124042618_485863549055123_7897327640827629414_n.jpg

دەربارەی نووسەران لەمێژووی شانۆدا. سوساریۆن کێ بوو؟

چۆمان حەمە تەقێدینی

لێرەوە زنجیرەیەکی مێژووی شانۆ دەستپێدەکەین، کە بریتی دەبێت لە ژیان نامەی هەوەڵین نووسەر و ئەکتەرە مێژوویەکانی بواری شانۆ و کارکردن دەبێت لەو ڕوبەرە فراوان و دێرینەی یۆناندا کە لە پاشمانەوە جێماوە و لە ئێستاشماندا ئامادەیی هەیە. نووسەر و ئامادەکاری ئەم زنجیرەیە بەڕێز چۆمان ە و ئەم زنجیرەیە تایبەتە بە سایتی گەلاوێژ بەشی شانۆ.

زنجیرەی دووەم. دەربارەی نووسەران لەمێژووی شانۆدا.

سوساریۆن کێ بوو؟

گریک (یۆنان)ییە دێرینەکان ، یەکێک بوون لەو نەتەوە دێرینانەی کە جێ دەستیان دیارە لە مێژووی شارستانیەتی جیهانی دێرین دا ، و لە ناو شارستانیەتی گریک (یۆنان)ییە دێرینەکان ، خەڵکی دەوڵەتە شاری ئەسینا پشکی شێریان بەر دەکەوێت ، و لە ناو خەڵکی دەوڵەتە شاری ئەسینا و دەوڵەتە شاری میگارا گەلێک زانا و فەیلەسوف و ڕەوانبێژ و نووسەر و هونەرمەند دەرکەوتن ، کە توانیویانە ڕێڕەوەی مێژووی مرۆڤایەتی بگۆڕن ، و هەموو بوارەکان میگاراییەکانیش وەکو ئەسیناییەکان دەستێکی باڵاو دیاریان هەبووە ، و کە یەکێکە لەوانە هونەری شانۆ بووە ، و زۆرینەی سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن ، کە گریک (یۆنان)ییە دێرینەکان بە گشتی ، و هەروەها دەوڵەتە شاری ئەسینا بە تایبەتی بە داهێنەری هونەری شانۆ دادەنرێت لە مێژووی دێرینی مرۆڤایەتی دا ، کە بنچینەی هونەری شانۆ لە لە ناو شارستانیەتی گریک (یۆنان)ییە دێرینەکان ، دەگەڕێتەوە بۆ ئاهەنگ و بۆنە دینییەکان ، لە دەوڵەتە شارە جیاوازەکانی وڵاتی گریک (یۆنان) ساز دەکران ، کە ئەو ئاهەنگ و بۆنانە لە دەوری خواوەند (دیۆنیسس) یان (باخۆس) دەسورایەوە ، کە ئەو خواوەندە یەکێک لە خواوەندە نیشتەجێ بووەکانی چیای ئۆلیمپوس ، کە لە پارێزگای پێیریا لە هەرێمی مەکدۆنیای ناوەندی سەر بە وڵاتی  گریک (یۆنان) ی ئێستە هەڵکەوتووە ، خواوەند (دیۆنیسس) یان (باخۆس)  خواوەندی بەروبووم و داری مێوە بووە ، و هەروەها دواتر ئەو هونەرە واتا هونەری شانۆ لە گریک (یۆنان)ییە دێرینەکانەوە ، چووە ناو شارستانیەتەکانی تر ، وەکو میسری دێرین ، و میزیۆپامیا (دوو ڕووبارەکە)_کوردستانی دێرین ، و ڕۆمای دێرین.

  

ژیاننامەی سوساریۆن

سوساریۆن ، بە پێی زۆرینەی سەرچاوە مێژووییە دێرینەکان ، کە دەربارەی مێژووی هونەری شانۆ نووسراون ، بە یەکێک لە  نووسەرانی شانۆ دادەنرێت لە مێژووی هونەری شانۆ دا ، کە توانیویەتی هونەری شانۆ پێش بخات و داهێناێکی گەورەی تێدا کرد ، و هەروەها سوساریۆن  یەکێک لە شاعیرانی کۆمیدی شارستانیەتی گریک (یۆنان) ی دێرین بووە  ، کە لە ساڵی (580 یان 562پ.ز) لە دایک بووە لە خێزانێکی خانەدان ، و خەڵکی دەوڵەتی شاری میگارایە ، واتا لە شارۆچکەی میگارای سەر بە پارێزگای ئەتیکای خۆرئاوای وڵاتی گریك  (یۆنان) لە هەرێمی ئایتکای سەر بە وڵاتی گریك (یۆنان) لە دایک بووە ، و بەڵام سەرچاوە مێژووییەکانی دەڵێن لە شاری ئەسینای ئێستەی پایتەختی وڵاتی گریك (یۆنان) لە دایک بووە ، و بەڵام زۆربەی کاتەکانی ژیانی لە دەوڵەتە شاری ئەسینا بە سەر بردووە ، و سوساریۆن توانی گەلێک داهێنان بخاتە ناو هونەری شانۆی گریك  (یۆنان) ی دێرین ، ئەوەیش لە ڕێگەی نووسینی دەقە شانۆییەکانی لە ڕێگەی شیعری کۆمیدییەوە.

بە داخەوە هیچ بەرهەمێکی شانۆیی و نووسینەکانی  سوساریۆن نەگەیشتووەتە دەستی ئێمە و نەزانراوە تەواوی بەرهەمەکانی چەندە ، و واتا بەرهەمەکانی بە تەواوی فەوتاون ، بەڵام لە فێستیڤاڵەکانی تەواوی وڵاتی گریك  (یۆنان) ی دێرین بە دەقە شانۆییەکانی بەشداری کردووە ، کە زۆربەی دەقە شانۆییەکانی دەربارەی ، خواوەند (دیۆنیسس) یان (باخۆس)  خواوەندی شەراب بووە ، و هەروەها گەلێک جار خەڵاتی لێژنەی دادوەرانی فێستیڤاڵەکانی بە دەست هێناوە ، و بەڵام دەربارەی مردنەکەی نەزانراوە لە ساڵی چەندی سەدەی شەشی پێش زایین و لە تەمەنی چەند ساڵی دا کۆچی دوایی کردووە ، و بەڵام ئەوەی زانراوە لە شاری ئەسینای پایتەختی وڵاتی گریك  (یۆنان) لە هەرێمی ئایتکای سەر بە وڵاتی گریك (یۆنان) ئەسپەردەی خاک کراوە.

 

سه‌رچاوه‌کان

1_یاسین سابرساڵح: ئینسایکڵۆپیدیای گشتی-سلێمانی2005ز.

2_بهنام محەمەد پناه: نهێنییەکانی شارستانیەتی یۆنانی کۆن-وە: زاهیر محەمەد ڕەشید-سلێمانی2008ز.

3_ویل دورانت: مێژووی شارستانیەت/ بەرگی چوارەم-وە: عەبدوڵڵا رەسووڵی-سلێمانی2014ز.

4_لوتفی عوبدولوەهاب یەحیا: یۆنان ، سەرەتایەک لە مێژووی شارستانییدا-وە: د . سەنگەر حاجی-هەولێر2014ز.

5_ولیەم ستیرنس داڤیس: ڕۆژێک لە ئەسینای دێرین-وە: ئاوات ئەحمەد سوڵتان-تاران2020ز.

 


ئەم بابەتە 88 جار خوێندراوەتەوە