Nergz.jpg

نێرگز لە دۆزەخی ئەنفالدا

رانکۆ بەکر

کاتێک ئەم کتێبەم خوێندەوە، ئەو وتەیەی لیۆناردۆ دی کاپیرۆ، ئەکتەری جیھانییم وەبیر ھاتەوە کە دەڵێت کاتێک بۆ وێنەگرتنی فیلمی blood diamond چەند مانگێک لە باشوری ئەفریقا مامەوە، زۆر شتم لە بارەی ئەم جیھانەوە بینی، ھەژاری، برسێتی، نەھامەتی منداڵان، نەخۆشی.. کاتێک گەرامەوە ئەمریکا گاڵتەم بە ھاورێکانم دەکرد کاتێک باسی کێشەکانی خۆیان دەکرد.

كە ئەم کتێبە دەخوێنیتەوەو ئاشنای بەشێک یاخود قۆناغێک لە مێژووی میلەتەکەت دەبیت، تێدەگەیت ئەوان لە چ زەحمەتی و نەھامەتی و زوڵم و ستەمێکدا ژیاون و ھەموو ساتەکانیان لە نێوان مردن و ژیاندا بووە، ھەمیشە پێیەک لەمردن و پێیەک لە ژیاندا بون. ھەزارانجار چرکە سات ھەبووە لە مردنەوە نزیکتربوون وەک لە ژیان..

نێرگز (ھەرمێ)، ئەو ژنە ئازاو خۆراگرەیە، کە نمونەیە بۆ بەرەنگاربونەوەی زەحمەتی و نەھامەتی ئەم ژیانە، ژیانی ئەو ژیانی ھەموو ئەو ژنانەیە کە راپێچی زیندانەکانی بەعس و دوبزو نوگرە سەلمان کراون، ئەو ژنانەی کە بە موعجیزەو پەرجوئاسا لەم ژیانە ماونەتەوە.

کە ژیانی نێرگز دەخوێنیتەوە، شەرمـدەکەی ئاخ بۆ کێشەکانی ئێستات ھەڵبکێشی، بەڵکو نێرگز وات لێدەکات بەرەو رویان ببیتەوە، بەھێزوخۆراگر بیت .

زۆر گرنگە بەر لە پیاوان، ژنان وکچانی ئێستا و نەوەی نوێ ئەم کتێبە بخوێننەوە، شانازی بە خۆراگری و ئازایەتی ژنانو کچانەوە بکەن، چۆن ئازایانە زوڵم و ستەم و نەھامەتی و دەردەسەری چۆکی پێدانەدان و جارێکی تر ژیانیان بۆ نەوەکانیان دروست کردەوە.

نێرگز نمونەی ئەو ھەزاران ژنانەیە کە موعجیزە ئاسا لە ئەنفال رزگاریان بوو، ئازایانەو سەربەرزانە بەبێ کەسی و بەبێ ھاوسەر، ئەرکی بەخێوکردن و پەروەردەو ژیانی نەوەکانیان لە ئەستۆ گرت و خۆشبەختانە ئێستا نەوەکانیان سەربەرزانە پێگەیشتوون و خزمەت بەم وڵاتە دەکەن کە سەردەمانێک دۆزەخی کەسوکاریان بووە..

رەنگە ئەم چەند دێرەی نوسەر حەمەسەعید حەسەن یەکێک بێت لە باشترین ناساندنەکان بۆ دایکانی ئەنفال کە دەڵێت؛

ئەی دایکانی جگەرگۆشە ئەنفالکراو
کانیاوێ رێز مێرگێک سڵاو
ئەگەر ئاسمان ئەستێرەیەکی پێوەیە
ئەوە چاوی تاقانەیەکی ئێوەیە
درەختێک بە پێوە مابێ
لە ئێوەوە فێری خۆراگری بووە.
...
دەستخۆشی بۆ عارف قوربانی نوسەری کتێبەکە، چاوپێکەوتنەکەی بە شێوەیەک دارشتووە، دەست بە خوێندنەوەی دەکەی، حەز دەکەی تا کۆتایی کتێبەکە بەردەوام بیت لەخوێندنەوەی .

ھیوام وایە ھەموو خوێندەوارێکی کوردزمان ئەم کتێبە بخوێنێتەوە و بتوانرێک لە ئایندە وەربگێردرێتە سەر زمانە زیندووەکانی جیھان، بکرێت بە مادەی خامی فیلمێکی جیھانی ھاوشێوەی ئەو نەتەوانەی جینۆسایدکراون و بە فیلم و سینەما و ھونەر کەیسەکەیان زیاتر گەیاند بە ھەموو دنیا...


ئەم بابەتە 85 جار خوێندراوەتەوە