Payam_hazm1.jpg

ئاغایزم

پەیام حازم

ئێوارەیەک نامەیەکی خۆکوژیم جێهێشت و

لە نهۆمی کۆتای باڵەخانەیەکی بەرز خۆم هەڵدا

نەمردم

بەڵێ منم

زیندوو جەستە و

مردوو ڕۆح

نەمردم

نەنکم دەیگوت: ڕۆڵە دەڵێی پشیلەی حەوت ڕۆحی

لەسەر چەرپاکەم کەوتبووم

هێشتا دەستی دڵم لە ملمدا بوو

پورم ووتی: بەقەیرەیش کەوتیتە سەرجێ

گەر شوو ناکەی سەرت حەوت جار دای لەبەرد

من هەربێزم لە ژمارە حەوت دێتەوە

ئەوانیش هەر دەیان وتوو دەیان وت

لە مانشێتی ڕۆژنامەیەک نووسرابوو

هەندێک کەس فۆبیای ژمارەیان هەیە

خۆمم هاتەوە بیر

لەگەڵ تۆنا

لەگەڵ ژمارە حەوت

دوای ماوەیەک

دیسانەوە حەوتی حەوت بوو

سەعات حەوت و بیست و حەوت دەقە

حەوت جار لە دەرگا دراو

حەوت کەڕەت دڵم داخورپا

دایکم حەوت جار لە مەتبەخەکەوە هاواری کرد

دەستت شکاوە ئەو دەرگایە بکەیتەوە؟

حەوت سانییە بێدەنگ بووم و دەرگا کرایەوە

حەوت کەس

شەش ژنی ناشرین ڕۆح و کوڕێکی مردوودۆست هاتنە ژورەوە

دوای حەوت دەقە قسەکردن و

دوای حەوت سەعات باوکم وتی: بەڵێ

دوای حەوت رٶژ مارە کرام و

دوای حەوت مانگ گوازرامەوە

حەوت مانگ دوای حەوت مانگی یەکەم

مێردەکەم لە حەمامەوە هاواری کرد

ئەو خاولیەم بۆ بێنە

بێدەنگ کیلۆنی قاپی حەوشەکەم کردەوە

نە نامەیەکم جێهیشت و نە خۆکوژیش دەکەم

دەڕۆم

هەناسەی ئازادی دەدەم

کۆڵانەکان تەیدەکەم

بە بەردەم دوکانی جلی بوکێنیدا ڕەت دەبم

زۆر نا

چۆڕێک نەوت و

 کڵپەیەک گڕ دەنێم بە بەدلە سپیە ڕەشەکانەوە

هەنگاو دەنێم و زیاتر دەڕۆم

بوکەڵە قات لەبەرەکان

بە بۆینباخەکەی ملیانەوە دەخنکێنم

جامخانەی چی دووکانی ئاڵتون هەیە، وەک دڵم وردو خاش دەکەم

درەنگەو مەلا بانگ دەدات

پیڵاوەکانم بە دەستمەوە دەگرم

بەهێزی خۆم ڕادەکەم

لەسەر مینبەرەکە دەوەستم و دەڵێم مامۆستا

قەرزاری هەردوو دونیام بیت

دەڕۆم

ئیتر نیت و بڵێی منداڵی خراپ هی تۆیەو باشیش هی من

ئیتر نیت و بڵێی چێشتەکەت خوێی نییەو

ئاوەکە گەرمەو

چاکە ڕەشە، دەستت بشکێت

ئیتر تۆ نییت، کاتی خەوت

دەنگی تیڤی و

تەقەی قاپ و

چرکەی سەعات و

‌هەناسەی خۆشم ڕابگرم

ئیتر تۆ نیت، هاوار بکەی

گۆرەوییەکانم شۆراوە؟

کراسەکەم ئوتوکراوە؟

پشتوێنەکەم لە چ جەهەنمێکە؟

دوخێنی شەڕواڵەکەت گۆڕیووم؟

بە تۆنێکی بەرزتر و بڵح

پێڵاوە قاوەی و ڕەشەکانت بۆیاخ کردووم؟

منیش لە دڵی خۆمەوە بڵێم بۆ کابرا تۆ چوار پێت هەیە؟

ژنەکە

ئێوارە درەنگ دێمەوە، سیمینارێک هەیە بۆ مافی ژن

ئیتر دیار نیت و لای ژنە دراوسێ و دۆستەکانت خۆت بکەی بە

فیمینیزم و

لە ماڵیشەوە، ئاغایزم

ئیتر نیت و لەسەر ژمارەیەکی هەڵە، لە دەمم هەڵبەیت

لەسەر نامەیەکی مۆبایل بمنێریتەوەو

لەسەر تێلێکی کوڕە پورەکەم، تەڵاقم لێ بخۆیت و

لەسەر کڕینی چا پاڵێوێک لای دوکاندارەکەی دراوسێمان

مانگێک قسەم لەگەڵ نەکەیت

لەسەر پێکەنینێکی بەرز

لاچاوم بکەی بە ‌قۆغی گەیو

ئیتر نیت و بەکارگەی منداڵ دروست کردنم بزانی

ئیتر نیت وبڵێێ کڕدراوی

نیت و بڵێی

خانوەکەم

سەیارەکەم

ژنەکەم

منیش وەک هەمیشە بێز لە هەموو "م" خاوەنداریەتییەکانت بکەمەوە

شکور نیت و تانیوە شەو نەیەیتەوە

تەقەی دۆمینەت بگاتە گوێی من

ئیتر نیت و بڕیار دەربیت

ئیتر نیت و بوونی تۆ، یەکسان بێت بە نەبوونی من

لەبری من

بدوێیت و

بڵێت و

بڕۆیت و

بخۆیت

نیت و کلتورو کۆمەڵگا؛ تۆم لێبکا بە پیرۆزی

دەک نەفرەت لە پیرۆزی گەر تۆبیت

ئیتر نیت

 تاکو و ژمارەی دۆستەکچەکانت زیاتر بێت لە ژمارەی چونە دەرەوەکانمان

ئیتر نیت و دەست پان کەمەوە بۆ عانەیەک

تا لەتێک نان

قاژێک شوتی

ماکسیەک و

لفکەیەک و

لیباسێکی پێبکڕم

ئیتر نیت و

لە مەجلیسدا پاڵدەیتەوەو بڵێت:

چوار ژن حەڵاڵە و بیریشت نەیەت کۆتا نوێژ کەی بوو کردت!

باشتر کە نیت.......


ئەم بابەتە 106 جار خوێندراوەتەوە