Kaomo&Sartar.jpg

بەیانی مەرگی کامۆ بە گێڕانەوەی سیمۆن دی بۆڤوار

عه‌لى حسێن - وەرگێڕانی: سەباح ئیسماعیل

نامەکەی ئەلبێر کامۆ توند بوو، وەڵامەکەی سارتەریش ئازاربەخش بوو. سیمۆن دی بۆڤوار باسی ئەوە دەکات، بڕانی پێوەندیی نێوان سارتەر و کامۆ لە کۆتایی چیرۆکێکی خۆشەویستیی دەچوو، ئەم دانی پێدا دەنێت لایەنی سارتەری گرتبوو، لە "هێزی وشەکان"دا دەنووسێت: "کامۆ، لای من زۆر ئازیز بوو، ئیدی بەلای منەوە بوونی نەما".

هەر لە ساڵی 1951ی زاینەوە سارتەر و دی بۆڤوار قسەیان لەگەڵ کامۆدا نەکرد، بەڵام لە ڕۆژی مردنەکەی بە ڕووداوی ئۆتۆمبێل دوو وتاری جیایان لەسەر نووسی، وتارەکان لەوپەڕی ناسکی و وەفاداریدا بوون بۆ هاوڕێی ساڵانی ترس و ئازادی و خۆشیی، وەکو سارتەر لە پرسەکەیدا وەسفی کرد.

* * *

لە کۆتایی ساڵی 1959ز دا گالیمار دوا ڕۆمانی کامۆ، کە لە شێوەی ئۆتۆبایۆگرافیا بوو، بڵاوکردەوە، لەبەر ئەوەی هێشتا وادادەنرا سیمۆن دی بۆڤوار لەو ناکۆکییە لەگەڵ سارتەردا لایەن نییە، دانەیەک لە کتێبەکەی خۆی بۆ نارد لەگەڵ پێشکەشێک تێیدا هاتبوو: "دەزانم تۆ ئێستا ئەم کتێبە ناخوێنیتەوە، بەڵام ڕۆژێک دێت جێگەی بایەخت دەبێت". کامۆ نەیدەزانی پێشبینیی کۆتایی ناکۆکیی لەگەڵ سارتەر و دیبۆڤواردا دەکات، هەر پاش چەند هەفتەیەکی کەم لەگەڵ گالیماری خودان دەزگەی پەخش سەفەر دەکات، لە ڕێگە ئۆتۆمبیلەکە لە دەستی دەردەچێت و خۆی بە درەختێکدا دەکێشێت، بۆ سەرلەبەیانیی ڕۆژی داهاتوو دی بۆڤوار بەخدێی خۆی بە کپی ڕۆژنامەی دەخوێندەوە، چاوی بە وێنەی کامۆ کەوت خەڵتانی خوێنە، لەگەڵ مانشێتێکی گەورە:   "یاخییەکە مرد".

* * *

"سەرلەبەیانیی زوو لە شوقەکەیەوە بەرەو ئەو نەخۆشخانەیە ڕۆیشت تەرمەکەی کامۆی لێبوو، ئاپۆرایەکی گەورەی لە بەردەم نەخۆشخانەکەدا بینی، ترسا هەندێک بیناسن، بۆیە لە دەرگەی پشتەوە دزەی کرد، گەیشتە ژوورەکە، کەسی نەبینی جگە لە پەرستارێکی لاو، داوای لێکرد بە تەنێ لەگەڵ مردووەکە جێیبهێڵێت، چەرچەفەکەی ڕاکێشا، شوێنەواری خوێنی بە ڕوونی بە ڕوخسارییەوە بینی، ویستی بە تەنیشتییەوە ڕاکشێت، پەرستارەکە خێرا خۆی بە ژوورێدا کرد: "تکایە کاری وامەکە". هەستی بە ئازارێکی ترسناک دەکرد، هەوڵی دا چاوانی دابخات، لێ پەرستارەکە پێیگوت، کەسێک بەرەو ژوورەکە دێت، بە ئارامی کشایەوە، بە پەلە گەڕایەوە بۆ شوقەکەی، دانیشت تاکو بنووسێت. بۆ سەرلەبەیانیی ڕۆژنامەی (لیبراسیۆن) لە لاپەڕی یەکەم وتارێکی بڵاوکردبووەوە بە ناونیشانی (ساڵەکانمان لەگەڵ ئەلبێر کامۆدا) بە پێنووسی: سیمۆن دی بۆڤوار.


ئەم بابەتە 63 جار خوێندراوەتەوە