piran.jpg

پیراندێللۆ و ژیاندۆستی

گوڵزار حەمە فەرەج

پێراندێللۆ چیرۆکنوس و ڕۆمانوس و شانۆ نوسی ئیتالی، لەنوسەرە مەزنەکانی سەدەی بیستە، ئەو لەکارەکانیدا بەشێوازێکی سەیر واقیع و وەھم تێکەڵ بەیەک دەکات، بە رادەیەک کە خوێنەر ناتوانێ لەیەکیان جیابکاتەوە، پیڕاندێللۆ قوڵای دەرونی مرۆڤەکان دەجوڵێنێ و وەک ھەمو نوسەرێکی مەزنی ئەم سەردەمەمان موخاتەبەی خوێنەری وەک برا دەکردو بەشداری ھەمو خۆشیەک و ناخۆشیەکانی ژیانی دەکردن، ئەمەش بۆ ئەوەی نوسەر بە تەنھا نەمێنێتەوە، چونکە دابران وخۆدورخستنەوەی لە خەڵکی وا دەکات کە نوسەر، بەکۆمەڵگەکەی و ژینگەکەیەوە نامۆ بێت.

ئەم نوسەرە توانی ھەرچی ڕێسای ھونەری باو ھەیە لە زەمەنەکەید ، ھەمویان قڵپ بکاتەوە، چونکە ئەم ڕێسایانە چیرۆکیان خستبۆوە، ناو قاڵبی نەگۆرەوە لەلایەکی ترەوە پیڕاندێللۆ بەھەمو شێوەیەک دژی ئەوەبو کە فەلسەفە بەسەر رۆحی پاڵەوانەکانیدا زاڵ بێت، بەڵکو بەپێچەوانەوە ئەو ھەمو پاڵەوانەکانی بەشێوەیەکی سروشتی دەردەخست و دەمامکی فەلسەفی پێوە نەدەکردن، ئەو توانی جۆرە نەمەتێکی نوێ لە نوسینی چیرۆک بخولقێنێیت.

پیراندێللۆ توانی بۆنی زەوی سیسیلی بخاتە ناو وشەی ئەدەبی ئیتالیەوە، چیترئەدەبی ئیتالی، ھەڵگری رێچکەی ئەدەبی فەرەنسی و ئینگلیزی و ئەڵمانی نەبێت، ئەو قوتابخانەیەکی دروست کرد دەتوانین ناوی بنێنین قوتابخانەی واقعی لەناو چیرۆکی ئیتالیدا، ھەگبەی پیراندێللۆ لە بواری چیرۆکدا پریەتی لەکاری باش، بەناوبانگترینیان رۆمانی “خوالێخۆش بو” ماتیاباسکاڵ” و کۆمەڵە چیرۆکی “چیرۆکێک لە ساڵدایە" ئەم دوانە وایان کرد کەببێتە یەکێک لەناوە مەزنەکانی ئەدەبی چیرۆک لە ناو ئیتالیادا.

ھەمیشە بەرھەمەکانی پیراندێللۆ، گوزارشت بو لە حەزێکی گەورە بۆ گۆرانی بەردەوام، ئەمەش بۆئەوەی بگەن بەوکەناراوانەی، کەھەست بەگەیشتن بە ھەقیقەت دەکەن، ھەمو ئەدیبێک دەرئەنجامی ئەو ژینگەیە کەتێیدا ژیاوە، چونکە ئەدەب ھەر لەخۆرا لەدایک نابێت و ھیچ ناچێتەعەقڵی کەسەوە کە بەرھەمی ئەدیبێک لەسەحرایەکی وشک بەرھەم ھاتبێت ،بەم شێوەیە کە پیراندێللۆ کوڕی دورگەی سیسیلیایە، ئەو شوێنەی کە ھەمیشە بەرھەڵمەتی داگیرکاری ێۆنانی کۆن "گریک" و قرطاجییەکان رۆمان و پاشان عەرەب و نۆرمەندییەکان، ھەمو ئەمانە پێش ئەوەی بێتە ئیتالیا، ئەم شوێنەش گاریگەری گەورەی لەسەر ھزرو کارەکانی ئەم نوسەرە داناوە، پیراندێللۆ بە تواناترین نوسەر بوە کەتوانیویەتی گاڵتە ئامێزی وقسە خۆشی لەکاری داھێنەرانەدا بەکاربھێنێت.

پیراندێللۆ لەپاش خۆی بۆ کتێبخانەی جیھانی سی و پێنج کورتە چیرۆک و حەوت رۆمان و چل شانۆگەری وکۆمەڵێک کاری فکری وداھێنەرانەی بەجێ ھێشتوە.


ئەم بابەتە 57 جار خوێندراوەتەوە