Akram_hawas.jpg

ئەو کاتەی مردنم باڵدەگرێ ئاسمان جلە شینەکەی فڕێداوەو دوکەڵی پۆشیوە

ئەکرەم هەواس

بەسەر شۆستەکانی مەراقدا

له ژێر نەرمە بارانی شوباتدا هەنگاو دەنێم

مژووڵی ئەندێشەی خۆمم

نازانم بۆ هەموو ساڵێک لە مانگی شوباتدا نا ئارام و ماندووم!

ڕەنگە هی ئەوەبێ، کە باوکە کرێکارەکەم لە ئایاردا لەگەڵ دایکمدا خەوتبوو!

بیر لەوە دەکەمەوە، کە بۆچی جەنگ بەخوڕ دەبارێت!

ئەی بۆچی خۆشبەختی ناتوانێ لەگەڵ کیسەڵیشدا پێشبڕکێ بکات!؟

گەواڵە هەورەکان لووتیان نابوو بە زەوییەوە

باران هەر نم نم بوو

منیش هەر لە بیری دڵی سارد و تەزیوی کیژۆڵەکان بووم،

کە نەبوونی؛ دۆستەکانیانی بۆ دوو عانەی ژیان ڕەوانەی گەرمەی جەنگ کردبوو،

ها ئەمڕۆ..ها سبەی

یان جەنگ کۆتایی دێت.. یان تابووتێک دێتەوە.

 

لەکەناری شۆستەکە سەراسیمە وەستاوم و

وێنەکەم لە ناو گۆماوەکە ڕاکشاوە و پڕ دەمی بووە

لە خاشاک و ناتوانم دەری بێنم،

سەرما ئیسقانەکانمی سمیوە

دەستەکانم بە هەڵمی دەمم گەرم دەکەمەوە

مژووڵی ئەو پرسیارەم، کە بۆم وەڵام نادرێتەوە،

جەنگ بۆ ئاشتی؟ ئاشتی بە جەنگ؟

ئەگەر شەڕ لە پێناو ئاشتیدایە، ئەی ئاشتی کوا بە شەڕ بەرپا دەبێ!؟

بە ئەستەم هەنگاو دەنێم، پێڵاوەکانم ماندووە

ماڵەکان دەرگاکانیان کراوەتەوە، لەچاوەڕوانیدا دایناخەن،

چونکە دەزانن باوکیان لەجەنگە،

یان لە زەرفێکدا بە مردوویی، یان بە زەرفێک شیرینییەوە دێتەوە

جار جار کۆکەڕەشەیەک، کە بۆنی بارووتی لێدێ تێکەڵ بە تەم دەکەم و

 ئیدی لەوێ غلۆر دەبمەوە ناو تەنگەبەرەکانی بیرکردنەوە،

 بە کەندەڵانەکانی خەیاڵا ئەڕۆم و دەستم ناگا بە گوێی هیچ وەڵامێک،

تا سەرقاپی دووکەڵاوی ئەو پرسیارەی پێ داخەم.

بەهەر حاڵ!

ئەم سەرمایە جگەرەیەک گەرمی نەکاتەوە، پەنجەکانم هەڵدەوەرن.

جەنگ تەنگی بەخەیاڵم هەڵچنیوەو ژیانی پێ خستوومەتە ناو پیڵاوی مردنەوە

خورپەیەک خۆی دەکاتە ناو ژووری خەیاڵی پەرتەوازەمداو مردنم پێ دەخاتە ڕستەوە

دەمەوێ ژاڵی خەیاڵم بگوشم تا شیعرێکی تاڵ بنووسم لەسەر مردن.

 

کاتێ مردنم باڵ دەگرێ

با تەرکی کۆڵانەکەم دەکات

ئاو دەبێ بە پەیکەر و لە ڕۆشتن پەشیمان دەبێتەوەتا دڵی ڕەق دەبێ.

درەخت چاوی زەرد هەڵدەگەڕێ وپرچێ سپی دەکا

جۆگەلە تابووتی گەڵا لەسەر شان هەڵدەگرێ و

چەم بە چەم تەرمەکەی دەگێڕێ لە کەنار ڕووبارێک پرسەی بۆ دائەنێ.

 

کاتێ مردنم باڵ دەگرێ

بەرد ڕق بوون لە دەست ئەدا

خۆڵ ئیتر هەناسە هەڵنامژێ

ژیان تۆف و بێ سەرو شوێن

هیچ شتێ ناچێتەوە سەر بوونی خۆی

هەموو شتێک ڕەنگی نامێنێ.

 

کاتێ مردنم باڵ دەگرێ

شیعر چاوی لە دەست ئەدا

ڕێگا ناباتەوە سەر پەیڤی تەڕ

ناتوانێ بە وشە دەست نوێژ لە باران بشوا

کەس فریای ناکەوێ، دوو ڕکات نوێژی هەڵبەستی بۆ داببەستێ!

 

کاتێ مردنم باڵ دەگرێ

هاوار خۆی دەکا بە ژێی دەنگداو

بە کپی لە سەر ئەژنۆ دەکەوێ

هەموو شتێک غەمگین،

تەنانەت خۆشم پرسە دەگێڕم!

 

ئەوکاتەی مردنم باڵ دەگرێ

ئاوێنەکەم ڕوو وەردەگێڕێ، ئیتر سەیری کەس ناکا!

عەینەکەکەم هێندە گریاوە، چاوی لە دەست داوە

پانتۆڵەکەم بێ نازەو، قاچی شکاوە

کراس و بلووزەکەم، لە ژووری خۆ گۆڕینەکەم بۆ پرسەی من

خۆیان هەڵدەواسن

ئیتر جوانی بکەنە بەر کێ!

گۆرەوییەکەم خۆی دەرمان خوارد ئەکا،

پێڵاوەکەشم مان دەگرێ، ئیتر بۆ هیچ شوێنێ ناچێ

هەموو کەس لەگەڵم دێ بۆ گۆڕستان، پێڵاوەکەم نەبێ.

 

ئەوکاتەی مردن هەناسەم دەکڕێ

من جەستەم ئەفرۆشم بە ژیان

کفنەکەم لەچاوەڕوانی دەکەوێ

دەستی تابووتەکەم دەگرم و دەڕۆم، بۆ ژوانی گۆڕەکەم

پێنووسەکەم چاوی خوێنی تیا زاوە

بە خەتی "بــا"

پرسەنامەکەیەک بۆ مەرگی من دەنووسێ

لەژێر ناونیشانی (کاتێ مردنم باڵ دەگرێ)

ئیدی زمانی شل دەبێ و بەردەبێتەوە

مەرگی من وەکو عەتر بڵاو دەبێتەوە

 

ئەوکاتەی مردنم ئەدا لە شەقەی باڵ

تەپڵەکی جگەرەکەم، هێندە خۆڵەمێشی کردووە بە سەردا

دەمی پڕبووە لە سووتوو!

بیری بیرکردنەوەکانی من دەکا

جگەرەکەم لە سووتان ڕزگاری دەبێ و

لە ناو نوێنی پاکەتەکەم دەنوێ

ئیتر چەرخەکەم بیر لە داگیرسان ناکاتەوە

هەر ئەو کاتە ماڵەکەم دەرگاکەی بەکراوەیی جێ دێڵێ

کزو مات.. دەست لە ئەژنۆ دادەنیشێ، ورتەی لێوە نایەت

خەڵک دێن سەرەخۆشی لە ئەلبوومی وێنەکان و شیعرەکانم دەکەن.

 

کاتێ مردنم باڵ دەگرێ

خاک دوکەڵ لە سنگی دەر دەپەڕێ، نیشتیمان پیر بووە ڕیشی سپی

لە ناو خۆڵەمێشی جەنگدا گەوزێنراوە

پەنجەکانی ئەلەرزێ، مرەکەبی هەڵبژادن تەریق دەبێتەوە،

لەوە بە دواو ڕەنگی مۆر دەکەن بەخوێن!

 

کاتێ مردنم باڵ دەگرێ

ژیان لە مندا دەنیشیتەوە

جەنگ کۆڵەپشتەکەی لە شان دەکات و

بە کووچەکانی ژیاندا دەیگێڕێ و گیان هەڕاج دەکات

منیش لە باوەشی گۆڕەکەم بە ئارامی نووستووم

نە دەنگی مردن دەبیستم و نە هاژەی جەنگ.

 

برووسکەیەک دەزووی خەیاڵم دەبڕێ و لەشیعرەکە دێمە دەرەوە،

لە ژێر خۆڵەمێشی باران ملی ڕێ دەگرم و دەگەڕێمەوە، نازانم لەکوێم!

شار وێران بوونی لە کۆش گرتووە و خۆڵی مردووی بەسەرا ڕێژراوە

بۆنی بارووت هەڵچزاوە بە هەموو جوانییەکان

هیچ شتێک ناناسرێتەوە

تەنانەت ئاسمانیش جلە شینەکەی فڕێ داوەو دووکەڵی پۆشیوە.

 

خودا هێزی ئەوەم بداتێ

هەرچی تفەنگە ئەکەم بە گیتار و

زایەڵەی فیشەک بە بڵندگۆ

مەیدانی جەنگیش بە ستەیجی سەما.


ئەم بابەتە 83 جار خوێندراوەتەوە