Adonis.jpg

چه‌ند ئامۆژگارییه‌ك بۆ لاوازبوونه‌وه‌ى سیاسى

ئه‌دۆنیس - وه‌ر‌گیڕانى ته‌ڵعه‌ت تاهیر

1

له‌ باوه‌شى به‌یروتدا

یاسه‌مه‌ن به‌ ژاكاوى، به‌ نه‌خۆشیى:

ده‌نووشتێته‌وه‌.

 2

ئه‌ى منداڵ / ئه‌ى مناره‌:

مانگ بخه‌ره‌ چرپاكه‌ى خۆى،

ئه‌مه‌ شه‌و پێت ده‌ڵى،

گوێبگره‌، به‌ قووڵى: له‌ ئاخه‌كانى.

 3

به‌رێك له‌گه‌ڵ ره‌گیدا له‌ شه‌ڕدایه‌،

شه‌ڕه‌كه‌ش له‌ مه‌یدانێكه‌،

كه‌ لم ده‌ورى داوه‌.

 4

رێگاكان لێره‌ ئاوێنه‌ن،

پێیه‌كان پێچه‌وانه‌ ناكه‌نه‌وه‌،

به‌ڵكو سه‌ره‌كان.

 5

له‌ هه‌ر شوێنێك له‌ به‌یروتدا ژنێك ببینم،

به‌ شوێنیه‌وه‌ عاشقێك ده‌بینم.

 6

به‌ به‌رزى و بێده‌نگى ده‌مێنێته‌وه‌:

ئه‌مه‌یه‌، به‌ردى جوبه‌یل و به‌علبه‌كى پێ ده‌ناسرێته‌وه‌.

 7

خۆرێك،

میوانێكى ونه‌ و شه‌و ده‌ستى گرتووه‌.

 8

ئه‌ستێره‌كانیش یانه‌یان هه‌یه‌،

لێناگه‌ڕێن كه‌س به‌ڕێوه‌ى ببات،

ته‌نانه‌ت شاعیره‌كانیش.

 9

سیاسه‌ت زمانێكى هه‌یه‌،

ته‌نانه‌ت خودى هه‌واش ناتوانێ هیچى لێ دروستكا /

بێجگه‌ له‌ قامچى غوبار نه‌بێ.

 10

هه‌ژاریى، پاشاى كتێبانه‌.

 11

به‌ڵێ، بینیم دواڕۆژ له‌ به‌یروتدا سه‌ما ده‌كا:

به‌ڵام به‌ دزییه‌وه‌.

 12

به‌سه‌ر پلیكانه‌ى كاره‌ساتدا،

عه‌ترى به‌یروت، بۆ خۆشه‌ویسته‌كه‌ى سه‌رده‌كه‌وێ.

 13

ئایا ده‌كرێ شه‌و بكوژرێ، وه‌ك تۆڵه‌یه‌ك بۆ سپێده‌؟

یان سپێده‌، وه‌ك تۆڵه‌یه‌ك بۆ شه‌و؟

ئه‌مه‌ روودودا، زۆر جار.

 14

( مه‌خۆ )

ئه‌مه‌ ئامۆژگارییه‌كى نوێیه‌،

بۆ لاوازبوونى جه‌سته‌ى سیاسى.

 15

كاره‌ساته‌ بگوترێ:

سپێده‌ش درۆ ده‌كا.

به‌م شێوه‌یه‌، ده‌بێ هاوڕێیه‌تى كاره‌سات بكه‌ین.

 16

به‌یروت:

تاكه‌ى ژیان له‌ تۆدا،

به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌و ئه‌به‌دیه‌ته‌ى، به‌ هۆى ئاگره‌كه‌یه‌وه‌،

به‌سته‌ڵه‌كى سه‌رده‌مه‌كان خۆى گه‌رم بكاته‌وه‌؟

 17

چۆن ده‌كرێ ئه‌و كه‌سه‌ى په‌نجه‌ره‌ بێت:

وه‌كو دیل بژیێ.

 18

ئه‌و كاته‌ى زه‌وى رووى خۆى ده‌ڕنێته‌وه‌،

چه‌پڵه‌ى بۆ لێده‌ده‌ین.

ئه‌وكاته‌یش پێده‌كه‌نێ یان كامه‌ران ده‌بێ، ده‌یخه‌ینه‌ زیندانه‌وه‌.

بمرن، كه‌واته‌، ( به‌ رقتانه‌وه‌ ) به‌ هه‌ژاریتانه‌وه‌، به‌ زنجیرتانه‌وه‌:

ئه‌ى منداڵانى عه‌ره‌ب.

 19

( عروبه‌ت )، ( نه‌ته‌وایه‌تى )، ( یه‌كێتى )،

وشه‌گه‌لێكن له‌مڕۆدا به‌یروت ده‌ڵێته‌وه‌:

وه‌ك سه‌لماندنێك بۆ بوونى پووچگه‌رایى.


ئەم بابەتە 39 جار خوێندراوەتەوە