Zamwa.jpg

مانگ بووە بە ژێر لۆچەکانی هەورەوە بڵاو دەبێتەوە

مانگ بووە بەژێر لۆچەکانی هەورەوە دووەمین ئەزموونی چاپکراوی زاموا محەمەدە و زاموا دەربارەی ئەم ئەزموونە دەڵێ:

هاوشێوەی کتێبی پێشووم (لە زی عەرش و لەرزی باغیش)، ئەم کتێبەشیان کۆکەرەوەی چەند دەقێکە، هەڵبەت ئەمیان لە شێوەی چیرۆکدا. هەندێک لە دەقەکان پێشتر لە گۆڤار و ماڵپەڕەکاندا بڵاو بوونەتەوە و ئەوانی تر نەبینراون؛ ئەوانەش کە پێشتر بڵاو بوونەتەوە، لێرەدا و لە ناو کتێبەکەدا بە دەستکاری و گۆڕانکارییەکدا تێپەڕیون کە وایان لێ بکات پێکەوە، لەگەڵ دەقەکانی تردا، پێکهێنەری پەیکەربەندییەک بن کە جەستەی دەلالی گشتیی کتێبەکەیە.

لە ڕووی بونیادییەوە، ئەم کتێبەشیان هاوشێوەی کتێبی پێشوو، لە هەریەک لە دەقەکانی ناویدا هەوڵی دووبارەکردنەوەی ناونیشانی کتێبەکە دەدات، هەوڵی ماناپێدان و ڕوون کردنەوەی دەدات؛ ئەمە جگە لەوەی دەقەکان، وەک خۆیان و بەتەنیا، لە لایەکی ترەوە، هەوڵ دەدەن لەسەر پێی خۆیان بووەستن و تاک‌تاکیش هەبن. لە هەردوو کتێبەکەدا ناونیشان بە ناو کۆی دەقەکانی ناوەوەدا تێدەپەڕێت، یان تێیاندا دەنێژرێت. لە هەندێکدا ناونیشانەکە خزێنراوەتە ئاستی "گوتاری"ی دەقێکەوە، لە هەندێکی تردا لە ئاستی "بینراو-ڤیژوەڵ"دایە و دەشێ وەک خوازەیەک، چواندن یان تەوریەیەک دەربکەوێت.

ئەم کارەشیان، هاوشێوەی ئەوەی پێشوو، گەر خۆم مافی پۆلێنکردنیم پێ بدرێت، دەچێتە خانەی ئەدەبی ئەزموونی(تەجریبی)یەوە؛ شێوازێک کە تێیدا، گەر زۆر بە کورتی بڵێم، ئەدەب خودئاگایانە و بە ویستەوە لەو وادانان و گریمانانە لادەدات کە تێگەی ژانر و کانوونی ئەدەبی پێک دەهێنن. چۆن شیعربوونی دەقەکانی کتێبی یەکەم سەرەتا لە هەڵوەشاندنەوەی تێگەی ژانری شیعری و هەڵوەشاندنەوەی شوناسی خۆیانەوە دەستی پێ دەکرد، ئاواش چیرۆکبوونی دەقەکانی ئەم کتێبەیان سەرەتا لە هەڵوەشاندنەوەی تێگەی ژانر و هەڵوەشاندنەوەی شوناسی خۆیان -شوناسی چیرۆک وەک پێدراوێکی قەبووڵکراو لە لایەن ئەوانی ترەوە- دەست پێ دەکات.

 دیزاینی بەرگ ئازەر عوسمان کردوویەتی. دیزاینی ناوەوە پەیام ئەحمەد. وەزارەتی ڕۆشنبیریی سپۆنسەری چاپ بووە. پێگەی کوردڕاوم سپۆنسەری میدیاییە و وابڕیارە پاش ماوەیەکی تر ئەم چیرۆکانە بلاو بکرێنەوە.

چەند پەرەگرافێک لەبارەی کتێبەکەوە:

 "لە نزیک میوانخانەی ئاشتی، بەدەم هەنگاونانەوە، چاوت کەوتە سەر خاڵێک بەسەر زەوییەکەوە، خاڵێک کە لە ژێر تیشکی ئەو گڵۆپە پرتەقاڵییەی چواردەوری کردبووە گۆڕەپانی جەنگە زۆرەملێکلانی خۆی و زوڵمەت، بۆر و پەڕدار دەردەکەوت ... نزیکتر بوویتەوە، دیت کە کۆترێکی مردارەوە بووە. هەڵت گرتەوە، ئاوڕت بەم لا و ئەو لادا دایەوە، خستتە نێو ئینجانەیەکەوە کە لە بەردەم میوانخانەی ئاشتیدا دەوەنێکی لە باوەش گرتبوو، دەستت کردەوە بە ڕۆیشتن. بەر دەرکی میوانخانەکەت تێ پەڕاندبوو و گەیشتبوویتە بەردەمی مەیفرۆشییەکەی تەنیشتی، کاتێک ئاوڕت بۆ دواوە دایەوە دیت پشیلەیەک، بە دزییەوە، خۆی گەیاندووەتە لێواری ئینجانەکە و وا دەم بۆ کۆترە مردارەوەبووەکە دەبات؛ خەندەیەک بە بەشی خوارەوەی ڕوخسارتدا کشا. بەر لەوەی ئاوڕ بۆ پێشەوە بدەیتەوە، دەنگێک ئەم وشانەی گۆ کرد: "بەڵکو تاکسییەکم بۆ بگریت، ڕۆڵە گیان." دەنگەکە لە پێشی خۆتەوە هات، دەنگێکی گڕی ماندوو بوو، دەنگێکی گڕی ماندووی پیاوانە، خاڵی لە هەر تۆن و هەست و مانایەک..."

"هەر پشیلەیەکی ڕەش کە لەو ناوەدایە، چاوە بریقەدارەکانی دەبڕێتە ئاسمان. گورگەکان بەسەر هەر لوتکە و هەڵەمووتێکەوە بن، دێن و بە سووڕانەوەیان بە دەوری گۆڕستانەکەدا بازنەیەکی گەورە پێک دەهێنن. هەموو سەگەکانی ناوچەکە پێکەوە دەوەڕن؛ بوون خۆی بۆ ڕووداوێکی مەزن ئامادە دەکات. قەلەڕەشەکان دێن و لەسەر کێلەکان دەنیشنەوە، کێلەکان کە هەندێکیان بە ژێر تریفەوە بوون و هەندێکیان لە تاریکیدا نوقم بوون. کوندەکان بەسەر لقی درەختەکانەوە چاودێریی بۆشاییەک دەکەن لە نێوان زمان و چواردەوردا. بەتالیۆنێک فریشتەی سپی بەسەر گۆڕستانەکەدا دەبارێن و ڕەژنەیان ڕەشایی بێبنی ئاسمان بەڵەک دەکات، ئەوان لە بەهەشت دەرکراون و گۆرانییەکیان پێیە دەربارەى کودەتا..."

"ئیمقو نزیکی دەروازەی باغی شاهانە بووەوە، چاوی بە شاعیرێک و شێوەکارێک کەوت کە بە ڕقەوە گفتوگۆیان بوو؛ کە بە لایاندا تێ پەڕی، بەو گوێیەی کە هێشتا گۆشت و کڕکڕێنەیە و نەبووەتە قوڕ، هەر هێندە فریا کەوت بژنەوێت کە شێوەکارەکە گوتی: "من ناچار نیم پەنا بۆ زمان ببه‌م تا وێنەی تێدا هەڵبکۆڵم، چونکە هونەرمەندم." شاعیرەکەش وەڵامی دایەوە: "زمان دەروازەکانی خۆیت بۆ ناکاتەوە تا وێنەی تێدا هەڵبکۆڵیت، چونکە شاعیر نییت."...


ئەم بابەتە 49 جار خوێندراوەتەوە