Darweshyan&Bakhtyar_Ali.jpg

بۆچوونى عەلی ئەشرەف دەروێشیان دەربارەی بەختیار عەلی و دواهەمین هەناری دونیا

دواى ئه‌وه‌ى له‌ شاری تاران ناوەندی ئەندێشە و ئەقڵانییەتی (بەهاران) لە کۆڕی ئیمزاکردن و ڕەخنە و لێکۆڵینەوە بۆ وەرگێڕانی فارسی ڕۆمانی "دواهەمین هەناری دونیا"، بە ئامادەبوونی وەرگێڕ "مەریوان هەڵەبجەیی" و هەردوو نووسەر و وەرگێڕی ناوداری ئێرانی "ئەسەدوڵا ئەمرای و شیوا مەقانلو" بەڕێوەچوو، كه‌ رۆمانه‌كه‌ لەلایەن یەکێک لە بەناوبانگترین خانەکانی چاپ و بڵاوکردنەوەی تارانەوە "نەشری سالس" بڵاوبویەوە و لەگەڵ بڵاوبونەوەیدا بوو بە جێی گفتوگۆی ڕەخنەگران و لێکۆڵەرانی ئێرانی، دوای ئەوەی سێ کۆڕی لە شاری تاران بۆ گیرا، دواتر لە شارەکانی ڕەشت و شیراز و ئەسفەهان، کۆڕی ڕەخنە و لێکۆڵینەوەی بۆ بەڕێوەچوو، لە یەکێک لە کۆڕەکانی تاراندا کە ماوەی سێ کاتژمێری خایاند چه‌ندین نوسه‌رى كورد و فارس له‌سه‌ر رۆمانه‌كه‌ قسه‌یان كرد، یه‌كێك له‌مانه‌ نووسەر و ڕەخنەگەری کورد (عەلی ئەشرەف دەروێشیان) بوو، لە بەشێک لە وتەکانیدا وتی: "ساڵی دووهەزار و شەش تازە مەریوان وەرگێڕانی هەردوو ڕۆمانی ئێوارەی پەروانە و دواهەمین هەناری دونیای تەواو کردبوو، دای بە من بۆ ئەوەی بیخوێنمەوە و پێداچونەوەی بۆ بکەم و ڕاوبۆچونی خۆمی پێبڵێم، لەبیرمە هەر لەوکاتەدا وتم خۆشبەختانە کورد لە دوای شێرزاد حەسەن بوەتە خاوەنی نوسەرێکی گەورەی تر و لە دوای وەرگێڕانی بەرهەمەکانی بۆ سەر زمانەکانی تر ئەدەبیاتی کورد بە زمانەکانی تر بناسێنێت، بەڕاستی ئەگەر بە ویژدانەوە سەیری هەردوو ڕۆمانی ئێوارەی پەروانە و دواهەمین هەناری دونیا بکەین، پەی بە توانای مەزنی بەختیار عەلی دەبەین و ناتوانین ئەو حەقیقەتە قبوڵنەکەین کە ئەو نووسەرێکی زۆر گەورەیە و کەمتر نییە لە ئورهان پامۆك و خالید حسەینی و زۆر نوسەری تر، کە لەدنیادا ناسراون."

وتیشی: "بەبڕوای من ئێوارەی پەروانە و دواهەمین هەناری دونیا زۆر جوانتر و بەهێزترن لە زۆر لەو ڕۆمانانەی کە لە دونیادا ناسراون، ڕەنگە تەنیا کێشەی ئەم ڕۆمانانە ئەوەبێت بە کوردی نوسراون و وەك بەرهەمەکانی خالید حسەینی بە ئینگلیزی نەنوسراون و ژمارەیەکی زۆر لە خوێنەری دونیا نەیخوێندونەتەوە، بێگومان ئەگەر ئەم دوو ڕۆمانە وەربگێڕدرێنە سەر زۆربەی زمانەکانی دنیا پێشوازیان لێدەکرێت و دەچنە ئاستی ڕۆمانە گەورەکانی دنیاوە، هەردەبێت ئەو کارەش ئەنجام بدرێت و ناوی بەختیار عەلیش زۆر لەوە زیاتر ببیسترێت کە ئێستا هەیە، ئەگەر بێت و ڕۆمانەکانی لە کتێبخانەکانی دنیادا بە وەرگێڕانی باش و بەو جۆرەی لەم وەرگێڕانەدا دەیبینین بڵاوببێتەوە، بێگومان دەبێتە هەنگاوێکی گەورە بۆ ئەدەبیاتی کوردی و من ئەم شایستەییە لەم ڕۆمانانەی بەختیار عەلیدا دەبینمەوە." 

دواتر سەبارەت بە وەرگێڕانەکەش قسەی کردو ڕایگەیاند: "لەماوەی ئەم ساڵانەدا بە وردی ئاگام لە کارکردنی مەریوان بووە لەسەر وەرگێڕانی ئەدەبیاتی کوردی بۆ فارسی و بە پێچەوانەشەوە، بەتایبەتتر بەشێکی زۆری کاتی خۆی دانابوو بۆ بەرهەمەکانی بەختیار عەلی، ئەنجامەکەی ئەوەیە کە لەم ماوە کەمەدا هەرکەسێک دواهەمین هەناری خوێندۆتەوە ستایشی کردووە و بە ڕوداوێکی داناوە لە دونیای ئێمەدا، ئەم ستایشەش بۆ ئەدەبیاتی کوردی دەگەڕێتەوە، دڵنیاشم خوێنەری ئێرانی لە ئێستا بەدواوە شتی زۆر جوانتر و زیاتر لە ئەدەبیاتی کوردی دەبینێت، چونکە نوسەری زۆر باشمان هەیە و مەریوان بەشێک لەو چیرۆکانەی وەرگێڕاوە و هەندێکی بەهۆی سانسۆرەوە چاپنەبووە، ئێستاش هەر سەرقاڵی ناساندنی چەند نوسەرێکی باشی ترە، کوردستان جگە لە نوسەرانێکی باشی وەک شێرکۆ بێکەس، بەختیار عەلی، شێرزاد حەسەن، ڕەفیق سابیر، فەرهاد پیرباڵ، جەبارجەمال غەریب، کاروان کاکەسور، نەجیبە ئەحمەد، عەتا محەمەد، عەتا نەهایی، چەندین و چەند نوسەری تری هەیە، کە بەرهەمەکانیان زۆر جێگای سەرنجن و ناوەڕۆکی هونەری و جۆراوجۆریان پڕە لە تراژیدیای مرۆڤی کورد و دەتوانن بەبەرهەمەکانیان مرۆڤی هەرجێگایەکی ئەم دنیایە ئاشنا بکەن لەگەڵ کورد و ئەو کێشە و گرفتانەی کە تاکی کورد لەگەڵێدا دەژی." 

لەکۆتاییدا خۆشحاڵی خۆی بە ناسینی ئەدەبیاتی کوردی دەربڕی و وتی: "من هیوای گەورەم بە ئەدەبیاتی کوردی هەیە و دڵنیام لە ئایندەدا زیاتر دەدرەوشێتەوە، ئەوەی لێرەدا دەیبینین کە زۆر لە نوسەران و ڕەخنەگرانی ئێران ستایشی ئەم ڕۆمانە دەکەن و بەکارێکی کەموێنە و زۆرباشی ناودەبەن، دڵنیانم ئەو پێشوازییە زۆرەی دەساڵ لەمەو پێش لە ڕۆمانی حەسار و سەگەکانی باوکم کرا و زۆر لە ستایشدا نوسرا هەمان پێشوازی لە ڕۆمانی دواهەمین هەناری دنیا دەکرێت و دەبێتە دەستپێکێکی تر وە هەنگاوێکی تر لە ناساندنی ئەدەبی کوردی."


ئەم بابەتە 123 جار خوێندراوەتەوە