Galagwrg.jpg

فیلمی سینەمایی گەلەگورگ، یەکەمین فیلم بە زمانی کوردیی لە دەرەوەی کوردستان

هاوار مستەفا خان

فیلمی "گەلەگورگ"یەکەمین فیلمی سینەمایی پەناهەندەیە ساڵی ١٩٩٠ لە ئەلمائاتای پایتەختی کازاخستان بە زمانی کوردیی بەرهەمهێنراوە، بەڵام دەبێ ئەو راستیەش باس بکەین کە یەکەمین فیلمی کوردیی پەناهەندەیی"بە زمانی تورکی"، فیلمی"دیوار"ی یڵماز گونەی-یە کە لەساڵی ١٩٨٣دا بەرهەمهێنراو دوایەمین فیلمیی یڵماز گونەی بوو، ئەگەرچی لە پەیوەندیدابووە لەگەڵ شەهید دکتۆر قاسملۆ، تاوەکو فیلمێك لەناوچە ئازادکراوەکانی کوردستان بەرهەمبهێنێت، بەڵام شێرپەنجە بڕستی لێ دەبڕێت و لە ماوە کورتەی لە دەرەوەی کوردستان و تورکیادا لە پاریس دەژیێت، بەشدار دەبێت لە دامەزراندنی "ئەنستیتۆی کوردیی لە پاریس"، لە زۆربەی خۆپیشاندانەکانی رەوەندی کوردیی لە پاریس دژ بە ستەمکاری داگیرکەرانی کوردستان خۆی و بەمەبەستیش هەردوو منداڵەکانی بەشداری پێدەکات بۆ ئەوەی لەنزیکەوە دۆزی رەوای میللەتی خۆیان بزانن، تێبگەن باوکیان لەنەوەی میلەتێكە بەردەوام ستەمی لێدەکرێت و خاکی داگیرو پارچەپارچەکراوە.

فیلمی"گەلەگورگ" لەدەرهێنانی"تەیفور بەتحایی" نووسەرو سینەماکاری رۆژهەڵاتی کوردستان و "ئەسخات ئاشرادۆڤ، مەسخادۆڤ"ە، سیناریۆ و پاڵەوانی سەرەکی فیلم و پرۆدیسیۆر هونەرمەند مەهدی ئومێد لەگەڵ ئەکتەری روسی ئاننا سامۆخینە.

بینینی ئەم فیلمە کە لەتایتلەکەی نووسراوە" وەرگرتنێکی ئازادە لە چیرۆکی گەلەگورگی حسێن عارف", چێژێکی تایبەتیی هەیە و دۆبلاژی سەرەکی دەنگ هونەرمەندی رەوانشاد مەرزیە رەزاریە لە رۆڵی "روناك- ئاننا" و هەر دوو مناڵەکەش دڵنیا و سەیران زۆر بەجوانی رۆڵی خۆیان لە دۆبلاژی دوو کچە روسیەکەدا، رایی دەکەن.

هونەرمەند و نووسەر و خەباتکاری سیاسیی رەوانشاد"تەیفور بەتحایی"کە لە ٢٠٢٠/٩/١٠ لەدەرەوەی کوردستان کۆچیدوای کرد، هەردوو بەشی یەکەم و دووەمی لە یوتوبی خۆی لە ٢٥--٦-٢٠١٩ دا بڵاوکردەوەو بە هەردوو بەش نێزیکەی (٤٦)خولەکێكە.

مخابن ئەو سەرەوەتە نیشتمانییە، بە باشی نەپارێزراوەو وەکو زۆر فیلمی تر، پێویستیان بە نوێکردنەوەو گۆڕینیەتی بۆسەر سستمی دیجیتال کە ئاسان بتوانرێت لەسینەماکان پەخش بکرێت و لەسەر دی ڤی دی بڵاوبکرێتەوە.

بۆ بینینى فیلمه‌كه‌ كلێك لێره‌ بكه‌.


ئەم بابەتە 69 جار خوێندراوەتەوە