ز):

یەک لە کۆنترینی ئەو کتێبانەی سەبارەت بە ئەشق نووسراوە؛ نامیلکەی "میوانی" (ضیافت)ی ئەفلاتوونە. بە گشتی ئەشق لە ڕوانگەی "سوقڕات"ەوە هەر چەشنە هەوڵ و خەبتین و مەراقێکە بۆ گەیشتن بە چاکە و بەختەوەریی هەتاهەتایی. بە ڕای ئەو، بە پێچەوانەی دیکەی میوانان کە ئەشقیان لە پلەی خواوەندی و جوانیی تەواودا پێناسە دەکرد، ئەشق نە جوانە و نە باش، بەڵکوو لە ڕەگەزی پەرییەکانە، بەو مانایە کە یەک لە پەرییەکانه کە پلە و پێگەیەکی لە نێوان خواوەندەکان و مرۆڤەکاندا هەیە و نزا و قوربانییە مرۆییەکان دەگوازێتەوە بۆ خواوەندەکان و فەرمانەکانی ئەوان دەگوازێتە‌وه بۆ مرۆڤەکان.(ضیافت، ١٣٨٥: ١٠٨-١٠٢)

دیارە ئەفلاتوون لە زمانی سوقراتەوە قایل بە جیاوازییە لە نێوان ئەشقی زەمینیو ئاسمانیدا و پێیوایە هەر ئەشقێک جوان و شایانی ستایش نییە. "ئەو ئەشقەی لە ئافرۆدیتی زەمینییەوە سەرچاوە دەگرێت بە شێوەیەکی سروشتی ئەشقێکی زەمینی و بازاڕییە و توانای هەڵاواردنی نییە و ئەشقێکە کە دزە دەکاتە نێو دڵێ لات‌ولووت و پلەنزمەکان. ئەوانەن کە هەم دەبنە ئاشقی ژنان و هەم ئاشقی کوڕان. واتا دەبنە ئاشقی جەستە نەک ئاشقی گیان. (هەمان: ١١٩) لە بەرانبەر ئەشقی زەمینیدا، باسی ئەشق بۆ جوانیی ڕەها دەکات کە هیچ کەم‌وکووڕی و تیاچوونێکی بۆ نییە و ناشکەوێتە ژێر کاریگەریی دیاردە جیاوازەکانەوە.

ڕۆبێرت سالۆمۆن:

لە وتارێک بە ناونیشانی "باشیی ئەشق" (ئیرۆتیک) لە بوارە جۆراوجۆرەکانەوە تاوتوێی ئەشق دەکات. هەروەک لە وتارەکەشدا دەردەکەوێ سالۆمۆن بە پێچەوانەی بەشێکی زۆر لە فەیلەسووفەکان لەوانە سوقرات و کانت، بەرگری لە ئەشقی ئیرۆتیک دەکا و پێیوایە ئەم چەشنە ئەشقە، ڕوانگەی ئێمە بە نیسبەت ئەخلاقەوە فراوانتر دەکات. (سالومون: ٩٧)

سالۆمۆن دەڵێت کە بۆ هەڵسەنگاندنی ڕوانگەی ئەخلاقیی تاکێک هیچ شتێک گرنگتر لە هەستەکان نییە. بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە بەهای هەستەکان وابەستە بە دڵخوازبوونی کردەوە و کردەی خۆمان بزانین. لەوانەیە هەستی ئەشق، دەرەنجامگەلی باشی وەک بەخشندەیی و لێبوردەیی لێبکەوێتەوە، بەڵام ئەشق تەنانەت ئەگەر ئەم دواهاتانەشی نەبێت، خۆی لە خۆیدا باڵاتربوونێکی تەواوە. بە ڕای ئەو، ئەشق خۆی لە خۆیدا شایانی ستایشە و بە هەستێکی پایەداری دەزانێت کە کاتێک کەسێک گیرۆدەی دەبێ، ناتوانێ بە ئاسانی لەبیری بکات.

لە ڕوانگەی ئەوەوە هەست و سۆزەکان هەمیشەش تێکدەر نین و زۆر جار ئەوە هەست و سۆزەکانن کە ئامانجە عەقڵبڕەکانی ژیان دەستنیشان دەکەن. جگە لەوە بینراوە که سۆزدارییەکان زۆربەی جار ئاگایی و وشیارییەکی زیاتر دەبەخشنە تاک و کۆمەڵگا و هەر کام لە سۆزەکان بە دوای ئامانجێکی تایبەتەوەن و زۆربەشیان لە ژێر کۆنتڕۆڵ و چاودێریی تاکدان. خاڵی گرنگی قسەکانی سالۆمۆن ئەمەیە کە ئەو لە دژی بەئایدیال کردنی زیاد لە پێویستی ئەشقە و ئەشق بە شتێکی بە تەواوی جیاواز لە سێکس و سەرجێی دەزانێت و دەڵێ: "ئەگەر ئێمە باڵاتربوونی ئەشق بە هاوپلەی باڵاتربوونی خودایی دابنێین، لەو حاڵەتەدا لەوانەیە ئەشق بابەتێکی جێی شانازی و باڵاتربوون بێت، بەڵام ئیدی هیچ پێوەندییەکی بە ئێمە و هەست و سۆز و دڵخوازە بچووک و وردەکانی ئێمەوە نابێت. (هەمان: ١٢٢)

سالۆمۆن ئاماژە بە هەندێک مەیلی وەک ویستی پێکەوەبوون، ویستی دڵدانەوە و... لە ئەشقی رۆمانسیدا دەدات و گرنگترین ئامانجی ئەشق بە تامەزرۆیی بۆ دروستکردنی شوناسێکی هاوبەش دەزانێت. بە ڕای ئەو ئەشق سەربەخۆیە لە شتی وەک خەمڕەوێنی، سەرجێیی خۆش، دۆستایەتی، هەبوونی هاوسەفەر، هەبوونی کەسێک کە دڵ‌نیگەرانی ئێمەیە و هەروەها هاوسەرگیریش. سالۆمۆن ئەشقی ڕۆمانسی بە بەرهەمی هەندێک گۆڕانکاری لە دونیای نوێدا لە قەڵەم دەدات. گۆڕانکاریی وەک ماڵباتی بچووک کە لە کۆمەڵگا پیشەسازییەکاندا گەشەی سەندووە، بەرهەمی سەردەمێکە کە ڕۆمانی ئاشقانە، لە نێو ژنانی چینی مامناوەنددا، پەرەی بە ڕاستیی ئەشقی ڕۆمانسی دابوو، ژنانیش وەک پیاوان ئەو دەرفەتەیان بۆ ڕەخسا کە هاوبەشی ژیانی خۆیان هەڵبژێرن و لەوانەش گرنگتر؛ ئەشقی ڕۆمانسی سەردەمێک دەرفەتی دەرکەوتن و گەشەی بۆ ڕەخسا کە دژایەتیی مێژوویی نێوان ئەشقی پیرۆز و ئەشقی دونیایی تێک شکا و لە قاڵبێکی نەریتیدا پێک گەیەنرایەوە. (هەمان: ١٢٦)

 ئانتۆنی گیدەنز:

گیدەنز بە دواداچوون بۆ گۆڕانکارییەکانی خێزان و هەروەها ئەشق لە جیهانی مودێڕندا دەکات و ئاماژە بە چوار مۆدیلی ئەشق دەدات:

1)  ئەشقی زەنەکی[2] (شهوانی): لەم چەشنە ئەشقەدا گرێدراویی سێکسی پێشەمە‌یه و چون گوڕوتینێکی زیاتری هەیە، کار دەکاتە سەر پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی لایەنەکان. زۆربەی کۆمەڵگاکان لە دژی ئەم چەشنە ئەشقەن، چون سەرپێچی لە یاسا و تێکشکاندنی نەریتەکان بەشێک لە دواهاتەکانیەتی، بۆیە ئامادە نین وەک بنەمای هاوسەرگیری قەبووڵی بکەن و بیپەژرێنن.

2)  ئەشقی ڕۆمانسی[3]: ئەم ئەشقە زیاتر لە کۆمەڵگا ڕۆژئاواییەکانی سەدەکانی ١٨ و ١٩دا بەرچاو دەکەوێ، ئەم ئەشقە دەبێتە هۆی ئەوەی ویست و خواستێکی دوولایەنە ببێتە بنەمای هاوسەرگیری و خێزانی تاک‌هاوسەری[4]. ناکۆکیی سەرەکیی لەم ئەشقەدا، بەریەککەوتنی نێوان دەروەستی و ئازادییە کە ئایا دڵدارەکان دەبێ بە نیسبەت یەکترەوە پابەند و دەروەست بن یان ئازاد بن؟ لەم بەریەککەوتنەدا لە ئەنجامدا دەروەستی و ئەشقی پاوانکراو، هەمیشە سەرکەوتووی مەیدان دەبێ. تایبەتمەندییەکانی ئەشقی ڕۆمانسی بریتین لە؛ لێهاتوویی ئەشق و سەرکەوتنی بە سەر سەرجەم کێشەکانی دیکەدا (دیمۆکراسیی ڕۆمانسی)، ئاشقبوون لە چرکەساتێکدا و لە یەکەم نیگادا (توندیی ڕۆمانسی) لەناکاوبوونی ئەشق (پاوانکردنی ڕۆمانسی) و هەبوونی تاکە یەک ئەشقی پاوانکراو و ئایدیال.

3) ئەشقی هاولف[5]: ئەم چەشنە ئەشقە بە پێی پێویست، خێزانی تاک‌هاوسەر و پێوەندیی سێکسیی پاوانکراو و بەرتەسکی لێناکەوێتەوە. دانوستانی سۆزداری لەم چەشنە ئەشقەدا گرنگییەکی زۆری هەیە.

4) ئەشقی بێ‌خەوش و ڕەسەن[6]: لەم چەشنەدا ئەوەی گرنگە تەنیا پێوەندیی ئاشقانەی پەتییە و لایەنەکانی پێوەندیی ئاشقانە لەبری گەڕان بۆ "تاکی تەواو[7]" بە دوای "پێوەندیی تەواو[8] ەوەن کە تێیدا پێوەندیی سۆزدارانە یەکسان و بە پێی چێژ پێناسە کراوە. نادەروەستی تایبەتمەندیی سەرەکیی ئەم چەشنە ئەشقەیە.((Giddens, 1992: 176

 ئەو شتەی کە دەکرێ لەو ڕوانگانەی سەرەوە هەڵبهێنجرێ ئەوەیە کە هەرکام لە بیرمەندەکان ئاماژە بە بەربەستەکانی سەر رێی ئەشق دەدەن یاخود خۆیان هەندێک بەربەست ساز دەکەن. ئەفلاتوون، ئەشق وەک بابەتێکی ئاسمانی و پیرۆز پێناسە دەکات و بەمجۆرەش بەربەستی لە پێش دەربڕینی چەشنەکانی دیکەی ئەشق ناوەتەوە. سالۆمۆن بە ئاماژە بە کانت و ئەو فەیلەسووفانەیکه ئەشق بە چەشنێک سۆز و هەست لە قەڵەم دەدەن و ئەنجام لایان پەسەند نییە، ئەشق وەک فەزیلەت و باڵاتربوون هەڵدەسەنگێنێت. وەرگرتنی ئەشق وەک هەست و سۆز لە لایەن فەیلەسووفانەوە کە بە پێشبینی هەڵنەگر و کۆنتڕۆڵنەکراوی دەزانن، بەربەستی پێکهاتەیی و زەینیی زۆری بۆ دەربڕینی ئەشق دروست کردووە. پێوەندیی نێوان خێزان و ئەشقیش وەکیتر لەم بوارەدا جێی سەرنجە. ئەشقی لخێز و پێوەندیی رەسەن لەگەڵ قەوارە و بەردەوامیی خێزان ناتەبایە و تووشی داڕمانی دەکا.

- سیاسەت

پێناسەی سیاسەتیش هەروەک پێناسەی ئەشق دژواریی تایبەت بە خۆی هەیە. لە مانایەکی گشتیدا، سیاسەت بە واتای شێوازگەلێکە کە بڕیار دەدەن کۆمەڵگا چۆن ئیدارە و دەستوور و ئاسایشی تێدا جێگیر بکرێت. لە ڕاستیدا کردەی سەرەکیی سیاسەت کە لە ماناکەیدا شاراوەیە، بریتییە لە کەڵکوەرگرتنی دەستوورمەند لە دەسەڵات بە مەبەستی جێگیرکردنی دەستوور و ئاسایش لە کۆمەڵگادا کە لەوانەیە لە لایەن هۆکار و هێزە ناوخۆیی یان دەرەکییەکان بکەوێتە بەر هەڕەشە. لە ڕاستیدا فەلسەفەی بیچمگرتنی سیستەمی سیاسی ئەوەیە کە پلان و تەگبیری وا بگرێتە بەر تاوەکوو کۆمەڵگا لە ئاسایشدا بێت و بە چەشنێک دەستوور جێگیر بکرێت کە خەڵک لە خۆشگوزەرانیدا بن و بتوانن بەدواداچوون بۆ ئامانجەکانی خۆیان بکەن.

"دو ‌ڕژە" پێیوایە سیاسەت بە گشتی لە دوو مانای جیاوازدا بەکار دەهێنرێ: سیاسەت وەک زانستی دەسەڵات و سیاسەت بە واتای زانستی دەوڵەت. (دو رژه، ١٣٦٩: ١٥) ئەم پۆلێنبەندییە گشتییە، کاری پێناسەی سیاسەت زەحمەتتر دەکات، چونکە بۆ ئەوەی دەرکێکی دروست لە سیاسەت هەبێ، پێویستە دوو چەمکی "دەسەڵات" و "دەوڵەت" وەکیتر لێک‌بدڕێنەوە. بەگشتی دەسەڵات بە مانای توانای ناچارکردنی دیترانە بە ئەنجامدانی کارێک و مەبەست لە دەسەڵات و هێز لە ئاقاری سیاسەتدا ئەوەیە کە بتوانرێ بە کەڵکوەرگرتن لە دەورەکان، دامەزراوە و هێزە سیاسییەکان، بڕیار و ئامانجەکانی خۆت کردەیی بکەیت و بەرهەڵستی دەژبەرانی ببیتەوە. (ریویر؛ ١٣٨٢: ٢٨) دەوڵەتیش بریتییە لە دامەزراوەیەک کە فەرماندەرەکان تێیدا جێ دەگرن و بە شێوەگەلی جیاواز حوکمڕانی بەسەر کۆمەڵگادا دەکەن.

"بەشیریە" لە پێناسەی سیاسەتدا جەخت لە سەر پڕۆسەی بڕیاردان و ئیجرای بەرنامەکان بۆ سەرجەم کۆمەڵگا دەکاتەوە. ئەو پێیوایە لە سیاسەتدا، حکوومەت و دامەزراوەکانی بەڕێوەبەرایەتی، گرووپەکان و بەشە جیاوازەکانی حەشیمەت و ئایدۆلۆژیا هەیە، بەمجۆرەش سیاسەت لەگەڵ سەرجەم ئەو شتانەی لە کۆمەڵگادا هەیە، لە پێوەندیدایە. (بشیریە؛ ١٣٨٠: ٢٦) بەشیریە دەسەڵات وەک کۆمەڵێک لە سەرچاوە و ئامرازەکان کە هەم بەشێوەی بەتۆپزی (اجباری) و هەم بەشێوەی ناتۆپزی (غیراجباری) بوونیان هەیە، پێناسە دەکات کە لە پێگە جیاوازەکاندا لە لایەن حکوومەتەکانەوە کەڵکیان لێوەردەگیرێت بۆ ئەوەی خۆیان بپارێزن یان بە کەڵکوەرگرتن لێی، ئامانج و بەرنامەکانی خۆیان کردەیی بکەن. (هەمان: ٢٨). بەشیریە دەسەڵات بە گرنگترین چەمکی بیچمدەر بە سیاسەت دەزانێ و هەر کردە و چالاکییەکی کە کە توخمێکی دەسەڵاتی تێدا نەبێ یان هەوڵێک بۆ دەستڕاگەیشن بەوەی تێدا نەبێ، بە سیاسی نازانێ. (هەمان: ٣٠) ئەو هەروەها دەوڵەت وەک سەرچاوەی پیوەندیی دەسەڵات و دامەزراوەیەک لە قەڵەم دەدات کە لە سەرجەم کۆمەڵگاکاندا بە دانانی یاسا، ئەرکی حوکمڕانی دەگرێتە ئەستۆ، بەمجۆرەش خاوەن بەکارهێنانی پاوانکراوی دەسەڵاتی مەشرووعە و کارکردی جیاوازی وەک پاراستنی دەستوور و ئاسایش، پارێزگاری لە مافە سروشتییەکانی تاکەکان، دابینکردن و پاراستنی یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی، دەستەبەرکردنی لانیکەمی خۆشگوزەرانی و ئاسایش و هتدی هەیە.

چوارچێوەی تیۆریی

سیاسەت دەیاردەیەکی تەواو کۆمەڵایەتییەوە و کاریگەریی لە زۆربەی کاروبارە کۆمەڵایەتییەکان وەردەگرێت، یان کاریان تێدەکات؛ هەندێک لە دیاردەکانی بۆ قەبووڵ ناکرێت و پشتیوانی لە هەندێکی دی دەکات. "بەشیریە" پێیوایە کە سیاسەت بە هەموو کاروبارە کۆمەڵایەتییەکانەوە سەقاڵە، (هەمان: ٢٦) سەبارەت بەوان یاسا دادەنێت و بە‌و دەسەڵاتەی کە بە شێوەی پاوانکراو بە دستیەوەیە، بە کردەیی دەکات. "ئەشق" یەک لەو دیاردە کۆمەڵایەتییانەیە کە سیاسەت پێیەوە سەرقاڵە و بەتایبەت سیاسەت بە مانا گشتییەکەی لە دژی چەشنە "ئیرۆتیک"ەکەیەتی. ئەم دژایەتییە پێدەچێ هۆکارگەلی جیاوازی هەبێ:

"کانت" دەڵێ:

-  تەنیا ئەو شتەی فەرمانهەڵگرە، لە ڕووی ڕەوشتیشەوە پێویستییە؛

- هەمیشە بابەتی گشتی دەکەوێتە بەر باس نەک وردەکارییەکان؛

- چون ئەخلاق و ڕەوشت بابەتێکی عەقڵییە، عەقڵنەبڕبوونی هەست و سۆز بەڵگەیەکی قەناعەتپێکەر نییە بۆ ئەوەی ئەشق لە ناوەندی ئەخلاق بسڕینەوە؛

- سۆزەکان و بەتایبەت ئەشق، ناجێگیر و بێ‌سەقامن و

- ئەشق بابەتێکی "زەینییە" و لە فەلسەفەدا ئەم بابەتە زەینییانە زۆر جێ باوەڕ نین. (سالومون: ١١٨-١١٠)

هەروەک سالۆمۆن دەڵێ؛ فەیلەسووفەکان دژی ئەشقی ڕۆمانسی و ئیرۆتیکن و بە ڕەچاوکردنی ئەوەی کە تا ئاستی بابەتێکی سێکسی دایدەبەزێنن و سێکسیش بە شتێکی نەخوازراو لە قەڵەم دەدەن، هەست و سۆزیش بە بابەتی عەقڵنەبڕ، چاودێری هەڵنەگر، تیژتێپەڕ و کاتی دێننە ئەژمار و لە ئەنجامدا ناکرێ بە شێوەی ئۆبجەکتیڤ و زانستی لێکۆڵینەوەیان لە سەر بکرێ و تاوتوێ بکرێن، ئەشقی ڕۆمانتیک زیاتر پاوانخواز، ئیرەییبەر، ڕایی‌ڕایی، دژەکۆمەڵایەتی و تەنانەت شێتکەرە، هەر بۆیە ئەوان پێیانوایە ئەشقی ڕۆمانسی ناتوانێ باڵاتربوونێک دروست بکات و لە دژی دەوەستنەوە. ئاشکرایه کە سیاسەتمەدارانیش لە ژێر کاریگەریی فەیلەسووفاندان و پاراستن، بەرهەمهێنان و زیاکردنی فەزیلەت بە یەک لە ئەرکەکانی خۆیان دەزانن و دژایەتیی ئەم چەشنە ئەشقە دەکەن و بە دانانی یاسا و هەندێکجاریش بەکار هێنانی هێز، پێش بە پەرەسەندنی دەگرن. لە سیاسەتدا تامڵی کاروباری عەقڵنەبڕ و چاودێری هەڵنەگر کە پێدەچێ دەرەنجامی دژەکۆمەڵایەتی هەبێ، ناکرێ و لەگەڵ ئامانجە سەرەکییەکانی سیاسەت و دەوڵەت بە تەبا نازانزێ.

-  ئەوانەی که لە مەیدانی سیاسەتدا سەرقاڵی چالاکین لەگەڵ ئەوانە کە ئاشقن، جیاوازیی میتۆدۆلۆژیکییان هەیە. سیاسەتمەداران زیاتر ڕوانگەیەکی گشتی و دەرهەستیان بۆ ئەشق هەیە، لە حاڵێکدا ئاشقەکان بە شێوەی تایبەت و ورد لێی دەڕوانن. لەم ڕووەوە ئاشقان چییەتیی هیچ شتێک پێناسە ناکەن و دەرینابڕن، لە حاڵێکدا سیاسەتمەداران و فەیلەسووفان باسی چییەتی و بابەتیی ئەشق، چاکە، جوانی و هتد دێننە ئاراوە.

ئەم بەرامبەرکێیە لە ڕوانگەکانی سوقڕات و ئالکیبیادیسدا بە ڕوونی بەرچاو دەکەوێت. ئالکیبیادیس باسی شەوق و پێوەندییەکی ئاشقانەی تایبەت و ژیانکردێکی خۆی دەکات، بەڵام بە پێی فەلسەفەی سوقڕات کە ئەشق لە ئاستێکی ئابستراکتدا تاوتوێ دەکات، لایەنی دووپاتەنەبوو و ئەزموونی تاکەکەسی، هیچ پێوەندییەکی بە ڕاستییەوە نییە و ناتوانێ پێناسەی ئەشق بکات. (نوبسبام: ٦٦-٥٩)

"بادیۆ" ئەشق بە دیاردەیەک دەزانێت کە ئێمە بەرەوە "بەشە دیاریکەرەکانی ئەزموونی شتە جیاوازەکانی دەبات" و دەبێتە هۆی بینینی جیهان بە شێوەیەکی دی، بینینێک کە بنەماکەی کەشفی ڕاستی لە ڕوانگەی جیاوازی و "دوو" بوونەوەیە. ئەو پێیوایە کە ئەشق لەگەڵ هەندێک هەڕەشە ڕووبەڕووە و ئەرکی فەلسەفە ئەوەیە کە پارێزگاری لە ئەشق بکات و سەرلەنەوێ بیخوڵقێنێتەوە: یەکەم هەڕەشە لەسەر ئەشق بە هەڕشەی "ئەمنی" ناو دەبات. دووهەم هەڕەشە و مەترسیی بۆ ئەشق، نکۆڵیکردن لە گرنگییەکەیەتی. لە ڕوانگەی ئەوەوە ئەشق چارەیەکه بۆ پرسی بەرژەوەندیخوازیی تاکەکەسی. (بدیو؛ ١٣٩٣: ١٧-١٤).

بادیۆ پێیوایە یەک لە گەورەترین جیاوازییەکانی نێوان ئەشق و سیاسەت لەوەدایە کە لە ئەشقدا دوو کەسی تەواو جیاواز، دەتوانن پێوەندییەکی داهێنەرانەیان هەبێت، بەڵام لە سیاسەتدا شتی لەم چەشنە نەکردە و نامومکینە. جگە لەوە لە سیاسەتدا بەردەوام دوژمنێکی ڕاستەقینە هەیە، ئەم وێنایە کار دەکاتە سەر ڕەفتاری تاکەکان و ناچارن لەگەڵ دوژمنانیان بەریەک بکەون، لە حاڵێکدا لە ئەشقدا، دوژمن بوونی نییە و ناتوانێ ئاراستەی ڕەفتاری ئاشق دیاری بکات. لەمڕووەوە دژوازی و توندوتیژییەکانی ئەشق، زیاتر دەروونییە و تاک دەبێ لەگەڵ خۆ بەریەک بکەوێ. بادیۆ بانگەشەی ئەوە دەکات لە کۆمەڵگایەکی کۆمۆنیستیدا دەرفەتێکی نوێ بۆ ئەشق دەڕەخسێت، بۆیە ناکرێ ئەشق لە سیاسەتجیا بکرێتەوە. (هەمان: ٦٩-٥٦)

- ئەوەی لە دونیای سیاسەتدا گرنگە و بە پێی ئەوە دژایەتیی ئەشقی ئیرۆتیک دەکەن، بابەتی ئەشقە. لێرەدا پرسیاری سەرەکیی سەبارەت بە خودی ئەشق نییە، بەڵکوو ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە دەبێ ببیتە ئاشقی چی؟ چ شتێک بایەخی ئەشقی مرۆڤی هەیە؟

بۆ زۆربەی سیاسەتمەداران کە سەر بە ئایدۆلۆژیا جیاوازەکانن، بابەتگەلی گشتیی وەک نەتەوە، خاک، چین، ئایین، ڕێبەرانی سیاسی و شوناس لە ڕیزی ئەو دیاردانەدان کە دەبێ ببنە بابەتی ئەشق و ئەگەر باڵاتربوونێک لە ئاشقبووندا هەبێ لە ئاشقبوون بەم چەمک و بابەتە گشتییانەدا بوونی هەیە. جگە لەمە دابەزاندنی ئەشق بۆ کردەیەکی سێکسی و دەوری پێوەندیی سێکسی ئەشق، لە نێوان سیاسەتمەداراندا لۆمە کراوە و لەم ڕووەوە ئامادەبوونی ئەشق لە چالاکیی سیاسیدا ڕێگەپێدراو نییە. "فرۆم" پێیوایە کە هەرچەشنە هەوڵێک بۆ دەربڕێنی هۆگری و دروستکردنی پێوەندی، ئاشقبوون نییە، پێدەچی ئەم دەربڕینی هۆگرییە لە کەمی خۆشەویستی، تەنیایی یان وەدینەهاتنی پێداویستییە سێکسییەکانەوە سەرچاوەی گرتبێت. (فروم؛ ١٣٧٣)

مارکسیستەکان ئەشقێک بە دڵخواز دەزانن کە سەر بە چینی کرێکار بێت و "سەریعولقەڵەم" ئەشقێک دەپەرژێنێت و بە ئاراستەی ئەشقی خوداییدا هەڵدەسەنگێنێت کە ئاراستەکەی بەرەو خاک و نیشتمان و بەختەوەری نیشتمان بێت. ئەو ئەم ئەشقە وەک "ئەشقی زەمینی" ناو دەنێت کە دەتوانێ ببێتە سەرچاوەی پێشڤەچوون و گۆڕانکاریی ئەرێنی لە وڵاتێکدا و خۆشناوبوونی سیاسەتمەدارەکانی. سەریعولقەڵەم پێیوایە سەرەڕای سەدان تایبەتمەندیی خێزانی، کەسێتی، ڕەفتاری، دەربڕینی و مرۆیی کە بۆ سیاسەتمەدارە دڵخوازەکان ڕەچاوی دەکەین، خوویەک لە سەروو هەموو ئەم تایبەتمەندییانەوەیە؛ خووی ئەشق بۆ وڵات و نیشتمان و سەربەرزیی نیشتمان. (سریع‌القلم؛ مجله مدرسه)

لە بەرانبەردا "ئارێنت" دەڵێ هەرگیز لە ژیانمدا ئاشقی خەڵک یان کۆمەڵێک نەبووم، نە خەڵکی ئاڵمانیا، نە خەڵکی فەڕەنسا، نە خەڵکی ئەمریکا و نە چینی کرێکار و نە هیچ گرووپێکی لەم چەشنە. لە ڕاستیدا من ئاشقی هاوڕێیانم بووم و تاکە ئەشقێک کە دەیزانم و بڕوام پێیەتی ئەشق بە کەسەکانە. ئەو بە پێچەوانەی کانتەوە کە پاژەکیبوونی ئەشق بە بابەتێکی عەقڵنەبڕ دەزانێت، دروست جەخت لە پاژەکیبوونی دەکاتەوە و تەنیا ئەمە بە ئەشق دەزانێت.

میتۆدی لێکۆڵێنەوە

بۆ تاوتوێکردن و ناسینی چەشنە جیاوازەکانی پێوەندی نێوان ئەشق و سیاسەت، لە میتۆدی "دیکۆمینتاری[9]" کەڵک وەرگیراوە. بۆ ئەم مەبەستەش دەقە فۆلکلۆری، شیعری و بیرەوەرییەکانی کەسەکان لە سەردەمی هاوچەرخدا کە پێوەندییان بە سیاسەتکردن و ئاشقبوونەوە هەبووە، تاوتوێ کراون و بۆ وەڵامی پرسیارەکانی لێکۆڵینەوە‌که کەڵک لەو بەڵگانە وەرگیراوە.

پرسیاری سەرەکیی ئەم لێکۆڵینەوە ئەوەیە کە چ ڕوانگەیە‌ک لە ئەشق و پێوەندییەکەی لەگەڵ سیاسەت لە کوردستاندا هەبووه و بیرمەندان، دامودەزگا سیاسییەکان و جەماوەری خەڵک، ئەم پێوەندییەیان بە چ شێوەیەک پۆلێنبەندی کردووە؟

ئەشق و سیاسەت لە کوردستان

بە درێژایی مێژووی کۆمەڵایەتیی مرۆڤ، دیاردەگەلی جۆراوجۆر لە دامەزراندن و بیچمدان بە سیستەمی کۆمەڵایەتیدا، گەشەکردنی بەهرەکانی تاک و تاکێتی کاریگەر بوون، ئەشق یەک لەوانە بووە کە هاوکات لەگەڵ گرنگیی زۆر، بەردەوام مشتومڕ و دژایەتی و باس و خواسی زۆری لێکەوتووەتەوە. لە ڕاستیدا بەشێکی زۆر لە دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان لە خێزانەوە بگرە تا هونەر؛ بە ژانرە جیاوازەکانیەوە، دەین‌داری ئامادەیی ئەشق لە ژیانی کۆمەڵایەتیی مرۆڤدان. سەرەڕای کاریگەریی بێ‌هاوتا و تاقانەی ئەشق، هەندێک دوژمن و دژبەریشی هەبوو کە بەردەوام بە دوای ئەم بابەتە کێشەدارەوە بوونە و ویستوویانە هیچ شتێک دەربارەئ ئەشق نەگوترێ یان نەبیسترێ. هەندێکجار ئەقڵیان هێناوەتە بەرانبەر ئەشق و هەندێکجاریش، مامۆستایان و ئاشقان و عارفەکانیان رەتکردووەتەوە.

لە نێوان ئێمەی کورددا ئەوەی زیاتر لە هەرشت بەرەنگاری ئەشق بووەتەوە، سیاسەتە. سیاست لەو دامەزراوە گرنگانەیە کە بۆ سەقامگیری و ئاسایشی کۆمەڵگا دامەزراوە و بەردەوامبوونی سیستەمی کۆمەڵایەتی تا ڕادەیەکی زۆر گرێدراوی سیاسەتە. دوای یەکەم ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ جیهانی مودێڕن و دوابەدوای ئەوەش هەوڵدان بۆ پێناسە و بەرجەستەکردنەوەی شوناسی کوردی، بەرانبەرکێی نێوان ئەشق و سیاسەت دەستی پێکرد و لە شیعردا زیاتر لە هەموو شتەکانی دی خۆی نواند. لەم نووسراوەدا ئەم بەرانبەرکێیە تاوتوێ دەکرێت و ئەم پرسیارە گەڵاڵە دەکرێت کە؛ چەشنە جیاوازەکانی بەرانبەرکێی نێوان ئەشق و سیاسەت لە فۆلکلۆر و شیعری کوردیدا چۆن بووە؟

1) لە پەسنی ئەشقدا:

یەکەم چەشن کە لە پێوەندیی نێوان ئەشق و سیاسەت لە کوردستاندا بەرچاو دەکەوێت ئەوەیە کە بە گشتی سیاسەت پشتگوێ دەخرێت و نەک هەر ئەشق بە سەرتر دەزانرێت، بەڵکوو سیاسەت وەک یەک لە بەربەستەکانی ئاشقبوون لە قەڵەم دەدرێت. ئەوانەی پەسنی ئەشق دەدەن، ئەشق بە خاوەن شان و شکۆ و بە یەک لە پێداویستییە سەرەکییەکانی مرۆڤی دەزانن کە ئامادەن بۆ ئەشق لە دین و دونیا چاوپۆشی بکەن و بەرگەی زەحمەتی و دژوارییە فراوانەکانی بگرن.

پێدەچێ "پوزانیاس" یەکەم کەس بێ کە باس لە پێویستیی کەڵکوەرگرتن لە هێز و دەسەڵاتی سیاسی بۆ پێشگرتنێکی لانیکەمیی چەشنێک لە ئاشقبوون دەکات و لە دوو بوارەوە دەپەرژێتە سەر پێوەندیی نێوان ئەشق و سیاسەت و لە هەردووکیشیاندا جەخت لە دەوری بەرتەسک‌کەری سیاسەت دەکاتەوە. یەکەم پیوەندیی کە ئاماژەی پێدەدات دەربارەی ئاشقانی نەفس‌نزمە، کە پێشنیار دەکات بۆ پاراستنی سنووری ئەشق کەڵک لە یاسا و پێملکردنی وەربگیرێت بۆ ئەوەی پیاوان نەبنە هۆگری "ژنانی سۆزانی" و نەبنە هۆی بەدناوبوونی ئەشق. (ضیافت: ٦٦)پوزایانس بە شێوەیەکی دی دەپەرژێتە سەر پێوەندیی نێوان ئەشق و سیاسەت، بەم چەشنە کە حکوومەتە زۆردار و ستەمکارەکان دەبنە بەربەرست لە بەرانبەر ئەشق و ئەو خۆشەویستی و یەکگرتووییەی لێیەوە بەدی دێ. بە ڕای پوزانیاس ئەشق دەتوانێ دەوری ڕزگارکەری هەبێ، یەکگرتوویی و تواناکانی تاکەکانی کۆمەڵگا زیاتر بکات و بەم چەشنەش لە ژێردەستی ستەمکار ڕزگاریان کات. (هەمان: ٦٧) "ئارێنت"یش ئەم خاڵە دەپەژرێنێت کە ئەشق دەتوانێ لە بەرانبەر تۆتالیتاریزمدا کە دیهەوێ تاک توونا بکات، خۆڕاگری بکات و تاک بە زیندوویی بهێڵێتەوە. "سالۆمۆن" بە پێچەوانەی فەیلەسووفانی وەک کانت و شۆپەنهاوەر پێیوایە کە ئەشقی ئیرۆتیک لە ناخی خۆیدا چەشنێک فەزیلەتە و وەک ئەشق بۆ دایک، وڵات و مرۆڤایەتی ئەمەش ڕوانگەی ئێمە بە نیسبەت ئاکارەوە فراوانتر دەکات. (سالومون: ٩٧)

ئەشق بە شێوەیەکی کاریگەر و بەرفراوان لە ژیانی کورداندا ئامادە بوو، ڕۆژەڤی سەرەکیی بەشێکی زۆر لە فۆلکلۆر و ئەدەبیاتی کوردی، "بۆ پەسنی ئەشق" بووە؛ ئەم پەسنە بە چەشنێک بووە کە زۆرەملی و سزاکانی دامەزراوە جیاوازەکان لە ئایین و خێزانەوە بگرە تا سیاسەت، پشتگوێ خراوە و تەنانەت لە هەندێک حاڵەتیشدا لە بەرانبەری وەستاوەتەوە.

پەسندەرانی ئەشق بە گشتی لە دوو گرووپن:

-  ئەوانەی کە ئەشقی ئەفلاتوونییان کردووەتە بنەمای ئاشقبوونی خۆیان و پێیانوایە ئەشق فەزیلەتێکە کە دەبێ پەسن بدرێت. هەڵبەت لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ئاماژە بە هەردوو چەشنەکەی ئەشق دەدەن. "شێخ رەزا تاڵەبانی" پێیوایە ئەشق گەشەکردن و بێ‌نیازبوونێک لەگەڵ خۆی دێنێت کە لە ڕێیدا دەبێ واز لە هەموو شت بێنی:

من لە بۆ ماچت بەقوربان، تەرکی ژینم کردووە

تەرکی شەرع و تەرکی شێخ و تەرکی دینم کردووە

قافڵەچی ماتڵ مەنیشە، من لە عشق ئەو دڵبەرە

تەرکی رۆم و تەرکی میسر و تەرکی چینم کردووە

من لە بۆنی تۆ هەناسە، وا دەروونم گەش ئەکەی

تەرکی زوڵف و تەرکی بێ و تەرکی سینم کردووە.

نالیش هەر بەو شێوە و بە پێی ئەشقی ئەفلاتوونی، لە ئەشق ئەدوێ و تووڕەیی شاهانە بەهیچ نازانێ و گرنگی ئەدا بەو تووڕەیە کە ئەشق ئەیبەخشێ بە ئینسان:

عاشق هەوەسی مەیکەدەوو عیلمی بەسیتە

عاقڵ تەڵەبی مەدرەسەوو جەهلی مووڕەکەب (١٣٥)

چاوت لە برۆ یەعنی لە ژێر تاقی نزارەت

بێپەردە عەیان دێتە تەکەلووم بە ئیشارەت

شایستەیی شان، لایقی مل تووڕەیی تۆیە

نەک تووڕەیی شاهەنشەهی‌یوو تەوقی وەزارەت (١٤٥)

ئەشق وەها ئازایەتییەک ئەبەخشێ بە مرۆڤ کە ئیتر هیچ باکێکی لە قەیسەر و فەغفوور نابێ و فەقەت ئەبێ بە فەرمانبەری لەبی دڵدار:

کە تۆی شای کەج کولاهی دیدەمەستان

چ باکم قەیسەر و فەغفوورە ئەمشەو (٣٨٩)

نالی لەبی حەبیبە هەم تیب و هەم تەبیبە

خولاسەیی لەبیبە فەرمانبەری لەبی بە (٣٩٨)

مەحوی ئەسیربوون بە تووڕەی یاری زۆر لا گرنگە و باقی بە تووڕەهات ئەزانێ:

(الحذر) ئەم چەرخی کەچبازە بە روو چەرخاندنێک

چەندە سوڵتان و شەهی کردو دەکا بێدەست و مات

واعیزم پرسی، یەکێ شۆخانە جوابی دامەوە

وەعزی چی!؟ سەرلنگە دەستاڕێ کزەی دەستاڕی هات

شێخ و تووڕەی مێزەرو نەقڵ و نوقووڵی هیچ و پووچ

من بە تووڕەی یار ئەسیرم، ئەو بە کۆڵێ توڕەهات (مەحوی: ٥٧).

ئەشق گەدا دەەکا بە خاوەنی تاج و تەخت و بێنیازی ئەکا لە هەموو شتێک و هەمووکەسێک، بە تایبەت لە دەسەڵاتدارەکان.

ڕێی دا لە قاپییا بمرم، پێشی سەر سەرم

نا، وا گەدا دەبێ بە خواوەندی تەخت و تاج (٩٢)

مەجنوونە شاهی عیشق و بیابانی بارەگ

ئاهی دەکا هەمیشە بە پا چادرێ لە هیچ (٩٩)

شوکری حەق بەر دەری هەر فەقرە ئیقامەتگاهم

بەر دەروباری نە سوڵتان و نە شا نیمە مەلاز (١١٧)

لە کۆیا مودەعی دیمی بە ئیستیهزا وتی شاهم

گەدای ئەو کۆیە بم شاهەنشەهێکم سەد لە شا زیاتر (١٢٥)

ئیعجازی عیشقە مەنشەئی هەر موعجیزێکی حوسن

"مەحمودە" بەندە بۆیە بوە پادشا "ئەیاز" (١٣٣)

عیشق ئاگرێکە بەربوە هەر کەس دەبێ بە کەس

گەر رووڕەش وەکوو شەوە بێ، بوو بە شەوچراغ (١٧١)

"هێدی" زۆر ڕاشکاوانەتر باسی پێشەمیدان بە ئەشق و پشتگوێ خستنی سیاسەت دەکا:

وای هیلاک و ماندوو کردووم، باسی کورد و باسی گەل

ئێستە کاکۆڵ و کەزی و پەرچەم نەبێ، لێی نادوێم.

- گرووپی دووهەم ڕوویان کردووەتە ئەشقی ئیرۆتیک و هەندێکجاریش لخێز و ڕەوان. ئەم چەشنە ئەشقە زیاتر لە شیعر و چیرۆکە فۆلکلۆرەکاندا بەرچاو دەکەوێت و حکوومەت و دامەزراەوەکانی سەربە حکوومەت بە بەربەستی دڵداریکردنی دەزانن. لە هەندێک حاڵەتدا چاودێریی کۆمەڵایەتیی فەرمی دەبێتە ڕێگر لە دڵداری‌کردن و لە گۆرانیی کوردیدا ئاماژە بە سزا شیمانەکراوەکان لە لایەن حکوومەتەوە دەدرێت:

ئەواهەڵیان خست «سێدارە» بۆمن یارم ئەیفەرموو بیبەخشن بەمن

کەم بێ و کەم بچۆ کەم بکە لارە خۆت مەدە لە «تێخ» من لە «سێدارە»

دەبا «دەوڵەتی» ئێران بمکوژێ و «تیرەباران»

دەست‌هەڵگیری باڵات نیم سەرم چێتە «سەرداران»

بە تفەنگی بڕنەو بانە چۆڵ ئەکەم ئەم «شەڕە» لە سەر نەرمونۆڵ ئەکەم

هەسە بێ بۆ لام مەیکە بە خوێنێ «حاکم» زۆردارە تۆم لێ ئەسێنێ.

٢) لە لۆمەی ئەشقدا:

فەیلەسووفان و بە چاولێکەری لەوان، خەڵکانی سیاسیش لە دژبەرە کەلە ڕەقەکانی "ئەشق"ن. لە ڕوانگەی فەیلەسووفانەوە، ئیرۆس بە شێوەیەکی گشتی تا ئاستی بابەتێکی سێکسی دادەبەزێت. بەو هۆیەی کە پێیان وایە سێکس، ئامرازێکە بۆ ڕابواردن و خۆشگوزەرانی و زاوزێ، لە ئەنجامدا کردەیەکی سووک و قەبێحە کە شایانی ئەوە نییە وەک فەزیلەت بناسێنرێت و تەنیا لە حاڵەتێکدا کە بکەوێتە ژێر چاودێرییەکی ئاکارییەوە، لەوانە‌یه بکرێ بەهایەکی ئەخلاقیی بۆ ڕەچاو بکرێت.

فەیلەسووفەکان پێیانوایە ئیرۆس چەشنێک سۆزە و بە ڕەچاوکردنی ئەوەی کە هەست و سۆزەکان، بابەتگەلی عەقڵنەبڕ، چاودێری هەڵنەگر، تیژتێپەڕ و کاتین، ناکرێ بە شێوەی ئۆبجەکتیڤ و زانستی لێکۆڵینەوەیان لە سەر بکرێ و تاوتوێ بکرێن. بەڵگەیەکی دیکەی فەیلەسووفەکان بۆ ئەوەی که نابێ ئیرۆس وەک فەزیلەت لە قەڵەم بدرێت ئەوەیە کە ئەشق بۆ خود و خواستێکی خۆویستانەیە، ئەمەش لەگەڵ گرنگترین تایبەتمەندیی فەزیلەت کە سوودمەندبوونە بۆ دیتران، ناتەبایە. بە ڕای ئەوان ئەشقی ڕۆمانتیک زیاتر پاوانخواز، ڕایی‌ڕایی، دژەکۆمەڵایەتی و تەنانەت شێتانەیە و ئەمانەش ناتوانن فەزیلەت دروست بکەن. (سالومون: ١٠٧-١٠٦)

نزیکەی سەد ساڵ لە چالاکیی سیاسیی بە شێوە مودێڕنەکەی لە کوردستاندا تێدەپەڕێت. چالاکانی سیاسی بە هۆکارگەلی جیاواز دژایەتیی دڵداری‌کردن – بە تایبەت ئیرۆتیک و ڕۆمانسی-یان کردووە. هەندێک لە گرووپە چەپەکان ئەشقی ئیرۆتیک و ڕۆمانسی بە بەربەستی هۆگریی بۆ پڕۆلتاریا و تێکۆشانی چینایەتی دەزانن و هەر بۆیەش دژایەتیی دەکەن. هەندێکی دی لە گرووپە سیاسییەکان، هەستی دڵداری وەک تەنگ‌پێهەڵچنی تێکۆشان و چالاکیی سیاسی و خۆش‌ویستنی خاک و وڵات لە قەڵەم دەدەن. گرووپە سیاسییەکان لە دژی خودی ئەشق نین بەو مەرجەی کە بابەتی ئەشق چینی کرێکار یان وڵات بێت. جگە لەمە، ڕێبەرانی سیاسی لە ترسی ئەوەی کە نەکا پشتیوانیی خەڵکییان لە کیس بچێ لە دژی دڵداریکردنی چالاکانی سیاسی و ئەندامانی پارتەکەی خۆیانن و سزای جیددی بۆ هەڵەکانیان ڕەچاو دەکەن. "هانا ئارێنت" ئەم ئەشقانەی قەبووڵ نییە: "من لە ژیانمدا هەرگیز ئاشقی خەڵک یان گرووپێک نەبووم، نە خەڵکی ئاڵمانیا، نە خەڵکی فەڕەنسا، نە خەڵکی ئەمریکا و نە چینی کرێکار و نە هیچ گرووپ و کۆمەڵێکی وەها. لە ڕاستیدا من ئاشقی هاوڕێکانم بووم و تەنیا ئەشقێک کە دەزانم و بڕوام پێیەتی ئەشق بە تاکەکانە". لە بەرانبەردا "سەریعولقەڵەم" ئەشق بە وڵات و سەربەرزیی وڵات بە سەرەکییترین ئەشقەکان دەزانێت. (عشق و سیاست: ١٢)

شێرکۆ بێکەس لە بیرەوەرییەکانیدا ئاماژە بەم خاڵە دەدات کە لە فەزای سیاسیی کوردستاندا ئەشق چ بە شێوەی ڕۆمانسییەکەی و چ ئیرۆتیکەکەی فەرامۆش کراوە و بە توندی قەدەغە کراوە:

«یەکێک لە کێشە کۆمەڵایەتی و جەستەییەکانی مرۆڤی پێشمەرگە لەو شاخ‌وداخانەی کوردستاندا، کە کاریگەرییەکی قووڵی لە سەر باری دەروونی هەیە و بەردەوام ئاڵۆزت ئەکا و هیچیشت بۆ ناکرێ، کێشەی بۆشایی سێکسییە. ئەم کێشەیە هیچکام لەو کەسانەی بیرەوەری خۆیان نووسیوەتەوە و ئەزموونی شاخ‌وداخیان هەبووە باسیان نەکردووە. وەک هەموو تخووبە حەرامەکانی‌تر خۆیان لێنەداوە. ئێمە جاری وابووە بە دوومانگ و سێ مانگ لە دووریشەوە مێینەمان نەدیوە. قسەمان لە گەڵدا نەکردوون. هیچ پردی پەیوەندییەک لە نێواندا نەبووە. ئەمە لە کاتێکدا و لە هەڕەتی لاویدا، رۆژ نەبووە جەستەی مێینە لە زەین و خەیاڵدا ئامادە نەبووبێت. جاری وابووە پارچە پەڕۆیەکی سوورمان لە دوورەوە لێ بووە بە ژن!... بەڵام لە تاو هەڕەشە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان، پ.م بە زۆر خۆی سەرکوتی خۆی کردووە. ناوبەناوێ لە هەموو دەورانی شۆڕش و شاخدا، ئەگەر سووسەی پەیوەندییەکی سێکسی یان پەیوەندییەکی عاشقانە کرابێ، زۆر بە دڵڕەقییەوە لە لایەن سەرکردەکانی شۆڕشەوە ئەو مرۆڤانە تەفروتوونا کراون». (نووسین بە ئاوی خۆڵەمێش، ٢٠١٣: ١٧٦(

شێرکۆ لە شێعری «قۆخ»دا ئەم پێشەمە وا نیشان ئەدا کە لە بەرەبەیانی تەمەنییەوە دڵی زیاتر بە لای کوردستان و بە واتایەکیتر سیاسەت و ناسیۆنالیسمەوە بووە و ژن پێشەمی یەکەمی نەبووە لە ژیان و لە ناو دڵیدا:

لەبەر ئەوەی چاوەکانم

دوو دەنکە هەڵووژەی ڕەش بوون

وەختێ تۆ داوات کردن

یەکێکیانم دایە دەستت و

ئەویترم بۆخۆم هەڵگرت!

ئەی کچەکە!

بەڵام دڵم هەر قۆخێکە هەر یەکێکە

ئەی نازانی ئەویش زووتر

لە بەرەبەیانی تەمەندا

کوردستانم پڕی پیاکرد

ئەو فڕانی

تۆ بزانە بەشت نادا...!

"هێمن"یش بە چەشنێک ئاماژە بەم بەربەستە واته پێشەمیدانی سیاسەت بە سەر ئەشقدا بە تایبەت شێوەی ئیرۆتیکەکەی دەدا و ئەشق لە ژیانی خۆی دەسڕێتەوە:

«ئەندامەتی کۆمەڵەی ژ.ک گۆڕانێکی سەیری بە سەر مندا هێنا. شەو و رۆژ لە بیری کۆمەڵەدا بووم کە ئەویش ئامانجی رزگارکردنی نەتەوەکەم بوو. هەموو ئاوات و ئارەزووی تایبەتی خۆم وەلا نا. ئیتر نەتەنیا دەستم لە شەوەداوەت و هەڵپەڕین و رێبازگرتن و لەسەر سوانە وەستان هەڵگرت، بەڵکوو وەک سۆفی تۆبەکار تووشی هەر کیژ و ژنێکی کورد دەهاتم سەرم دادەخست و چاوم لێنەدەکرد. چونکە ئەوەشم بە خیانەت دەزانی. بۆ خاتری کۆمەڵە من دەستم لە یارێک هەڵگرت کە بە گەورەترین مەحروومییەتی ژیانمی دەزانم و رابردنی زەمانیش لە بیری نەبردومەوە و ناسۆری لە دڵمدا هەرماوە». (سەرجەم بەرهەمەکانی مامۆستا هێمن، ٢٠١٤: ٣٤) هێمن دواجار ئەگاتە ئەو جێگا کە ئیتر خەیاڵی چاوی کەژاڵ و گەردنی پڕخاڵی نەبێ و ئەو جۆرەی کە خۆی وتوویەتی لەم شێعرەدا، درۆی لە گەڵ ئێحساسی دەروونی خۆیدا نەکردووە:

عاشقی چاوی کەژاڵ و گەردنی پڕ خاڵ نیم

عاشقی کێوو تەلان و بەندەن و بەردم ئەمن.

بە وتەی «عیزەدین مستەفا ڕەسووڵ» کاتێک «ئەحمەد موختار جاف» پێ ئەنێتە ناو دونیای سیاسەتەوه و نووسینی شێعری نیشتمانپەروەری دەس پێدەکا، شێعرەکانی رەنگ و بۆیەکییتریان پێوە دیارە و عشق و ئەوینداری ئەکەونە پەڕاوێزەوە:

شاعیرانی کورد: بەسە، بەس باسی زوڵف و چاو بکەن؛

کەم خەیاڵی پەرچەم و کاکۆڵی ئاڵۆزاو بکەن؛

لابدەن کەم باسی سونبول، یا لقی لاولاو بکەن؛

ئێوە تەدبیرێکی حاڵی قەومی دڵسووتاو بکەن؛

زووبەزوو تا ئیش لە دەس نەچووە، سا هەوڵێ بدەن. (دیوانی ئەحمەد موختار جاف: ٣٤)

لای «پەشێو»یش ئەوین و ژیانی رۆمانسییانە ئەولەویەتی نییە و ئەوە خاک و نیشتمانە کە گرنگی تایبەت و سەرەکی هەیە:

ئاسمانی تۆ بەر پێی خۆتە

سەرت شۆڕ کە

ملت کەچ کە

چاو مەگێڕە

بۆ ئەستێرە و ئاسمان و خوا

ئەوەی بستێک خاکی نەبێ

خوا و ئەستێرە و ئاسمانی کوا..! (پەشێو، عەبدوڵڵا، ٢٠٠٦: ١٦)

٣) ڕێبواری ڕێگەی عەشق و سیاسەت:

وادیارە ئەشق و سیاسەت دیاردەگەلێکی پێکەوە ناتەبان و بە ڕەچاوکردنی ئەوەی باس کرا، مرۆڤ ناچارە لە نێوان ئەم دووانەدا یەکیان هەڵبژێرێ. "بەدیۆ" پێیوایە ئەشق دەتوانێ جیاوازییەکانی نێوان تاکەکان بکاتە پێوەندیگەلی "داهێنەر" بەڵام لە سیاسەتدا بابەتی سەرەکی "دوژمن"ە کە لە ئەشق بێگانەیە و لەم ڕووەوەو کە لە هەردووکیاندا، شێوەی بیرکردنەوەی بەکۆمەڵ، پێوەندییەکانی دەسەڵات و پڕۆسێسی قۆناغ بە قۆناغ هەیە، لە نێوان ئەشق و سیاسەتدا وێکچوون هەیە. (بدیو: ٥٤) هیۆم دەڵی ئەقڵ و ئەشق دوو دوژمنی لەمێژینەی یەکن، لەگەڵ ئەوەش ناتوانن بێ یەکتر بژین.

لە کوردستاندا لە نێوان ئەو کەسانەی کە هەم هۆگری ئەشقن و هەم گرنگیی بە سیاسەت دەدەن، دوو جۆر ڕەفتار بە نیسبەت پێوەندیی نێوان ئەشق و سیاسەت دروست‌بووە: گرووپی یەکەم ئەوانەن کە بڕوایان بە ڕاگرتنی کاتیی ئەشق بە قازانجی سیاسەت هەیە و گرووپی دووهەم جەخت لە گرنگیی هەردووکیان بە شێوەی هاوکات دەکەنەوە و پێیان وایە ئەم دووانە ناتوانن بێ یەکتر بژین:

-  هێمن یەک لەو کەسانەیە کە لە قۆناغێکی ژیاندا، ئەشق و دڵداریی بە قازانجی سیاسەت ڕاگرتووە. لە شیعری "شەنگەبێری"دا ئاماژە بەم خاڵە دەدات:

زۆری نەماوە بێتە بەر، نەمامی هەوڵ و خەباتم

لە داگیرکەر پاک بێتەوە خاکی پیرۆزی وڵاتم

چەک دادەنێم، گۆچانەکەی جارانم هەڵدەگرمەوە

تۆ هەر بێری بە، من هەر شوان، فریشتەی تاسە و ئاواتم.

لە وتووێژێکدا کە ساڵی ١٩٧٤ هێمن لەگەڵ ڕۆژنامەی "هاوکاری" کردوویەتی بە داخ و حەسرەتەوە ئاماژە بە ڕاگرتنی ئەشق و خۆبێبەش‌کردن لێی، دەدات. لەم وتووێژەدا لەگەڵ ئەوەی کە ئەشق بە "پێدراو"ێک دەزانێت کە لێی بێبەش بوو، دەپەرژێتە سەر خەسارناسیی ئەدەبیاتی کوردی و پێیوایە کە کەمتر وێژەوانێی توانیویەتی بەرپرسیارێتی خۆی بەجێ بێنێت، چونکە زۆربەی وێژەوانان بە دوای باشترکردنی دۆخی سیاسییەوە بوون، هەربۆیە لە دۆخی کۆمەڵایەتی کە گرنگیی تایبەتی خۆی هەیە و بەشێکی گرنگی ژیانە، خافڵ بوون و دەرەنجامەکەشی دواکەوتوویی کۆمەڵایەتی بووە. (هێمن: ٧٠٨)

"هێمن" لە بابەتێکدا بەناوی "مەهاباد" بیرەوەریی بینینی جوانێک دەگێڕێتەوە کە هۆشی لە سەر بردووە، بەڵام ئەو کاتەی کە دەزانێ منداڵەکەی ناوی "مەهاباد"ه، "دڵچەراندن" ڕادەگرێت و وەک قۆناغی گەنجێتی، دیسانەوە ڕووی دەکاتە "سۆفیگەریی سیاسی". لەم بیرەوەرییەدا دوو خاڵ هەیە؛ یەکەم ئەوەی کە سیاسەت بووەتە هۆی ڕاگرتنی ئەشق و بە تایبەت چەشنە ئیرۆتیکەکەی، خاڵی دووهەمیش ئەوەیە کە تا ڕادەیەک بەسووکایەتییەوە باسی پێشەمیدانی سیاسەت بە سەر ئەشقدا دەکات. لە ڕاستیدا کەڵکوەرگرتن لە دەستەواژەی "سۆفیگەری" بۆ سیاسەتکردن، هەڵگری باری نەرێنییە و دەربڕی ڕوانینی نە زۆر ئەرێنیی هێمنە بۆ سیاسەت. (هێمن: ٦٤١)

-                  سەرنجدانی هاوکات بۆ ئەشق و سیاسەت لە شیعر و ئەدەبیاتی فۆلکلۆری و فەرمیی کوردیدا، بابەتێکی دەگمەنە. "هێمن" قارەمانی ئەم بوارەیە و بە تایبەت لە دیوانی "ناڵەی جودایی"دا لە زۆر حاڵەتدا هەردووکیان لە پاڵ یەکدی دادەنێت. لەم شیعرەدا ئاوارەیی خۆی بە بولبولی دوور لە گوڵزار و چەمەن دەشوبهێنێ:

بۆ منی «ئاوارە» و «دوورەوەتەن»

 بولبولی بێبەش لە «گوڵزار» و «چەمەن»

لە شیعرێکی دیکەدا خۆ بە "نەی" دێنێتە ئەژمار کە باسی جودایی و دەربەدەریی خۆی دەگێڕێتەوە، بە دەربڕینێکی دی؛ بانگەشەی ئەوە دەکات کە ناڵەی جودایی مرۆڤێک کە لە وڵاتی خۆی دەرکراوە لەگەڵ "نەی" کە باسی جودایی خۆی و ئەشق دەکات، جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە و هەردووکیان کارتێکەرن:

نابێ قەت ناڵەی جودایی بێ ئەسەر

جا چ «نەی» بیکا چ «پیاوی دەربەدەر»

لەم شیعرەدا ڕاشکاوانەتر "یار"، "شار"، و "وڵات" دەخاتە پاڵ یەکدی و بەهایەکی یەکسانیان بۆ قایل دەبێ:

یادی «یاران» و «وڵات»م رۆژ و شەو

لێی حەرام کردووم قەرار و خواردن و خەو

نابینم «خاک» و «وڵات» و «شار»ی خۆم

نابینم «ناسیاو» و «دۆست» و «یار»ی خۆم

روو لە هەر لایێ دەکەم نامۆیە بۆم

نابینم «جێژوان» و «کەونەلان»ی خۆم

هەڵبڕاوم من لە «یار»ی نازەنین

دەرکراوم من لە «خاک»ی دڵنشین

دێم و هەڵدەمژم شنەی کوێستانی کورد

دێم و دەچمە شەوڕنی بێستانی کورد

لە ڕاستیدا ژیانی ئاوارەیی بۆ هێمن هاوکات لەهەردوو ڕوانگەکەوە دژوار بووە. بۆ ئەو هەم یار "نازەنین" بووە و هەم خاک، دڵگیر و دووری لەم دووانە بۆ ئەم شاعیرە هەست‌ناسکە بە یەک ڕادە زەحمەت بووە. "وڵات"، "خاک"، "شار"، "کەونەلان" و "کوێستان" کە چەمکگەلێکی سیاسی و لە توخمە سەرەکییەکانی ناسیۆنالیزمی کوردین، لەگەڵ "یار"، "دۆست"، "ناسیاو"، "جێژوان" و "شەوڕنی بێستان" کە فەزایەکی ئاشقانە وێنا دەکەن، خاوەن گرنگییەکی یەکسانن. لەم شیعرانەی خوارەوەدا ڕاشکاوانەتر باس لە گرنگیی یەکسانی ئەم دووانە دەکات؛ هەم سەروی ئازادی جوان و بەشکۆیە و هەم ڕێز و حورمەتی یار و لارولەنجەکەی؛ هەم دڵۆپی خوێنی لاوان لە یاقووتی سوور دەچی و هەم فرمێسکی کچان بە مرواری دەشوبهێنێ:

سەروی ئازادیش لەبارو دڵگەش و بەرزە، بەڵام

گیانەکەم من شێت و شەیدای لارو لەنجەی ئەو قەدەم

هەر دڵۆپی خوێنی لاوێ بۆ وان یاقووتێکی سوورە

هەر تکەی فرمێسکی کیژێ بۆ وان مرواری بە موورە

لە شیعرێکی دیکە ئەو دەستەی دڵداری دەکات دێنێتە ئاستی ئەو دەستەی کە دوژمن و زاڵم دەخاتە لەرزە و هیوای تەندروستییان بۆ دەخوازێ:

حەیفە ئەو دەستە کە گوڵزاری دەنەخشاند، بشکێ

حەیفە ئەو دەستە کە دڵداری دەگەوزاند، بشکێ

حەیفە دەستێ کە بە لەرزی و بە تەزیوی دیسان

دووژمنی ملهوڕی زۆرداری دەلەرزاند، بشکێ

شاعیر ئەو کاتەی وەسفی خۆی دەکات، دیسانەوە ئامادەبوونی هاوکاتی ئەشق و سیاسەت، بەرچاو دەکەوێ:

بولبولی باڵشکاوی وەختی گوڵم هەر شەپۆلان دەدا دڵی بە کوڵم

کوردی بەندیی بەیانی نەورۆزم گڕی گرتوە دەروونی پڕ سۆزم

وەکیتر لە شیعرێکی دیکەدا خۆی لەگەڵ بولبولی خەمگین هەڵدەسەنگێنێت و هاوکات باسی دووری لە گوڵ و هێلانە دەکات:

منیش ئەی بولبولی بەندی وەکوو تۆم

وەها دوورم لە «هێلانە» و «گووڵ»ی خۆم

منیش وەک تۆ لە کیسم چوو «گووڵ»ی سوور

 منیش «هێلانە»کەم لێکراوە خاپوور

"هێمن" هیوا و ئارمانی خۆی بۆ گەیشتن بە ئازادی و ئەشق کورت دەکاتەوە و خۆی بە ڕێبواری کۆڵنەدەری ئەم ڕێگەیە دەزانێت:

هەزارهێندە پەرێشان و سیاچارە بژیم، هێشتا

لە نێو دڵدا هەمە ئاواتی «خاڵ» و «پەرچەم»ێکی‌تر

هەتاکوو دواپشوو ڕێبواری ڕێگەی «عیشق» و «ئازادی»م

ئەگەر بێجگە لە ناکامییش نەبینم بەرهەمێکی‌تر.

"جەلال مەلەکشا" وەکیتر لە یەک لە شیعرەکانیدا ئەشق و ئازادی لە پاڵ یەکدا دادەنێت کە هەرووکیان لە کۆمەڵگادا بە ڕادەی یەک بە تۆمەت و تاوان دێنە ئەژمار:

ناوێرم بانگت کەم

شوێن دەنگم هەڵدەبڕن

ناوت لێم زەوت ئەکەن

هاوارم سەر دەبڕن

بۆنی دەم دەکەن و بۆ نێو دڵ دەڕوانن

«ئەوین» و «ئازادی» هەردووکیان تاوانن.

ئەنجام

ئەشق یەک لە دیاردە گرنگ و باوه کۆمەڵایەتییەکانی ژیانی مرۆڤە. ئەم چەمکە پێش سەرهەڵدان و بەهێزبوونی سیاسەت و بیری سیاسی له کوردستان، راستەوخۆ ئاوێتەی ژیان و ئەدەب و ئایین بووه. ئەشق یەک لەو چەمکانە بوو که سیاسەت لە نێوان ئەو و ژیان و ئەدەبی کوردیدا مەودایەکی گەورەی دروستکرد، هەر ئەم مەودایه بوو بە هۆی سەرهەڵدانی روانینی جیاواز سەبارەت بەم پێوەندییه له لای ئەدیب و سیاسیی و رۆشنبیرانی کورد. خوێندنەوەی ئەدەبیاتی فەرمی و فۆلکلۆری کوردی دەریدەخات ئەشق لە نێوان کورداندا پێگەیەکی تایبەتی هەیە. لەسەرجەم کۆمەڵگاکاندا یەک لە بەربەستەکانی ئاشقی و دڵداری، سیاسەت و سیاسەتمەدارەکانن، هەربۆیە لەم نووسراوەدا، چەشن‌ناسیی پێوەندیی نێوان ئەشق و سیاسەت تاوتوێ کرا و ئاماژە بە سێ چەشنی کرا. چەشنی یەکەم و دووهەم لە زۆربەی کۆمەڵگاکاندا هەیە، بەڵام چەشنی سێهەم کە زیاتر لە شیعرەکانی "هێمن"دا دەبینرێت، دەگمەن و تایبەتە. خوێندنەوەی شیعرەکانی "هێمن" نیشانی دەدات کە دەورێکی ڕزگاریدەر بۆ "ئەشق" قایلە و بە هاوشانی "ئازادی"ی دەزانێت.

 

 په‌راوێزه‌كان:

[1]love
[2]- passionate love
[3]- romantic love
[4]- monogamous
[5]- confluent love
[6]- pure relationship
[7]- perfect person
[8]- perfect relationship
[9]- Documentary

 

سەرچاوەکان:

کوردی

- بێکەس، شێرکۆ، (2013) نووسین به ئاوی خۆڵەمێش، ژیاننامە و بیرەوەری شێركۆ بێكەس، ناوەندی غەزەڵنووس.

- پەشێو، عەبدوڵڵا (٢٠٠٦) هەسپم هەورە و ڕکێفم چیا، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە، هەولێر.

- دیوانی ئەحمەد موختار بەگی جاف، (2016) ئامادەکردن و پێشەکی عیزەدین مستەفا رەسووڵ، کتێبخانەی هەژار موکریانی.

- دیوانی شێخ ڕەزای تاڵەبانی (٢٠٠٣) لێکۆڵینەوە شێخ محەمەد و ئاشنا ئومید، ئاراس، هەولێر.

-  دیوانی نالی (١٣٦٨) لێکۆڵینەوە و لێکدانەوەی مەلا عبدالکریمی مدرس و فاتح عبدالکریم، انتشارات صلاح‌الدین ایوبی.

- دیوانی مەحوی (١٣٦٧) لێکۆڵینەوە و لێکدانەوەی مەلا عبدالکریمی مدرس و محمدی مەلاکریم، انتشارات صلاح‌الدین ایوبی.

- سەرجەم نووسینەکانی مامۆستا هێمن (٢٠١٤) چاپخانەی هەولێر.

فارسی

- افلاطون (1385) ضیافت، ترجمه محمد علی فروغی، انتشارات جامی، تهران.

- بدیو، آلن (1393) در ستایش عشق، ترجمه مریم عبدالرحیم کاشی، ققنوس، تهران.

- بشیریه، حسین (1380)جامعەشناسی سیاسی، نشر نی، تهران.

- دوورژه، موریس (1369) جامعەشناسی سیاسی، ترجمه ابوالفضل قاضی، دانشگاه تهران، تهران.

- رابرت سالومون، رابرت نوزیک، مارتا نوسباوم و دیگران (1395) درباره عشق، ترجمه آرش نراقی، نشرنی، تهران، چاپ ششم.

- ریویر، کلود (1382) انسان‌شناسی سیاسی، ترجمه ناصر فکوهی، نشر نی، تهران.

- سریع‌القلم، محمود؛ عشق و سياست، فصلنامه مدرسه، سال اول، شماره 4، 1385، صص 32- 24

- سینگر، اروینگ (1397) فلسفه عشق، ترجمه میثم محمد امینی، نشر نو، تهران.

- فروم، اریک (1373) هنر عشق‌ورزیدن، ترجمه پوری سلطانی، مروارید، تهران.

 

ئینگلیزی

1. Chapman, Heather M., "Love: A Biological, Psychological and Philosophical Study" (2011). Senior Honors Projects. Paper 254.

2  EszterKováts (2015) "Love and Politics", Friedrich-Ebert-Stiftung, Budapest.

3. Giddens, Anthony (1992) "The transformation of intimacy", Stanford university press, Stanford.


ئەم بابەتە 45 جار خوێندراوەتەوە