Kamo.jpg

وێستگەیەک لە ژیانی ئەلبێر کامۆ

کامۆ لە نۆڤەمبەری ساڵی 1913 دا لە مۆندۆڤی لە جەزائیر هاتە دونیاوە. ئەو لە جیهانێکدا لە دایک بوو کە پاشتر ئەمەکدارانە و بەوەفایانە، وەک مرۆڤێکی وریا و بیرکەرەوە و پڕ هەڵوەستە مایەوە تیایدا. جیهانی هەژاران و ستەملێکراوان و قوربانییان.

"لوسیەن"ی باوکی بێکەس بووە بۆ خۆی فێری نووسین و خوێندنەوە بووە، ماوەیەک لە کارگەیەکی شەراب دروستکردندا کاری کردووە، لە جەنگی یەکەمی جیهانیدا باوکی دەبرێت بۆ خزمەتی سەربازی و بەشداری شەڕی "مارن" دەکات، دواتر بەدەستی نازییەکان دەکوژرێت.

کامۆی تەمەن هەشت مانگ، بەبێ باوکیی و لەگەڵ دایکێکی نەخوێندەوار و نەنکێکی تووند و برایەکیدا لە ئاپارتمانێکی کۆنی سێ هۆدەیی تەنگەبەردا کە نە ئاو نە کارەبا دەبێ دەژین. نەنکی دەستی بەسەر خێزانەکەیاندا دەگرێ و دایکی کامۆش ئیشی کارەکەری و پاککەرەوە ماڵان دەکات.

کامۆ زوو وابەستەی گەڕەک و زێدەکەی خۆی و ئاشقی دەریاو خاک و هەتاوی بێ سێبەری وڵاتەکەی دەبێت. هەر لە منداڵییەوە نەخۆشی سیل و زەردووی لەگەڵ بووە، تەنیاو بێدەنگ و گۆشەگیر، بەڵام ژیر و وریابووە. یەکێک لەو کەسانەی کە ڕۆڵێکی گرنگی لە ژیانی کامۆدا گێڕا، مامۆستایەکی قۆناخی سەرەتایی بوو بەناوی "لوی ژێرمەن"  و ئەو درک بەو توانا توند و یاخییبوونە ناوەکییە دەکات لەناو کامۆدا و دەرگای فراوانی خوێندن و خوێندنەوەی بەڕودا دەکاتەوە.

لە قۆناغی دواناوەندیدا لە کۆی ئەو کتێبانەی خوێندونیەتەوە دوو کتێبیان پێ باشترین دەبێت، ئەوانیش "چارەنووسی مرۆڤێک"ی ئەندرێ مالڕۆ و "دووڕگەکان"ی ژان کنێیر. دواتر کامۆ دەچێتە زانکۆ وتێزی  بەکالیۆریۆسەکەی بەناوی" مێتافیزیکی مەسیحی و فەلسەفەی ئەفلاتونیی نوێ" پێشکەش دەکات.

 لە تەمەنی بیست ساڵیدا سەرنجی زۆرێک لە ژنان بەلای خۆیدا ڕادەکێشێت، لەگەڵ ژنێکی سەرسەری و بێخەیاڵ، بەڵام جوان و لەبەردڵان بەناوی "سیمۆن هایە" زەماوەند دەکات. دایکی سیمۆن خەرجی زەماوەندەیان دەگرێتە ئەستۆ، بەو هیوایەی کە ئەلبێر کامۆ بتوانێ کچەکەی لەخواردنی ماددە هۆشبەرەکان ڕزگار بکا، کامۆ کاتێک دەزانێ سیمۆن لەبەر وەرگرتنی ماددەی هۆشبەردا لەگەڵ دکتۆرەکەیدا دەخەوێت، لێی جیادەبێتەوە. پاشان لەگەڵ "فرانسین" زەماوەند دەکات و دوو منداڵیان بەناوەکانی "کاترین و ژان" دەبێ.

کامۆ دەبێت بە ئەندام لە حیزبی کۆمۆنیستی، دواتر هەر زوو بۆی دەردەکەوێ کە هیچ جیاوازییەکیان لەگەڵ ئەوانی تردا نییە و دەستبەرداری دەبێت. نەخۆشی سیل زۆری بۆ دەهێنێ لەساڵی 1935دا ناوەندی شانۆ دادەمەزرێنێ و چەندن دەقی شانۆیی خۆی و نووسەرانی دیکەی وەکوو دۆستۆڤسکی و پۆشکین و گۆرکی و ئەندرێ مالڕۆ هتد... دەباتە سەر شانۆ. لە ساڵانی 1937-1939 لە ڕۆژنامەی سۆشیالیستی دەست بەکار دەبێت. ڕەشنووسێک بەناوی "مەرگێکی شاد" دەنوسێ. پاشان بەهۆی جەنگەوە، بەرەو پاریس دەچێت. لەوێ ئاشنایەتی لەگەڵ سارتەر و سیمۆن دی بۆڤواردا پەیدا دەکا. نێوانیان خۆش دەبێت، بەڵام بەهۆی هەندێ لە بۆچونەکانی کامۆ سەبارەت بە مارکسیزم و کۆمۆنیزم، بە یەکجاریی نێوانیان لەگەڵ سارتەردا تێکدەچێ. لەساڵی 1942دا ڕۆمانی "نامۆ" دەنووسێت و لە 57دا خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیی پێ دەدرێت. لە کۆتا کتێبیدا دەنووسێ "خێزانەکەم دەتوانم بڵێم هیچیان نەبوو، لە ڕاستیدا ئارەزووی هیچیشیان نەدەکرد، ئەندامانی خێزانەکەم تەنانەت خوێندەوارییشیان نەبوو، بەوپەڕی بێدەنگی، خۆڕاگریی و بە ویقاری سروشتی خۆیانەوە، بەنرخترین وانەیان فێری من کرد... گەرمی ئەو سۆزو خۆشەویستییەی کە لە سەردەمانی منداڵیم دا سێبەری هەڵدابوو، منی لە هەموو جۆرە ڕقێک بەتاڵ دەکردەوە. تەقریبەن بە "هیچ" دەژیام، بەڵام لە شێوەی شاگەشکە و خەودا بەسەرم دەبرد، هەستم بە هێزێکی بێسنوور دەکرد لە خۆماندا، تەنیا دەبوایە ڕێگەیەک بۆ سوود لێوەرگرتنی بدۆزمەوە"

 کامۆ کاتێک سێهەمین ڕۆمانی خۆی لە ساڵی 1956دا بەناوی کەوتن چاپ دەکات، لە شەش مانگی یەکەمدا ١٢٦٥٠٠ هەزار دانەی لێ فرۆشرا.

ئەو ئەدیب و فەیلەسووفەی کە زۆرترین و گرنگترین پرسیاری قووڵی فەلسەفی خستە بەردەم سەدەی بیست، لە ڕۆژی 4 ی جینیوەری 1960 لەکاتێکدا لەگەڵ میشیل گالیمار و هاوسەرەکەی و کچەکانیدا لە ئوتومبێلێکدا بەرەو پاریس دەڕۆشتن، خۆی کێشا بە دارێکدا و کامۆ یەکسەر لەویادا، لەتەمەنی (46) ساڵیدا گیانی سپارد، ئەو خۆیی و ڕۆحە یاخی و توندەکەی بەرانبەر نادادپەروەری، لە گۆڕستانی "لور ماران" لە فەڕەنسە بەخاک سپێردرا.


ئەم بابەتە 140 جار خوێندراوەتەوە