Hemn_barznji.jpg

دڵی ناو شووشە

هێمن عوسمان

هەمووكەس ترسێك لە ژیانیدا هەیە. هەندێك جار وەك تارماییەك هەستی پێ دەكات، هەندێك جاریش وەك سێبەرێك لەملاولای خۆیەوە دەیبینێت. گەرچی كەم كەس دەزانێت بۆچی ئەو ترسە لەگەڵی دەژی و گەورە دەبێت. وەك ئەو ترسەی لە ڕۆحی ئەودا هەبوو. بەتایبەت ئەو ساتەوەختەی پێكەوە لە كتێبخانەكە دانیشتبووین بۆی گێڕامەوە، ڕۆژێك لەبەردەم تانكییە ئاوەكەدا پەڕۆ بەگووی كۆرپەیەكی تازەلەدایكبووی دەشوشت. هێندە نابات پشیلەیەكی زەبەلاح كۆرپەكە لەناو لانكەكەدا دەڕفێنێت و دەنگی زریكەی كۆرپەكە، تا بناری شاخەكە دەڕاوات. بە ڕادەیەك دەترسێت هێندەی نامێنێت ڕۆح لە كونە لووتیەوە دەرچێت.

كە ئەو ڕووداوەی بۆ گێڕامەوە، تەماشای لووتیم كرد، من حەزم لە شێوازی لووتی ئەوە، ئەو لووتێكی جوانی هەیە، هەر لەوێدا پێم گوت: گەر وەك مرۆڤە ڕۆبۆتییەكان پارچەكانت لێ بكرابایەوە، لووتتم دەدزی، بەڕاست لووتدزینیش خۆشە! ئەو دەستێكی بە لووتیدا هێنا و هیچی نەگوت.

دوا شەو كە هات بۆ لام، بلووسە شینەكەی لە بەردا بوو، لە ڕاستیا حەزم لەو بلوسە شینە كرد، بە خۆم گوت، خۆزگە شوورەیی نەدەبوو لەبەری بكەم، دەنا بلووسەكەم لێ دەسەند. ئەو شەوە لە كاتژمێر یەكدا تەماشای فیلمێكی ژێرنووسی كوردیمان دەكرد. ئەو لەسەر تاكی قەنەفەكە ڕاكشابوو، بەدەم تەماشاكردنەوە گەنمەشامیی دەخوارد، بلووسەكەی تا ئاستی ناوكی هەڵكشابوو، سەیری ناوكیم كرد. پاش كەمێك هەستی كرد لە ناوكی دەڕوانم.

 گوتی: ئەوە بۆ ئەوەندە سەیرم دەكەیت؟

 گوتم: هیچ شتێك وەك ئەو چاڵە جوان نییە لە ناوەڕاستی جەستەی ژندا.

 گوتی: ئەم نووسەرانەش سەیرن بیر لە شتی وا دەكەنەوە...

 ئیدی بلووسەكەی دادایەوە، نەیهێشت تێر بم لە بینینی ناوكی. پاش تەواوبوونی فیلمەكە پێی لێ كردمە كەوش و گوتی: من دەبێت بە چاوی خۆم بیبینم، كە تۆچۆن چیرۆك دەنووسن!

 گوتم: ئەوە نابێت، بەم دەمودەستە چۆن دەتوانم چیرۆكێكت بۆ بنووسم.

گوتی: "ئەوەی بتوانێت دڵی ژنێك بشكێنێت، چاوەڕێی هەموو پەیمانشكاندنێكی لێ بكە."

بڕیارم دا چیرۆكی ئەو پیاوەی بۆ بنووسم كە دەمێك بوو لە مێشكمدا گەڵاڵەم كردبوو، ڕۆژانە لەگەڵیدا دەژیام و نان و ئاوم ببووە ڕووداوی ئەو پیاوە نەفرەتییە. بەڵام پێم گوت:

 نابێت خەیاڵم تەفروتوونا بكەیت، چونكە چیرۆكنووسەكان پێویستییان بە هێمنییەكی زۆرە، دەستی خستە سەر چاوی و گوتی: بەسەرچاو.

-1-

لاس لە نیوەشەودا، لەسەر تەختەخەوەكە، چوارمشتەقی دانیشتبوو، وەك هەموو شەوێك لەو دەفرەی دەڕوانی كە دڵێكی تێدا بوو. پەردەی پەنجەرەی ژوورەكە دادرابۆوە، ژوورەكە لە ئەشكەوتێكی بچووك دەچوو، كە تەنیا گڕی فتیلەیەك ڕووناكیی بۆ دروست كردبێت، بەڵام ئەو شەوە جیاوازتر ڕووداوێكی سامناكی لێ كەوتەوە. لاس بەدەم ڕوانین لە دەفرە كەوە بیر لە یادگاری و ڕۆژانی پێكەوەبوونی خاوەن دڵەكە دەكردەوە. لەناكاو دڵەكە كەوتە جووڵە. لاس سڵەمییەوە و خۆی دوور خستەوە، پاشان بە ترس و دڵەكوتێوە، سەری بردە پێشەوە، فشاری لە خۆی كرد، دەستێكی لە دەفرەكە دا. لەگەڵ دەستلێدانیدا جووڵەكە بۆ تاوێك نەما. ئاهێكی هەڵكێشا، چاوی بۆ ماوەیەك داخست، بەڵام لەگەڵ كردنەوەی چاوەكانیدا، دیسان دڵەكە كەوتەوە لێدان. پتر ترسا و خۆی هەڵدایە لاتەنیشتی تەختەخەوەكە، بەئاستەم سەری بەرز كردەوە، چاوەكانی هەڵگڵۆفت و قووڵتر تەماشای كرد. وای دەزانی زەمینلەرزەیەكی سووك یاخود قۆڵی بەر دەفرەكە كەوتبێت بەو هۆیەوە ئەو جووڵەیە دروست بووبێت، بەڵام هیچ شتێكی لەو بابەتە لەگۆڕێدا نەبوو. هاوكات باوەڕی بەوە بوو، هیچ زانستێك نایسەلمێنێت دڵێكی مردوو بكەوێتەوە لێدان. تا دەهات دڵەكە لەناو دەفرەكەدا زیاتر گەورە بوو، بە ڕادەیەك دەفرەكەی شكاند و كەوتە سەر مێزەكە، لەوێشەوە بۆ سەر زەوییەكە. ئەو دۆخە زیاتری ترساند و هەناسەی توند كرد، دەیویست هاوار بكات، بەڵام هیچی پێ نەگوترا. هەر هێندەی پێ كرا بۆ لای دەرگای ژوورەكە هەڵات. بە ئومێدی ئەوەی دەرگاكە بكاتەوە و دەرباز بێت. زیاتر ترسی لێ نیشت و ئەژنۆی شكا، وەك ئەوەی یەكەم جار بێت دەمانچەی لەسەر ڕابگرن. دڵەكە بەبەردەوام لەسەر زەوییەكە لێی دەدا و هەڵدەبەزییەوە، لاس چاوی گێڕا بۆ شتێك بیكێشت پێیدا، هیچی چنگ نەكەوت. پاشان هێدی هێدی بەدەوری دڵەكەدا، لە زەویەكەوە دەمار و خانە و پارچەكانی جەستە هاتنە دەرەوە خۆیان لكاندەوە و پێكەوە لاشەیەك دروست بوو، تەنیا قەفەزەی سنگی بەكراوەیی مایەوە. تا ئەو كاتەی دڵەكە بە یەك گوژم خۆی هاویشتە ناوی. لاس دەلەرزی و لاڵ بوو، جەستەكە بووە ژنێك، ژنەكە دەستەكانی لە زەوییەكە دانا و خۆی بڵند كرد، تا ئەو كاتەی توانی لەسەر پێی ڕابوەستێت. پاشان لەسەر تەختە خەوەكە دانیشت، بە دەنگێكی نووساوەوە كەوتە قسە. لاس بە قنەخشكێ‌ خۆی گەیاندە لای پەنجەرەكە، پەردەكەی لە خۆی ئاڵاند و كڕ و بێدەنگ، لە دڵی خۆیدا گوتی:

- نا هەرگیز شتی وا نابێت.

***

لەناكاو بەتوندی سەری گرتم: ڕوومەتی ماچ كردم و گوتی:

- وای خۆشەویستم ئەم چیرۆكە زۆر جوانە!

 سەرم لە دەستەكانی بەر دا و گوتم:

- ئەوە تۆ چی دەكەیت خەریكە خەیاڵم تەفروتوونا دەكەیت، واز بێنە خەیاڵ وەك ئاوی جۆگە وایە ڕۆیشت ناگەڕێتەوە. هێندێك خۆی دوور خستەوە گوتی:

- بەڵێن بێت هیچ نەكەم.

-2-

لەو ڕۆژەوە ئەو لاسە نەفرەتییە باسی ئەو ڕووداوەی بۆ كردووم، حاڵم خراپ بووە، هەر باشە ماوم. هاوكات ڕەشەبایەكی ترسناك نوقمی ناو خۆی كردووم وەختە بمخنكێنێت، ئەو دیمەنە لەسەر چاوم بۆ چركەیەكیش لا ناچێت. بەسەر شۆستەكاندا دەڕۆم و هەست بە جووڵە ناكەم، ئارەزووی خواردنم نەماوە، نازانم لاس ڕاست دەكات یان... نا؟ بەڵام چۆن دڵێكی مردوو دەست دەكاتەوە بە لێدان و خانە و دەمارەكانی دروست دەبنەوە و دەبن بە ژنێك؟ ناشكرێت بەو لاسە ڕاستگۆیە بڵێم درۆ دەكات! لە دوێنێ‌ شەوەوە چەند جارێك لە خەو ڕاپەڕیوم، دەم و لێوم بۆتە بزمەتە! چەند جارێك ڕۆیشتوومەتە بەر ئاوێنە، وەك كەسێكی ترساو و ڕەنگپەڕیو زمانم دەر دێنم لە سپێتییەكەی دەڕوانم. درۆ ناكەم بڵێم دوو جار ئەو ژنەم لە ئاوێنەكەدا بینیوە. ئەو دۆخە هێندەی بەرمیلێك تێنتی ترسی بۆ خوڵقاندووم، گوتم: من هێندە ترساوم، داخۆ ئەلیاس چی بەسەر هاتبێت؟

***

سەری گرتم و بەرەو خۆی سووڕاندی و گوتی:

- كوا دەمولێوت بزانم چیی لێ هاتووە؟

گوتم: بۆچی وا دەكەیت كچی عاسمان لێگەڕێ‌ با خەیاڵەكەم نەڕوات. دەستی گرت بە تەوێڵیەوە گوتی:

 -توخوا ببورە خۆشەویستم.

 

-3-

ژنەكە لەسەر تەختەخەوەكە بەردەوام قسەی دەكرد، لەگەڵ ئەوەشدا دەیویست بەرەو لای لاس بڕوات، هاوكات سوپاسی كرد، كە نەیهێشتووە دڵی لەژێر خاكدا بڕزێت، لێ‌ مەبەستیشی بوو بزانێت چۆن توانیویەتی دڵی دەر بهێنێت. لاس نەیدەوێرا پەردەكە لەسەر خۆی لا بدات و تەماشای بكات، ترس پتر هاشاوڵی بۆ برد، میزی كردە ژێر خۆی. ژنەكە دوو هەنگاو لێی چووە پێشەوە، گوتی:

-باسی بكە، داخۆ دڵمت دەرهێنا؟

لاس پتر پەردەكەی لە خۆی ئاڵاند، خۆی گرمۆڵە كرد، تەنیا دەستی ڕاستی درێژ كرد، وەك ئاماژە بۆ نەهاتنەپێشەوەی ژنەكە.

***

دەستی خستە سەر دەفتەرەكە گوتی:

- سوێندم بۆ بخۆ ئەو ژنە من نیم، تۆ دڵی من دەر ناهێنیت؟ 

 كەمێك بێدەنگ بووم و گوتم:

 - بهێڵە سوار پشتی شەپۆلەكانی خەیاڵ بم، گەر ناهێڵیت ئەوا دەچمە سەر تەختەخەوەكە و چاوەكانم دادەخەم. لەسەرخۆ ماچێكی كردم و دیسان گوتی:

- ببورە خۆشەویستم.

-4-

چەند شەوێك لەوەوپێش، هێشتا ئەو ڕووداوە لە گۆڕێدا نەبوو، سەرێكم لە لاس دا، ئەو وەك هەموو شەوانی دیكە دانیشتبوو لە دەفرە شووشەكەی دەڕوانی، فرمێسكی دەڕشت و دەكوڕووزایەوە. بیرم لەوە دەكردەوە، چەند شەوە دەگری؟ گریان دەروونی هەلاهەلا كردبوو. گوتم:

 باشە ئەگەر هەر بگری چی لە مەسەلەكە دەگۆڕێت؟ دەشترسام ئەو دۆخە پەستانی بەرز بكاتەوە، خوێن لە دەمولووتیەوە بێنێت و بێدەنگ بمرێت.

چاوم لەسەر لاس لا برد و تەماشای تەپڵەكەكەم كرد، پڕ بوو لە قونچكە جگەرە. بێ ئەوەی هیچ لەگەڵ مندا بڵێت جگەرەیەكی دیكەی داگیرساند، ژوورەكە سیخناخ بوو بە دوكەڵ. لاس لەمەڕ ئەو دۆخە تووشی خەمۆكی هاتبوو، سەریشی كێشابوو بۆ شێتی، بیرم لەوە دەكردەوە ئاخۆ یەكەمین ساتی شێتبوونی چۆن بێت؟ هاوار دەكات؟ بەرد دەهاوێت؟ یان تا تین لە گیانیدایە ڕادەكات؟

***

لەپڕ لە تەنیشتم هەستا، چووە ژوورەكەی ئەودیو، گوێم لە دەنگی چەرخەكە بوو، تێگەشتم ڕۆیشتوە لە گیرفانی پانتۆڵەكەمدا جگەرەیەكی دەر هێناوە. پاش كەمێك بەكۆكەكۆك هاتەوە، جگەرەكەی دایە دەستم، گوتی:

- لە كاتی نووسیندا جگەرە بۆ نووسەرەكان خۆشە.

-5-

تۆ وا بهێنە پێشچاوت، لاس شێت بووە، بە هەمان شەقامدا دەڕوات كە تۆش پێیدا گوزەر دەكەیت، دەگاتە ئاستی تۆ، داوای جگەرەیەك دەكات، تۆ هەر زوو جگەرەكەی پێ دەدەیت، بۆ ئەوە نا لێی دەترسیت، تەنیا بە هۆكاری ئەوەی بۆنی میز و گوویەكی كەسكونی لێ دێت و خۆت لە بەردەمیدا ناگریت. تۆ هەست بەوە دەكەیت لاس لەگەڵ داگیرسانی جگەرەكەیدا دەیەوێت دەردەدڵت بۆ بكات، حەوسەڵەی ئەوەت نییە ئەو بۆگەنە هەڵبمژیت و دەڕۆیت. ئەویش كەسی دەست ناكەوێت قسەی دڵی لا بكات و بەدەم نەفەسلێدانەوە ملی شەقامەكە دەگرێتەوە بەر، خوا دەزانێت بۆ كوێ‌ دەڕوات.

***

 لەناكاو ئاوڕم دایەوە لەچكە سپییەكەی بە لووتیەوە گرتبوو، گوتم:

- ئەوە بۆ وات كردووە؟

 گوتی: هەر بەڕاست ئەو بۆنە ناخۆشەم كرد!

 قاقایەكم لێدا و گوتم:

- بەس خوا دەزانێت ئێوەی چەند تایبەت دروست كردووە!

-6-

چلودوو شەو لەوەوپێش لەگەڵ لاس لە ژوورەكەدا دانیشتبووین، لەناكاو زەنگێك بۆ مۆبایلەكەی هات، خۆی بوو، هەمان ئەو ژنە. من دوو جار ئەو ژنەم بینیووە، جارێك لە پاركی شەهید سەڵاحی ئەندازیار، جارێكی دیكە لە پاركی ئازادی. ئەو بە ژنەفتنی دەنگی ژنەكە وەخت بوو باڵ بگرێت و بفڕێت.

لاس هەر كە ئۆكەی لەسەر تەلەفۆنەكە كرد، بێ‌ سڵاوكردن گوتی:

 ئەوە باوان شێواو كەوتیتە كوێوە؟ ساڵێكە بە دۆزەخت سپاردووم، پسام ئەوەندە بەدواتا گەڕام، لەسەر تۆی ناژمێرم، بەڵام پێنج جووت پێڵاوم دڕاندووە. ژنەكە قاقایەكی لێدا و گوتی:

- وای لەو عاشقە ڕەزیل و بێچاووڕووە. ئەوەی گوت و نەیهێشت لاس درێژە بە قسەكانی بدات گوتی: لەو قسانە بگەڕێ‌، هێندە كاتم نییە، سبەی یەك دەبینین، بەڵام دەبێت ڕەچاوی ئەوە بكەیت، ناتوانم لە یەك كاتژمێر زیاتر لەگەڵتدا بمێنمەوە، تەلەفۆنەكەی داخست.

لاس بە جۆرێك تووڕە بوو و هاواری كرد، ژوورەكە دەنگی دایەوە، گوتی:

ئاخر كچی حەوا بنیادەم چۆن بە یەك كاتژمێر تاسەی ساڵێكی دەشكێت، دوو ڕۆژی دەوێت تا پێت بڵێم: گەڕام بەشوێنتدا، لە كارەكەم دەر كرام، بێكار بووم، لەو شارە قەرەباڵغدا كەوتمە گۆشەی تەنیاییەوە، بێ‌ پارە و برسێتی وەك پەناهەندەیەكی نەشارەزا ئەژنۆی شكاندم، ڕەنگ بە ڕوخسارمەوە نەما، ئاگرێكی وەهات لە دڵدا كردمەوە ڕووباری سیروانیش نایكوژێنێتەوە! بەكورتی لاس بیری لەوە دەكردەوە ئەو ژنە لە مێشكی دەر بكات، وەك پاكەتە جگەرەیەك دانە دانە خەفەتی بكێشێت و تەركی بكات، بەڵام ئایا خۆشەویستی تەرك دەكرێت؟ 

***

دوو جار پەنجەی لە كەلەكەم ژەند و گوتم:

- چیت دەوێت؟ 

گوتی:

 - تۆش كوڕی ئادەم و حەوایت؟

 گوتم: باوكیشم نەك خۆم.

 گوتی: من كچی ئەوان و خۆشەویستی تۆم، دەمم بردە پێشەوە چاوی چەپیم ماچ كرد.

-7-

ژنەكە ڕێك و زرنگ، بە هەمان ڕوخسار و شۆخوشەنگیی جارانەوە، بەڵام ڕووتوقووت، وەك ئەوەی تازە لە گەرماودا خۆی ڕووت كردبێتەوە، هەنگاوێكی دیكە نزیك بۆوە، دیسان پرسیی:

-نەتگوت چۆن دڵمت دەر هێنا؟ چۆن چل ڕۆژە لەگەڵیدا دەژیت؟ ئەو ڕۆژەی لەگۆڕیان نام مێرووەكان بەدوای دڵمدا دەگەڕان و دەیانگوت: تا ئێستا نەچووینەتە سەر لاشەیەك دڵی تێدا نەبووبێت!

لاس لەگەڵ ژنەفتنی ئەو قسانەدا، نوتقەی لە دەم نەهاتە دەرەوە. تینی دایە خۆی و پەردەكە لا دا، دەرگاكەی كردەوە پەڕییە كۆڵان و وەیلان بوو.

***

دەستی لەسەر دەفتەرەكە بەرز كردمەوە قەمەڵەكەی لە پەنجەكانمدا لا برد و خستییە سەر دڵی، گوتی:

-ئا بزانە دڵم لەوێدا ماوە؟

 بلووسەكەم هەڵدایەوە مەمكی چەپیم بەرز كردەوە،ماچێكی سەر دڵیم كرد.

 

-8-

دەتوانی وای وێنا بكەیت، بەڕێككەوت بە كۆڵانی ماڵی لاسدا دەڕۆیت، تەق لە ئاستی تۆ دەرگای حەوشەكە دەكرێتەوە، ژنێك بەڕووتی دێتە دەرەوە، تۆ نازانیت تەماشای بكەیت، یان جلەكانی خۆت بكەیتە بەری، كەسیش لە كۆڵانەكەدا نییە دەستی هانای بۆ ببەی. ژنەكە بۆ لات دێت، دەیەوێت لەگەڵ خۆتدا بیبەیت بۆ لای لاس، بەڵام تۆ لاس ناناسیت، هەر ناشزانی كێیە، تەماشایەكی سەر و خواری كۆڵانەكە دەكەیت، دەترسیت كەسێك دەر كەوێت و تۆمەتبارت بكات بە دەستدرێژی. بۆیە سەرەوخوار تا تین لە گیانتدایە هەڵدێیت و خۆت قوتار دەكەیت.

***

بلووسەكەی لە بەری خۆیدا داكەند، ڕێك هاتە بەرامبەرم. گوتم:

 -ئەوە چی دەكەیت؟ 

گوتی: بۆ ئەوەی دیمەنكەت تەواو بكەیت!

 گوتم: بلووسەكەت بكەوە بەرت سەرمات دەبێت.

 گوتی: تۆ ئاگری ناو گیانی منیت.

-9-

ئەو كاتەی ژنەكەیان بردە مەیتخانە، لاس زانیاریی تەواوی هەبوو، هاوكات هیچ كەس لە خزم و دۆستەكانی بە مردنەكەیان نەزانیبوو، هەر بۆیە كاتژمێر چواری بەرەبەیان، بەسەر دیواری مەیتخانەكەدا هەڵدەزنێ‌، بێ هیچ سڵەمینەوەیەك دادەبەزێتە ناو حەوشەكە. لەسەرخۆ بەرەو ژووری مەیتخانەكە دەچێت، دەست دەبات بۆ دەرگاكە و تێدەگات كێلون دراوە. پاشان دەڕواتە ژووری پۆلیسە ئێشكگرەكان و كۆمەڵێك كلیل بە بۆردێكی تەختەوە دەبینێت، لەسەرخۆ كلیلەكان دەبات و بەرەو ژووی ساردكەرەوەكە دەڕوات، دەرگاكە دەكاتەوە، دەچێتە بەردەم كەوانتەری مردووەكان و چەكمەجە بە جەكمەجە ڕادەكێشێت و تەماشایان دەكات، لە چەكمەجەی ژمارە چواردەدا ژنەكە دەبینێت. تین دەداتە خۆی دەری دەهێنێت، باوەشی دەكات و بەرەو لای سەكۆی توێكاری دەبات و دایدەنێت، كەمێك بەدەوری تەرمەكەدا دەسووڕێتەوە، دەگری، ئیدی كێردەكە دەخاتە سەر سكی و دەست دەكات بە هەڵدڕینی.

***

سەرم بەرز كردەوە تەماشای بكەم، بینیم هەردوو چاوەكانی توند داخستەوە، گوتم:

 -خەوت دێت؟

 گوتی:

- نا، ژن كە چەقۆ دەبینێت چاو دادەخات.

-10-

 تۆ وای بخەمڵێنە بیرۆكەی دزینی دڵی ئەو ژنە بەو دەمودەستە، زیرەكی و خۆشویستنی لەڕادەبەدەری لاس دەسەلمێنێ‌، وا وێنای بكە ئێوارەی پێشتر لاس، بە خۆی كۆترێكەوە بەرەو مەیتخانە دەڕوات، لە لایەكی بینای مەیتخانەكەوە كۆترەكە هەڵدەداتە سەربان، پاشان دەڕواتە لای پاسەوانەكە داوای ئەوەی لێ دەكات مۆڵەتی پێ بدات بۆ هێنانەوەی كۆترەكە. بهێنە پێشچاوت، پۆلیسەكە نەك ناپشكنێت، بەڵكو ڕێنمایی دەكات بۆ چوونە سەربان. لاس بەدڵخۆشییەكەوە بە پێپلیكانەكاندا سەر دەكەوێت و لە پێشدا تاكە كۆترەكە دەگرێتەوە، پاشان بیست گورزە حەپی خەو دەكاتە ناو هەردوو تانكیی ئاوەكە.

***

پەرداخە ئاوەكەی بە دەستەوە بوو، ویستی بیخواتەوە، ڕێك لە جێگەی خۆی داینایەوە، ویستم لێی بپرسم كاتێك تینووتە بۆچی ئاو ناخۆیتەوە؟ هێندەی گوت:

- دەی خۆشەویستم بەردەوام بە.

-11-

لاس بە خۆی گوت: جوان نییە بەو چڵكنی و پڵكنییەوە بڕۆمە بەردەمی، هەروەها دەیزانی بۆنێكی ناخۆشی لێ دێت، بیری كەوتەوە، چەند ڕۆژێك لەوەوبەر سوار قەمەرەیەكی تاكسی ببوو، شۆفێرەكە دەستی بە لووتیەوە گرتبوو. ئەلیاس دوای ئەوەی لە گەرماو هاتە دەر، ڕۆیشتە ژووری براكەی و لەناو تاكی بۆفیەكەدا، جلە تازەكانی ئەوی دەر هێنا، پانتۆڵەكەی لە پێدا هەڵكێشا و بەدەم ڕێوە قۆپچەی كراسەكەی داخست، تا گەیشتە كۆڵان، بە دڵخۆشییەكی بێوێنەوە، خۆی گەیاندە باخەكە و لەسەر دیواربەندی باخەكە دانیشت. هێندەی نەبرد لە كات و ساتی خۆیدا، ژنەكە لەوبەر شەقامەكەوە دەر كەوت. لاس شۆك و دڵخۆش بوو، كە دوای ساڵێك بینییەوە. گیانی كەوتە لەرزین، دەمی وشك بۆوە، چاوی بۆ قومێك ئاو گێڕا، ژنەكە چاوەڕوانی وەستانی ترافیكەكە بوو تا بپەڕێتەوە. لاس لە جێگەی خۆی جووڵا و ڕۆیشت و بەلووعەیەكی بینی، دوو قەفی كردەوە و دەمی پێوە نا، لەناكاو گوێی لە دەنگی ئیستۆپی ئۆتۆمبێلێك و قریشكەیەك بوو.

***

لەپڕ گوتی: وای خۆشەویستم خۆزگە ئەو ئۆتۆمبێلە لێی نەدەدا!

-12-

زۆر باشە ئەگەر وا بیر بكەیتەوە، كە لاس بەرەبەیان كە هێشتا تەمی ئەو ترسەی لا نەڕەویبۆوە، دەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە، لەگەڵ چوونەژوورەوەیدا هەست دەكات كەس لە خێزانەكەیان بەئاگا نەهاتوون، بەترسێكەوە دەسكی دەرگاكەی ژوورەكە دەترازێنێت، كەمێك سەری دەباتە ژوورەوە، هەست ناكات كەسێك لەوێدا هەبێت، تەنیا پەی بەوە دەبات هێشتا دڵەكە لەناو دەفرە شووشەكەدا لەسەرخۆ دەجووڵێت، بەڵام هێشتا ناوێرێت بڕواتە ژوورەوە.

****

دەستم لە نووسین هەڵگرت و گوتم: تەواو.


ئەم بابەتە 66 جار خوێندراوەتەوە