Karzan_Kawsen.jpg

تەنگژەی ڕۆشنگەری لە بەربەستی مۆڕاڵەوە بۆ فۆبیای ئەقڵ

کارزان کاوسین*

پوختە

ڕۆشنگەری وەک بزاوتێکی کۆمەڵایەتی و فیکری لە سەدەی حەڤدە و هەژدەدا لە ئەوروپا سەریهەڵدا و بەردەوام بوو. لەوەدا کە هەم دابڕانێکی گەورە و ڕیشەیی بوو لە رابردوو و هەم کاریگەریی دوورمەودای لە سەرجەم بوارەکانی ژیان، بە ئاسانی نەخرایە ناو پێناسێکی دیاریکراوەوە و مشتومڕ لەسەری بە کراوەیی مایەوە. لە سەرهەڵدانییەوە تاوەکو ئەم ساڵانەی دوایی، ڕۆشنگەری هەم کەوتە بەر رەخنەی نەریتگەرا و کۆنسێرڤاتیڤەکان و هەم ڕووبەڕووی ڕەخنەی پۆست کۆلۆنیالیست و پۆست مۆدێرنەکانیش بووەوە. ئەوەی کە بنەمای ڕەخنەکانی لەق کردبوو، ئەوە بوو کە ڕۆشنگەری چەمک و سەردەمێکی کشۆک بوو و ئایدیا و بەها جەوهەرییەکانیشی بە زیندوویی مانەوە و نەکەوتنە ناو قاڵبێکی دۆگمەوە. ئەمەش وای لە ڕۆشنگەری کرد بتوانێ بەربەستی مۆراڵ و فۆبیای ئەقڵ ببووێرێت تاوەکو لەم سەردەمەشدا لە مشتومڕەکاندا درێژەی هەبێت.

***

 "ڕۆشنگەری چییە؟" کە ببووە پرسێکی باو لە ئەوروپا، لەلایەن ئیمانوێل کانت (1724ـ1804) لە ساڵی 1784دا وەڵام درایەوە کە وتی بریتییە لە "ئازادیی بەکارهێنانی گشتیی ئەقڵ بە ئامانجی ئازادکردنی مرۆڤایەتی لەو "پێنەگەیشتووییەی بەسەر خۆیدا سەپاندوویەتی"(1) و لە "ملدانی ترسنۆکانە و تەمەڵانە بۆ دۆگما و فۆرمیولاکانی دەسەڵاتی دینی یان سیاسی"(2). بەم پێیە، مرۆڤ لە کۆتاییدا و پاش چەندین سەدە، بوێریی ئەوەی پەیدا کرد کە دابڕانێکی تەواو لە حاڵەتی بەرایی درێژخایەنی ئەقڵ بێنێتەکایەوە و هەروەها وەک چۆن خۆی بەند کردبوو، خۆی ئازاد بکات و چیتر گومان و پرسیارەکانی کپ نەکات. 

ڕۆشنگەری جگە لە قووڵایی مێژوویی، قووڵایی فیکریشی هەیە و کاریگەرییەکەی لەناوەندە ئەکادیمییەکان دەرچووە و خەڵکی گرتۆتەوە. پێناسەکانی رۆشنگەری لە سەدەی هەژدەدا خراونەتەڕوو و لە زاراوە فەرەنسییەکە (lumières) و ئەڵمانیی (Aufklärung) وەرگیراون کە بەمانای ڕووناکی دێن. ڕووناکی لەو سەروەختەدا گوزارشتێکی دینیی بەهێزی هەبوو: جگە لە گوزارشتی دینیی ڕووناککردنەوەی رۆح، رەگ و ڕیشە فەلسەفییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەفلاتون. لێرەوە ڕووناکی بریتییە لە مەعریفەی ڕاستەقینە و لە کاتی بەجێ هێشتنی ئەو ئەشکەوتانەی لوتبەرزی و نەزانی کە بینایی مرۆڤیان لیڵ کردووە بەدەست دێت. 

رۆشنگەری، ئەقڵ، زانست، هیومانیزم و پێشکەوتنی پێکەوە بەستەوە. ئەقڵ شتێک نەبوو دانوستانی لەسەر بکرێت. دەبووایە پێوەری ئەقڵ بەسەر تێگەیشتنی جیهاندا پیادە بکرێت و مرۆڤ چیتر نەکەوێتەوە داوی دۆگما، کاریزما، رۆحانیەتگەرایی، هیرمنوتیکی تێکستە پیرۆزەکان، روئیاکان، ڕەمڵ لێدان و سروش(3).

ئەوەی کە بەردەوام وەک سەرچاوە دەهێنرێتەوە بەر باس، (ڕێنێ دیکارت)ی بیرمەندی فەرەنسییە (1596-1650) کە لەسەر بنەمای وتەیەکی (فرانسیس بەیکن)ی نووسەری ئینگلیز (1561ـ 1626) مرۆڤی وەک بوویەکی گومانگەرا دایە قەڵەم. بەیکن دەیگوت "ئەگەر مرۆڤ بە یەقینەوە دەست پێبکات ئەوا بە گومان دەگاتە کۆتایی، بەڵام ئەگەر قەناعەتی هەبێت بەوەی بە گومان دەست پێبکات ئەوا بە یەقین دەگاتە کۆتایی"(4).

پاش ئەوەی گەیشتە سەر ئەو بڕوایەی مرۆڤ بوویەکی بیرکەرەوەیە و ئەوەی بیر دەکاتەوە بوونێکی هەیە، دیکارت مۆرکێکی سروشتی لە مرۆڤدا بەدی کرد بۆ سەرسامی بەرانبەر دەوروبەری و دواجار دەربڕینی ئەو سەرسامییە لە شێوەی گومان و پرسیارەکاندا. ئەمەش لەسەروەختێکدا بوو کە مرۆڤ لە چەقبەستی فیکریی ڕابردوودا گیری خواردبوو و هەر هەنگاونانێک بۆ دەرەوەی نەریت و سیستەمی ڕەگداکوتاوی ئەو سەردەمە ئاڵەنگارییەکی گەورە بوو. لێرەوە ڕۆشنگەری دابڕانێکی گەورەی ئەنجامدا لە ڕێنیسانسی سەدەی چواردە و پانزە و ڕیفۆرمەیشنی دینیی سەدەی شانزە، بەوەی کە هێرشێکی سەراپاگیر بوو بۆ سەر ڕابردووی فیکری خۆرئاوا. بۆ نموونە، بیرمەندێکی سیاسی وەک تۆماس هۆبز لە سەدەی حەڤدەدا هێشتا مەترسیی لە ستایڵی فەلسەفەی سەدەکانی ناوەڕاست بەدی دەکرد کە لە زانکۆکاندا زاڵ بوو و ئەمەی بە بەشێک لە مەملەکەتی تاریکی لەقەڵەمدا(5). لەکاتێکدا کە ڕێنیسانس وەک بوژاندنەوەی فیکر، ستایڵ و بەهاکانی کلاسیک ڕێگەخۆشکەر بوو بۆ ڕیفۆرمەیشنی دینی، دەکرێ جیهانی ڕیفۆرمەیشن لە دوو ڕێگەوە توانای بە ڕۆشنگەری بەخشیبێت. یەکەم: دروشمی یاخیبوون لە رۆمی بەرز کردبووەوە. ئەم دۆکترینەی ریفۆرمەیشن بۆ بونیادنانی تێگەیشتنی مرۆڤ بوو بۆ حەقیقەتی ئیلاهی لەسەر شتێکی تۆکمەتر و ڕەسەنتر لە نەریتە متمانەپێدراوەکانی کەنیسەی سەدەکانی ناوەڕاست، بەڵام کاریگەرییە مێژووییەکەی ناجێگیر بوو. ئەمەش چونکە پرۆتێستانتەکان لەسەر مانای تێکستە پیرۆزەکەیان کۆک نەبوون و بانگەشەکان بۆ حەقیقەتی خودایی زۆرتریش بوون لە پێشوو، لێرەوە دۆزی پرۆتێستانتیش پارچەپارچە بوو. دووەم: ڕیفۆرمەیشن زیاتر بووە هۆی سەرهەڵدانی گووتارێکی چڕوپری بەهەڵەداچوون، ساختەچێتی و گەندەڵی نەک گوتارێکی حەقیقەتی گەردوونی. هەم ڕۆمانیست و هەم ڕیفۆرمیستەکان بەهەڵەداچوونیان نەک تەنیا لەنێو هاوتا مەسیحییەکانیان، بەڵکو لەناو پەیگن، جولەکە و موسڵمانەکانی جیهانی کۆن و نوێی ئەمریکا، ئاسیا و ئەفریقادا بەدی کرد، وەک خورافیات و بتپەرستی. هەروەها ئەوان لە ڕێگەی بەراوردکردن و ڕیشاڵناسییەوە، دەستیانکرد بە سۆراخکردنی پەیوەندیی نێوان گەندەڵی دینی لە شوێن و کاتە جیاوازەکاندا(6). بەم شێوەیە، ڕۆشنگەری هەم لە نائومێدیی ڕیفۆرمەیشن و هەم لەو کۆششەی لە پشتیەوە بوو هاتە کایەوە. دیفاکتۆی ڕۆشنگەری هەروەک پرۆفیسۆر ئەنتۆنی پاگدەن دەڵێت، پەیوەندی نەبوو بە ململانێی نێوان ئەقڵ و باوەڕ یان زانست و دین ئەوەندەی بەرەنجامی ئەوە بوو کە چیتر مەسیحیەت نەیتووانی بەردەوام بێت لە دابینکردنی یەقینی فیکری و مۆراڵی. لەم ڕووەوە کانت لە (ڕەخنەی ئەقڵی پەتی)دا دەڵێت:

" سەردەمی ئێمە، سەردەمی ڕەسەنی ڕەخنەیە کە دەبێ هەموو شتێک خۆی پێ بسپێرێت. ئایین لە ڕێگەی پیرۆزی و یاسادانانەکەی، لە ڕێگەی شکۆمەندییەکەیەوە بەشێوەیەکی باو خۆی لێ دەبوێرێت. بەڵام بەم شێوەیە تەنیا گومان لە بەرانبەر خۆی دەبزوێنێت و ناتووانێت بانگەشەی ئەو رێزە رەسەنە بکات کە ئەقڵ تەنیا دەیبەخشێتە ئەو شتەی بەرگەی پشکنینی ئازاد و گشتی دەگرێت"(7). کانت سەنگ و رێزی ئەقڵی بەخشیە بیرکردنەوەی رەخنەگرانە و دین و بانگەشەکانی دینی هەڵاواردە کرد. لەم رووەوە، ئەو:

١- ڕەخنەی سیستەماتیکی گرت لەو دیدەی کە تێگەیشتن تەنیا لە ئەزموونەوە دێت. لێرەوە ئەو وتی ئەقڵ کلیلە بۆ تێگەیشتنی فەلسەفی. 2- پێی وابوو ڕۆشنگەری پرۆسەیە نەک دیاردەیەکی دیاریکراو یان ماوەیەک کە بڕگەیەکی دیاریکراو دەگریتەخۆ(8).

هەرچەندە کانت ڕێگەچارەی ئەقڵی بۆ سنووربەندییەکانی ئەزموون خستەڕوو، دانیشی بەوەدانا کە رۆشنگەری پرۆسەیە و سنووری نییە. تەنانەت دوای تێپەڕینی نزیکەی دوو سەدە، میشیل فۆکۆ (1926ـ1984) لەسەر هەمان ڕیتم دەڵێت، پرسیاری "ڕۆشنگەری چییە؟" "چوونەناو مێژووی فیکریی پرسیارێک دیاری دەکات کە فەلسەفەی مۆدێرن نەیتووانیووە وەڵامی بداتەوە، بەڵام نەشیتوانیووە لێی قوتار بێت"(9). بە بۆچوونی پرۆفیسۆر ئەنتۆنی پاگدەن (1945)، فۆکۆش مەبەستی ئەوە بووە کە ڕۆشنگەری پرۆسەیەکی بەردەوامە و پرسێکە وەڵامەکەی هەڵنەتۆقیووە.

ئالێکساندەر پۆپ، شاعیری ئینگلیز لە سەرەتاکانی سەدەی هەژدەدا لە (وتارێک لەبارە مرۆڤ) دەڵێت "کەواتە خۆت بناسە جورئەت مەکە بۆ سۆراخی خودایەک، توێژینەوەی گونجاوی مرۆڤ هەر مرۆڤە"(10). جەختی سەرەکی ڕۆشنگەری لەسەر ئەوە بوو کە پێویستە سروشتی مرۆڤ، ئەقڵ و تواناکانی تاووتوێ بکرێت و چیتر مرۆڤ بە خودا و نادیارییەکانەوە سەرقاڵ نەبێت. جەیمز مەکگریگۆر بێرنز ڕۆشنگەری بە شۆرشێکی فیکری ناودێر دەکات و لە کتێبی (ئاگر و ڕووناکی)دا دەڵێت: "ئەقڵی مرۆڤ سەرچاوەی شۆڕشەکە بوو. بە دابڕان لە گەردوونێک کە تیایدا خودا دوا وەڵامی هەر پرسیارێک بوو، فەیلەسوفانی ڕۆشنگەری وەک دوا پێوەری هەموو شتەکان، سەرنجیان خستە سەر مرۆڤ"( 11).

دواجار کانت لە پروسیا کە لە سەردەمەکە بەئاگا بوو دەپرسێت: "ئایا ئێمە لەسەردەمێکی ڕۆشنبووەوەدا دەژین؟" "لە وەڵامدا دەڵێت "نەخێر لەسەردەمی ڕۆشنگەریدا دەژین". بەهەمان شێوە، لەبەرئەوەی تایبەتمەندییەکی ڕۆشنگەریی فەرەنسیش ئەوە بوو کە نووسەر و فیلۆسۆفەکانی خودئاگا بوون، یەکێک لە نووسەرانی دواتری ئینسایکلۆپیدیا، دولامبەر، لە "گوتاری بەرایی"دا لە ساڵی 1751 باس لە چەند سەدەیەکی ڕۆشنگەری دەکات کە ئەم سەدە هەرە پێشکەوتووەی رۆشنگەری لێکەوتۆتەوە(12).

بێرنز ڕۆشنگەری وەک پڕۆژە لە ماوەیەکی مێژووییدا لەقاڵب دەدات و دەڵێت: "پرۆژەی رۆشنگەری سێ سەدەی دەخایاند و لە جیهانی کۆنەوە بەرەو جیهانی نوێ و پاشان بۆ سەرانسەری دونیا بڵاو دەبووەوە. ئەمە گشتگیر بوو و کردار و ژیانی بەکۆمەڵی دەگرتەوە، هەروەها توانای دەدایە هەندێ لە رێبەران و هەندێکی تریشی دەرووخاند، شاعیران و پیشەسازان، کرێکارانی کارگە و خوێندکارانی زانکۆ و سوپاکانی خەڵکانی مۆبیلیزە دەکرد"(13).

فیلۆسۆفەکان بەشی هەرە زۆریان بریتی بوون لە رووناکبیرانی رۆشنگەریی سەدەی هەژدە و سەرنجیان خستبووە سەر دەکارکردنی ئەقڵ لە نووسینەکانیاندا. لێرەوە هاوشێوەکردنێک هەبوو لەنێوان ئەوانەی بە فیلۆسۆفەکان ناسرابوون لەگەڵ ڕۆشنگەریدا. ڕەخنەگرەکانی فیلۆسۆفەکان بە دژە رۆشنگەر یان ئەنتای فیلۆسۆف ناسران و ئەوانیان بەوە تۆمەتبار کرد کە نادینین و لە سیستەمی کۆمەڵایەتی و سیاسی پاشایەتی فەرەنسا هەڵگەراونەتەوە(14).

لای خۆیانەوە، توێژەرانی ڕاستڕەو، کە دیارترینیان ئێدمۆند بێرک (1729ـ1797) و ئابێ باروێل (1741ـ1820)ن، سەرکۆنەی رۆشنگەرییان کرد لەبەرانبەر ئەوەی کە تەقەمەنییە ئایدۆلۆژییەکەی داوەتە دەست تێرۆری شۆڕشی فەرەنسا، هەروەک دواتریش وا دانرا کە دۆکترینی ئیرادەی گشتیی رۆسۆ "دیموکراسیی تۆتالیتاری" لێکەوتۆتەوە و ڕێگەی خۆشکردووە بۆ فاشیزم، نازیزم و ستالینیزم (15). ئەم بۆچوونانە لەوەوە سەرچاوەی دەگرت کە توندڕەوانی سیاسی لەسەر ئەو قەناعەتە بوون کە بەرەی نەریتگەرا لە دین و سیاسەتدا ڕیشەکێش بکرێت و کەمینەی ناکۆک خرایە دەرەوەی ئیرادەی گشتییەوە.

یەکێک لە مەحکومکردنە هەرە بەدناوەکان بریتی بوو لەوەی ئابێ باروێل کە لە 1797 ڕایگەیاند شۆڕش بەرەنجامی ڕاستەوخۆی گەلەکۆمەکەی فیلۆسۆفە دژە مەسیحەکانە(16).

بزاڤە باوەکانی دژە ڕۆشنگەر لە ناوەڕاستی سەدەی حەڤدەوە تاوەکو تێکشکاندنی نازیزم بەردەوامی هەبوو(17).

فیلۆسۆفەکانی رۆشنگەری ئایدیاڵێکی گەردوونگەراییان هەبوو، بەڵام ئەم گەردوونگەراییە تەنیا یەک سەرچاوەی بۆ وێنا کرابوو. مارکیس دو کۆندۆرسێ (1743ـ1794)ی فیلۆسۆفی بەناوبانگ، لە کۆتایی سەدەی هەژدەدا دەڵێت: "دەبێ ڕۆژێ لە ڕۆژان هەموو گەلان لە حاڵەتی ئەو شارستانیەتە نزیک بکەونەوە کە لەلایەن گەلانی هەرە ڕۆشنبووەوە، هەرە ئازاد، هەرە سەربەست لە دەمارگیریی وەک فەرەنسییەکان و ئەنگلۆ ئەمریکییەکان بەدیهێنراوە". کۆندۆرسێ نموونەی سیاسییەکی مۆراڵ بوو کە پێی وابوو دەکرێ هەموو ئەوانەی لە دەوروبەرین هەمان بیروباوەڕی ئایدیاڵیان لەبارەی ئامانجەکانی ڕۆشنگەری هەبێت. هەر ئەو وڵاتانەش کە ئاماژەی پێدەدات بە شارستانیەت گەیشتن، بەڵام بە دەمارگیری و ناڕۆشنگەرییەوە گەلانی تریان کۆلۆنیزە کرد.(18). ئەو یەکێک بوو لەو ڕۆشنگەرانەی کە متمانەیەکی زۆری بە سەردارێتی ئەقڵ هەبوو و لەوەش زیاتر، توانای خۆرئاوای بۆ بەکارهێنانی ئەقڵ بەشێوەیەکی گونجاو، ئایدیاڵیزە کردبوو.

بە بۆچوونی ئەو، ئایینە گەورەکانی خۆرهەڵات -کە تەنیا مەبەستی ئیسلام نەبوو بەڵکو بەتایبەت مەسیحیەتیش بوو- کە ماوەیەکی زۆر پەیڕەوانیان لەناو تەڵەی کۆیلایەتییەکی بێ هیوا و ساواییەکی بەردەوامدا هێشتووەتەوە بە درۆ و فێڵ و فریوەکانیان بەزوویی ئاشکرا دەبن. کە ئەو ڕۆژە گەیشت ئەوا خۆر تەنیا بەسەر جیهانی ئەو مرۆڤە ئازادانەدا هەڵدێت کە دان بە هیچ سەردارێکدا نانێن جگە لە ئەقڵی خۆیان(19).

زۆری پێنەچوو کە هاوەڵە شۆڕشگێڕە پەڕگیرەکانی کۆندۆرسێ، لەسەر یەکێک لە بۆچوونەکانی کە بریتی بوو لە دژوەستانەوەی سەرپەڕاندنی پاشا لویسی شانزە، بە ناپاک حوکمیاندا. لەم سۆنگەیەوە، هەستی هیومانیستیانە وەهای لە بیرمەندانی ڕۆشنگەری کرد نەک تەنیا توندوتیژی دینی بەڵکو دڵڕەقیە سێکیولارەکانی سەردەمەکەشیان مەحکوم بکەن، لەوانەش کۆیلایەتی، زۆرداری، لەسێدارەدان بەرانبەر هەڕەشەی ناجدیی دوکان بڕین و ڕاوی نایاسایی و سزا سادیستیەکانی وەک گوراندن، کەمئەندام کردن، هەناودەرهێنان و سوتاندن. تەنانەت ڕۆشنگەری هەندێ جار پێی دەوترێت (شۆڕشی مرۆیی) بەهۆی ئەوەی سەریکێشا بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو پراوە بەربەرییانەی بۆ چەندین هەزارە لەسەرانسەری شارستانیەتەکاندا باو بوون(20).

بەڵام ڕەخنەگرانی ڕۆشنگەری زێدەڕۆییەکی بە مەبەست یان بێ مەبەستیان لە باڵایی بەخشین بە ئەقڵ بەدیکرد. بەلای ئەلسەدێر مەکنتایەر (1929) ەوە، هەموو ئەوەی پرۆژەی ڕۆشنگەری مەبەستی بوو پیادەکردنی بیری ئەقڵانی بوو بەسەر سنوورە تەم و مژاوییەکانی ئەقڵی مرۆڤ کە کاریگەرییە کێشەخوڵقێن و هەڕەشەئامێزەکانی دەمارگیری، دین، خورافیات، هەستە وێنانەکراو و کۆنترۆڵنەکراوەکان و هەر شتێکی تری تیادا مابووەوە کە گەلەکۆمەکێیان دەکرد بۆ بێبەشکردنی تاکی سەربەخۆ لە خۆکۆنترۆڵکردن و خۆناسین. بەڵام سەرەنجام ئەقڵ وەک ئامرازێکی ناتەواو بۆ تێگەیشتن لە هەلومەرجی مرۆڤ دەرکەوت(21). لەم ڕوانگەیەوە، ئەقڵ رەهەندێکی میکانیکی وەرگرت و مرۆڤایەتی بۆ ڕەش و سپی پۆلێن دەکرد.

بەلای نووسەرانی کتێبی (دیالەکتیکی ڕۆشنگەری)، ماکس هۆرکهایمەر و تیۆدۆر ئادۆرنۆ، کە هەردووکیان پەنابەرانی ئەڵمانیای نازی بوون و لە نییویۆرک دەژیان، دوژمنی گەورە تەکنۆلۆژیای جیهانی مۆدێرن و ئەو دامەزراوانە بوون کە زەمینەسازییان بۆ کردبوو، شتێک کە ئەوان پێیان وابوو ڕاستەوخۆ لە نیشانە هەرە تۆقێنەرەکەیدا تێبینی کراوە. ئەوان بۆیان دەرکەوت کە هەموو ئەمە تەنیا لە ڕێگەی ڕۆشنگەرییەوە مەیسەر بووە. ئەوان هیچ ناکۆکییەکیان نەبوو لەگەڵ ئامانجی ڕاگەیەنراوی "ئازادکردنی مرۆڤەکان لە ترس و دیاریکردنی سەروەرییان". بە بۆچوونی ئەوان، تراژیدیاکە ئەوە بوو کە ڕۆشنگەری شکستی هێنابوو لە بەدەستهێنانی هەریەک لەو ئامانجانە. لەبری ئەمە، ڕۆشنگەری پرژابووە سەر داماڵینی ئەفسانە لە ئەقڵ و پاشان بەسەردارکردنی ئەقڵ وەک تاکە تایبەتمەندیی باشی مرۆیی، لێرەوە پرۆسەی ڕۆشنگەری خۆی بۆ ئەفسانەیەک وەرچەرخابوو(22). بەم شێوەیە، پیرۆزیی ئەقڵ شوێنی پیرۆزیی حەکایەت و ئەفسانەکانی گرتبووەوە.

پۆست کۆلۆنیالیستەکان و نەیارانی ڕادیکاڵی "بەجیهانیبوون"، وەک ئادۆرنۆ و هۆرکهایمەر، ڕۆشنگەرییان وەک لوتکەی ئەقڵانیگەرایی لەقەڵەمدا کە سەرکوتی جیاوازی دەکات و بەناوی زانستەوە ژینگە وێران دەکات. گەلانی ڕەسەن لە شکۆی مۆراڵییان، مافە یاساییەکانیان و ئەگەر بکرێ لە شوناسە کەلتوورییەکانیان دادەماڵێت و زیاتر لە دوو لەسەر سێی دانیشتووانی جیهان مەحکوم دەکات بە هەژاری و نەگبەتی بۆ ئەوەی زێدە پێویستییەکانی یەک لەسەر سێیەکەی تر تێر بکات. هەرچەندە پێدەچوو ئیمپراتۆریەتەکان چیتر نەمابن، بەڵام ڕۆحیەتی گەردوونیی ڕۆشنگەری کە ئیمپراتۆریەتەکانی سەدەی نۆزدەی زۆر سەرکەوتوو کرد، لەگەڵیاندا بزر نەبوو. بگرە تەنیا زمانەکە گۆڕا(23). گووتاری ئازادکردنی ڕۆشنگەرانەی کۆلۆنیالیزم هەڵگری ڕەنگ و تۆنی گوتاری ئازادیبەخشی شارستانیانەی ڕۆشنگەرەکان بوو. هەروەک جۆن گرەی فەیلەسوفی ئینگلیز (1949) لەبارەی کۆنسێرڤاتیزمی خۆرئاوایی دەڵێت "لەهەموو شوێنێک و بەتایبەت لە ئەمریکا لە ئێستادا تەنیا جۆرێکە لە پرۆژەی ڕۆشنگەرانەی ئازادکردنی گەردوونی و شارستانیەتێکی گەردوونی"(24).

بەلای هۆرکهایمەر و ئادۆرنۆوە کە لە رەخنەکەیاندا هەوڵی ئامادەکردنی چەمکێکی پۆزەتیڤی ڕۆشنگەرییان دەدا کە ئازاد بێت لە ڕکێفکردنی کوێرانە، پاش دووەم جەنگی جیهانی، زاراوەی تۆتالیتاری بووە هاوەڵناوێکی ڕۆشنگەری کە گوایە ئەقلانیەتە بەڕێوەبەرییەکەی، ژیانێکی بەڕێوەبراوی سەپاندووە و کۆمەڵگەی بچوک کردۆتەوە بۆ کەمپێکی زۆرەملێی گەردوونی. بەڵام رۆی پۆرتەری مێژوونووسی بریتانی (1946ـ2002) ئەوە دەهێنێتەوە بیر کە نازییەکان ڕقیان لە فیلۆسۆفەکانی ڕۆشنگەری بووە و تەنانەت Aufklärung لە بەکارهێنانی نازییەکاندا بە مانای "پروپاگەندە" هاتووە(25). ئەمەش دەریدەخات کە نازییەکان درکیان بە ڕەهەندە مرۆیی و ئازادیبەخشییەکەی ڕۆشنگەری کردووە.

دواجار مەکنتایەر لە حەفتاکانی سەدەی بیستەمدا دێتە سەر ئەو ئەنجامگیرییەی کە سووربوونی پڕۆژەی ڕۆشنگەری لەسەر ئەولەویەتی ئەقڵ و دیبەیتی ئەقڵانی هاوشان بووە لەگەڵ سڕینەوەی ئەو شتە لە هۆشی مرۆڤدا کە لەسەردەمی ئەرستۆوە پاڵپشت بووە بۆ ژیانی سیاسی، فیکری و مۆراڵی، واتە چەمکی فەزیلەت(26). ئەمە تەنیا بۆچوونی مەکنتایەری فەیلەسوفی سکۆتلەندی نییە، بەڵکو گێرترود هیملفارب (1922- 2019)ی مێژوونووسی بریتانی بەهەمان شێوە هاوڕایە لەگەڵ مەکنتایەر و بە جیاکردنەوەی ڕۆشنگەری بریتانی، دەڵێت لە لیستە درێژەکەی توخمەکانی ڕۆشنگەریدا کە ئەقڵ لەسەرەوەیە و مافەکان، سروشت، ئازادی، یەکسانی، تۆلێرانس، زانست و پێشکەوتن لە خوارەوە دەگرێتەخۆ، فەزیلەتە کۆمەڵایەتییەکان دیار نین، وەک هاوسۆزی، بەزەیی، بەخشندەیی کە بەشێوەیەکی سروشتی دەبنە هۆی بەستنەوەی خەڵکی بەیەکتریەوە. بە بۆچوونی ئەو، نائەقڵانیگەرابوون بەو مانایە نییە کە مرۆڤ باوەڕی بە ئەقڵ نییە و ئەقڵانیەتگەرایی لەسەردەمی ڕۆشنگەریدا وەک ڕەوتێکی ئایدیۆلۆژی گەشەی گردووە(27).

بۆچوونی مەکنتایەر و هیملفارب لە ڕۆمانتیکەکانی سەرەتای سەردەمی مۆدێرنەوە نزیکە کە هەندێکیان لەژێر سێبەری ڕۆشنگەریدا گەورە بوون. ئەوان کە تامەزرۆ بوون ئەقلانیەتگەرای سارد و سڕ، سێکیولاریزمی بێ رۆح و وشک، کۆزمۆپۆلیتانیزمی بێ ڕیشەی ڕۆشنگەری بە هۆگریی زیندوو بۆ ماڵ و بۆ دڵ جێگۆڕکێ پێ بکەن، تەواوی کەلتووری فەلسەفی پێشینانیان وەک هانایەکی بێ وچان بۆ سەپاندنی ئەوەی پێیان دەوت "ئیمپراتۆریەتی ئەقڵ" بەسەر مرۆڤایەتیدا لەقەڵەمدا(28). بەم مانایە، ئەقڵ لەبری ئەوەی ئازادیبەخش بێت، ڕکێفکارێکی تر بوو لە بەرگێکی نوێدا.

جۆن رالستۆن سۆل (1947)ی رووناکبیری گشتی و فەیلەسوفی سیاسیی کەنەدی، لە کتێبی (بیژووەکانی ڤۆلتێر)دا دەڵێت: "دەکرێ ڤۆلتێر و فیلۆسۆفانی تری سەدەی هەژدە لەبەرانبەر ئەوەی بە کەف و کوڵێکی زۆرەوە ڕۆشنگەرییان لەئامێز گرت ڕەخنەیان لێ بگیردرێت. ئەو و هاوتاکانی، لەبەرانبەر دەربڕینی ڕاوبۆچووندا بەرانبەر دەربار و دەسەڵاتەکەی یا دەخرانە زیندانەوە یا ئەوەتا سەرکێشیان پێوە دەکرد. لە زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپادا ئەشکەنجە و شێوازی توندی سزادان هەبوون. بۆیە حوکمی ئەقڵیان بە باشترین بژاردە بینی و گەیشتنە ئەو قەناعەتەی کە هاتنەکایەی نوخبەی ئەقڵانیگەرا شارستانیەتێکی نوێی لێ دەکەوێتەوە. ئەم خۆشەویستییە بۆ ئەقڵ ئەوەندە کاریگەر دەبوو کە کۆمەڵگە لە قۆناغەکانی دواتردا لەسەروو پێویستەوە ڕیفۆرم دەکرا. ڕیفۆرمێک کە بە دامەزراوەییکردنی بێ پێشینەی توندوتیژیی دەوڵەتی گرتەخۆ. هاوشانی ئەمە ململانێش لەنێوان میتۆدە ئەقڵانی و میتۆدە دیموکراتییەکاندا هاتەکایەوە. ئیتر دەرکەوت هیومانیزم ناتووانێ خۆی لەگەڵ ئەقڵدا هاوسەنگ بکات"(29). لەم بۆچوونەی رالستۆن سۆل ئەوە هەڵدەهێنجرێت کە ڕۆشنگەری هەم پەرچەکردارێک بووە بەرانبەر سەرکوتکردنی فیکری و هەم کارکردنێکیش بووە لەسەر ئەقڵ لەبەرانبەر ئەو چاوەڕوانییانەی بۆ ئایندە لێی دەکرا، بێ ئاگا لەوەی کە ئەم ئایندەیە چی لە هەگبەدا هەڵگرتووە.

بەڵام کانت لەو سەردەمەدا هاوسەنگییەکەی دەبینی و پێی وابوو ڕۆشنگەری "زیادکردنی مەعریفە و پاکتاوکردنی هەڵەکان بوو" بۆیە هەمەڕەنگ و تێکەڵەیەک بوو لە ئەقڵ و هیومانیزم(30).

هەرچەندە ململانێ لەسەر شوناسی ڕۆشنگەری، خۆی بەشێکە لە ڕۆشنگەری، "زۆرێک لە نووسەران لەمڕۆدا پاڵپشتی ڕۆشنگەری بۆ ئەقڵ لەگەڵ بانگەشەی نامومکینی ئەمەی کە مرۆڤەکان بوونەوەری تەواو ئاقڵن تێکەڵ دەکەن"(31). ئەمەش دەبێتە هەوڵێکی ئاگایانە یان نائاگایانە بۆ تۆتالیتاریزەکردنی ئەقڵ و فەرامۆشکردنی ململانێیەکە. ڕۆشنگەری شتێکی باش یان خراپ نییە، کە ستایش بکرێت یان ئیدانە بکرێت. چونکە وەک فاکتێک، تاکە "پرۆژەیەکی ڕۆشنگەری" بوونی نەبووە. بیرمەندانی ڕۆشنگەری ئەقڵ کراوە بوون و ئەوان پلورالیزمیان پەیڕەو کرد، تۆمارەکەیان ناکۆک بوو نەک دۆگماتیک. هەروەک مارک گۆلدی دەڵێت "تۆنێکی دەنگ بوو، توانایەکی درککردن بوو"(32). لە هەموو حاڵەتێکدا خاڵێکی وەرچەرخانی ڕیشەیی پۆزەتیڤ دەناسرێتەوە کە کەسانێک و ئایدیاگەلێکی جیاجیای لەپشتەوە بوو. شتێکی حاشاهەڵنەگرە کە پەشێوی و توندوتیژی و پەڕگیری، شانبەشانی پرۆسەی شۆڕشگێڕانە هەر هەبووە. لەبارێکدا کە خەڵکی ئاسایی دەیانتووانی هەموو جۆرە پەشێوی و ناسەقامگیرییەک بەبێ یارمەتی فەیلەسوفەکان بخوڵقێنن، هەڵتەکاندنی چەمکیانەی پیرۆز، تاج و خانەدانی، شتێک بوو پێشتر وێنا نەکرابوو و پەیوەندییەکی کەمی بە گوشاری کۆمەڵایەتی و پێویستی ئابووریی و بێ بەندوباریی سروشتیانەی خەڵکانی ئاساییەوە هەبوو. ئەمە وەرچەرخانێکی شۆڕشگێڕانە بوو لە شێوازی بیرکردنەوەی خەڵکدا(33).

لەسەردەمی مۆدێرنی زوودا ئەوەی فیلۆسۆفەکانی ڕۆشنگەری پێیان دەوت "شۆڕشی گەردوونی" بەشێوەیەک کە بواری کەلتووری، سیاسی و مۆراڵی بگرێتەوە و بکرێت بەسەر هەر کۆمەڵگەیەکدا پیادە بکرێت، دەرک نەدەکرا. ئەمەش چونکە لە سەردەمی پێش مۆدێرندا، پاساودانی گۆڕانی کۆمەڵایەتی و سیاسی هەمیشە کۆڵەکەکانی تیۆلۆژی، یاسای عورفی و ڕێزی نەریتی دەوروژاند. بۆیە لەدوای ڕۆشنگەرییەوە شۆڕش مانایەکی جیاوازی گرتەخۆ و سێکیولار و نا نەریتی بوو(34). بیرۆکەی شۆرش لە قاوغە ئەرتەدۆکسیەکە دەرچووبوو و توخمێکی رادیکاڵی هەبوو.

لەکاتێکدا ئامانجی ڕۆشنگەری بریتی بوو لە پێناسە و شرۆڤەکردنی ڕەهەندەکانی سروشتی مرۆڤ بە میتۆدی جیاجیا، لە بنەڕەتدا "پرۆژەی ڕۆشنگەری" حەقیقەتی حەتمیی دوو بانگەشەی بنچینەیی پیشان دەدا: (1) هەرچەندە توخمی مرۆڤ لەنێو گیانەوەراندا ناوازەیە، هیچ شتێکی هاوبەشی لەگەڵ خوداوەندا نییە (ئەگەر وادابنرێت خوداوەند بە ڕاستی بوونی هەیە). دەبووایە زانستەکانی مرۆڤ، هەروەک زانستە سروشتییەکانی ئەمرۆ، سێکیولار بن. (2) سروشتێکی مرۆیی "گەردوونی" هەیە لە هەموو شوێنێ قابیلی لێ تێگەیشتنە. جیاوازیی بەرچاو هەن لەنێوان ئاسیایی، ئەمریکی و ئەفریقییەکان بەڵام ئەمانە بەرەنجامی ژینگە، پەروەردە و کەلتوورن. لێرەوە دەشێ مەیلێکی هاوبەشی مرۆڤەکان بەدی بکرێ بۆ ژیانێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی گەردوونی لە قەوارەیەکدا کە سەرەنجام پێی دەوترێت کۆزمۆپۆلیس "شاری جیهان"(35). هەوڵی ئایدیاڵی مرۆڤەکان بۆ ئەو مەیلەی کۆزمۆپۆلیتانیزم بەردەوامی هەبووە لەجیهاندا بەڵام تا سنوورێک کە سەربەخۆیی و جیاوازییە بێ چەندوچونەکان بپارێزێت، بەمەش هاودژییەکی ناوەکی لەخۆگرتووە. لەم ڕووەوە، جان فرانسوا لیۆتار (1924- 1998) پێی وابوو گەورە حەکایەتی ڕۆشنگەری بەدوای چێکردنی چەمکێکی مەحاڵی "شوناسی مرۆیی گەردوونی"یەوە بووە نەک سەپاندنی ئەقڵ بەسەر کەسایەتی بێ بەندوباری مرۆڤدا (36). ئەم ڕوانگەیەی لیۆتار لەیەک کاتدا ڕەخنەگرتنە لە گەردوونگەرایی ڕۆشنگەری و لەهەمان کاتیشدا لە ئەگەری ئەقڵانیەتگەراییە ناسازەکەی.

لەو شوێنەی کە فیلۆسۆفەکان بڕوایان وابوو ڕۆشنگەری ئازادیبەخشە بۆ دانانی ئەقڵ لەسەروو دینەوە، پۆست مۆدێرنیست ئەقڵ بە زۆردار و "سەراپاگیر" دەبینێت وەک خودی دین(37). لەسەر هەمان ڕیتمی لیۆتار، میشێل فۆکۆ، سەرباری بەلاغەتەکەی، پێی وابوو لۆژیکی ڕاستەقینەی ڕۆشنگەری بریتی بوو لە کۆنترۆڵکردن و ڕکفێکردن نەک ئازادکردن(38). (تێری کاسڵ)ی توێژەری ئەدەبیی پۆست مۆدێرنستی سەدەی بیست و یەک دەڵێت: "ئەوە سەدەی ئەقڵ نەبوو بەڵکو سەدەی پارانۆیا، سەرکوتکردن و شێتییەکی بەرایی بوو"(39). فۆکۆ لەپشت ئازادکردنی ئەقڵییەوە، ڕکێفکردنێکی تاکڕەنگی بەدی دەکرد و تێری کاسڵیش هەمان پارادۆکسی لە ڕۆشنگەریدا بەدی کردووە. جۆناسان دۆلیمۆر (1948) کە تیۆریستێکی کۆمەڵایەتیی ئینگلیزە لە کتێبی (مەرگ، ئارەزوو و لەدەستچوون لە کەلتووری خۆرئاوادا) لەبارەی خوێندنەوەی پۆست مۆدێرنیستیی شێتگیرانەی جان بۆدریارد بۆ ڕۆشنگەری، دەڵێت:

"بانگەشە سەرەکییەکە ئەوەیە کە ئەقڵانیەتی ڕۆشنگەری، ئامرازێکی ئازادی و تواناپێدانی دیموکراتی نییە بەڵکو بە پێچەوانەوە، ئامرازی سەرکوتکردن و توندوتیژییە. بەهەمان شێوە لە پەیوەند بە جەختی سێکیولارانەی ڕۆشنگەری لە مرۆڤایەتی هاوبەش، بەلای بۆدریاردەوە ئەمە سەری کێشا بۆ ئەو شتەی پێی دەڵێت (شێرپەنجەی مرۆڤ)- دوور لەوەی کاتیگۆرییەکی گشتگیری ئازادبوون بێت، لە ڕێگەی بەدێوەزمەکردنی جیاوازی و ئیمتیازپێدانی سەرکوتگەرانەی نۆرماڵ، ئایدیای (مرۆڤایەتی گەردوونی) شیاو کرد"(40).

لەم ساڵانەی دواییدا جۆناسان ئیزرائیل (194٦) یەکێکە لەو توێژەر و ڕەخنەگرە سەرسەختانەی کە ئەرگومێنتی پۆست مۆدێرنیستی لەبەرانبەر ڕۆشنگەریدا بە بێ نەما دەبینێت و پێی وایە فیلۆسۆفە رادیکاڵەکانی سەدەی هەژدە هەرگیز بانگەشەی ئەوەیان نەکردووە کە جیاوازییەکانی نێوان گەلان و دینەکان بسڕدرێتەوە و ئیدانەی هەموو فۆرمەکانی دەسەڵاتگەرایی، ئەرتەدۆکسی، پێکەوە هەڵنەکردن، زینۆفۆبیا و شۆڤینیزیمیان کردووە و مکوڕ بوون لەسەر باڵایی بەها ڕۆشنبووەوەکان. بۆ هەر کەسێک کە بەشێوەیەکی ڕەسەن پابەند بووبێت بە دیموکراسی، هەڵکردن و ئازادیی کەسی، ئەوە شتێکی نکوڵینەکراوە کە ڕەگی ئەنتای کۆلۆنیالیزم و هەروەها ئایدیای مۆدێرنی یەکسانی ڕەگەزی، ئەتنیکی و نەژادی کتومت لە بیری جیهانیی ڕۆشنگەریدا هەیە، بەتایبەت لە ڕۆشنگەریی رادیکاڵدا(41).

ویلیام هازلیت (1778ـ1830) دەڵێت: "لای زۆربەی خەڵک ئەقڵ واتە ڕەئی خۆیان". بە بۆچوونی ڕۆی پۆرتەر، ئەگەرچی ئەم وتەیە زیادەڕەوییەکی تێدایە، دەبێ خۆمان لە ئێستاگەرایی ببوێرین. هەر سەردەمێک بەشێوازی خۆی پرۆسەی بەئەقلانیکردن دەخاتەگەڕ و ڕۆشنگەریش کۆدی مانای شاراوە و ئاشکرای خۆی هەبووە(42).

جۆناسان ئیزرائیل پێی وایە ئەو ئالەنگارییە فیکرییەی لەمڕۆدا ڕووبەڕووی مێژوونووس و (فەیلەسوف)یش دەبێتەوە بریتییە لە ڕوونکردنەوەی ئایدیاکانی ڕۆشنگەری لە کۆنتێکستە مێژووە دەقاودەقەکەیدا، ئەرکێک کە بەشێوەیەکی نامۆ لەم دەهانەی دواییدا فەرامۆش کراوە (43). ئەو پێی وایە چەمکە فیکرییە نوێیەکان کارەکتەرێکی ڕادیکاڵیان هەبوو، واتە تەواو ناکۆک بوون لەگەڵ بنەڕەتەکانی باوەڕ، بیرکردنەوە و دەسەڵاتی نەریتی. بەپێی لۆژیکی پۆرتەر و ئیزرائیل، حوکمدان لەسەر سەردەمی مێژوویی ڕۆشنگەری بە چاویلکەی سەدەی بیستەم، کێماسییەک لە تێگەیشتندا دروست دەکات.

لەم ساڵانەی دواییدا مێژوونووسان و فەیلەسوفان هەنگاوی خێرایان ناوە لە خستنەڕووی قۆناغە سەرەکییەکان و مێژووی گشتیی ڕۆشنگەریی ڕادیکاڵ. ئەم ڕۆشنگەرییە کە بزاڤێکی نهێنیی ئایدیاکان بوو، لە زووترین وەختیدا (درەنگانی سەدەی حەڤدە) تەقریبەن بەتەواوی شاراوە بوو لەبەرچاوی گشتی و لە بەرانبەر ئاراستەی میانڕەوی ڕۆشنگەریدا پێگەیشت کە لە سەدەی هەژدە ئەوروپا و ئەمریکادا زاڵ بوو. بیری ڕادیکاڵ لە 1770کان، 1780کان و 1790ەکاندا لەماوەی سەردەمی شۆڕشگێڕی لە ئەمریکا، فەرەنسا، بریتانیا، ئێرلەندە و هۆڵەندە ئاشکرا بوو. ئێستا ڕۆشنگەریی ڕادیکاڵ بەشێوەیەکی فراوان وەک تەوژمێکی بیرکردنەوە دەبینرێت کە ڕۆڵێکی سەرەکی بینیووە لە بونیادنانی بەها جەوهەرییە دیموکراتی و یەکسانییەکان و ئایدیاڵەکانی جیهانی مۆدێرن. لێرەوە دەکرێ لەم پرەنسیپانەدا پوخت بکرێتەوە: دیموکراسی، یەکسانی نەژادی و ڕەگەزی، ئازادیی تاکەکەسی بۆ شێوازی ژیان، ئازادیی تەواوی بیرکردنەوە، دەربڕین و چاپەمەنی، ڕیشەکێشکردنی دەسەڵاتی ئایینی لە پرۆسەی یاسادانان و پەروەردە و جیاکردنەوەی تەواوەتیی کەنیسە و دەوڵەت. گەردوونگەراییەکەی لەو بانگەشەدایە کە هەمووان هەمان مافی سۆراخکردنی خۆشبەختییان هەیە بە شێوازی خۆیان و هیچ کەسێک بەوانەشەوە کە پێیان وایە هێزی ئیلاهی کردوونی بە بەربژێریان بۆ رێبەرایەتی ڕۆحی، پاساوی ئەوەیان نییە بەربەستی ئەو مافانەیان بکەن کە بۆ هەموو ژن و پیاوانە بە یەکسانی. لەم ڕووەوە، ئەم بەها جەوهەرییانە چەمکی ئەبستراکت نین و نە داهێنراوی شۆڕشی فەرەنساشن بەڵکو بە پرۆسەیەکی ناهەمواری مێژووییدا ڕەت بوون و لەدوای 1945ەوە زۆرێک لە وڵاتانی خۆرئاوا پرژانە سەر پیادەکردنیان. ئەگەرچی دوایی بوون بەپاساویش بۆ پاڵپشتی ئایدۆلۆژی(44).

بەهاتنی کۆتایی سەدەی شانزە، خۆرئاوا پرۆسەیەکی تەکنیکالیزەکردنی خستبووە گەڕ کە جۆرێکی تەواو جیاوازی کۆمەڵگە و ئایدیاڵێکی نوێی مرۆڤایەتی بەرهەم دەهێنا. ئەمەش بەشێوەیەکی حەتمی کاریگەری دەخستە سەر دەرک و پەیبردنی بە ڕۆڵ و سروشتی خودا(45). لە درەنگانی سەدەکانی ناوەڕاست و سەرەتاکانی سەردەمی مۆدێرندا تاوەکو 1650، شارستانیەتی خۆرئاوایی لەسەر بنەمای ناوەرۆکێکی هاوبەشی دین، نەریت و دەسەڵات بونیاد نرابوو. لە 1650 بەدوا، هەموو شتێک، گرنگ نییە چەنێک قووڵ ڕەگی داکوتابوو، لەژێر ڕۆشنایی ئەقڵی فەلسەفیدا کەوتە ژێر پرسیار و زووزوو کەوتە بەر تەحەدای ئەو چەمکانە و ئەوەی کە پێی دەوترێت شۆڕشی زانستی. پێشتر ڕیفۆرمەیشن کەرتبوونێکی قووڵی لە مەسیحییەتی خۆرئاواییدا هێنابووە کایەوە. بەڵام بەدرێژایی سەدەی شانزە و نیوەی یەکەمی سەدەی حەڤدە، هەم لەڕووی فیکری و هەم لەڕووی ڕۆحییەوە زۆر شت هەبوو کە توێژەکانی مەسیحییەت تیایدا هاوبەش بوون. ئەوروپای ناوەڕاستی سەدەی حەڤدە هێشتا، نەک تەنیا بەشێوەیەکی زاڵ بەڵکو بەشێوەیەکی کاریگەر کەلتورێک بوو تیایدا هەموو دیبەیتەکان لەبارەی مرۆڤ، خودا، و جیهان لە فەزای گشتیدا ڕەسمی و دامەزراوەیی، لۆتەری، کاسۆلیک، کالڤینیستی بوو. زانایانی دینیش ململانێیان بوو بۆ دیاریکردنی ئەو بلۆکە دینییەی کە مۆنۆپۆلی حەقیقەت و مافی خودایی دەسەڵاتی لەبەردەستدایە. ئەمە شارستانیەتێک بوو تیایدا تەقریبەن کەس تەحەدای جەوهەرەکانی مەسیحیەت یان بنچینەکانی سیستەمی خودایی ئەریستۆکراسی، پاشایەتی و خاوەندارێتی زەوی و دەسەڵاتی کەنیسەی نەکرد. پاش 1650، پرۆسەیەکی گشتی بەئەقڵانیکردن و سێکیولاریزاسیۆن هاتە کایەوە کە بەخێرایی هەژمونی تیۆلۆژیای کۆنی لە جیهانی توێژینەوەدا سەرنگون کرد، بەهێواشی بەڵام بە دڵنیاییەوە سیحر و باوەڕبوون بە خورافیاتی لە کەلتووری فیکری ئەوروپادا بنبڕ کرد. ئەمە سەریکێشا بۆ ئەوەی چەند کەسێک بە ئاشکرا تەحەدای هەموو شتیکی ڕابردوو بکەن(46).

 بەهاتنی کۆتایی سەدەی هەژدە، ئەوروپا دەستیکردبوو بە زاڵبوون بەسەر جیهان و سروشتی دەستکەوتەکەشی ئەو مانایەی دەگەیاند کە ئیتر ئەستەمە بەشەکەی تری جیهان پێی بگەنەوە. پرۆسەی بەخۆرئاواییکردن و لەگەڵیشیدا ئەو ئاراستەیەی سێکیولاریزەکردن دەستیپێکردبوو کە بانگەشەی سەربەخۆیی دەکرد لەخودا. لەکاتێکدا کە شارستانیەتە کۆنەکان کشتوکاڵی بوون و پشت ئەستوور بوون بە توخمە گۆڕاوەکانی وەک بەروبووم، هەڵگرتنەوە، کەش و هەوا و راماڵی خاک، خۆرئاوا لەڕووی تەکنیکییەوە باڵادەست دەبوو و سەربەخۆ بوو لە هەلومەرجە لۆکاڵەکان و فاکتەرە دەرەکی و زەمەنییەکان. کەڵەکەبوونی سەرمایە لەناو سەرچاوە ئابوورییەکاندا رەگی داکوتابوو کە لە پرۆسەی نوێبوونەوەدا بوو. لێرەوە ڕۆشنگەریی فیکری لەتەک شۆڕشە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا بەشێک لە زنجیرە گۆڕانکارییەکانی خۆرئاوای پێکهێنا کە گوڕ و تینی دەخستە بەر قۆناغەکانی پێشکەوتنی دواتر. بەشێوەیەکی سروشتی ئەم گۆڕانکارییانە کاریگەرییان خستە سەر شێوازی پەیبردنی پیاوان و ژنان بەخۆیان و بەم هۆیەوە پەیوەندییان بەو واقیعە نموونەییەی کە بەشێوەیەکی نەریتی پێیان دەوت "خودا" گۆڕا (47).

بیرمەندانی ڕۆشنگەری باوەڕبوون بە خودایەکی ئەنترۆپۆمۆرفیک (کەسی)یان ڕەتکردەوە کە دەستوەردەداتە کاروباری مرۆڤ. لەم سۆنگەیەوە، مۆنتسکیۆ (1689- 1755) خودای بچوک کردەوە بۆ توخمێکی وێنای سنوورداری مرۆڤ و وتی: "ئەگەر سێگۆشەکان خودایەکیان هەبووایە ئەوا سێ لایان پێدەدا"(48).

نەریتگەرا دینییەکان هەمیشە دانیان بەوەدا ناوە کە زۆرێک لە خەڵکی دیندار لە کۆتاییدا کۆک بوون لەگەڵ ڕۆشنگەریدا ئەمەش لە ڕێگەی هەوڵدان بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ هەلومەرج، داواکاری، چاوەڕوانی و بناغە فیکرییەکانی کۆمەلگە لیبراڵە سێکیولارە تازە دەرکەوتووەکان(49). بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ئاراستەیەک هەبوو پێی وابوو گەڕانی داڤید هیوم و رێنێ دێکارت بۆ ئەو ئایدیا ناوازانەی دەبنە بناغەی مەعریفە شکستی هێناوە و لێرەوە پرۆگرامی ڕۆشنگەری سەرکەوتوو نەبووە. ئاڵەنگارییەکەش لە دژایەتیکردنی خورافیات و پەرجودا نییە، بەڵکو لە خودی ڕەخنەی ئەقڵدایە کە وشک و بەرتەنگە و نکوڵیکردنێکی تێدایە لە توانای مرۆڤ لەوەی ئەقڵی بەکاربهێنێت بۆ زانین لەبارەی واقیع(50). ئەم ئاراستەیە قاڵب و فۆرمیولایەکی لە ڕۆشنگەریدا دەبینی کە دەبووایە لەبەرانبەر فراوانیی بیرکردنەوەی مرۆییدا ئیمتیاز وەرنەگرێت.

دواجار ڕۆی پۆرتەر دەڵێت، دەبێ ئێمە هەستیار بین بەرانبەر وێنە تێکەڵەکە بۆ ئەوەی بە وردبینیکردن لە هێڵەکانی ڕۆشنگەری، بڕوانینە سنوورەکانی، زیاتر لەوەی دەڕوانینە ئازادکارییەکانی، ئەمەش بە داننان بەوەی ئەو شتەی ڕێگەخۆشکەری لێکۆڵینەوەی هەندێ ڕاستی بوو ئەوە بوو کە ڕاستییەکانی تر حاشاهەڵنەگر مانەوە. دەبێ فریوی دروشمەکانی ڕۆشنگەری بەرەنگاری بکرێن و نە وەک چارەنووسی بەرجەستەبووی مرۆڤایەتی گریمانە بکرێن و نەک وەک پیلانێکی نێرینە سپی پێستە مردووەکانیش بە ئەهریمەن بکرێن: بەڵکو دەبێ کۆمەڵێک لە دەستەبژێرە کارلێککردووە بەیەکداچووەکان ببینرێن کە لە ئەرکی مۆدێرنیزەکردندا هاوبەش بوون(51). کەواتە وێنەی تێکەڵی ڕۆشنگەری کە بەدرێژایی ماوەیەکی مێژوویی درێژ دەبێتە و کاریگەری و لێکەوتەی دواتری دەبێت، لێکدانەوەی جیاجیاش هەڵدەگرێت بێ ئەوەی هیچ کام لەم لێکدانەوانە بەسەر لێکدانەوەکانی تردا ئەولەویەت وەربگرن.

 

ئەنجام

فیلۆسۆفەکان و ڕۆشنگەرەکان لەسەردەمی خۆیان بەئاگابوون، زانییان ئەوەی کە دەینووسن و دەیڵێن هەوڵێکە بۆ وەرچەرخاندنی سیستەمی کۆمەڵایەتی و فیکری ئەوروپا و ئەمەش باجی گەورەی هەبوو. ئەو سەردەمە درێژبووەوەی ڕووداوە گەورەکانی پێشووی وەک ڕێنیسانس، ڕیفۆرمەیشن و شۆڕشی زانستی بوو. بەڵام ئەگەرچی ڕادیکاڵیزمی ڕۆشنگەری زێدەڕۆییەکی گرتەخۆ بۆ متمانە سپاردن بە ئەقڵ و هەموو ئەو لێکەوتانەی هەیبوو و ڕەخنەی توندی لێکەوتەوە، ئەو بۆچوون و لێکدانەوانە کۆتاییان نەهات لەمەڕ ئەوەی کە زۆربەی کۆمەڵگاکانی جیهان لەمڕۆدا کەڵک لە بەرهەمی ڕۆشنگەری وەردەگرن. ڕۆشنگەری کتومت یەکسان نەبوو بە نەهامەتییەکانی مۆدێرنێتە و ئیمپریالیزم، بەڵکو تەقەلا و ویستی ڕزگاریی مرۆڤ بوو لە بەربەریەتی فیکری، دینی و سیاسی. دیوی پەرچەکردارانەی ئەقڵ وەک هاوتای تاج لەسەرنانی ئەقڵ درایە قەڵەم، بەڵام زۆرێک لە فیلۆسۆفەکان بە ڕوانگەیەکی سێکولارەوە مرۆڤدۆست بوون و ئایدیاڵێکی گەردوونگەرایانەیان هەبوو. یەکێک لەو هەڵە باوانەی بەردەوام تێبینی دەکرێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ چەمکی ڕۆشنگەریدا ئەوەیە کە ڕەخنەکان لە ڕۆشنگەری، کۆنتێکستی مێژوویی پشتگوێ دەخەن. پرۆسەی ڕۆشنگەری کە لەلایەن هەندێ لە فەیلەسوفانەوە بە دیارینەکراو و بێسنوور، هەندێ جاریش وەڵام نەدراوە دەبینرێت، کۆتایی هێنا بە کەلتوور و سیستەمی نەریتانەی سیاسەت و دین لە ئەوروپا و فیکری مرۆڤ ئازاد بوو لەو کۆت و بەندانەی نەیاندەهێشت بەرەوپێش هەنگاو بنێت.

 

 سەرچاوەکان:

1- Robertson, John. Enlightenment: A Very Short Introduction. Oxford: Oxford University Press. 2015. EPUB Format. P 51-52

2-Pinker, Steven. Enlightenment Now: The Case for Reason, Science, Humanism, and Progress. New York: Viking. 2018. EPUB Format. P 53

3- Robertson, John. Enlightenment: A Very Short Introduction. P 45-46

4- Pinker, Steven. Enlightenment Now. P 37

5- Gottlieb, Anthony. The Dream of Enlightenment: The Rise of Modern Philosophy. London: Liveright Publishing Corporation. 2016. EPUB Format. P 17

6- Bulman, William J & Robert G. Ingram. God in the Enlightenment. Oxford: Oxford University Press, 2016. P 15-16

7- Kant, Immanuel. Critique of Pure Reason, trans. and ed. Paul Guyer and Allen W. Wood. Cambridge: Cambridge University Press, 1998. P 100: A, xii.

8- Robertson, John. Enlightenment: A Very Short Introduction. P 54.

9- Pagden, Anthony. The Enlightenment: and why it still matters. New York: Random House. P 42

10- Porter, Roy. Enlightenment: Britain and the Creation of the Modern World. London: Penguin Books 2001. EPUB Format. P 263

11- Macgregor Burns, James. Fire and Light: How the Enlightenment Transformed Our World. New York: ST. Martin’s Press. P 13

12- Himelfarb, Gertrude. The Road to Modernity: The British, French and American Enlightenments. New York: Vintage Books, 2005. P 23, 27

13- Macgregor Burns, James. Fire and Light. P 13

14- Robertson, John. Enlightenment: A Very Short Introduction. P 55 

15- Porter, Roy. Enlightenment: Britain and the Creation of the Modern World. P 40

16- Robertson, John. Enlightenment: A Very Short Introduction. P 55 

17- Israel, Jonathan. A Revolution of the Mind: Radical Enlightenment and the Intelectual Origins of Modern Democracy. New Jeresy: Princeton University Press. 2010. P xi

18- Pagden, Anthony. The Enlightenment: and why it still matters. P 29-30

19-Ibid, P 31

20- Pinker, Steven. Enlightenment Now. P 42

21- Pagden, Anthony. The Enlightenment: and why it still matters. P 46

22- Ibid, P 49-50

23- Ibid, P 52

24- Gray, John. Enlgihtenment’s Wake: Politics and culture at the close of the modern age. New York: Routledge. 2007. P viii

25- Porter, Roy. Enlightenment: Britain and the Creation of the Modern World. P 40, 794

26- Pagden, Anthony. The Enlightenment: and why it still matters. P 46

27- Himelfarb, Gertrude. The Road to Modernity. P 20

28- Pagden, Anthony. The Enlightenment: and why it still matters. P 47

29- Ralston Saul, John. Voltaire’s Bastards: The Dictatorship of Reason in the West. New York: Free Press. 1992. P 29, 33

30- Pinker, Steven. Enlightenment Now. P 42

31- Ibid, P 38

32- Porter, Roy. Enlightenment: Britain and the Creation of the Modern World. P 41

33- Israel , Jonathan. I. Enlightenment Contested, Philosophy,Modernity, and the Emancipation of Man 1670–1752. Oxford: Oxford University Press

34- Ibid, P 3

35- Pagden, Anthony. The Enlightenment: and why it still matters. P 56

36-Ibid P 57

37- Himelfarb, Gertrude. The Road to Modernity. P 16

38- Porter, Roy. Enlightenment: Britain and the Creation of the Modern World. P 40

39- Castle, Terry. The Female Thermometer. Oxford: Oxford University Press. 1994. P 13.

40- Dollimore, Jonathan, Death, Desire and Loss in Western Culture. London: Routlede. 1998. p 123

41- Israel, Jonathan. Enlightenment! Which Enlightenment? Journal of the History of Ideas, Vol. 67, No. 3. Jul., 2006. P 524-525

42- Porter, Roy. Enlightenment: Britain and the Creation of the Modern World. P 43- Israel, Jonathan. I. Enlightenment Contested. P 4

44- Israel, Jonathan. A Revolution of the Mind. P viii

45- Armstrong, Karen. A History of God: From Abraham to the Present: The 4,000-year Quest for God. New York: Ballantine Books. 1994. P 145-146

46- Israel, Jonathan. Radical Enlightenment: Philosophy and the Making of Modernity 1650-1750. New York: Oxford University Press 2001. P 3-4

47- Armstrong, Karen. A History of God. Ibid

48- Pinker, Steven. Enlightenment Now. P 37 

49- Bulman, William J & Robert G. Ingram. God in the Enlightenment. P 13

50- Anderson, Owen. The Clarity of God’s Existence: the Ethics of Belief After Enlightenment. Oregon: Wipf and Stock. 2008. P xiii, xiv

51- Porter, Roy. Enlightenment: Britain and the Creation of the Modern World. P 42

 

 * ماستەر لە ئەدەبی ئینگلیزی ـــ زانکۆی سلێمانی


ئەم بابەتە 57 جار خوێندراوەتەوە