Wena_bo_babat.jpg

گۆڕانکارییە هونەرییەکانی ڕۆمانی نوێی مێژوویی لە ڕۆمانی (میرنامە)ی (جان دۆست)دا

ڕەوەند ڕەقیب ئەحمەد

پێشەکی

ڕۆمان وەک ژانرێکی ئەدەبی کرانەوەیەکی زۆری بە خۆیەوە دیوە، بەتایبەت لە سوودوەرگرتنی لە زانستەمرۆڤایەتییەکان، لەناویشیاندا مێژوو. مێژوو وەکوو مەیدانی ڕووداو و ژیانی ڕابردوو هەوڵێکە بۆ ئەوەی واقیعی ڕابردوومان بۆ بگێڕێتەوە. لێرەوە پەیوەندی لە نێوان ڕۆمان و مێژوودا دروست دەبێت و ڕۆمانی مێژوویی پەیدا دەبێت. گرنگی ڕۆمانی مێژوویی لەوەدا دەردەکەوێت، کە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە شوناسی نەتەوەییەوە هەیە. ڕابردوو دەهێنێت بە ئێستای نەتەوەوە گرێی دەداتەوە لە بواری فیکری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە.

ئەم لێکۆڵینەوەیە (گۆڕانکارییە هونەرییەکانی ڕۆمانی نوێی مێژوویی لە ڕۆمانی "میرنامە"ی "جان دۆست"دا) هەوڵێکە بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە لە جەوهەری ڕۆمانی مێژوویی و چۆنیەتی مەزراندنی مێژوو لەناو ڕۆماندا بکەین. لێکۆڵینەوەکەمان لە دوو بەش پێکهاتووە. بەشی یەکەم بەناوی (دەروازەیەکی تیۆری بۆ ڕۆمانی مێژوویی)یە، ئەم بەشە بەشێکی تیۆرییە و لە دوو پار پێکهاتووە. پاری یەکەم بەناوی زاراوە و چەمکی ڕۆمانی مێژووییە. لەم پارەدا هەوڵی ڕوونکردنەوە و شیکردنەوەی زاراوەی ڕۆمانی مێژووییمان کردووە و ئەم چەمکەمان شیکردۆتەوە. پاری دووەم باسی گەشەی ئەم جۆرەی ڕۆمانمان کردووە لە ئەدەبیاتی ئەوروپی. بەشی دووەمی لێکۆڵینەوەکەمان بەشێکی پراکتیکییە و لە سێ پار پێکهاتووە. لە پاری یەکەمدا باسی گۆڕانکارییە بابەتیەکانمان کردووە و چۆن ڕۆماننووس بابەتە مێژووییەکەی کردووە بە ڕۆمان و جیاوازی نێوان بابەتەکە لە مێژوو و ڕۆمانەکەدا چییە. پاری دووەم تیشکمان خستۆتە سەر لایەنی هونەری و تەکنیکی ڕۆمانەکە، کە چ جیاوازییەکی لەم ڕووەوە هەیە. پاری سێیەم بریتییە لە جیاوازی نێوان کەسایەتی (ئەحمەدی خانی) لەناو مێژوو و کارەکتەری (ئەحمەدی خانی) لەناو ڕۆمانەکەدا. لە کۆتاییشدا بە چەند خاڵێک ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەمان باسکردووە و لیستی سەرچاوەکانمان بەپێی سیستەمی هارڤارد داناوە.

بەشی یەکەم: دەروازیەکی تیۆری بۆ ڕۆمانی مێژوویی

 یەکەم: زاراوە و چەمکی ڕۆمانی مێژوویی

زانستە مرۆڤایەتییەکان بۆ توێژینەوە لە مرۆڤ سوود لە زۆربەی زانستەکان وەردەگرێت، لێرەدا پەیوەندییەکی جەدەلی لە نێوان مرۆڤ و مێژوو بە کۆی ڕەهەندەکانییەوە دروست دەبێت، وەکوو ئەوەی مێژوو، کۆمەڵناسی و ئەنترۆپۆلۆجیا پێشکەشی دەکات. ئەمەش لە پێناو خستنەڕووی پەیوەندی نێوان مرۆڤ و سیستەمی مێژوویی و ڕۆشنبیریییە.

ڕۆمان وەکوو ژانرێکی ئەدەبی هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدایە پەیوەندی جەدەلی و جەوهەری نێوان مرۆڤ و مێژوو دەربخات. ئەگەر بە شێوەیەکی گشتی بڵێین ڕۆمان مێژوویەکی خەیاڵکردە لەناو مێژووی بابەتیدا، چونکە هەموو ئەو کەرەسە و توخمانەی ڕۆمان بۆ ئافراندنی خۆی سوودیان لێ وەردەگرێت لەناو مێژوودا هەوڵی دەستخستنیان دەدات. بۆ نموونە ڕووداو، کات، شوێن...تاد. کەواتە ڕۆمان پەیوەندییەکی تایبەتی بە فۆرم و بابەتی مێژووەوە هەیە. کاتێک بەر چەمکی مێژوو دەکەوین راستەوخۆ دەبێ بیر لە دروستبوونی شارستانییەت بکەینەوە. واتە شارستانییەت دەبێتە پچڕاندنی پەیوەندی نێوان مرۆڤ بە ئەفسانەکان، بە خواوەندەکانەوە. پێشتر لە سەردەمی داستان و ئەفسانەکاندا مرۆڤ خۆی لە سروشت جیا نەدەکردەوە، هیچ پەیوەندییەکی بە دونیای دەروونی و خودی خۆیەوە نەبوو. خواوەندەکان و مرۆڤ لەناو یەکتری بوون. بە هاتنی شارستانییەت واتە هاتنی مێژوو پچڕانێک لە نیوان مرۆڤ و سروشت ڕوودەدات. لێرەوە مێژوو دەبێتە مەیدانی بوونناسانەی مرۆڤ. کەواتە دروستبوونی مێژوو و شارستانییەت خاڵی دروستبوونی مرۆڤە وەکوو خود. بۆ ئەم مەبەستە دەبێت سوود لە بۆچوونەکانی ڕەخنەگر لۆکاچ وەرگرین. ئەم ڕەخنەگرە لە هەردوو کتێبەکەیدا (ڕۆمانی مێژوویی) و (تیۆری ڕۆمان)دا بە وردی لەم بارەیەوە قسە دەکات. لە کتێبی (تیۆری ڕۆمان)دامێژوو لە ڕوانگەی گۆڕانە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان ناخوێنێتەوە، بەڵکوو بۆ خوێندنەوەی ئەو بارودۆخە بۆ دەقە ئەدەبییەکانی وەک ڕۆمان دەگەڕێتەوە.

ئاشکرایە ((وشەی مێژوو لەلایەکەوە دەتوانی بە واتای ئەو شتانەبێ کە ڕوویانداوە و لەلایەکی دیکەوە دەتوانێ گێڕانەوەی تۆمارکراوی ئەو دیاردانەبێ کە وا گریمانە دەکرێن کە ڕوویانداوە. واتە مێژوو هەم دەتوانی بە واتای ڕووداوی ڕابردوو بێ و هەمیش حیکایەتی ئەم ڕووداوانە: دیاردەی واقیع یان چیرۆک. خودی وشەیstoryیش لە وشەیHistory بەجێماوە و لەڕاستیدا هەر لەم وشەیە وەرگیراوە.)) [سکۆڵز: ١٣٩٧: ١٠] بۆ لێکۆڵینەوە لە چەمک و پێناسەی ڕۆمانی مێژوویی پێویستمان بە بۆچوونەکانی (گیۆرگ لۆکاچ) دەبێت. ئاشکرایە ئەم ڕەخنەگرە ڕۆمانەکانی بەلزاک، داستایۆفسکی، تۆلستۆی، تۆماسمان، زۆلا و گۆتەوە بۆچوونەکانی خۆی لەبارەی ڕۆمانی مێژووییەوە داڕشت. لە کتێبی (ڕۆمانی مێژوویی)دا دەڵێت: ((لە سەدەی نۆزدە ڕۆمانی مێژوویی پەیدا دەبێت، ئەوەیش لە سەردەمی داڕمانی حکوومەتی ناپلیۆن (کاتێك ڕۆمانی "ویڤرلی"ی سکۆت لە ساڵی ١٨١٤دا بڵاوکرایەوە. هاوکات دەکرێ ئەو ڕۆمانانەی واتا و هێما و بنەمای مێژووییان تێدایە لە سەدەکانی حەڤدە و هەژدەدا بیاندۆزینەوە. ئەگەر مەیلتان لێ ‌بێ ‌دەكرێ‌ ئەو دەرك ‌و تێگەیشتنانەی‌ كە لە سەدەكانی ‌نێوەڕاست لە مێژووی‌ كلاسیك یان ئوستوورەی‌ لەبەرچاو گیراوی ‌بەپێش زەمینە و بنەمای ‌رۆمانی ‌مێژوویی‌ لەقەڵەمدرا‌و تەنانەت بۆ دواتریش گەڕایەوە ‌و گەیشت بە نووسراوەكانی ‌چین ‌و هێند، لێك بدەینەوە.)) [لوکاش: ١٩٨٦: ١١] کەواتە بە بڕوای ئەم ڕەخنەگرە ڕۆمانی مێژوویی ڕاستە لەسەدەی نۆزدە وەکوو فۆرم و جۆرێکی نوێی ڕۆماندا پەیدا دەبێت، بەڵام ڕیشەکەی بۆ سەدەکانی پێشتر دەگەڕێتەوە. بۆ نموونە لە سەدەی حەڤدەدا ڕۆمانە بەناو مێژووییەکانی وەک (سکۆدێری و کالپراندییە) تەنیا لە ڕووی دەرەوەدا وەک فۆرم مێژوویین. بەناوبانگترین ڕۆمانی مێژوویی لە سەدەی هەژدەدا ڕۆمانی (کۆشکی ئۆترانتۆ)ی (والپۆل)ە.

ڕۆمانی مێژوویی ڕۆمانێکە سەروکاری لەگەڵ ڕووداوە مێژووییەکان، کەسایەتییەکان و بارودۆخی یەکێک لە ناوچەکانەوە هەیە. واتە ڕۆمانێکە هەوڵی هێنانەوە مێژوو بۆ کاتی ئێستا دەدات. کەواتە ((ڕۆمانی مێژوویی، ڕۆمانێکە کە باسی نوێکردنەوەی کەسایەتی، زنجیرە ڕووداو،، خەبات، یان بارودۆخی یەکێک لە چاخەکانی ڕابردوو دەکات و بۆ دووابرە داهێنانیان، دەست دەکات بە لێکۆڵێنەوەیەکی جددی و خێرا لە رووداوە ڕاستەقینەکانی چاخی رابردوو.)) [برادبری و فرای: ٢٠٠٨: ٢٥] ڕۆمانی مێژوویی هێنانەوەی مێژووە بۆ کاتی ئێستا، واتە ڕابردوو دەهێنێت و بە شێوەیەکی نوێ بە جووڵەیان دەخات. بەڵام بە گشتی دەتوانین بڵێین هەموو ڕۆمانێک، ڕۆمانێکی مێژووییە، چونکە ئەگەر بە شێوەیەکی سادە لە ڕۆمان بڕوانین، گشت ڕۆمانەکان ڕووداو و کەرەسەکانیان لە مێژوو دەهێنن، سەرلەنوی بەرگێکی تازەیان بەبەردا دەکەن. تەنانەت ڕۆمانەکانی سەدەی هەژدە، کە زیاتر ڕۆمانی کۆمەڵایەتی و واقیعیین، کە ئاکار و دەروونی سەردەمی لەخۆگرتبوو، بە شێوەیەکی لەناکاو و شۆڕشگێرانە ڕۆمانی بەرەو واقیعییەت برد. ئەم ڕۆمانانەیش هەمان شێوە کات و شوێنێکی مێژووییان لە خۆیاندا هەڵگرتووە.

بە شێوەیەکی گشتی ڕۆمانی مێژوویی یەکێکە لە جۆرەکانی ڕۆمان، پێناسە و لێکدانەوەی زۆری بۆ کراوە، ئەوەی هەموویان لەسەر ڕێکەوتوون ئەوەیە مێژوو تاکە ماددەی سەرەکییە بۆ ئافراندنی ڕۆمان. هاوکات دەتوانین جیاوازی لە نێوان دوو جۆر لە پێناسە بکەین. یەکیان پێناسەیەکی نەریتییە (تقلیدی) ئەویش مەزراندنی ڕووداوە مێژووییەکانە بەبێ ئەوەی دەسکارییان بکەین و ڕازاندنەوەیان بۆ بکەین. بەڵام جۆری دووەمی پێناسەکە ڕۆمان تەنیا مێژوو وەکوو ماددەیەکی خاو وەردەگرێت بەبێ ئەوەی وەکوو خۆی بیگوازێتەوە ئەویش لە پێناو جێبەجێکردنی ئامانجی ڕۆمانەکەدا. کەواتە دەتوانین پێناسەیەکی گشتی و نەریتی بۆ ڕۆمانی مێژوویی بکەین، ئەویش ((گێڕانەوەیەکی چیرۆکئامێزە لەبارەی ڕووداوە مێژووییەکانەوە، کە ڕوویانداوە، هەوڵدەدات ماوەیەکی مێژوویی بە کۆی کەسایەتی ڕاستی و خەیاڵییەکانەوە.)) [وهبە والمهندس: ١٩٨٤: ١٨٤] ئەم پێناسەیە دەچێتە جۆری یەکەمی پێناسەکان، کە ڕووداوە مێژووییەکان دەهێنن و بەبێ دەسکاری دەیگوازنەوە، واتە رووداوە مێژووییەکان ناخەنە خزمەت تەکنیک و فۆرمی ڕووداوەکان. بۆیە بۆ زیاتر دەرخستنی جیاوازی نێوان ڕۆمانی مێژوویی کۆن و ڕۆمانی مێژوویی نوێ، لەم خاڵانەی خوارەوە جیاوازییەکان دەخەینە ڕوو. سەرەتا دەتوانین خاسیەت و تایبەتمەندی ڕۆمانی مێژوویی کۆن لەم خاڵانە دیاری بکەین:

١. بە تەواوی پشت بەو ڕووداوە مێژووییانەی بە بەڵگەوە لە ماوەیەکی ڕابردوو لە مێژوودا ڕوویاندابێت.

٢. هەوڵی پاراستنی ئەمانەت لە گواستنەوەی ڕووداوەکان دەدات و دوور دەکەوێتەوە لە لایەنی جوانکاری.

٣. زیاتر بایەخ بە بارودۆزی ڕۆشنبیریی و فیکری و سیاسی و ئابووری نەتەوەیەک لە نەتەوەکان دەدات.

٤. ڕۆمانەکەی دەخاتە خزمەت پیرۆزکردنی کەسایەتییەکی مێژوویی و هەوڵی پاراستنی شێوەی زنجیرەیی ڕووداوەکان دەدات.

٥. مێژوو سەرچاوەی ئەم جۆرە ڕۆمانەیە.

لێرەوە دەتوانین خاسیەت و تایبەتمەندی ڕۆمانی مێژوویی نوێ لەم خاڵانە دیاری بکەین:

١. ڕۆماننووسین لە ڕۆمانی مێژوویی نوێدا یەکەمین ئەرکی دەقی ڕۆمانە.

٢. گەمەکردن لەگەل کات کراوە، چونکە کاتی ڕابردوو و کاتی ئێستا بەیەکەوە دەبەسترێنەوە.

٣. گوزارشتە لە بیرۆکە و ئایدیۆلۆجیای تایبەتی ڕۆماننووس.

٤. پشت بە ڕەگەزی خەیاڵ وەکوو بنیاتی سەرەکیی ڕووداو دەبەستێت.

٥. جیا لە خودی خۆی هیچ سەرچاوەیەکی تری نییە.

کەواتە ((تێمەی سەرەکیی ڕۆمانی مێژوویی، ڕووداوگەلی مێژوویین، بەڵام ئەم تێمە هاوبەشە لەنێوان ڕۆمانی مێژوویی و مێژوونووسیدا بە دوو شێوەی جیاواز خۆی دەردەخات، جیاوازیی مێژوو و ڕۆمانی مێژوویی، ئەگەرچی هەردوو باس لە بوارێکی مێژوویی دەکەن.)) [ئەحمەدزادە: ١٣٩٧: ٧٨] بۆیە (جۆناسان فێڵد) لەبارەی ڕۆمانی مێژووییەوە دەڵێت: کاتێک ڕۆمان دەبێتە ڕۆمانی مێژوویی، کە مێژوو و کەسایەتی و ڕووداوگەلێکی مێژوویی پێشکەش بکات. هەرچەندە پێناسەکە زۆر سادە دەردەکەوێت، چونکە هیچ وردەکارییەکی وەک چۆن و لە چ ڕێگەیەکەوە ئەو ڕووداوە مێژووییانە لەناو ڕۆمانەکە دەمەزرێندرێن. ئاشکرایە تەنیا گواستنەوەی ڕووداوە مێژووییەکان ڕۆمانەکە ناکەن بە ڕۆمانێکی مێژوویی. ڕۆمان ئەگەر تەنیا وەکوو تۆمارێک بێت بۆ تۆمارکردنی ڕووداو و کەسایەتی ماوەیەکی مێژوویی، ئەوا هیچ جیاوازییەکی نابێت لەگەڵ دەقێکی مێژوویی. ڕاستە ڕۆمان دەبێتە تۆمارکردنی ڕووداو و کەسایەتییە مێژووییەکان، تۆماری هەڵچوون و هەست و سۆزەکانیان دەکات، بەڵام هەموو ئەوانە دەسکاری دەکرێن، دەگۆڕدرێن. بۆ نموونە لە ڕۆمانی (میرنامە)ی (جان دۆست) (ئەحمەدی خانی) وەکوو کەسایەتییەکی مێژوویی هێنراوەتەوە، بەڵام بارودۆخی ئەم سەردەمەی ئێستا لە ڕێگەی ئەوەوە گوزارشتی لێکراوە. واتە ئەم کەسایەتییە مێژووییە ئەرکە مێژووییەکەی لی سەندراوەتەوە و ئەرکێکی دیکەی لە ڕۆمانەکەدا پێ سپێردراوە. ئەمەش دوو رەگەزمان بۆ دەردەخات، ئارەزوو بۆ تێگەیشتن لە رووح و ڕاستییەکانی مێژوو، دووەم تێگەیشتن لە کەسایەتی مرۆڤ و گرنگی بۆ ژیان.

کەواتە ڕۆمانی مێژوویی قسەکردن نییە لەبارەی ڕابردوو، بەڵکوو لە ئێستادا دەدوێت، هەروەکوو پێناسە گرنگەکەی (جۆرج لۆکاچ)مان لە سەرەوە هێناوە. هاوکات (بیوکن) لەبارەی ڕۆمان بە گشتی دەڵێت: ((هەموو ڕۆمانێک هەوڵێکە بۆ دووبارە داڕشتنەوەی ژیان لە ماوەیەک لە ماوەیەکی مێژووییدا.)) [الشمالی: ٢٠٠٦: ١١٤] ئەم دیاریکردنەی (بیوکن) هەوڵێکی نوێیە بۆ پێناسەکردنی ڕۆمان بە گشتی و ڕۆمانی مێژوویی بەتایبەتی بەوەی مەرج نییە ماوەیەکی دیاریکراوی مێژوویی ببێتە بابەتی ڕۆمان بۆ ئەوەی ڕۆمان کەرەسە تەکنیکییەکانی بۆ ئەو ماوەیە بخاتەگەڕ بۆ ئەوەی ئەو ماوەیە سەرلەنوێ پشان بداتەوە، بەڵام بە شێوەیەکی هونەری و دوور لە شێوازی مێژوویی و بەڵگەنامەیی.

 دووەم: گەشەی ڕۆمانی مێژوویی

وەکوو پێشتر باسمان کرد ڕۆمانی مێژوویی لە ئەوروپا لە سەدەی نۆزدە پەیدا دەبێت، ئەوەش هاوتایە لەگەڵ سەردەمی ڕووخانی ناپلیۆن و بڵاوبوونەوەی فیکری شۆڕشگێڕی و پەیدابوونی ئاراستەی ناسیونالیزمی. ئەمە دەبێتە سەرەتای بایەخدانی هەموو ئەوروپا بە مێژوو. لەم بارەیەوە ڕۆماننووسی میسری (نەجیب مەحفووز) دەڵێت: ((پەیوەندی نووسینی ڕۆمان و مێژوو، جۆراوجۆرە، نووسەر هەیە لەبارەی مێژووی ڕۆمان دەنووسێت، بۆ ئەوەی خەڵک بگەڕێنێتەوە بۆ ئەو سەردەمە بەسەرچووە، یان ئەو کەسایەتییەی پیشتر ژیاوە، لەم حاڵەتەدا مێژوو دەبێتە لە سەداحەفتای ڕۆمانەکە و هونەرکاریش لە سەدا سی کەمترە. هەندی نووسەریش تەنیا چوارچێوەی مێژوو وەردەگرن و لەمیانەیدا بابەتە هاورچەرخ و سەردەمییەکان دەخەنەڕوو.)) [زراری: ٢٠١٧: ٥٧] لە ڕووی مێژووییەوە ڕۆمان هەندی ڕووداو و کەسایەتی وەردەگرێت و دەیکاتە بنەڕەتی بونیادی خۆی. ئەم جۆرە لە ڕۆمان بەتایبەت بە هۆکاری مێژوویی و سیاسییەوە لە سەردەمی ڕۆمانتیکییەکان گەشە دەکات. هاوکات هۆکاری فەلسەفیش هەیە، کە ڕۆمانتیکییەکان پەنایان بۆ دەبرد وەکوو ئارەزووی هەڵاتن و رەتکردنەوەی واقیع و بێئومێدبوون لێی. ڕۆمانتیکییەکان خزمەتێکی گەورە بە ڕۆمانی مێژوویی کرد. ئەوان داوایان دەکرد بەرگێکی مێژوویی بە بەر ڕۆماندا بکرێت و هەستی سەردەمی تێدا ڕەنگ بداتەوە، ئەمە تەواو لە ڕۆمانەکانی (واڵتەر سکۆت)دا دەبینینەوە.

لە ئەوروپا (واڵتەر سکۆت) بە باوکی ڕاستەقینەی ڕۆمانی مێژوویی دادەنرێت، هەرچی لە دوای ئەوەوە دێن بە ڕۆمانەکانی کاریگەر دەبن. ئەو بە شێوەیەکی نوێ لە مەزراندنی مێژوو بۆ ناو ڕۆمان دەڕوانێت لە لای ئەو ڕۆمانی مێژوویی زیندووکردنەوەی قۆناغێکی مێژووییە، کە بوونی نییە، ئەو لە ڕێی کارەکتەرە بەناوبانگە مێژووییەکان و کارەکتەرە خەیاڵییەکانەوە بە شێوەیەکی تازە بە دوای ئەو قۆناغەدا دەگەڕێت و دەیئافرێنێت. ڕۆمانەکانی (سکۆت) بەوە جیا دەکرێنەوە، کە بە شێوەیەکی هونەری گرفت و کێشە مێژووییەکانی ئینگلیزی وەکوو واقیعێکی مێژوویی پیشان دەدات. ئەم ڕێگەیە دەبێتە ڕێگەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ ئەوەی پڵۆتی ڕۆمانەکەی لەسەر بنیات بنرێت و کارەکتەری سەرەکیی هەڵبژێرێت. کارەکتەر لە هەموو ڕۆمانەکانیدا بریتییە لە خانەدانێکی ئینگلیز، ئەمەیش هەولێکە بۆ ئەوەی ڕادەی زیرەکی و زانستی ئەو کارەکتەرە دەربخات. ((لە ڕۆمانی واڤێرلی Waverley) لە ساڵی ١٨١٤دا یەکەمین ڕۆمانی مێژووییە، باس لە کاتی ڕابردوو بە هەموو ڕەنگەکانەوە دەکات، هاوکات هەوڵدەدا شیکردنەوەی مێژوویی و کۆمەڵایەتی بکات. بە ڕەگەزە داستانی و مێژووییە خەیاڵییەکەیەوە گەورەترین کاریگەری جێهێشت.)) [الاعرج: ٢٠٠٥: ٣٢] لێرەوە (سکۆت) داوای ئازادی گێڕانەوە دەکات، نەک کۆتوبەندکردنی لەناو مێژوودا، بۆیە زۆر جار ڕەخنەگران بڕوایان وایە ڕۆماننووس پێویست ناکات خۆی بە ڕاستییە مێژووییەکانەوە سەرقال بکات. لەبەرئەوەیە ڕۆمانەکانی ئەم ڕۆماننووسە لە لایەن ئەو کەسانەی ڕۆمانی مێژوویی دەنووسن بایەخی زۆری هەیە، چونکە ئەو هەوڵی زیندووکردنەوەی ڕابردووی دەدا بەبێ ئەوەی گوێ بە دروستی زانیارییە مێژووییەکان بدات. ڕۆمانەکانی (سکۆت) ڕەهەندێکی میللی و هونەری هەبوو، ئەو وێنای گۆڕانکارییە گەورەکانی مێژووی دەکرد، بەوەی هەمان کات گۆڕانکاری ژیانی میللیین. کەواتە بزووتنەوە ئایدیۆلۆجی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئاکارییەکان کاریگەرییان لەسەر گێڕانە گەورەکانی مێژوو هەبووە. هەموو ئەوانە بۆ دەرخستنی توانای مرۆڤە، هاوکات بۆ زیندووکردنەوەی مێژووە لە ژیانی مرۆڤدا. کەواتە ئامانج و پاڵنەری نووسینی ڕۆمانی لەم شێوەیە لە لای ئەم ڕۆماننووسە، پاڵنەری نەتەوەیی و نیشتمانییە، بەوەی نووسەر شانازی بە پێشکەوتنی نەتەوەکەیەوە دەکات، بۆ ئەمەش رابردوو دەهێنێتەوە بۆ ئەوەی لە ئێستا زیندوو بێت.

لە نێوان ساڵانی ١٨٢٥ بۆ١٨٥٠دا ڕۆمانی مێژوویی لە ئەوروپا پەیدا دەبێت و گەشە دەکات، هەریەک لە (ئەلفێرد دو فێنیی) بە (پێنجی مارس) لە ساڵی ١٨٢٦دا، (مانزۆنی) لە ڕۆمانی (مارەبڕاو) لە ساڵی ١٨٢٧دا، (برۆسپێر مێریمیە) بە (مێژووی شارلی حەوتەم) لە ساڵی ١٨٢٩دا، (ڤیگتۆر هۆگۆ) بە (نۆتردام دی باری)لە ساڵی ١٨٣١دا، (لیتۆن) بە (ڕۆژانی کۆتایی بۆمبی) لە ساڵی ١٨٣٤دا، (ڕۆبێرت جریفز) بە (من کلۆدیۆسم) لە ساڵی ١٩٣٤دا، (ئەلێکساندەر دوماس) بە (سێ سوارچاکەکە) لە ساڵی ١٨٤٤دا. ئەوا دیارترین ئەو ناوانەن، کە بە ڕۆمانەکانی (واڵتەر سکۆت) کاریگەر بوون. بەم شێوە پەیدابوونی ڕۆمانی مێژوویی بەردەوام دەبێت. بۆ ئەمەش دەبێ بگەڕێینەوە لای (ولیەم ثاکاری) بە ڕۆمانی (هێنری ئەزمۆند) لە ساڵی ١٨٥٢، (فلۆبێر) بە ڕۆمانی (سالامپۆ) لە ساڵی ١٨٦٢دا، (جۆرج ئیلیۆت) لە ڕۆمانی (ڕۆمۆلا) لە ساڵی ١٨٦٣دا، (ئیبرس) لە ڕۆمانی (شازادەی میسری) لە ساڵی ١٨٦٤دا و ڕۆمانی (شەڕ و ئاشتی)ی ڕۆماننووس (تۆڵستۆی). ئەمەی دواییان بە یەکێک لە گەورەترین ڕۆمانە مێژووییەکان دادەنرێت، کە ڕووداوەکانی لەبارەی سەرەتاکانی سەدەی نۆزدەیە، کاتێک ناپلیۆن بۆ زەوییەکانی وڵاتی ڕووسیا دێت و دەچێتە ناو شاری مۆسکۆ و دواتر بە هۆی زستانەوە شکست دەهێنێت. ((دەتوانین بڵێین تا کۆتایی سەدەی نۆزدە ڕۆمانی مێژوویی لە ئەوروپا بە سێ تایپ هەبووە. لە سەرەتادا بە زیندووکردنەوەی مێژوو دەستپیدەکات، ئەوانە لە ڕووی دەرەوەوە مێژووییان شیدەکردەوە، لە چوارچێوەی بیرەوەری و پاڵەوانبازی ماوەیەکی مێژوویی دیاریکراودا، ڕابەرانی ئەم ئراستەیە واڵتەر سکۆت و ئالێکساندەر دۆماس بوون. تایپی دووەم ڕۆمانی مێژوویی بە ئاراستەی شیکردنەوە لۆژیکی عەقڵییەوە ڕۆیشت. لەمەشدا پشتیان بە ڕاستییە مێژووییەکان دەبەست، لە ڕابەرانی ئەم ئاراستەیە لیتۆن و ئیبرس بوون. تایپی سێیەم شیکردنەوەی سۆزی مرۆڤ، ئەوەی لە ناوەوە مێژوو شیدەکاتەوە، ئەویش لە چوارچێوەی هەستە نەمرییەکانی مرۆڤ، ڕابەری ئەم ئاراستەیەش ثاکارییە.)) [ نجم: ١٩٧٩: ١٦١- ١٦٢] لە دوای جەنگی یەکەمی جیهانییەوە ڕۆمانی مێژوویی زیاتر گەشە دەکات، بەتایبەت پەیدابوونی ئاراستەیەکی نوێ، کە گوزارشت لە ئەزمەی شارستانیەتی مرۆڤی سەردەم، گرفتەکانی تاک و کۆمەڵگە دەکات. دەکرێت لە سەدەی بیست ئاماژە بە باشترین ڕۆمانە مێژووییەکان بکەین. لەوانە ڕۆمانی (ئینجیل بە گێڕانەوەی مەسیح)ی (ژۆزی ساراماگۆ) لە ساڵی ١٩٨٩، ڕۆمانی (پاشایەتی)ی (ڤالێری مارتن) لە ساڵی ٢٠٠٣، ڕۆمانی (کۆشکی گورگان)ی (هیلاری مانتڵ) لەساڵی ٢٠٠٩ و زۆری تر.

 بەشی دووەم: گۆڕانکارییە هونەری و بابەتییەکانی ڕۆمانی (میرنامە)ی (جان دۆست)

(میرنامە) ڕۆمانێکی نوێی مێژووییە، هەوڵێکە بۆ ئاشناکردنی خوێنەر بە مێژووی خۆی لە ڕێی ڕۆمانەوە. بەڵام ئەوەی جێی تێبینییە (جان دۆست) نەهاتووە مێژوو کۆپی بکات و ڕووداو و کەسایەتییەکان وەکوو خۆی بگوازێتەوە، بەڵکو دێت بە شێوەیەک سوود لە مێژوو وەردەگرێت، جارێکی تر مێژوو دەخوڵقێنێت. (جان دۆست) لە ڕێگای بەکارهێنانی ئەحمەدی خانی وەکو ڕەمزێکی ناسراوی ئەدەبی کورد ئەوەمان بۆ بەیان دەکات کە چۆن میرە کوردەکان هیچ گوێیان بە شاعیران و ئەدەبیان نەداوە کاتێک داوایان لێ کردوون یەکگرتوو بن و دادپەروەری پەیڕەو بکەن. ئەم ڕۆمانە کاریگەری گەورەی لەسەر شێوازی نوێی نووسینی ڕۆمانی مێژوویی لە مێژووی ڕۆمانی کوردیدا هەبووە. بە گشتی ئەم ڕۆمانە باسکردنی مێژووی چەند ساڵەی میللەتی کوردە، بەتایبەتی سەردەمی میرنشینە کوردەکان، کە چۆن میرە کوردەکان ڕۆڵیان هەبووە لە هێنانی دوژمنان و بوونەتە نۆکەری داگیرکەرانی وەکوو عوسمانی و سەفەوییەکانە. ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی نەتەوەی کورد لە رووی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییەوە شکست بهێنیت. بۆ قسەکردن لەبارەی هەموو ئەمانە کەسایەتییەکی ڕۆشنبیر و شاعیری وەکوو (ئەحمەدی خانی) دەکاتە کارەکتەرێک و دەیکاتە دژ بە دەسەڵات. لە ڕێگەی ئەم کارەکتەرەوە هەڵە و کەموکوڕی میرە کوردەکان دەردەخات، بە نۆکەری بێگانەیان دادەنێت و هۆکاری شەڕی براکوژیین، ئەم ڕەخنانە میر بێزار دەکەن و ئەویش بڕیار دەدات، کە (ئەحمەدی خانی) لەناو ببات و ژەهرخواردی دەکات.

 یەکەم: گۆڕانکارییە بابەتییەکان

کاتێک ڕۆمانەکە دەخوێنینەوە گۆڕانکارییەکی تەواو لەڕووی بابەتەوە هەست پێ دەکەین. ڕۆماننووس بابەتە مێژووییەکەی تەواو دەسکاریی کردووە. لێرەدا (ئەحمەدی خانی) وەکوو ڕەمزێک وەرگرتووە و وەزیفەی وەستانەوە دژ بە خۆفرۆشان و نۆکەران پێ بەخشیوە. ئەگەر تەماشای دەقەکە بکەین، رووداوەکان لە جۆری بازنەیین. واتە لە کۆتایی ڕووداوەکانەوە، کە مردنی، کوشتی (ئەحمەدی خانی)یە و لە گۆڕستان دەیخەنە گۆڕەوە دەست پێ دەکات و بەرەو سەرەتا لە کۆتایی ڕۆمانکە دەگاتەوە بە لەجێگەکەوتنی (ئەحمەدی خانی) بە هۆی ژەهرخواردنەوە. ڕۆماننووس لە ڕێگەی گەڕانەوە بۆ مێژووی کارەکتەرەوە بۆ مێژووی نەتەوەیەک، کە کوردە دەگەڕێتەوە. گەڕانەوە بۆ مێژووییەکی سەدساڵە. لێرەدا (ئەحمەدی خانی) تەنیا شاعیرێکی سەردەمی خۆی نییە، بەڵکوو ڕۆشنبیرێکی گەورەیە. بە بڕوای (ئیدوارد سەعید) ئەرکی ڕۆشنبیر زۆر لەوە فراوانترە، تەنیا لە ئەرکێکدا کورتی بکەینەوە. ئەو بڕوای وایە ئەرکی ڕۆشنبیر ڕووبەڕووبوونەوەی دەسەڵاتەوە و حەقبێژییە. وەک دەڵێت: ((ئامانج لە گوتنی حەق لە کۆمەڵگەیەکی جەماوەرییدا بۆ باشترکردنی بارودۆخی گشتییە، کە لەگەڵ کۆمەڵێک بنەمەی ئەخلاقی وەک: ئاشتی، پێکەوەژیان و سوککردنی سزا دێتەوە.)) [سعید: ١٩٩٦: ١٠٤] بابەتە مێژووییەکە بریتییە لە ژیانی ئەحمەدی خانی، کە لە مەم و زیندا باسی مافی نەتەوەیی و یەکگرتنی کوردان دەکات. بەڵام لە ڕۆمانەکەدا بابەتەکە جیا لەوە خانی لە کۆمەڵی بابەتی دیکەی ئایینی لادەدات. هەروەها هەموو تاوانەکان دەخاتە ئەستۆی میری کوردان. ((خانی کەسێکی دنیا نەویست و خوداناس بوو، دەیویست هەموو خەڵکی وەک ئەو بن، لەبەر ئەمە شەڕی بە میرانمان دەفرۆشت و لە کتێبەکەیدا سەرکۆنەی میرایەتی و میرانی دەکرد. گوتبووی، میر نەزانە و دارودەستەکەی کەسانی گەندەڵ و ئاژاوەگێڕن. تەنانەت فەرمانڕەوای بە ژار و ئاگر وەسف کردبوو. یانی لە کوێ هەل و دەلیڤەی بۆ ڕێکەوتبێت قسەی خراپ و زماندرێژی دەرهەق بە میرەکانمان کردووە.)) [دۆست: ٢٠١٣: ١١٥] ئەوەی خانی کردوویەتی لەم ڕۆمانەدا تەواو پێچەوانەی ئەو ڕۆڵەیەتی، کە لە مێژوودا هەیەتی. لە مێژوودا کەسێک بووە، تەنیا کتێبی مەم و زینی نووسیوە و لەوێدا باسی مافی نەتەوەیی بۆ کوردان دەکات. بەڵام لێرەدا ئەم کتێبە وەکوو کتێبێکی قەدەغە دێتە هەژماردن. ئاشکرایە لە زۆربەی لێکۆڵێنەوە ئەدەبییەکان خانی بە کەسێکی نەتەوەیی دادەنێن. ((هەرچەندە خانی یاخی‌یە، شۆڕشگێڕە، بەڵام بەسەر میللەتی خۆیدا هەڵناچێت ئەو بە هۆی سستی و سەرشۆڕی و پشتێن کردنەوە لە خوێندا گەوزاندن نازانێت، بەڵکو وەک کوڕێکی هوشیاری گەل باری میرەکانی کورد و پێکەوە ڕۆیشتن (ئینقیاد) یان بە هۆی ڕاستەقینە دەزانێت و حاڵی ئەوان بە شەرمەزاری دەزانێت.)) [ڕەسووڵ: ٢٠٠٨: ١٠٨] ڕاستە لە مەم و زیندا خانی باسی مافی نەتەوەیی و گلەیی لە میرەکان دەکات. بۆیەیش ڕۆماننووس کەسێکی وەکوو خانی هەڵدەبژێرێت، چونکە تاکە ڕۆشنبیرێکی کوردە لە مێژووی کوردا، کە بە ئاشکرا بەرانبەر داگیرکەران وەستابێتەوە و دژایەتی دوو زلهێزی گەورە بکات. لە ڕۆمانەکە خانی پەیامێکی گەورەتر و قووڵتری لەسەر شانە. بۆ نموونە هەندێک لە قسەکانی بهێنینەوە:

((خێری دروستکردنی بازاڕێك بۆ سەحافان کەمتر نییە لە خێری چێکردنی مزگەوت)).

((چەند جارم بە میر گوت باوەڕ بە تورکان مەکە. چەند جارم پێ گوت لەسەر ڕێگەی میر محەمەدی میری سەرحەدان بڕۆ و دەست بنێ ناو دەستی میرە کوردەکانی بدلیس و جزیرە و سێرت و حەسەنکێف! بە گوێی نەکردم و ئەوەتا بە چاوی خۆتان بینیتان چی بەسەرهات)). [دۆست: ٢٠١٣: ٢٠٣] دەبینین بە درێژایی مێژوو ململانێی نیوان دەسەڵات و ڕۆشنبیران هەبووە و لە زۆرترین باردا ڕۆشنبیران بوونەتە قوربانی، چونکە رووی ڕاستەقینەی دەسەڵاتیان هەڵماڵیوە. بۆیە هەمیشە دەسەڵات لە هەوڵدابووە ڕۆشنبیران بخاتە ژێر ڕکێفی خۆی، بۆ ئەوەی هەموو نادادپەروەری و کەموکوڕییەکانی خۆیان دابپۆشن. لیرەدا ئەحمەدی خانی کۆمەڵێ پڕۆژەی ڕۆشنبیریی دەخاتە بەردەم دەسەڵات (میر). بۆ نموونە داوا دەکات لە بری ئەوەی مزگەوت دروست بکرێت، بازاڕێک بۆ کتێب و کتێبنووسین هەبێت، پاداشتی دواڕۆژی تێدایە. هەروەها ئەوەش ڕوون دەکاتەوە لە وتارەکانیدا بۆ خەڵك، کە چەندین جار بە میری گوتووە، کە دەست بخاتە دەستی میرەکانی دیکەی کوردان بۆ ئەوەی بە هەموویان وڵاتێک بۆ کوردان چێکەن، بەڵام میر بە گوێی نەکردووە و بۆتە نۆکەری تورکان، بەمەش وایکردووە ولات وێران بێت و کورد نەگەن بە ئامانجی خۆیان، کە سەربەخۆییە.

 دووەم: بونیادی هونەری ڕۆمانەکە

سەرەتا دەمانەوێ لەبارەی لایەنی هونەریی ناونیشانی ڕۆمانەکەوە بنووسین، بۆ ئەوەی زانین ڕۆماننووس بۆ ئەم ناونیشانەی بۆ ڕۆمانەکەی هەڵبژاردووە؟ ئایا دەلالەتەکانی ئەم ناونیشانە چین؟ ناونیشان یەکێکە لە ڕەگەزە هونەرییەکانی دەقی ڕۆمان. ڕۆماننووس دەتوانێت لایەنی هونەری ناونیشانی دەقەکەی بۆ زۆر مەبەست بەکاربهێنێت. بۆ نموونە بۆ سەرنج ڕاکێشانی خوێنەر. ((بە بڕوای "جاک دریدا" و "گۆڵدمان" ناونیشان چراخانی دەقە، دەتوانێت ڕێگە و کەلەبەرە تاریکەکانی خوێندنەوەی دەق ڕووناک بکاتەوە، لەسەرەوە تیشک بهاوێژێتە سەر بەشێکی زۆری رووبەری دەق.)) [ئەسوەد: ٢٠٠٦: ٧٤] کەواتە ناونیشان دەتوانێت زانیاریمان لەبارەی ناوەڕۆکی ئەو دەقەوە بداتێ. ناونیشان وەکوو هونەرێکی ڕۆمان دەتوانێت ڕۆڵی لە بەهێزکردنی لایەنی هونەری دەقی ڕۆماندا هەبێت. واتە ناونیشانی ڕۆمان کۆمەڵێ پەیوەندیییە لە نێوان وشە و ڕستە و دەقدا، کە وێنەی دەقەکەی تێدا چڕکراوەتەوە.

خوێنەر کاتێک دەست بە خوێندنەوەی ڕۆمانێک دەکات، یەکەم شتێک دەیخوێنێتەوە ناونیشانە. ناونیشانی ڕۆمانی (میرنامە)ی (جان دۆست) یەکێکە لە ناونیشانە هونەرییەکان. هەرچەندە لەسەر هەمان ڕیتمی دەقگەلی وەکوو شانامەی فیردەسییە. لێرەدا ئەم ناونیشانە بە ناوی یەکێک لە کارەکتەرەکانەوە کراوە، کە میرە، بەڵام پاشگری (نامە)ی بۆ زیادکراوە. کەواتە بە لێکدانی هەردووکیان دەبێتە سەربووردە و بەسەرهاتی میر. هەرچەندە واتای پەیامیش دەگەینێت. لەم ڕۆمانەدا بەسەرهاتەکانی میر، کە بۆتە نۆکەری عوسمانییەکان. ئەگەر چاو بدەینە شانامەی فیردەوسی ئەوا بەر کۆمەڵی گێڕانەوە دەکەوین. لە بەرامبەر ئەوەدا شانامەی کوردیمان هەیە، کە (د.بەهرۆز چەمەنئارا) توێژینەوەی لەبارەوە کردووە، بە کۆمەڵی گێڕانەوەی بەرخودانی و پاڵەوانێتییە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت: ((شانامەی کوردی و شانامەی فردەوسی هەر دووکیان بەرهەم و ئەنجامی‌پرۆسەگەلێکی بەرهەم‌هاتنی جیاوازن، بەم روانگەوە کە شانامەی فردەوسی لە گێڕانەوەیەکی حکوومیەوە دێت و شانامەی کوردی لە گێڕانەوەیەکی ناحکوومییەوە. من لە توێژینەوەکانی خۆمبەو ئەنجامە گەیشتووم کە شانامەی کوردی گێڕانەوەیەکی رەسەن و گێڕانەوەیەکی سەربەخۆ بووە و هەیە. گێڕانەوەی بەرخۆدانی و پاڵەوانی ئێرانێکە کە لە دەڤەری زاگرۆس بەزیون و من پێی دەڵێم گێڕانەوەیەکی بەرخۆدانی و پاڵەوانی لە کوردستانی رۆژهەڵات.)) [سایتی ئاماژە] ڕۆمانەکەی (جان دۆست) باسی پاڵەوانێتی و بەرخودان نییە، بەڵکوو باسی خیانەت و نۆکەرییە. لێرەدا گۆڕانکاری لە بابەت دەکات، بەوەی پێشتر شانامەکان تەنیا بۆ پاڵەوانبازی پاشاکان بووە، دواتر بۆتە بەرخودان و پاڵەوانبازی کەسانی دیکەی وەکوو ڕۆستەم و زۆراب بووە. (جان دۆست) ئەرکێکی دیکە بەو بەرهەمانەی پاشگری (نامە)یان پێوەیە دەبەخشێت. واتە ئەم ڕۆمانە لەبارەی نۆکەربوون و هۆکاری دواکەوتوویی و نەبوونی دەوڵەتی کوردییەوەیە، کە هۆکارەکەی دەسەڵاتی میر بووە. لێرەوە ناونیشانەکە دەرخەری شتێکی دیکەیە. واتە کاتێک خوێنەر (ئەگەر پاشخانێکی ڕۆشنبیریی باشی هەبێت) ئەم ناونیشانە دەخوێنێتەوە، یەکسەر ئەوەی بیر دەکەوێتەوە، ئەم ڕۆمانە بەسەرهاتی پاڵەوانێتی یەکێک لە میرەکان، پاشاکان دەگێڕێتەوە، بەڵام کاتێک دەچێتە ناو ڕۆمانەکەوە پێچەوانەی ئەمە دەبینین، کە بەسەرهات و گێڕانەوەی چۆنیەتی بوونە کۆیلەی میرە بۆ عوسمانییەکان. کەواتە ناونیشان ((داهێنانێکی دیکەی دەقە، چونکی کاتێک نووسەر لە نووسینی دەقەکەی دەبێتەوە، ناچارە روویەکی دیکە بە دەقەکە ببەخشێت، واتە ناونیشان دەبێتە ڕووخساری دووەمی دەق.)) [مەنتک: ٢٠١٧: ٣٣] ڕۆماننووس جیاواز لەوەی ڕەهەندێکی هونەری بە ناونیشانەکە بەخشیوە، هەروەها ئەو بیرکردنەوەیەش لە مێشکی خوێنەردا دەگۆڕێت، کە مەرج نییە، ئەو دەقەی پاشگری (نامە)ی پێوە بێت، ئەوا دەلالەت لە سەرکێشی و بەسەرهاتی پاڵەوانبازی پاشاکان بکات.

لایەنێکی دیکەی هونەریی ڕۆمانەکە، بوونی چەند گێڕەرەوەیە. ڕۆمانەکە بە مردن و ناشتنی خانی دەست پێدەکات، دواتر لە ڕێگەی ئەو کەسانەی لە ناشتنەکەیدا بەشدارن، ژیانی خانی و زۆرێک لە نهێنییەکانی ژیانی ئەم ڕۆشنبیرە ئاشکرا دەکرێن. هەر یەکەیان لە گۆشەنیگای تایبەت بە خۆیەوە تیشک دەخاتە سەر لایەنێکی ژیانی خانی. ئەم فرەیییە وا دەکات دەنگی جیاواز، چیرۆکی جیاواز، بیرکردنەوەی جیاواز لەناو ڕۆمانەکەدا هەبن. لەو ڕێگەیەوە دەیەوێت چەند شتێک ئاشکرا بکات. بۆ نموونە ئەوەی بایەخی نەبێت لایەنی ڕۆشنبیریی و ڕۆشنبیرە. واتە ئەمە تەنیا لە لایەن سیاسی و دەسەڵاتدارەکانەوە نییە، بەڵکوو لە لایەن کۆی خەڵکەوەیە. واتە ئەوە خەڵکە خانیان وەکوو ڕۆشنبیرێک قبوڵ نییە. کارەکتەری خانی کارەکتەرێکە پڕە لە گرفت. واتە خودی خانی بۆ کۆمەڵگە و دەسەڵات گرفتە. ئەم تەکنیکە واتە ڕیپێدانی کارەکتەرەکان بۆ گێڕانەوەی چیرۆکی ژیانی خانی هەوڵیکە بۆ ئەوەی هەموو زانیارییەکانی ژیانی خانی لە یەک گۆشەنیگاوە کورت نەکاتەوە، یان زانیارییەکان نەداتە دەست یەک کەسەوە. ئەم تەکنیکە کاریگەری تەواوی لەسەر لایەنی جوانناسی ڕۆمانەکەدا هەیە. بە هۆی ئەم تەکنیکەوە شێوازێک لە قەناعەتپێکردن و متمانە لە لای خوێنەر دروست دەکات. بەوەی هەندێک لە کارەکتەرەکان بە هۆی ئەوەی ڕقیان لە کارەکتەری سەرەکییە، تەنیا لایەنە خراپەکانی ئەو کەسەر باس دەکەن. هەندێکی دیکە بە هۆی خۆشەویستیانەوە، یان نزیکی لێیەوە چۆنە واقیعی ژیانی نیشان دەدەن. بۆ نموونە لە بەشی یەکەمی ڕۆمانەکەدا کارەکتەر (تەیمووری فاسق)مان هەیە. ئەم کارەکتەرە کەس خۆشی ناوێت، بەڵام خانی خۆشی دەوێت. لە ڕێگەی قسەکانی ئەم کارەکتەرەوە هەندێک لایەنی ژیانی خانیمان بۆ دەگێڕێتەوە. کاتێک خانی نامەیەک دەنووسێتر بۆ میر، کە تەیموور دەچێتە ژوورەوە نامەکە دەشارێتەوە. ((لێ هێندەی نەبرد شەپۆلی خەمگینی ڕوخسارە زەردەکەی گرتەوە، تەنانەت لەبەر ڕووناکیی مۆمە تازەکەدا چاوە پڕ لە فرمێسکەکانیشیم بینی. ئەو کاغەزەی تا نیوەی نووسی بوو پێچایەوە، رووی لە من کردو گوتی:

- تەمۆ لە فەرهەنگی ئێوەی مەیخۆراندا مردن چییە؟

ئەم پرسیارەی وەک بەفراوی بەری خەیاڵی بەردام و دەمودەست گوتم:

- مردن، ڕابوونی مەزنە.

- ئەی ژیان؟

- سەرخۆشییەکی دوور و درێژە.)) [دۆست: ٢٠١٣: ٣٣]

کەواتە ئەم کارەکتەر، کە کارەکتەرێکی پەراوێزخراوە لەناو کۆمەڵگەدا، بەڵام تیشک دەخاتە سەر ئەوەی خانی بە نامەیەکی نووسیوە بۆ میر، بەڵام هیچ زانیارییەکی دیکەمان لەبارەیەوە ناداتێ، چونکە خانی خۆی نامەکەی لە ئەو شاردۆتەوە و پیشانی نەداوە. لێرەوە ئەم نامەیە وەکوو مەتەڵێکە و تا کۆتایی ڕۆمانەکە لە مێشکی خوێنەردا دەمێنێتەوە و لە کۆتایی ڕۆمانەکەدا نامەکە دەخوێنینەوە، بەڵام زۆر ڕستە و وشەی پەڕیوە، کە ئەمەش خۆی تەکنیکێکە و خوێنەر ئازادکراوە لەوەی ئەو شوێنانە بە چ شێوەک پڕ دەکاتەوە.

لە ڕێی ئۆمەری خەزنەدارەوە گەلێک لایەنی دیکەی ژیانی خانی و سەردەمەکەیمان بۆ دەگێڕێتەوە. ئەمەش وەکوو بەهانەیەک دەبێت، کە کارەکتەرەکە ژیانی خۆیشی بگێڕێتەوە. (میخایل باختین) لەبارەی دەربڕینی ئایدۆلۆجیا و تیڕوانینی خۆی دەڵێت: ((هەموو کارەکتەرێک لەناو جیهانە ئایدیۆلۆجیاکەی دەژی و کار دەکات.)) [باختین: ١٩٨٨: ١١٣] هەموو کارەکتەرەکان لەسەر گۆڕی خانی لەبارەی ژیانی خۆی و ژیانی خانی و ژیانی سەردەمەکەی شتمان بۆ دەگێڕێتەوە. واتە لە ڕێگەی (٢١) کارەکتەرەوە سەرلەبەری ژیانی خانی و ژیانی سەردەمەکەمان بۆ دەگێڕیتەوە. لایەنێکی دیکەی هونەری ئەم ڕۆمانە بریتییە لە کۆتاییەکەی، کە کۆتاییەکی کراوەیە. تەنانەت ناوی ڕۆمانەکە لەو کۆتاییەوە هاتووە، کە میرنامەیە. واتە هەموو ئەو پەیامەی (خانی) دەیەوێت پێمان بڵێت، یان روونتر ئەو هۆکارەی (خانی) لەسەری کوژراوە، بریتییە لەو نامەیە و ئەو هەڵوێست و بیرکردنەوانەی ئەم ڕۆشنبیرە بەرامبەر میر هەیبووە. ئەم کۆتاییە کاریگەری لەسەر دەروونی خوێنەر بەجێدەهیڵێت. لەو نامەیەوە دەردەکەوێت، کە میر چۆن میرایەتی وەرگرتووە. ((لەو ڕۆژەوەی تۆ میرایەتیت بە چوار هەزار فلۆرانی زێڕ لە پاشای وان کڕیوە و فەرمانی سوڵتانیت پی دەرهێنا، ئەز درکم بەوە کردبوو، تۆ لایەقی تەختی میرێتی سەرحەدان نیت.)) [دۆست: ٢٠١٣: ٢٩٥] ئەم نامەیە زۆرێکی پەڕیوە. وەکوو پێشتر باسمان کرد ئەم تەکنیکە هۆیەکە بۆ ئەوەی خوێنەر بەشداری ڕۆمانەکە بکات. چۆن کارەکتەرەکان بەشدارن لە گێڕانەوەی ڕووداوەکان. بە هەمان شێوە خوێنەریش ڕۆڵی لە نووسینەوە و گێڕانەوەی ڕووداوەکانەوە هەیە. بەتایبەت ئەو شوێنانەی لەم نامەیەدا بە بەتاڵی بەجێهێڵدراون.

 سێیەم: ئەحمەدی خانی لەنێوان مێژوو و خەیاڵکردی ڕۆماندا

ئەم ڕۆمانە راستە لەبارەی ژیان و لایەنی ڕۆشنبیریی (ئەحمەدی خانی)یە، بەڵام ئەوەی جێگەی پرسیارە ئایا خانی لە نێوان کەسایەتی مێژوویی و کارەکتەری ڕۆماندا کامیانە؟ بە بڕوای ئێمە لەم ڕۆمانەدا (ئەحمەدی خانی) خوڵقێندراوە، واتە هەمان ئەو کەسایەتییە مێژووییە نییە، کە لە مێژوودا دەیناسین، بەڵام سوود لە ژیان و لایەنی مێژوویی (ئەحمەدی خانی)ی ناو مێژوو وەرگیراوە بۆ ئەوەی ئەم کارەکتەرەی ناو ڕۆمانی (میرنامە) بخوقڵێنن. واتە ڕۆماننووس سوودی لە مێژوو وەرگرتووە بۆ خوڵقاندنی (ئەحمەدی خانی) ناو ڕۆمانەکە. وەک خۆی لە پێشەکی ڕۆمانەکەدا دەڵێت: ((ئەم ڕۆمانەی بەردەستتان، بەرهەمی ماندووبوونی بیست ساڵی منە، کە لەگەڵ هۆزانڤانی مەزن ئەحمەدی خانیی دانەری مەم و زین بەسەرم برد. ئەز بەڕۆح و بەڕۆشنبیری لەگەڵیدا ژیام، ئاشنا بووم بە بیروباوەڕی ئازادیخوازانەی ئەو پڕۆژە ڕۆشنفکرییە مەزنەکەی و فەلسەفەی وی لە ژیاندا، بەڕاستی سەراسیمەی کردم.)) [دۆست: ٢٠١٣: ٧] ئەوەی لیرە ڕۆماننووس باسی دەکات (ئەحمەدی خانی) ناو مێژووە، بەڵام ئەو (ئەحمەدی خانی)یەی ناو ڕۆمانەکە کەسێکی ترە و جیاوازە لەوەی ناو مێژوو. ڕاستە هەندێک سیفەت و شتی باسکردووە، کە لە کەسایەتییە مێژووییەکەی وەرگرتووە، بەڵام ئەرکی (ئەحمەدی خانی)ی ناو ڕۆمانەکە جیاوازە لە ئەرکی (ئەحمەدی خانی) ناو مێژوو. ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە، کارەکتەری (ئەحمەدی خانی) لەناو ڕۆمانەکەدا کەسێکی ئاسایییە، کەسێک نییە بە شێوەیەکی پاڵەوان دەرکەوی و سەرکیشی ئەنجام بدات. واتە کەسێکە لەگەڵ کەسانی دەوروبەری مامەڵە دەکات و وەکوو کەسێکی ئاسایی دەژی. بەڵام ئەو پڕۆژە ڕۆشنبیرییەی لە مێژوودا هەیبووە، لە ڕیگەی ئەم ڕۆمانەوە پڕۆژەکەی فراوانتر کراوە. لە مێژوودا (ئەحمەدی خانی) کەسێک نەبووە دژ بە میر بوەستێتەوە و نامەی بۆ بنێرێت. بەڵام دەبینین، کارەکتەری ناو ڕۆمانەکە، کەسێکە ئەرکێکی فراوانتری هەیە، واتە ئەرکێکی ئێستایی هەیە نەک مێژوویی. (ئەحمەدی خانی) ناو ڕۆمانەکە خاوەن ناسنامە و شوناسی تایبەت بە خۆیەتی. بۆیە داماڵینی شوناسە مێژووییەکە هەوڵێکە بۆ ئەوەی وێنەیەکی دیکەی ئەم کەسایەتییە مێژووییەمان بداتێ. ئەگەر وێنەی (ئەحمەدی خانی) لە نێوان کۆن و نوێ، ڕابردوو و ئێستا و مێژوو و خەیاڵکرد لێکۆڵینەوەی لەبارەوە بکەین، ئەوا دەبێت شوناسی ئەو کەسایەتییە دەربخەین. بۆیە پێوستمان بە بۆچوونی (پۆل ڕیکۆر) دەبێت لەبارەی چەمکی (شوناسی گێڕانەوە). بە بڕوای ئەم ڕەخنەگرە دەتوانین بە هۆی گێڕانەوەوە لێکچوون و جیاوازی لە نێوان مێژوو و خەیاڵدا بکەین. بەم هۆیەوە دەتوانین شێوەیەکی نوێی دەربڕینمان لە ژیانی مرۆڤ دەست بکەوێت، باشتر لەوەی مێژوو بۆمانی دەکات. کەواتە ئەو پەیامەی (ئەحمەدی خانی) ناو مێژوو نەیتوانیوە بیگەیەنێت، ئەوا کارەکتەری (ئەحمەدی خانی) لەناو ڕۆمانەکەدا جێبەجێی کردوە. ئێمە تەنیا لە ڕێی دەقی مەم و زینەوە لە هەندێک دێڕدا هەڵوێستەکانی (ئەحمەدی خانی) ناو مێژوومان بە دەست گەیشتووە، کە داوای مافی کورد دەکات و گلەیی لە کورد دەکات، کە ناتوانن یەکگرتوو بن. بەڵام کارکتەری ناو ڕۆمانەکە پڕۆژە فیکرییەکەی زۆر فراوانترە، ئەویش خۆی دەبینێتەوە لە کۆمەڵێک پرسیار و ڕەهەندی فیکری، سیاسی و کولتووری. لە ڕۆمانەکەدا (ئەحمەدی خانی) پڕۆژە بۆ چۆنیەتی بەڕیوەبردنی وڵات، بۆ چۆنیەتی دروستکردنی دەوڵەت، بۆ گرینگی و بایەخی ڕۆشنبیریی و کولتوور و کتێب لە ژیانی مرۆڤەکاندا. واتە پڕۆژەیەکی وشیارکردنەوەی گەورەی پێیە و دەیەوێت بە خەڵک و میری بڵێت. یەکەم دەنگێکە بەرمبەر میر دەوەستێتەوە و لەسەر مینبەری مزگەوتدا داوا لە میر دەکات بە خۆیدا بچێتەوە. واتە لە ڕۆمانەکەدا خوێنەر تەنیا یەک فۆرمی (ئەحمەدی) خانی نابینێت، بەڵکوو (ئەحمەدی خانی) وەک ڕۆشنبیر، وەک سیاسەتوان، وەک مەلای مزگەوت و کەسێکی کۆمەڵایەتی دەبینێت.

ئەنجام

١. ڕۆمانی مێژوویی قسەکردن نییە لەبارەی مێژوو و ڕابردوو، بەڵکوو سوود لە مێژوو وەردەگرێت بۆ ئەوەی ئێستای پێ دەرببڕیت.

٢. لەناو ئەدەبیاتی کوردیش بەتایبەتی لە ساڵانی هەشتا بە دواوە ڕۆمانی مێژوویی جێگەی خۆی دەگرێت و تاکوو ئێستا چەندین نموونەمان هەن.

٣. لەم ڕۆمانەدا بابەتە مێژووییەکە تەواو دەسکاری کراوە و مێژووی بە شێوەیەکی تر خوڵقاندۆتەوە بۆ ئەوەی ڕابردوو و ئێستا تێکەڵ بکات.

٤. ڕۆمانەکە لە ڕووی هونەری ناونیشان و تەکنیکی فرەدەنگییەوە لە ئاستێکی هونەری بەرز دایە. ئەمەش بۆ ئەوەیە چەندین گێڕانەوەمان لەناو یەک گێڕانەوەدا هەبێت.

٥. کارەکتەری (ئەحمەدی خانی) لەناو ڕۆمانەکە بەرهەمی خەیاڵی ڕۆماننووسە و هەمان کەسایەتییە مێژووییەکە نییە، بەڵام سوود لە هەندێک خاسیەت و سیفەتی کەسایەتییە مێژووییەکە وەرگیراوە بۆ ئەوەی خوێنەر لە نێوان مێژوو و ئێستادا هاتووچۆدا بکات.

سەرچاوەکان:

یەکەم: کتێبی کوردی

١. ئەسوەد، نەوزاد ئەحمەد: ٢٠٠٦: ئەزموونی خوێندنەوە (چەند لاپەڕەیەکی ڕەخنەیی): دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم: سلێمانی.

٢. برادبری و فرای، ئیبرامز مالکام و نۆترەب: ٢٠٠٨: ڕۆمان چییە: وەرگێڕانی: جەواد مستەفا: دەزگای توێژینەوە و بڵاوکردنەوەی موکریانی: هەولێر.

٣. زراری، سەنگەر: ٢٠١٧: هونەری ڕۆمان (مێژوو، خوێندنەوە، بەردەوامی): نووسینگەی تەفسیر: هەولێر.

٤. ڕەسووڵ، عیزەدین مستەفا (د.): ٢٠٠٨: ئەحمەدی خانی شاعیر و بیرمەند، فەیلەسووف و سۆفی: وەگێڕانی لە عەرەبییەوە نووسەر خۆی: لە بڵاوکراوەکانی مەکتەبی بیروهوشیاری (ی.ن.ک): سلێمانی.

٥. دۆست، جان: ٢٠١٣: میرنامە: ڕۆمان: ناوەندی ڕۆشنبیریی و هونەری ئەندێشە: سلێمانی.

٦. سکۆڵز، ڕابێرت: ١٣٩٧: ماکەکانی چیرۆک: وەرگێڕانی: ئەحمەد چاک: دەزگای چاپی خانی: سەقز.

٧. مەنتك، حەمە: ٢٠١٧: سیمیۆلۆجیای ناونیشان (ناونیشانی ڕۆمانی کوردی بە نموونە): بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوەی هەولێر: هەولێر.

دووەم: گۆڤار

٨. ئەحمەدزادە، هاشم(د.): ١٣٩٧: گێڕانەوە: زمان، مێژوو و ڕۆمان (دیدار لەگەڵ د.هاشم ئەحمەدزادە): سازادانی ئازاد حاجی ئاقایی: گۆڤاری هزر و بیر: ژمارە:٨ ٩:

سێیەم: سایتی ئینتەرنێت

٩. شانامەی کوردی بەشێک لە ئاسەواری وێژەیی و کەلتوری جیهان/ هەڤپەیڤین لە گەڵ دکتۆر بهروز چەمەنئارا: سایتی ئاماژە: http://www.amazhe.com

چوارەم: کتێبی عەرەبی

١٠. باختین، میخایل: ١٩٨٨: الکلمە فی الروایە: ترجمە: هوسف الحلاق: منشورات وزارە الثقافە: دمشق.

١١. سعید، ادوارد: ١٩٩٦: صور المثقف: ترجمە: غسان غصن: دار النهار للنشر والتوزیع.

١٢. الشمالی، نضال: ٢٠٠٦: الروایە والتاریخ (بحث فی مستویات الخطاب فی الروایە التاریخیە العربیە): عالم الکتب الحدیث للنشر والتوزیع: الاردن.

١٣. الاعرج، واسینی: ٢٠٠٥: الروایە التاریخیە اوهام حقیقیە: مهرجا الدوحە الثقافی العربی: المجلس الوطنی للثقافە والفنون والتراث: الدوحە.

١٤. نجم، محمد یوسف: ١٩٧٩: فن القصە: دار الثقافە: بیروت.

١٥. وهبە والمهندس، مجدی و کامل: ١٩٨٤: معجم الصطلحات العربیە فی اللغە والادب: مکتبە اللبنان: بیروت.

١٦. لوکاش، جورج: ١٩٨٦: الروایە التاریخیە: ترجمە: د.صالح جواد الکاظم: الطبعە الثانیە: دار الشون الثقافیە العامە: بغداد.


ئەم بابەتە 85 جار خوێندراوەتەوە