Taha_Hsen.jpg

تەها حسێن، ئه‌و نابینایه‌ى دنیاى به‌ روناكى ده‌بینى

له‌ رۆژێكى وه‌كو ئه‌مڕۆ یەکێک لە ئەدیب و رەخنەگرە گەورەکانی وڵاتی میسر کە نازناوی عەمیدی ئەدەبی عەرەبی لێنراوە، كۆچى دوایى كرد، ئه‌و ئه‌دیبه‌ مه‌زنه‌ ناوى ته‌ها حسێنه‌ و ناوى تەواوى (تەها حسێن عەلی سەلامە)یه‌،  لە رۆژى 15/11/1889 لە گوندی کیلو لە شارى ئەلمنیاى میسر لە دایکبووە، ته‌مه‌نى زۆر بچوك بوه‌ كاتێك خراوه‌ته‌ به‌رخوێندن، لە تەمەنى (3) ساڵى لە ساڵى 1902 خراوەتە بەرخوێندنى ئاینى، به‌داخه‌وه‌ لەتەمەنی (4) ساڵی تووشی نەخۆشی چاو دەبێت و چاوەکانی لە دەستدەدات و ژیان بە تاریکی دەباتە سەر.

تەها حوسێن بەتەنها ئەدیبێكی ئاسایی نەبووە، بەڵكو ڕۆشنبیرێكی قوڵ و تایبەتمەند و بەكاریگەری جیهانی عەرەبی بووە و تائێستاش كار و كتێب و بۆچونەكانی لەجیهانی عەرەبیدا ڕۆڵێكی گرنگیان هەیە، ئەو هاوڕێی مەی زیادە بووەو بۆساڵانێكی زۆر لەماڵەكەی مەی زیادەدا بۆ كۆڕی كتێب و ڕۆشنبیری كۆدەبوونەوە، هه‌میشه‌ كارى بۆ ئه‌وه‌ ده‌كرد نەتەوەی عەرەبی بەرەو ئاستی شکۆی ئازادی ببات، نەتەوەكه‌ى لە زوڵم و ستەم بۆ دادوەری ببات، لە پاشکەوتن بەرەو پێشکەوتن، لە کولتووری تاریکی بەرەو ڕۆشنگەریی، ئازاترین بیرمەندی عەقڵانیەتی هزربوو، داکۆکی لە سەربەخۆیی و ئازاد دەربڕین و داهێنان کردووە، داوای یاخیبوونی لە نەریت و کۆتە کۆنەکان کردووە.

لە ساڵی 1929 کتێبی (الایام) بڵاوکردۆتەوە، کە باس لە ژیانی خۆی دەکات، كه‌ ئه‌م به‌رهه‌مه‌شى كراوه‌ به‌ كوردى به‌ ناونیشانى (رۆژگار - بیرەوەرییەکانی تەها حسێن) لەوەرگێڕانی شیروان هەڵەبجەیی.

لە ساڵى 1917 ژیانی هاوسەرگیری لەگەڵ (سوزان بریسو)ی فەرەنسی پێکهێناوە، كه‌ بە چاوی هاوسەرەکەی دنیای ئەبینی و ئەویش بە لێدانی دڵی پیاوەکەی دەژیا، خێزانەکەى کاریگەرى زۆرى هەبووە بۆ ئەوەى شارەزایی لە ئەدەب و ڕۆشنبیری ڕۆژئاوا هەبێت، به‌رهه‌مه‌ى ئه‌و هاوسه‌رگیریشه‌ش دوو منداڵ بووە بەناوەکانى (ئەمینە و مئنس)، کە مئنس وەکو باوکی بوەتە ئەدیب و نوسەری وڵاتی میسر.

لەبواری رەخنەگرتن، وتار، رۆمان، کورتە چیرۆک، میژوو، شیعر، رۆمان، فەلسەفە و وەرگێراندا کاریکردوە و خاوەنى چەندین بڕوانامەیە لە بوارەکانی مێژوو، جوگرافیا، شارستانیەتی ئیسلامی و لەگەڵ خوێندنی زانستی دەروونناسی.

لە ساڵى 1914 بڕوانامەى دکتۆراى لە فەڕەنسا بەدەستهێناوە، جارێكى دیكه‌ لە ساڵى 1917 بڕوانامەیه‌كى دیكه‌ى دکتۆراى لە سەر ئیبن خەلدون بەدەستهێناوە، دواى ئه‌وه‌ لە ساڵی 1919 وەکو مامۆستا لە زانکۆی میسر وانەی مێژووی یۆنانی و ڕۆمانی وتۆتەوە و لە ساڵى 1930 بوه‌ته‌ ڕاگری کۆلێژی ئادابی میسر.

له‌ بوارى ده‌وڵه‌تداریشدا خزمه‌تى زۆرى كردووه‌، لە ساڵى 1943 تاکو ساڵى 1950 بوه‌ته‌ وەزیری رۆشنبیری میسر.

زۆر کاریگەر بووه‌ بەم کەسایەتیانە: ڕبو عەلا مەعری، کە یەکێکە لە شاعیرو فەیلەسوف و ئەدیبە عەرەبەکان لە سەردەمی دەوڵەتی عەباسی، ئیبن خەلدون کەیەکێک بوو لە زاناکانی بواری مڕۆڤ، دیکارت فەیلەسوف و زانای بواری بیرکاری و فیزیایی.

ئه‌م نوسەرە مەزنە بە شارەزایی و لێهاتوویی خۆی سەرەڕای ژیانی سەخت و ئاڵۆز و پڕ لە کێشمەکێشی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی،  هەروەها گرفتی جەستەیی توانی بە سەر هەموو کۆسپەکانی ژیانیدا زاڵ بێت و ڕێگای سەرکەوتنی لە ژیاندا گرتەبەر و تا ئەو ڕۆژەی لە ژیاندا بوو ڕێبواری ڕێگای سەرکەوتن بوو، به‌داخه‌وه‌ له‌ رۆژێكى وه‌كو ئه‌مڕۆ له‌ رۆژى 28/10/1973 لە تەمەنى (83) ساڵى لە شارى قاهیرە کۆچى دوایى کردووە.

دوای مردنی تەها حوسێنیش، خێزانه‌كه‌ى (سوزان بریسو) خۆشەویستییەکەی بۆی کۆتایی نەهات و کتێبێکی نووسی ناوی لێنا  (Avec Toi) واتە (لەگەڵت دا).

لە کۆتا بەشی کتێبەکەدا نووسیوویەتی:

لە کۆتاییدا بەیەکەوە بووین، هەمیشە بەتەنیا بووین، ئەوەندە لە یەکەوە نزیک بووین هەر پەسن (وەسف) ناکرێت، دەستم لە گەڵ دەستی تێکەڵ کردبوو هەروەك سەرەتای بەیەکەوەبوونمان، لەم کۆتا دەست لەناو دەستەیدا قسەم لەگەڵ دەکرد و ناوچاوانە جوانەکەیم ماچ کرد، ناو چاوانێك کە ئازار و مەینەتییەکانی ژیان نەیتوانی لێی بباتەوە، ناو چاوانێك کە پەرۆشییەکانی ژیان هیچی لێ نەسەند، ناو چاوانێك کە ئێستاش تێشك دەبەخشێت و جیهانی منی پێ ڕووناك ئەکاتەوە.


ئەم بابەتە 65 جار خوێندراوەتەوە