Xarib_Zahir.jpg

قورئان لەنێوان زمان و حەقیقەتدا، خوێندنەوەیەك بۆ هزری موعتەزیلە

غریب زاهیر غریب

دەروازە

 موعتەزیلە لەڕووی چەمكەوە بریتییە لەو ناوەی، كە بەكاردێت بۆ یەكەم و فراوانترین قوتابخانەی فەلسەفی و كەلامیی كە لەسەرەتاكانی سەدەی دووەمی كۆچیدا دەركەوت و چەند بنچینەیەكی ئەقڵیان هێنایە كایەوە بۆ بیرو باوەڕی ئیسلامی، وە لەشاری بەسرە دەستی كرد بە گەشەكردن و دواجار لە بەغدادی پایتەخت خۆی گرتەوە(١).

 بزوتنەوەی موعتەزیلە بە بەناوبانگترین شۆڕشی فكری دادەنرێ‌ لەمێژووی هزری ئیسلامیدا، ڕێچكەی موعتەزیلە لە سەردەستی (واسیلی كوڕی عەتا وعمری كوڕی عبید) دامەزراوە لە سەرەتای سەدەی دووەمی كۆچی لە نێوان ساڵەكانی (100ی كۆچی 110كۆچی)دا، سەبارەت بەو شوێنەی كە بیرۆكەی موعتەزیلەی لێوە دەرچوو بێگومان بەسرە بوو، ئەمیش بەهۆی ئەم گفتگۆیەی ڕوویدا لە نێوان واسیل كوڕی عەتا و حەسەنی بەصری سەبارەت بە مەسەلەی (بكەری تاوانی گەورە) لە شاری بەصرە بوو، پاشان لقی بۆ بەغداد درێژبۆتەوە(٢).

موعتەزیلەكان بە (پێنج بنچینەكە) ناوبانگیان دەركردووە، هەركەسێ‌ باوەڕیان پێبێنێت ئەوا كەسێكی موعتەزیلییە، بەڵام ئەگەر هەركەسێك شتێكیان لێ‌ لابەرێت یان لێی زیادبكات ئەوا لە موعتەزیلە نیە، ئەو بنەمایانەش یان ئەو بنچینانەش, كە بەگوێرەی گرنگیان ڕیزبەندكراون بریتین لە: (یەكتا پەرستی ـ التوحید، دادگەری ـ العدل، پاداشت وسزا ـ الوعد والوعید، شوێنێك لەنێوان دوو شوێندا ـ المنزلە بین المنزلتین، فەرمان بەچاكە و وازهێنان لە خەراپە ـ الامر بالمعروف والنهی عن المنكر).

هەركەسێك ناكۆك بێت لەگەڵ موعتەزیلەكان لەدرێژەدان بە لقێكدا ئەوە بەوهۆیە لێیان دەردەچێت، هەروەك چۆن (ابی حسین خەیات موعتەزلی) لەكتێبی خۆیدا بەناوی (الانتصار) گوتویەتی: (هیچ كەسێك پێی ناگوترێ‌ موعتەزیلە هەتا باوەڕی بە پێنج بنچینە و بنەما نەبێ‌ ئەوانیش بریتین لە: (یەكتاپەرستی، دادگەری، پاداشت و سزا، پێگەیەك لەنێوان دوو پێگەدا، فەرماندان بەچاكە و نەهی كردن لە خەراپە) هەركەسێك ئەگەر ئەم پێنج بنچینانەی كۆكردەوە پێی دەگوترێ‌ موعتەزیلە، ئەوە هەر پێنج ڕێچكەكانی ڕێبازی موعتەزیلەن، بۆیە هەركەسێك لەوڕێبازە لابداو ڕێگایەكی دیكە بگرێ ئەوە لەوان نیەو لێی بەرپرسیارنین(٣).

موعتەزیلە وەكو ڕەوتێكی ئەقڵگەرایی و هیومانیزمیی سەریانهەڵدا. كە كۆمەڵێ‌ كێشەی ئاینیی گرنگیان خستۆتەڕوو و هەندێ‌ پرسی فیكریی بنچینەیان چارەسەركردووە، ئەمانە خاوەنی ڕۆشنبیرییەكی دوولایەنی بوون و پشتیان بەهەردوو هزری ئیسلامیی و فەلسەفەی یۆنانیی بەستبوو، هەروەها ڕەهەندێكی ڕۆشنبیری و زمانەوانیان لە پرسی قورئاندا خستەڕوو و دانیان بەڕۆڵ و ئەقڵ و بەرپرسیاری ئەقڵیدا ناوەو پێیان وابوو ئەقڵ ڕۆڵێكی گرنگی لە خوڵقاندنی قورئاندا هەبووە، هەر تەنها دانپێدانیان بەوەی كە قورئان شتێكی خوڵقێندراوە ئەمە لە بەرامبەر دیاردەی سرووشدا هەڵوێستێكی دەگمەن دەنوێنێت، ئەمە لە ڕاستیدا هەڵوێستێكی تازە بوو، ئەم هەڵوێستەی موعتەزیلە كایەیەكی مەعریفی نوێی دەكردەوە كە توانای ئەوەی هەبوو ئەقڵیەتێكی ڕەخنەگرانەی وا بەرهەم بهێنێت ڕێك لەو ئەقڵیەتە بچێت كە لە سەدەی سیانزەهەمی كۆچی لە خۆرئاوای ئەوروپادا سەریهەڵدا، هەروەها ڕۆڵێكی باڵایان هەبووە لە وەرگێڕانیی دەقە فەلسەفیەكاندا، یان گفتوگۆ لەبارەی مرۆڤ و كردەوەكانی یەکێک لە پرسە عەقیدەییە دیار و کێشە لەسەرەکان بریتییە لە کێشەی (خەڵقی قورئان)، لەم لێكۆڵینەوەیەدا تیشک دەخەینە سەر پرسی دروستکراوێتی قورئان و بیرۆكەی خودایەتی لای موعتەزیلە، كە بیرۆكەیەكی ئەقڵیی پەتیی ڕەهایە، دوورە لە هەرشتێكی ئەستوویی و لاشەیی، هەموو سیفاتێك و خەسڵەتێكی خوایان ڕەتدەكردەوە، لێكدانەوەیەكی ئەقڵانی یان كردووە بۆ دەق لە هەردوو ڕووی بوونیە و ناوەرۆكەوە، ئەمەش هەوڵێكی جەریئانەبوو بە پێوەرەكانی ئەو سەردەمە، بەشێوەیەكی گشتی موعتەزیلەكان پێیان وایە كە خودا بە چاوی سەر نابینرێ‌ نە لەو دونیایەدا و نە لە ڕۆژی دوایدا.

بابەتی دروستکراوێتی قورئان یەکێکە لەمەسەلە گرنگەکانی لێکۆڵینەوە لە عەقیدە و بیروباوەڕی ئیسلامی، دوو قوتابخانەی سەرەکی ئیسلام، موعتەزیلە و ئەشعەری بەتەواوی لەم پرسەدا ڕۆچوون، لەبەرئەوەی دەربارەی یەکێک لە مەسەلە سەرەکییەکانی "سیفاتەکانی خودا" قسەکردنە (کلامی خوا)دەکات گفتوگۆ و مناقەشەکەی ئێمە لێرەدا دەربارەی پەیوەندی نێوان سیفاتەکانی خواو بوونی ئەزەلی خوایە، ئەشعەرییەکان بڕوایان وابوو، کە خودا بە وتەی خۆی کەلامی ئەزەلی خۆی قسەدەکات، بەڵام موعتەزیلەکان باوەڕیانوابوو، کە خودا بەبوونی خۆی (جەوهەری خۆی) قسەدەکات، ئەوانەی کە باوەڕیان وایە خوا بە بوونی (جەوهەری) خۆی قسەدەکات لەسەر ئەو بۆچوونەن کەخوا خۆی وتەی خۆی دروستکردووە، بەمانایەکی دیکە دەڵێن: قورئان بەشێوەیەکی سروشتی دروستکراوە، چونکە ئەویش بەشێکە لە دروستکراوەکانی خودا، لێرەدا موعتەزیلەکان دەیانەوێ خوا بەپاک ڕابگرن بەوەی کەهەموو سیفاتەکان ڕەتدەکەنەوە لەبوونی جەوهەری دا.

لەلای موعتەزیلەكان قورئان خەڵقكراوە و بەدیهێنراوە، بەڵام ئەگەر بەڕێگەی زمانیشەوە ئەم بابەتە شرۆڤە و ڕاڤە بكەین، جگە لەوەی كە قورئان بە زمانی مرۆڤەكان دارێژرابێ‌ دەشێت زمان وەك تێكشكێنەری پیرۆزی و هاوكات بناغەڕێژی پیرۆزی دابنرێت، بەڵام كێشەكە ئەوەیە گەر زمان پیرۆزییەكان ڕەتبكاتەوە ئەوا خۆیشی پیرۆزی لەدەستدەدات، بۆ نمونە بوونێكی هەقیقیانەی كردگار لە فیزیكدا تەنها بریتیە لە تێگەی (الله- خودا)، ئێستا ئەگەر جەوهەرە مێتافیزیكییەكەی واژەكە بریتییە لە تێگەیشتنی ئێمە و وێناكردنمان بۆ خودا هەڵگرین و تەنها لایەنی فیزیكی بهێڵینەوە، ئەوا شیاوە ئەو پیرۆزیەش هەڵگرین كەواژەی خودا لە خۆیدا هەڵیگرتووە، چونكە تەنها ڕووكەشی واژەكە وەك ناوێك دەمێنێتەوە.

ئامانجی سەرەكیمان دیاریكردن و باسكردن و هەڵسەنگاندن و شیكردنەوەی ئەو بۆچونانەیە كە موعتەزیلەكان پێی ناسرابوون یا خود بانگەشەیان بۆ دەكرد، بەمەش دەمانەوێت ئەو بەڵگە ئەقڵی و نەقڵیانە بخەینە بەرباس و لێكۆڵینەوە، كە موعتەزیلەكان بۆ سەلماندنی بۆچونەكانیان وەك بەڵگەیەك بەكاریان دەهێنان، ئەمەش سەرەڕای دەرخستن و نیشاندانی بەڵگەی ئەو كەس و لایانانەی كە دژی بۆچونەكانی موعتەزیلە بوون.

 تەوەرەی یەكەم/ خوداناسی وخەسڵەتەكانی (سیفاتەكانی)

 بیرۆكەی خودایەتی لای موعتەزیلە، بیرۆكەیەكی ئەقڵیی پەتیی ڕەهایە، دوورە لە هەرشتێكی ئەستوویی و لاشەیی، خودا جەستە و ڕەگەز و جەوهەر نییە، درێژی و پانی و هیچ نیشانیەكی نییە، نە كۆدەبێتەوە نە بڵاو دەبێتەوە، ناجوڵێت, چونكە جوڵە پێویستی بە گواستنەوە هەیە، خودا لە هەمووشتێك كۆنترە، چونكە ئەگەر شتێكی دیكە وەك و ئەو كۆن بێ‌ ئەوا فرە خوایی سەرهەڵدەدا، كەواتە خودا لەلای فكرەی موعتەزیلە یەكەو تەنهایە، ئەزەلیی و هەمیشەییە، لە خۆیدا پەیدابووە و لەسەروی ماددەو ڕۆحەوەیە، لەبەرئەوەی لە وێنەی ئەونییە لە شتەكانی گەردوندا، دەبێت هەموو نیشانە و سیفاتەكانی سلبی بن، كەواتە ئەو ماددە نییە، وەسف ناكرێت بەوەی كە جوڵاوە یا وەستاوە، ناگوترێت هەیە لە شوێنێكدا یا لەكاتێكدا و ناتوانرێت هیچ خاسیەتێك و سیفەتێكی بدرێتە پاڵ، چونكە ئەم زیادكردنە لە یەكچونێكە لەگەڵ شتە دروستكراوەكانی خۆی، گەر پێناسەی خودا بكەین بێ كۆتایی و تەواوە، پێویستی بە هیچ شتێك نیە هەموو زانینێكمان دەربارەی خودا ئەوەندەیە كە دروستكەری هەموو شتێكە، كە هیچ ئەقڵێك دەرەكی حەقیقەتەكەی ناكات. كەواتە موعتەزیلە دەڵێن گەر خودا تەنها بێت، چۆن دەشێت خاوەنی ئەم خاسیەت و سیفەتانەبێ، كە بەشێوەیەك لەشێوەكان جیا لە ئەو بوونیان هەیە؟ بە چ ڕێگایەك هاوبوونی ئەون؟ گەر لە جەوهەری خودادا شتێك هەبن، ئەمانە چین؟ موعتەزیلەكان لەو قەناعەتەدا بوون كە دانە پاڵی ئەو سیفەتانە بە ئادەمیزاد، دانانەكانی كە بوونەتە خوداكانی دیكە، لە ئەزەلەوە لە تەك خودادا هاوبوونن، بەمانایەكی دیكە، شێوەیەك لەفرە خودایی دەبەخشێ، كە ئەمە یەك ناگرێتەوە لەگەڵ خودی ئاینی ئیسلام و (واسیڵ كوڕی عەتا)ش لەو بارەیەوە دەڵێت: (ئەو كەسەی سوربێت لەسەر بوونی خاسیەت و سیفەتی ئەزەلی و ئەبەدی لەگەڵ خودادا، ئەوە فرە خواپەرستە)(٤) مەبەستەكەشی ڕوون و ئاشكرایە، كە ناكرێ‌ سیفاتی خوداوەند كۆنبن لەبەر ئەوەی كۆنی تەنها بۆ خودایە. 

ئەبوحەسەن ئەشعەری لە كتێبی مقالات الاسلامیین ئاوا باسی خودا دەكات لەلای موعتەزیلەكان (موعتەزیلە كۆكن لە سەرئەوەی كە هەرچی هەیە لە خودا ناكات و هیچ شتێك لە وێنەی نییە، خودا تاك و تەنهایە و چاوی لەهەموو شتێكە و گوێی لە هەموو شتێكە، واتا بینەر و بیسەریشە. ئەو (نێر، مێ، لاشە، تارمایی، وێنە، گۆشتە، خوێن و مرۆڤ) نییە(٥).

(مەسعودی)یش دەڵێ‌: ((موعتەزیلەكان بەگشتی باوەڕیان وابووە كە خودا لە هیچ شتێك ناچێ‌،(تەن ـ ڕەگەزـ بەش ـ جەوهەرنییە)، بەڵكو خوڵقێنەری ئەو شتانەیە واتا خوڵقێنەری (تەن ـ ڕەگەز ـ بەش ـ جەوهەرە) هیچ هەستێك دەركی پێناكات))(٦).

 خودا لەلای موعتەزیلە تەنهایە و یەكە و هیچ شتێك لەوێنەی ئەو نییە، لە بۆچوونەكەشیاندا پشت بەو ئایەتە قورئانییە دەبەستن كە دەفەرموێت: {لیس كمثله شئ} (سورە شوری/11) واتا " هیچ شتێك لەوێنەی نییە"، خودا بیسەر و دانایە و هیچ وێكچونێك لەنێوان خەڵكی و خودا نییە(٧).

(شەهرەستانی) مانای گوتارەكانی موعتەزیلە دەربارەی سیفاتی خودا جارێك دەداتە پاڵ فەیلەسوفەكان و جارێكی دیكەش دەیانداتە پاڵ مەسیحیەكان، (شەهرەستانی) دەڵێت:‌ یەكێك لەو رێسایانەیی كە (ئەبو هزیل) عەلاف لە هاوڕێكانیی جیادەكاتەوە كە دەڵێ‌: ((خاسیەت وسیفاتی خوا شایانی بیرلێكردنەوە نین بەڵكو بریتین لەخودی خودا، بەهۆی جەوهەریەوە دەزانرێت كە ئەو زانایە نەك لەڕێگەی سیفەتێكی جیا لە زاتی خودا، خوای گەورە بە زانست زانایەو زانستەكەش خودی خودایە، توانامەندە بە تواناو تواناكەش خودیی خودایە، زیندووە بە ژیان و ژیانیش خودی خودایە))، ئەوا ئەو ڕاوبۆچونەی لەو فەیلەسوفانە وەرگرتوە كە پێیانوایە خودی خودا هەر یەكەو زۆریی وفرەیی تێدا نییە و سیفەتەكانیش لەپشت خودەوە هیچ واتایەكی چەسپاویان نییە، بەڵكو سیفەتەكانیش هەرخودی خودان. جیاوازیی لەنێوان گوتەی: (زانایە خۆی لەخۆیدا، نەك زانایە بەزانست) و گوتەی: (زانایە بەزانست كە خودی خۆیەتی) بریتیە لەوەی كە یەكەمیان ڕەتكردنەوەی سیفەتەو دووەمیشیان سەلماندنی خودە، كەخۆی لەخۆیدا سیفەتە، یان سەلماندنی سیفەتە كە خۆی لەخۆیدا خودە، ئەگەر (ئەبوهزیل علاف)یش ئەم سیفەتانە وەكو ڕوویەك بۆ خود بسەلمێنێ‌، ئەوا هەر هەمان قسەو ڕای پیاوانی قەشەی مەسیحیەكانە(٨).

(ئیبراهیم نەزام) گوتویەتی: واتای قسەكەم، زانا، چەسپاندنە لە زاتی خودادا و ڕەتكردنەوەی نەزانییە تێیدا، وە واتای توانا كەباسی دەكەم چەسپاندنی توانایە و ڕەتكردنەوەی بێهێزی خودایە، وە مانای ژیان كە دەیڵێم نەمری خودایە و رەتكردنەوەی مردنییەتی، بەم شێوەیەش لە سەرجەم سیفاتەكانیدا بەم ریزبەندیە(٩).

موعتەزیلە لێكدانەوە (تەئویل)یان كردە بناغەی لێكدانەوەی ئەقڵی، بەتایبەتی بۆ لێكدانەوەی ئەو ئایەتانەی سیفەتی مرۆیی دەدەنە خوداوەند و بە بوونەوەری دەشوبهێنن بەپێی بۆچوونی موعتەزیلە، ئەقڵ نایگرێ‌ زاتی خوداوەند لەچەند شتی وەك بەش و ئەندام و مەودا و شوێن و كات و جەوهەر و قەبارە پێكهاتبێ‌، چونكە هەموو ئەوانە بە پێچەوانەی بیری یەكانەییەوەیە. دەكرێ‌ ئەو ئایەتانەی باس لەسیفاتی خودا دەكەن راڤە (تاویل) بكرێن و لێكدانەوەیەكی ئەقڵانیان بۆ بكرێ‌ بۆئەوەی لەگەڵ ئەقلدا بگونجێن، كەواتە مەسەلەی شوبهاندنی خودا بەمرۆڤ كێشەیەكی ئەقڵی بوو لەلای موعتەزیلەكان، هاوكات كێشەیەكی گەورەی نایەوە لەگەڵ (حەنبەلیەكان) و بەرامبەرەكانیان، حەنبەلیەكان قورئانیان بەمانا حەرفیەكەی وەرگرت بۆ نمونە قورئان كەدەڵێت: [يَدُ اللَّهِ فَوْقَ أَيْدِيهِمْ] الفتح: ١٠ ئەوان پێیانوابووە خودا دوو دەستی وەك دەستی مرۆڤی هەیە، یاخود كە قورئان دەربارەی خوا دەڵێت: [الرَّحْمَنُ عَلَى الْعَرْشِ اسْتَوَى ﱠ طه: ٥ وادەزانن كەخودا بەو پاشایە دەچێت كە لەسەر تەختی پاشایەتی دانیشتووە، یان پێیانوایە كە خودا ڕوو چاوی هەیە وەك لەقورئاندا دەڵێت: [وَيَبْقَى وَجْهُ رَبِّكَ ذُو الْجَلَالِ وَالْإِكْرَامِ ﱠ الرحمن: ٢٧

پێیانوایە خودا ڕووخساری هەیە و ڕووی هەیە، بەڵام موعتەزیلەكان هەموو ئەوانە وەكو شتێكی مەجازی وەردەگرن، بۆ نمونە ئەم دەربڕینەی كەخودا دەڵێت: {یدالله فوق ایدیهم} وەها لێكدەدەنەوە: خودا خاوەنی هێز وتوانایەكە لەسەرو هێز و توانای ئەوانەوەیە، واتا لەسەرو هێزو توانای مرۆڤەوەیە. لە خویندنەوە و لێكدانەوەی ئایەتی (الرحمن علی العرش استوی) موعتەزیلەكان پێیانوایە بەو مانایە كە (استوی) سەروەت و سامان و موڵك و توڕەبوونی خودا لە هەموو شوێنێكە و دژی ئەوانەن كە پێیانوایە خودا لە سەر تەختی خۆی دانیشتبێ‌، هەروەها موعتەزیلەكان پێیانوایە كە خودا لە هەموو شوێنێكە، خودا دروستكەری گەردونە و بەو پێیەی ڕۆحێكی ئازاد و ڕەهایە، لە دەرەوەی جیهان و تەواوی بوونەوەراندایە و نابێت هەمان ئەو خەسڵەتانەی هەبێت كە مرۆڤ لە ڕووی شێوە و جەستەوە هەیەتی، بەڵام حەنبەلیەكان ئەم لێكدانەوە مەجازییەی قورئان ڕەتدەكەنەوە و بەلادان و شێواندنی پەیڤی خودایی دەدەنە قەڵەم(١٠).

هەروەها موعتەزیلەكان دەڵێن: خودا لە هەموو شوێنێكدا هەیە و ئامادەیە و بەڕێوەبەری كارەكانە، و لەهەموو جێگایەكدا خۆی لەگەڵ كاروبارەكاندا گونجاندووە بە گوتەی (العلاف، الجعفری الاسكافی، هشام الفوتی) لەگەڵ ئەوەشدا هەندێكی دیكە پێیانوایە خودا شوێنی نییە(١١).

 تەوەرەی دووەم: موعجیزەی قورئان

لەگەڵ ئەوەی موعتەزیلەکان باوەڕی تەواویان بە ئەقڵ هەبوو و هەرشتێکیش کەوتبایە دەرەوەی سنووری ئەقڵ ڕەتیان دەکردەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، چەندین ڕای جیاوازیان هەیە دەربارەی قورئان و موعجیزەی پێغەمبەران، بەنمونە (ئیبراهیم نەزام) موعجیزەی ئەدەبی قورئان ڕەتدەكاتەوە، باوەڕی وایە موعجیزەیەک لەدەربڕینی قورئان و داڕشتن و ڕێکخستنیدا وەک کەلامێک نییە و خەڵکی دیکەش لەتوانایاندا هەیە، کە دەربڕینی لەو ئاستە لە ڕەوانبێژیدا دەرببڕن، ئەمە بە بەڵگەی ڕاستگۆی پێغەمبەر نازانێت، (نەزام) پێی وابووە لەقورئاندا وشەسازی هەیە، وشەسازی هۆکارە بۆ ئەوەی نەیارەکانی دژی بووەستنەوە، نەزام دەڵێت: ئایەت و ئیعجازەکانی قورئان پێکنەهاتوون لە هەڵوێستی نامۆ و شاراوە، لەڕوانگەی نەزام ئیعجازەکانی قورئان بریتین لە هەواڵ و ڕاگەیاندنی بارودۆخەکان لە ڕابردوو و ئایندەدا(١٢).

هەروەها (موسی المردار) كەپێشی دەڵێن راهیبی موعتەزیلە لەبارەی موعجیزەی قورئانەوە گوتویەتیی: خەڵكی دەتوانن بنووسن وەكو قورئان لە ڕووی: زمان پاراوی، ڕێكخستن، و ڕەوانبێژی(فصاحة، والنظم، البلاغة‌(١٣).

(هشام فوتی و عباد بن سلیمان) دوو لە موعتەزیلیە گەورەكان و لە بارەی موعجیزەی قورئانەوە گوتویانە: هیچ شتێك ناڵێین لەڕكابەری بەرامبەر خودا، هەروەها هیچیش ناڵێین كە باس لە دژایەتی پێغەمبەرایەتی (محمد) بكات، قورئانیش ناكەینە زانستی پێغەمبەر و پێیان وابووە قورئان ناتەباییە و قورئان لە داڕشتن و ڕێكخستنی موعجیزەنیە، دەشڵێن: شەقبردنی دەریا و گۆڕینی گۆچان بۆ مار و لەتبوونی مانگ و سەركەوتنی موسا بەسەر ساحیرەكانی فیرعەوندا و ڕۆشتنی بەسەر ئاودا ئەمانە هیچی بەڵگەنین لەسەر ڕاستی پێغەمبەرایەتی و بانگەوازەكەیان(١٤).

یەكێكی دیكە لە ڕێبەرانی موعتەزیلە كە باسی موعجیزەی قورئانی كردوە (جاحیز)ە كە قوتابی (نەزام) بووە هەرچەندە (جاحیز) خۆی كتێبی لەسەر دارشتن و رەوانبێژی و ڕێكخستنی قورئان نووسیوە ڕەنگە كتێبی (نظم القرآن) یەكەم كتێبی لەم جۆرەبێت، هەڵبەتە (جاحیز) لە كاتێكدا ئەمە دەڵێت كە پێیوایە قورئان خاوەن داڕشتنێكی جوانكاری و خەڵكی ئاسايی توانای دروستكردنی شتی لەم جۆرەیان نەبوە لەو سەردەمەدا(١٥).

موعتەزیلەكان گوتویانە سەرسامیی و موعجیزە لەڕێكخستنیی قورئاندا نییە، نكۆڵی لە گشت موعجیزەكانی قورئان دەكەن وەكو لەتبوونی مانگ هەروەها لە سەر ئەم فەرموودەیەی كە(عبداللە كوڕی مسعود) دەیگێڕێتەوە لەسەر ڕوداوی لەتبوونی مانگ لەسەر دەستی پێغەمبەر ئیبراهیم نەزام دەڵێت: ئەمە درۆیەكی ئاشكرایە، چونكە خودا كارێكی ئاوا بۆ تاكە كەسێك ناكات، یان چۆن كەس بە لەتبوونی مانگی نەزانیوە و مێژوونوسان باسیان نەكردووە و شاعیرەكان ئاماژەیان پێینەكردوە هیچ كافرێكی پێ موسڵمان نەبووە، ئەم ئایەتەش: اقْتَرَبَتِ السَّاعَةُ وَانشَقَّ الْقَمَرُ ﱠ القمر: ١

بەم جۆرە تەفسیردەكەن كە لەتبوونی مانگ نزیكبۆتەوە نەك لەتبوبێ‌، وە نكۆڵی لە عەسا و گۆپاڵەكەی موسا دەكەن(١٦).

سەبارەت بەم ئایەتەش كە خودا دەفەرموێت: [ قُل لَّئِنِ اجْتَمَعَتِ الإِنسُ وَالْجِنُّ عَلَى أَن يَأْتُواْ بِمِثْلِ هَـذَا الْقُرْآنِ لاَ يَأْتُونَ بِمِثْلِهِ وَلَوْ كَانَ بَعْضُهُمْ لِبَعْضٍ ظَهِيراً ﱠ الإسراء: ٨٨ موعتەزیلەكان ئەم ئایەتە بەم شێوەیە لێكدەدەنەوە، كە خودا هیچ مەبەستی نەرێكردنی موعجیزەی قورئان نییە، تەنها پێداگری پێغەمبەرایەتی دەكات لە بێمنەتی عەرەبەكان لە دژایەتی وەكو خۆی، موعتەزیلەكان ڕوو دەكەنە ئەوانەی كە باوەڕیان وایە قورئان موعجیزەیەكی ڕەهایە و پێیان دەڵێن، ئێوە دەڵێن قورئان خۆی موعجیزەیە وئەوەی نكۆڵی لەمەدەكا با لەجۆری ئەو سورەتێكمان بۆ بهێنێ‌، گەر مەبەستان لە جۆری قورئان زمانەكەیەتی، دەتوانین هەزار نمونەتان لە قسەی گوتاربێژ و ڕەوانبێژان و شاعیران بۆ بهێنینەوە، كە لەڕووی داڕشتن و وشەسازیەوە پاراوتر و لەڕووی مانەوە چڕوپڕتڕ و لەڕووی گەیاندنەوە بەهێزتر و لەڕووی ئیقاعەوە شیعری تر، گەر بەوانەش قەناعەت ناكەن، ئێمەش داوا لە ئێوە ئەكەین نموونەی لەوانەی ئێمە جوانترمان نیشانبدەن، كەواتە مەسەلەی بێ وێنەیی قورئان لەلای هەندێك لە موعتەزیلیەكان پەیوەندی بە ئیعجازەوە نییە، بەڵكو پەیوەندی بەدەسەڵاتی هونەریی وتوانای داڕشتن و هێزی دەربرین و زمانەوە هەیە، ئەوەش بە موعجیزە دانانێن، بەڵكو ئەمانەش پەیوەندیان بە بەهرەو لێهاتوویی تاكە كەسیەوە هەیە و هەرگیز بەرهەمی كەسێ بە بەرهەمی كەسێكی دی ناشوبهێندرێ‌ و ناشێ‌ هاوتایی یەكتربن و كتومت لەیەك بچن(١٧).

(قازی عبدالجبار) لە (ئەبوهزیل)ەوە دەگێرێتەوە كە هۆكاری پێوابوونی ئەوەی كە قورئان معجیزەیە، نەبوونی دژایەتی بووە لەناو خودی عەرەبەكان، دەڵێ‌ پێغەمبەر لەگەڵ كافرەكاندا شەڕی دەكرد، بەڵام چونكە نەیانتوانی قورئان دروستبكەن ڕوویان لەكارێكی دیكەكرد، (قازی عبدالجبار)یش گوتویەتی: ئێمە ئەوە بەكەلامی خودا نازانین كە هەر گوێمان لێیبێت، ئێمە ئەوە بەكەلامی خودا دەزانین كە موعجیزە بێت دەلالەت بكات لە سەر ڕاستی پێغەمبەر، و هەواڵمان پێبدات كە كەلامی خودایە، بەڵام موعجیزە نییە، بەڵام كردویە بە بەڵگەیەكی پتەو بۆ ئێمە لەداناییەكان بەتایبەت لایەنە زانستی و ئەحكامەكانی تا بۆی بگەڕێینەوە لە حەڵاڵ وحەرام دا، كەواتە ئەوەیە دەیبیستین و دەیخوێنینەوە لەم رۆژەدا(١٨).

كەواتە مەزهەب و ڕێبازی موعتەزیلە پشتی بە ئەقڵی ڕووت بەستبوو، لە بەرئەوەش كە لایەنی و پڕۆسەی (موعجیزە) لە سەروو چوارچێوەی ئەقڵەوەیە، بۆیە دەبینین موعتەزیلەكان بە چاوی وریایی و سڵكردنەوە و گومانەوە سەیری دەكەن، ئەوان پێیان وایە مرۆڤ لە ڕەفتار و كردەوەی خۆیدا بەتەواوەتی ئازاد و سەربەستە و تەنها لە ژێر ڕووناكی عەقڵ و هێزی فكردا دەتوانێ‌ لە ڕاستی شتەكان تێبگات، لای ئەمان عەقڵ ئەو هێزەیە كە دەتوانێت لەوەحی تێبگات و لێكیبداتەوە ئەگەر مانایەك لە ماناكانی قورئان لەگەڵ عەقڵ و لۆژیكدا ناكۆكبوایە ئەوا دەقەكەیان بە جۆرێك تەئویل دەكرد كە لەگەڵ دەقەكەدا بگونجێ‌، بە بۆچونی موعتەزیلە مەعریفە لە وەحیەوە لە دایك نابێت، بەڵكو لەعەقڵەوە دروستدەبێت، بۆیە خودی وەحی خۆشی دەبێت لەڕێگای عەقڵەوە لێكبدرێتەوە، ژمارەیەكی زۆر لە موعتەزیلەكان دەیانگوت نووسینی قورئان و باشتر لەویش شتێكی نامومكین نیە لەوەی كە دەگوترا قورئان كتێبێكی ئاسمانیە و لە مەنبەعی وەحیەوە نازڵبوە نارازی بوون، هەروەها باسی ئەو موعجیزانەی لە قورئاندا هاتبون بە دڵیان نەبووە، ئەوەی كە دەریا بۆ پەڕینەوەی بەنی ئیسرائیل بە ڕێبەری (موسا) ووشك بوبێ‌ و عەسا و گۆپاڵی (موسا) وەكو ئەژدیهای لێهاتبێ‌ و (عیسا) مردوی زیندوو كردبێتەوە بە چاوی گومانەوە لێیان دەڕوانی و ڕەتیان دەكردەوە، هەروەها پێغەمبەری ئیسلامیان دەدایە بەر هێرش و دەیانگوت ژنەكانی پێغەمبەر زیاتر لە ئەندازەن و لە حاڵەتێكدا قورئان لە (سورەتی نسا‌ء ئایەتی 3) دیاریكردووە بەوەی كە هەر پیاوێكی موسڵمان هەقی چوار ژنی هەیە(١٩).

 تەوەرەی سێیەم: سەرەتایەک لەبارەی پرسی خەڵقی قورئان

كێشەی خەڵقی قورئان لەگەڵ مێژووی موعتەزیلەیە، ئەم فكرەیە لەسەردەمی عەباسیەكاندا گەشەی كرد، چونكە ئەوان ئەو كێشەیان وروژاند، ئەو كێشەیە بیروبۆچونی خەڵكی بەخۆیەوە سەرقاڵكردبوو، بەتایبەت لەسەردەمی سێ‌ خەلیفەی عەباسی (مەئمون و موعتەصەم و واسیق) كە گرنگی زۆریان بەو مەسەلەیە دەدا(٢٠)، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو كێشەیە لە پێش سەردەمی ئەو خەلیفانەشدا هەبووە، لەهەندێك سەرچاوە ئیسلامییەكاندا هاتووە، كە كێشەی خەڵقی قورئان لە كۆتایی دەوڵەتی ئەمەویدا سەریهەڵداوە لە سەر زمانی (جعد كوری درهم)ی مامۆستای (مەروان كوڕی محمد)ی دوا خەلیفەی بەنی ئومەوییە لە دیمەشق، پاشان داواكرا و ڕای كرد لەترسی بیروبۆچونەكانی، پاشان چووە (كوفە) لەوێشدا بە دەستی والی كوفە (خالیدی كوڕی عبداللەی قەسری) لەبەر ئەو قسەیە واتە لەبەرباوەڕبونی بە (خەڵقی قورئان) كوشتی، لەدوای جەعد (جەهم كوڕی صفوان) كە خاوەنی ڕێبازی (جەهمیە) لە ئەوەوە فێربوبوو (جەهم) دەیگوت: خوا كەلامی نییە و قسە ناكات، ئەوەش لەبەر بە دورگرتنی خودا لەوەی بەشتە پەیدابووەكان بچێت، بۆیە دەیگوت قورئان مەخلوقە و ئەزەلی نییە، ئەویش لە كۆتایی خەلافەتی ئومەوییەكاندا لە ساڵی (128)ی كۆچیدا بەدەستی (سالم كوڕی ئەحوز) كوژرا، دەشگوترێت (جعد كوری درهم) ئەم بۆچونەی لە (ابان بن سمعان) وەرگرتووە، ئەویش لە (تاڵوت كوڕی اعصم الیهودی)یەوە وەری گرتووە(٢١). ابن قتیبە گوتویەتی: (یەكەمین كەس كە قسەی لەبارەی خەڵقی قورئان كردبێت (مغیرە كوڕی سعید عەجلی) بووە، كە لە پەیڕەوانی (عبداللە كوڕی سبأ الیهودی) بووە، هەروەها موعتەزیلەیەكی دیكە بەناوی (بشری كوڕی غیاس مریسی) قسەی لەبارەی خەڵقی قورئانەوە كردووە و باوەڕی وابووە قورئان وەكو هەموو شتەكانی دیكە دروستكراوە و لەسەردەمی هارون ڕەشیدا ژیاوە هەر لەبەر ئەم پرسەش دواجار هەڵاتووە و خۆی شاردۆتەوە لە ترسی هارونە ڕەشید(٢٢)، بێگومان یەهودییەكان كاریگەرییان هەبووە لەدەركەوتنی موعتەزیلەكان و گومان دەبرێت یەهودیەكان بن نووسراو و یاداشتیان لەبارەی خەڵقی قورئان بڵاو كردۆتەوە، یەكەم جار گوتویانە "تەورات خەڵقكراوە و كەلامی خودایە" دواجاریش قورئانیان خوێندۆتەوە و گوتویانە: قورئان مەخلوقە، (ئیبن ئەسیر) دەگێڕێتەوە كە یەكەم كەس یاداشت ونووسراوی لەبارەی خەڵقی قورئانەوە بڵاوكردبێتەوە (لبید كوڕی ئەعصم) بووە، (لبید) قورئانی خوێندۆتەوە و گوتویەتی "قورئان مەخلوقە"، پاشان (تاڵوتی كوڕی خوشكی لبید) ئەم مەقالەیەی لە لبید وەرگرتوە و بڵاوی كردۆتەوە كە قورئان خەڵقكراوە(٢٣).

 دەگێڕنەوە كەسێك هەبووە لە سەردەمی ئومەویەكاندا بەناوی (یوحەنای دیمەشقی) كە قەشەیەكی مەسیحی بووە قسەی لەبارەی خەڵقی قورئانەوە كردووە، پێیوابووە "مادام موسوڵمانەكان قورئان بە كەلامی خودا دەزانن و وا دەزانن كۆنە كەواتە مەسیحیش كەلیمەی خودایە و كۆنە" لەبەرئەوە موعتەزیلەکان جەخت لەوەدەکەنەوە قورئان مەخلوقە، دەکرێت وەک پێچەوانەی باوەڕی مەسیحی سەبارەت بە بەرجەستەبوون سەیربکرێت، لەڕاستیدا ئەوان پێیانوایە ئەوەی بڵێت قورئان وشەی نامەخلوقی خودایە کە لەزەمەندا لە قاڵبی گوتارێکی عەرەبیدا خۆی دەرخستووە هەمان مانای درکاندوە کە مەسیحیەکان سەبارەت بە بەرجەستەبوون دەیڵێن، کە مەسیح وشەی نامەخلوقی خوادایە و خۆی لەزەمەندا و لە شێوەی مرۆڤێکدا دەرخستووە، چونکە جیاوازیی نێوان عەقیدەی قورئانی نامەخلوق و عەقیدەی بەرجەستەبوونی خودا لە مەسیحدا لە سرووشتی وشە پیرۆزەکە کەلام خۆیدا نییە، بەئەندازەی ئەوەی لەشێوەی دەرکەوتنیدایە، لەکاتێکدا بەلای مەسیحیەتەوە وشەکە لەجەستەی مەسیحدا کرا بەگۆشت، هەمان وشە لێرە لەقورئاندا کرا بە بەیانكردن(٢٤).

بەهۆی ئەو پەیوەندیە ئەقڵیەی كە لەنێوان مەئمون وموعتەزیلەدا هەبوو، لە هەموو ئیش و كارێكی تایبەتی و گشتیدا پرس و ڕاگۆڕینەوە هەبوو لەنێوانیاندا، دواجار لە ساڵی (212) كۆچی لەكۆشكی خەلافەتەوە ڕایگەیاند كە قورئان مەخلوقە، لەو بارەیەوە گفتوگۆی لەگەڵ ئەوانەكرد كە ئامادەی دانیشتنەكان دەبوون وە لەوێدا بەڵگەو دەلیلەكانی خۆی دەهێنایەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بڕوای تەواوی بە ئازادی ڕادەڕین هەبوو، كەواتە زۆری لێنەكردن بێنە سەر بیروبۆچونێك كە باوەڕیان پێی نیە یان نەیدەخستنە سەر فیكرەیەك كە پێیان قەبوڵنەدەكرا، بەڵام لەساڵی(218)ی كۆچی كە هەر ئەو ساڵەش بوو كۆچی دوایی كرد، بەهۆی موعتەزیلەكانەوە وای بەباش زانی كە بانگی خەڵكی بكات بە هێزی دەسەڵات بۆئەوەی بێنە ژێر باری ئەوەی كە بڵێن "قورئان مەخلوقە"، كەواتە مەئمون كێشەی خەڵقی قورئانی لەساڵی(212)ی كۆچی بەدەرخست، بەڵام خەڵكی ناچارنەكرد بۆ ئەم بابەتە، تا ساڵی (218)ی كۆچی و بە فەرمی ڕایگەیاند كە خەڵكی ئیسلامی بەگشتی بەوە ڕازیبن كە "قورئان مەخلوقە"بۆ ئەوەی خەڵكی گوناهبار نەبن بەوەی كە نایزانن(٢٥).

 تەوەرەی چوارەم: ڕاڤەی تەئویلی قورئان لای موعتەزیلە

موعتەزیلەکان یەکێک بوون لەو گروپانەی کە پشتگیری ئەوەیان دەکرد کە قورئان دروستکراوە، بە گوێرەی بۆچوونی (قازی عبدالجبار): قورئان وتەو پەیامی خوایە کە لە سروشتدا ئافرێنراوە، وە دابەزیوە بۆ سەلماندنی پێغەمبەرێتی (محمد)، لەڕووی سیفاتەکانی خواوە()، موعتەزیلە ووتویانە خودا خەسڵەتی (صیفاتی) واتایی نییە، وەك (بینین، بیستن، زانست، توانا، ژیان، كەلام)، جگە لەو خەسڵەتانەش كە لەقورئاندا هاتوون تەئویلیانكردون و باوەریان وایە ئەو شتانە ناون بۆ خودا خەسڵەتنین، لەبەرئەوە گوتوویانە خودا كەلامی نیە، نكۆڵیان لەوە كردووە كە خودا قسەی كردبێت ئەوەی كە لەقورئاندا هاتووە كە قسەكردن دراوەتە پاڵ خودا، وەك لە فەرمودەی خودا هاتووە كە دەفەرموێ‌: [وَكَلَّمَ اللّهُ مُوسَى تَكْلِيماً ﱠ النساء: ١٦٤

تەئویلیان كردوە بەوەی كە خودا خەڵقی كەلامی كردووە لە دارەكەدا، وەكو دروستكردنی هەرشتێكی دیكە، ئەوەش لەبەر ئەوە وایە كە حەقیقەتی موتەكلیم كرداری كەلامە نەك ئەو كەسەی كەلامەكەی پێوە وەستاوە(٢٦)، (ئەبو حەسەن ئەشعەری) دەڵێت: نەک تەنها موعتەزیلەکان بەڵکو خەواریج و مورجیئەکان و زۆربەی ڕافیزەکان وهەندێ لە زەیدییەکانیش هەمان بیروبۆچونیان هەیە(٢٧).

(جاحز) لەكتێبی (خەڵقی قورئان)دا بۆچونی هاوڕێكانی كۆكردۆتەوە و گوتویەتی: قورئان جگە لەوەی جیسم و ڕواڵەت ودەنگە، دەنگی بە بڕگەكراو چەندین پیتی ڕێكخراون، جێگەو شوێنی هەیە، بیستراوە و بینراوە، دانەری هەیە وە خاوەن وەزن وقافیەیە، هەر حەرفە لە شوێنی خۆی دانراوە و بڕگە بڕگە كراوە، پێویستیشی بەهیچ نیە، لێكترازاو و بەیەكەوە لكاوە، كۆكراوەو لێكجیاكەرەوەیە، گونجاوە و شمولی زیادە و شمولی كەموكورتیش دەكات، شایانیی لە ناوچون و مانەوەیە، وە هەموو ئەوشتانەی هەیە كە جسیم وقەبارە هەیانە هەیانە، لە ڕاستیشدا هەرشتێك وەك ئەم بێ‌ مەخلوقە ودروستكراوە، كەواتە قورئان مەخلوقە(٢٨).

موعتەزیلەكان جیاڕان لەوەی كەلامی خودا جەستە و ڕواڵەتە (یا جێگا و شوێنی هەیە؟). بەپێی بۆچونی هەندێكیان كەلامی خودا جەستەیە، ئەویش هەبووە، هیچ شتێكنیە جگە لەجەستە، ئیبراهیم نەزام پێی وایە كەلام ڕواڵەت وجوڵەیە، كەلامی خوداش جەستەیە، لەبەر ئەمەشە كەلامی خودا دروستكراو نوێیە، قورئان جێگاو شوێنی هەیە و لە پیت و دەنگ پێكهاتووە، هەرشتێكیش جێگاو شوێنی هەبێ‌، قەبارەی هەیەو قابیلی لەناوچوونە، زاتی خوداوەندیش قەبارەی نیە، بەڵام قورئان بریتیە لە پیت ودەنگ ودەخوێندرێتەوە و دەبیسترێت شوێنی ئەم پیت ودەنگانە، ئامرازەكانی پەیڤین(نطق) گوێگرتن (السمع)ن، هەر ئەو پیتانە لەسەر كاغەزن ودەكرێ‌ چەندین وێنەیان لەبەر بنووسرێتەوە، كەواتە شوێنیان هەیە، هەر شتێكیش شوێنی هەبوو، قەبارەی هەیە، قەبارەش تەنە، ئەم پیت ودەنگانە كە قورئان پێكدەهێنن دوای ئەوەی لە دەم دەردەچن ودەبیسترێن، لەناودەچن، بەمەش لەجەوهەرەكەی دوور ئەكەوێتەوە كە خوداوەندە، خوداوەندیش نە شوێنی هەیەو نە قەبارەو نە لەناو دەچێ‌، لەمەوە موعتەزیلە گەیشتوونە ئەوەی كە قورئان نە ئەزەلیەو نەهاوتای خوداوەندە، بەڵكو وەك وهەر شتێكی دیكە درووستكراوە، کەواتە قورئان داڕێژراوەو کۆکراوەتەوە و ئەمانەش هەموو سیفەتی شتە مەخلوقەکانن، ئەمە سەرباری ئەوەی کە هاتووەتە خوارەوە ولە کاتێکی مێژوویی و دیاریکراودا لەسەر زمانی کەسێک بەیان کراوە بەپێی تێڕوانینە ئاینیەکان، خۆی قورئان لە (لەوحی مەحفوظ) دایە خودا لەوێدا خوڵقاندوییەتی، هەر بۆیە ئەوەی کە لەسەر زاری خەڵکە و ئێمە دەیخوێنین، لە ڕاستیدا کەلامی خودا نییە، چونکە ناکرێت یەک شت لە یەک کاتدا لە دوو جێگە بوونی هەبێت(٢٩).

موعتەزیلە لەبابەتی مێژووی بونی قورئانیش باوەریان وایە، قورئان وەك خودا سەرمەدی نیە، بەڵكوخوا خۆی لەساوەختێكدا خوڵقاندویەتی و هێناویەتییە ئارا، واتە قورئان بریتیە لە تەرجەمەكردنی ئیرادەی خودا و دواجار ئەم ئیرادەیە لەكتێبێكی پیرۆزدا بەرجەستەبووە، تاكەشتێك ئەزەلی بێت و دروستنەكراو بێت، تەنها خوا خۆیەتی، كەواتە قورئان بەبۆچونی ئەوان نەبەشێكە لە خواو نەخوداش خۆیەتی، بەڵام نیشاندەر و بەرجەستەكاری قسەی خودایە، قورئان ئەگەر بەو شێوەیەی لەكتێبێكدا بەرجەستەبووەو هەستی پێدەكەین و دەیخوێنینەوە، وەكو خودا ئەزەلی بێت، ئەوە مانای ئەوە دەگەیەنێت كە دوو خودا لەجیهاندا هەیە نەك خودایەك، ئەمەش شتێكی مەحاڵە و لەگەڵ ئایەتەكانی قورئاندا خۆیدا ناكۆكە، كەواتە قسەی خودا ڕووداوە، ئەزەلی نیە واتە كۆن نییە، هەروەها دەڵێن: ئەگەر هاتوو قسەی خودا ئەزەلی بێ‌، ئەوە فەرمان و ڕەتكردنەوە و گێڕانەوە، هەواڵ و هەواڵگری، لە ئەزەلی نابێ‌ بچەسپێنرێ‌، لەبەر ئەم هۆیانەی خوارەوە:

یەكەم: هەرگیز نابێ فەرمانی خودا هەر هەبووبێت.

دووەم/ هەرگیز ناكرێ‌ قسەی خودا لەگەڵ خودی خۆی بووبێت، بەڵگەش بۆ ئەمە (قازی عبدالجبار) دەڵێ‌: خودا ناكرێ‌ خۆی قسەكەر و خۆی گوێگربێت، چونكە هەردەم قسەكەر بۆ ئەوانی دیكەبووە، ئەمەش لقێكە لە سەلماندنی ئەو ڕاستیەی كەلام، بەپێی ئەو ڕوداو و چیرۆك و بەسەرهاتانەی كە باس كراون لە قورئاندا كە سەرەتا و كۆتاییان هەیە ئەمەش دەلالەتی سەلماندنی خەڵقی قورئانە(٣٠).

موعتەزیلە لە دەقەکانی قورئان خۆی و دواجار بەڵگەی ئەقڵیش زۆر دەهێننەوە، بۆ ئەوەی بیسەلمێنن کە قورئان مەخلوقە و دروستکراوی خوایە، تێگەیشتنی لۆجیکی بەکارهێنانی (تەئویل) بوو یەکێک لە ڕێگا سەرەکیەکانیان بۆ لێکدانەوەی ئایەتەکانی قورئان ئەوە خودایە دەفەرموێ‌: {الله خالق كل شئ} (الوعد/106)واتە (خودا بەدیهێنەری هەمووشتێكە) قورئانیش كتابە و شتە كەواتە قورئانیش بەدی هێنراوە.

خودا دەفەرموێ‌: [ هُوَ الْأَوَّلُ وَالْآخِرُ وَالظَّاهِرُ وَالْبَاطِنُ وَهُوَ بِكُلِّ شَيْءٍ عَلِيمٌ ﱠ الحديد: ٣ بەڵگەیە لەسەر خەڵق و ڕوودانیی قورئان، چونكە ئەگەر هاتوو كۆنبێت ئەوە بوونی خودایە لە سەرەتادا، بەڵام ئەگەر وابێ‌ دەبێتە فرەخودای ناشكرێ‌ لەیەك كاتدا چەندین خوا هەبن، كەواتە هەر خودایە یەكەمینە و كەس پێش ئەو نەبووە، دواهەمینە و كەس دوای ئەو نامێنێت.

[إِنَّا جَعَلْنَاهُ قُرْآناً عَرَبِيّاً لَّعَلَّكُمْ تَعْقِلُونَ ﱠ الزخرف: ٣ چێكردنی قورئان پێویست دەكات، چونكە بوون و كار لەڕاستیدا وەك یەكن، موعتەزیلەكان جەختیان لەسەر ئەوەكردۆتەوە كە (جعل) بەمانای (خەلق)دێ‌.

خودا دەفەرموێ‌: [إِنَّا أَنزَلْنَاهُ فِي لَيْلَةِ الْقَدْرِ ﱠ القدر: ١ [إِنَّا أَنزَلْنَاهُ قُرْآناً عَرَبِيّاً لَّعَلَّكُمْ تَعْقِلُونَ ﱠ يوسف: ٢- زمانی عەرەبی دەلالەت لەسەر ئەوە دەكات كە(أنزل)بۆ واتای خەڵق و بەدیهێنان بەكاردێت، كەواتە هەرشتێ‌ خودا بەدی بهێنێ‌ ئەوە خەڵقی كردووە، هەتا لە خودی قورئانیش هەر بۆ ئەم مەبەستە بەكارهاتووە، لە فەرموودەی خودادا هاتووە: [ لَقَدْ أَرْسَلْنَا رُسُلَنَا بِالْبَيِّنَاتِ وَأَنزَلْنَا مَعَهُمُ الْكِتَابَ وَالْمِيزَانَ لِيَقُومَ النَّاسُ بِالْقِسْطِ وَأَنزَلْنَا الْحَدِيدَ فِيهِ بَأْسٌ شَدِيدٌ وَمَنَافِعُ لِلنَّاسِ وَلِيَعْلَمَ اللَّهُ مَن يَنصُرُهُ وَرُسُلَهُ بِالْغَيْبِ إِنَّ اللَّهَ قَوِيٌّ عَزِيزٌ الحديد: ٢٥ ئاسن لە زەوی دەردەهێنرێ‌ و پەیدا دەبێ‌، ناكرێ‌ بڵێین ئاسن لە ئاسمانەوە دادەبەزێ‌! كۆنیش پێش خودا نەكەوتووە.

هەروەها دەفەرمووێ‌: [ الَر كِتَابٌ أُحْكِمَتْ آيَاتُهُ ثُمَّ فُصِّلَتْ مِن لَّدُنْ حَكِيمٍ خَبِيرٍ ﱠ هود: ١

لە ڕووداوەكە دەدوێ‌، چونكە ئەگەر فەرمانت بەشتێك كرد ڕووداوەكەی تێ‌ دەپەڕێ‌، بە ڕوویەكی دیاریكراو، ئەمەش لەوە دەدوێت كە ئەم قورئانە ئاوێتەیە لە چەندین ئایەتی جۆراوجۆر، سەرەتاو كۆتایی یان هەیە، جێگا و شوێنیان هەیە هەر شتێكیش سەرەتا و كۆتای و جێگا و شوێنی هەبوو درووستكراوە(٣١).

[ مَا يَأْتِيهِم مِّن ذِكْرٍ مَّن رَّبِّهِم مُّحْدَثٍ ﱠ الأنبياء: ٢ ئەگەر لێرەدا وشەی ذكر كەلامی خوا بێ‌ كەوایە دەبێ‌ قورئان كۆن نەبێ‌ و داهێنراو بێ‌ وەك هەموو داهێندراوەكانی دیكە، جگە لەوەش گوتە قسە كەلام بەشیێكی پێكهێنەر و تەواوكاری بوون نییە، بەڵكو خەسڵەتێكی كار و كردەوەیە(٣٢).

ئەم ڕێگایە بەتەواوی پێچەوانەی ڕێگای ئەشعەرییەکانە بۆ تێگەیشتن لە قورئان، ئەشعەرییەکان پشتیان دەبەست بەو کەسانەی کە سەرچاوەی بەڵگەی نەقڵی (دلیل نقلی) یان قورئان و فەرموودە بوو، وە لەهەمانکاتدا سەرچاوەی بەڵگەی عەقڵیشیان هەر قورئان و فەرموودەبوو.

 تەوەرەی پێنجەم: پێناسەو بەشەکانی (پەیڤ) کەلام

موعتەزیلەکان دەڵێن قسە چەند پیتێکی ڕێکخراوە بریتیە لەدەنگی پچڕپچر و چەندین وشە و پیتی ڕێكخراو وبەرچاو و نادیار، كەواتە باشتروایە دەربارەی پێناسەكردنی كەلام بڵێین: ئەوەیە پێكهاتووە لە دووپیت و بۆ سەرەوە، یان شتێكە یاسایەكی تایبەتی هەیە لە پیتەكان، قسەكردن ڕەگەزێك نییە یان جۆرێك نیە ڕاستیەكی عەقڵی هەبێ‌ وەك سەرجەم ماناكان، بەڵكو تەنها زاراوەیەكە، نابێ‌ تەنها بە زمان نەبێ‌، جا هەركەسێك توانی ئەنجامی بدات ئەوا قسەكەرە، هەركەسێكیش نەیتوانی ئەوا لاڵە، كەواتە موعتەزیلەكان جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە، كە كەلام خەسڵەتی خودا نییە، خودا بوونەكانی دیكە دەهێنێتە قسە، بەڵام خۆی قسە ناكات، چونكە قسەكردن پێویستی بە قسەكردن و هەناسە دان وزمان و ئەو شتانە هەیە و خوداش پاك و بێگەردە و دوورە لەوانە(٣٣).

ئەم پێناسەیە زۆر نزیکە لە دیدو بۆچوونی هەندێ لە ڕێزمانزانەکانی وەک(ابن الجنی)ئەویش بەهەمان شێوە(کلام)ی پێناسەکردووە بەوەی کە بریتییە لە "هەر وشەیەکی سەربەخۆی مانادار"(٣٤).

ابو هزیل والشحام وابو علی الجبائی بەرەو ئەوە چون کەوا ((قسەکردن کۆمەڵێک پیتی واتادار و بیستراون و دەنگەکانی نەبیستراو لەگەڵ نووسین دا، وە باقی موعتەزیلەش پێیان وابوو کەوا کەلام کۆمەڵێک پیتی ڕێکخراوە جۆرێکە لە ڕێک کاری، وە پیتەکان چەند دەنگێکی پچڕپچرن جۆرێکە لە پارچە پارچەکردن))(٣٥)، موعتەزیلە پیتەکان بە نوێ دادەنێن، چونکە لەهەر گەلێک دا جیاوازن وە لەکۆتایی دا گەیشتن بەوەی بڵێن قورئان دروستکراوە و پیتەکانیش تازە پەیدابوون، وە لەکاتێکدا زمانەکان چەند ئاماژەیەکن گەلان و نەتەوە جیاجیاکان لەسەری ڕێک کەوتون(٣٦).

ئیمام الجوینی لەكتێبەكانی دا دەربارەی كەلامی خوا وبۆچونی موعتەزیلەكان دەڵێت: وتەو قسەی خوا پێكهاتوە لە پیت و دەنگ، وابەستەو پەیوەست نیە بە زاتی خوا، بەڵام خوا بەدی دەهێنێت لە غەیری خۆیدا، وەك تۆماری پارێزراو (للوح محفوظ)یان لەفریشتە جوبرەئیل یاخود لە پێغەمبەردا، كەواتە وتەی خوا پەیدابوو بەدیهێنراوە، بوونی سیفەتی كەلام بۆخودا لەلای موعتەزیلەكان واتای ئەوە دەگەێنێت: خوا وتە و قسە لە چەند جەستەیەكدا بەدیدەهێنێت ئەمەش لەبەرئەوەی ناوبراوان گومانیان وابوە وتە و قسە تەنها لە ڕێگەی پیت و دەنگەكانەوە دەبێت، بۆیە وتە و فەرمایشتی خودا بەدیهێنراو پەیدا بووە، موعتەزیلەكان بۆچونیان وایە كە کەلام تەنها لە پیت و دەنگ پێك دێت، بۆیە نابێت خوا بە وتەبێژ و قسەكەر وەسف بكرێت، بەوەی وتە شتێك بێت پەیوەستبێت بە زاتی خودا، چونكە ئەگەر وا گومان ببرێت كە دوان سیفەتی لە كۆن و بێ‌ سەرەتای خوایە ئەوا ئەو كاتە پێویست دەبێت كە پەیدابوو و بەدیهێنراویش بە زاتی خوداوە وابەستە و پەیوەست ببێت، (ئەبو هاشم جەبائی) باوەری وایە: ئاخاوتن جۆرێكە لە دەنگ و پیت، ئەو شتانەش توانای مانەوەیان نییە، ئەو وشە و رستە و دەستەواژانەی كە لە دەنگ و پیت پێكهاتون و قورئانیان پێ‌ نووسراوەتەوە، قورئان نین و قورئان بەو شتانەوە بەندنیە، نەمانیان نابێتە نەمانی قورئان، زیادبونیشیان نابێتە هۆی زیادبونی قورئان، بێگومان موعتەزیلەكان نكۆڵی لە كەلامی خودا لەخودی خۆیدا دەكەن، پێیان وایە كەلام بریتییە لە دەنگە بە بڕگەكراوەكان یان پچڕپچڕەكان، یان چەندین پیتی ڕێكخراوو، نەفی كەلامی وەستاو بە خۆی دەكەن ئەو ئاماژانە نەبێت كە هەر دەبنەوە پیت و دەنگ، (جەبائی) پێی وایە ئەو دەنگە بڕگەبڕگانە یا پچڕپچڕانە لەدەرەوەی پیتەكان نابن بەقسە، بەڵام قسە پیتە نزیكەكانن لەدەنگەكان(٣٧).

لەڕووی دابەشکاری وتەوە موعتەزیلە (کلام)ی بۆ چەند لایەنێک (ڕوویەک)دابەش کردووە، ابو الحسین محمد ابن علی، بە ڕوونکردنەوەی وتەی مامۆستاکەی دەربارەی ئەم دابەشکارییە وتوویەتی "وتە" کلام دابەش دەبێت بۆ دوو بەش:بەکارنەهێنراو (قسە پێنەکراو) و بەکارهێنراو (گفتوگۆپێکراو)، وتە (کلام)ی بەکارهێندراو و بەسوود زیاتر دابەش دەبێت بۆ (امر) فەرمان و (نهی) ڕێگری، (خبر) ڕاگەیاندن، بەم شێوەیە پێناسەی موعتەزیلە بۆ کلام جەخت دەکاتەوە لەسەر پیتی ڕێکخراو و دەنگەکان و دابەش دەبێت بۆ بەکارهاتوو (مهمل) کلامی بەسوود (مفید) دابەش دەبێت بۆ الامر و النهیی الخبر(٣٧).

ئایا دەکرێت جیاوازی لەنێوان واتا و دەربرین بکەین؟ ئایا دەکرێت وێنای واتا تەنها لە دەربڕینی زارەکی بکەین؟یان دەربرینی زارەکی تەنها بەچوارچێوەی واتا دابنێین؟یان ناکرێت وێنای واتا تەنها لە دەربرینی زارەکی بکەین؟چونکە مرۆڤ ناتوانێت بیر لە شتێک بکاتەوە ئەگەر دەربرینی زارەکی نەبێت، واتە مرۆڤ تاکو نەبیستێت ناتوانێت بیر لە کەلام بکاتەوە، واتا کەلام ئەوەیە دەردەبردرێت، ئەگەر مرۆڤ بتوانێت جیاوازی لەنێوان واتاو دەربرینی زارەکی بکات، بەواتایەکی دیکە ئەگەر موعتەزیلەکان بتوانن جیاوازی لەنێوان کەلامی دەروونی و کەلامی زارەکی بکەن، ئەوە بە ڕەهایی دەتوانن جیاوازی لە نێوان کەلامی مەخلوق و ئەزەلی بکەن یان لەنێوان کەلامی کۆن و نوێ بکەن، وەک چۆن ئەشعەرییەکان لەدوایدا کردیان، ئایا دەتوانین واتاکان بۆ کۆن و دەربرینی زارەکی بە نوێ دابنێین؟ بەڵام موعتەزیلەکان باوەڕیان بەو جیاوازییە نەبوو و دانیان پێدانەدەنا، بەپێچەوانەوە توانیان بەهۆی ئەو جیاوازییە چارەسەری پرسی کێشەی کۆنی یان نوێی قورئان بکەن، لەبەرئەوەی هیچ واتەیەک نییە، بەدەربێت لەدەربرینی زارەکی، لە ڕوانگەی ئەبو علی کەلام پیتی لەیەکدی نزیک و دەنگی پچڕپچری پیتەکانە(٣٨)، کەوایە ناتوانین گوێمان لەدەنگی خوێنەربێت ئەگەر پیتەکان واتا و دەنگیان نەبێت، کەواتە کەلام لەناو پیتەکاندا پەنهانە یان شاراوەیە، کەلام تەنها بریتی نییە لەدەنگی بیستراو، لەبەر ئەوە دەکرێت کەلام بمێنێتەوە، ئەگەر دەنگیش مرۆڤ فەنا بێت، لەبەرئەوەی پیتەکان هەردەمێنن بەشێوەی نووسراو، هەمان واتا و دەنگیان دەمێنێت، واتە ئەگەر دەنگ نەمێنێت، بەڵام کەلام هەر دەمێنێت، لەبەرئەوەی لە لاپەرەکاندا تۆمارکراوە، ئەبو علی دەڵێت: کەسی لاڵ قسەدەکات بەکەلامی نووسراو، تاکو ئەوکاتەی دەتوانێت لە واتای پەنهان یان شاراوەی کەلامی نووسراو تێبگات، ئەبو علی بۆ ئەم ڕوونکردنەوەیە پشتی بە بنەما زمانەوانییەاکنا بەستووە، کە کەلامییان دابەش کردووە بۆ بکەر و کار کە هەردووکیان لە پیت پێکهاتوون، هاوکات پیتی ناوەکان و کارەکان واتایان هەیە، کەواتە هەموو ناوێک کارێک واتای خۆی هەیە، بەپێی ئەو پیتانەی لێی پێکهاتووە، بەو پێیە کەلامی خودا هەردەمێنێت ئەگەر دەنگ یان مرۆڤ فەنا بێت، لێرەوە ئەبو علی چارەسەری دوو جۆر کەلام دەکات، جۆری کەلامی نێوان ئەبوعلی و هەندێک لە موعتەزیلەکانی بەغدا، کە جیاوازیان لەنێوان چیرۆک و چیرۆک خوان دەکرد، بەڵام ئەبو علی هەردووکیانی یەکخست، دەڵێت: لەبەرئەوەی قورئان کاتێک دەخوێندرێتەوە یان مرۆڤ دەیخوێنێتەوە و دەیخاتە ڕوو ئەوە دەکرێت قورئان زیاتر لەیەک شوێن بێت، کەواتە کەلامی خودا لەشوێندا خەڵق کراوە، جۆری زمانەوانی کە جیاوازی لەنێوان دەربرینی زارەکی و واتادا ناکرێت، تاکو هیچ دەرفەتێک بەو کەسانە نەدات کە قسەدەکەن و دەڵێن:واتاکان لالی خوایە و دەربرینی زارەکی لای پێغەمەبەرە، ئەم تێگەیشتنە گومان دەوروژێنێت کە قورئان واتاکەی لەلای خودابێت و دەربرینی زارەکی بەسروش دابەزێت بۆ پێغەمبەر(٣٩).

ئەهلی سوننە و ئەشاعیرەكان كەلامییان لە دوو خاڵ دا كۆكردۆتەوە لەوانەش:

‌‌أ/ وتەی نەفسی: ئەمە لەڕاستیدا وتە و قسەیە، كە بەهۆی چەند بێژە و دەربڕینێك دەردەبڕدرێت، لە ڕەگەزی دەنگەكان و پیتەكان نییە، بەڵكو سیفەتێكی هەربوو بێ‌ سەرەتایە و پەیوەستە بە زاتی خوا، ئەوەی دووردەخاتەوە كە خوا هێزی دوان و قسەی نەبێت، هەروەك چۆن كەسی لاڵ و منداڵ ناتوانن بەقسە بێن، خوا بەم سیفەتە فەرمان دەكات وشت قەدەغە دەكات و هەواڵ دەدات و جگە لەمانەش، ئەم سیفەتە سیفەتێكی لەمێژینەی بێ‌ سەرەتایە، چونكە شتی پەیدابوو بەزاتی خوداوە وابەستە و پەیوەست نابێت، كەچی ئەم سیفەتە پەیوەستە بەخوداوە.

ب/ وتەی بێژەیی و دەربڕین (لفظی) ئەمە پێكهاتووە لە پیت و دەنگ، ڕایان وایە ئەم جۆرەی دووەم پەیدابووە وبەزاتی خواوە پەیوەست و وابەستەی نییە، كە بریتین لە قورئان و گشت كتێبە دابەزیوەكانی دیكە(٤٠).

سەبارەت بە وتەی نەفسی كە ئایا قورئان فەرمایشتی نەفسیە یاخود پێكهاتوە لەو پیتانەی كە بریتین لە وتەی بەرهەست، جیاوازی نێوان موعتەزیلە و ئەهلی سوننە ئەوەیە كە موعتەزیلەكان دەڵێن ناكرێت بە وتەی نەفسی بوترێت وتە و قسە، بەڵكو ئەگەر واتاكەی فەرمان (امر)یان رێگری كردن (نهی)بوو ئەوا دەگەڕێتەوە بۆ سیفەتی ویست، ئەگەر هەواڵ بێت ئەوا دەگەڕێتەوە بۆ سیفەتی زانست، واتە دەربڕینەكان قورئان ئەو واتایانەی هەن كە فەرمان و ڕێگری و هەواڵ لە خۆدەگرن و ئاراستەی خەڵكی كراون، جاواتای ئەم دەربرینانە ئەگەر فەرمان وڕێگری بێت ئەوا لەلای موعتەزیلەكان بە ویست ناودەبرێت، ئەگەر هەواڵیش بێت ئەوا بە زانست ناودەبرێت، بەڵام ئەهلی سوننە دەڵێن: ئێمە ناوی دەنێین وتەی نەفسی سیفەتێكی سەربەخۆیە و پەیوەستە وابەستەیە بە زاتی خواوە و پاشكۆی سیفەتی ویست و زانست نییە(٤١).

 تەوەرەی شەشەم: زمان

مرۆڤ بە زۆر تایبەتمەندیدا لە بوونەوەرانی دیکە جیا دەبێتەوە، زمان یەکێکە لە تایبەتمەندیەکانی، هاوکات زێدەگۆیی ناکەین گەر بەیەکێ لە گرنگترینیان دابنێین، کە مرۆڤ بە ڕێگەیەوە دەتوانێت بکەوێتە خۆ دەربڕین، هەروەها دەربرینی دیکەش، تەنانەت هێندێ لە هزرڤانان زمان تا ئەوێ دەبەن کە لە لەگەڵ هزردا بەرواردی دەکەن و هێندێکیشیان سنورێک لە نێوان هزر و زماندا دانانێن.

لە زمانەوانیدا: زمان کۆمەڵە دەنگێکە هەموو نەتەوەیەک گوزارشتی پێدەکەن لە مەبەستەکانیان، واژەی(Langage) ی فەرنسی کە لە(Lingua)ی لاتینیەوە داتاشراوە، بەواتای گوتن و زمان دێت لەلایەنی زاراوەیی بریتیە لە هەموو ئەو دەستەواژانەی کە بۆ گۆڕینەوەی هەست وهزر بەکار دەهێندرێن وەک ئاماژە و دەنگ وشە(٤٢).

لەڕاستیدا زمان تەنها گوزارشت لە کات و شوێن ناکات، بەڵکو گوزارشت دەکات لە ئێستا و داهاتوو هەموو شتە دیار و نادیارەکان، ئەگەر زمان تەنها بەهۆکاری بوونی ئەندامی زوبان (السان) بوایە ئەوا هەروەک چۆن مرۆڤ ئەم ئەندامانەی هەیە گیان لەبەرانی دیکەش هەیانە، ئەی بۆچی ئەوان قسەناکەن و زمان (للغە)یان نییە، ئەگەر وابوایە ئەوا لە هەموو بارودۆخێک و سەردەمێکدا پێویستی دەکرد زمانێکی تازە بهێندرێتە ئاراوە، هەر بۆ ئەم مەبەستە چیرۆکبێژی ئینگلیزی درکی بەم ڕاستی و قورسیە کردووە کاتێک دەڵێ: ئەگەر زمان (للغە) نەبوایە بۆ گوزارشت کردن لەشتەکان ئەوا ئەوا دەبوو مرۆڤ هەموو کات ئەم شتانەی دەیەوێت باسیان بکات لەسەر پشتی بوایە و بۆ هەرکوێیەک پێی بوایە، بەڵام زمان هاتووە بووە بە جێگرەوەی و بەدیلی شتەکان(٤٣).

ئەوەمانزانی كە لەلای موعتەزیلەكان قورئان خەڵقكراوە و بەدیهێنراوە بەڵام ئەگەر بەڕێگەی زمانیشەوە ئەم بابەتە شرۆڤە و ڕاڤە بكەین، جگە لەوەی كە قورئان بە زمانی مرۆڤەكان داڕێژرابێ‌ دەشێت زمان وەك تێكشكێنەری پیرۆزی و هاوكات بناغەڕێژی پیرۆزی دابنرێت، بەڵام كێشەكە ئەوەیە گەر زمان پیرۆزییەكان ڕەتبكاتەوە ئەوا خۆیشی پیرۆزی لەدەست دەدات، بۆ نمونە بوونێكی هەقیقیانەی كردگار لە فیزیكدا تەنها بریتییە لە تێگەی (الله-خودا)، ئێستا ئەگەر جەوهەرە مێتافیزیكییەكەی واژەكە بریتییە لە تێگەیشتنی ئێمە و وێناكردنمان بۆ خودا هەڵگرین و تەنها لایەنی فیزیكی بهێڵینەوە، ئەوا شیاوە ئەو پیرۆزیەش هەڵگرین كەواژەی خودا لە خۆیدا هەڵیگرتووە، چونكە تەنها ڕووكەشی واژەكە وەك ناوێك دەمێنێتەوە، هەروەها لە لایەكی دیكەوە ئێمە بنەمایەكی لۆجیكیمان هەیە، كە پێشدانراوی واژە بریتی بێت لە پیتەكان و هاوكاتیش واژەی خودا بە پیرۆز دابنرێت، ئەوا پێویستە بە زەرورەت پیتەكانیش پیرۆزبن، ئایا ئەمە شیاو و لۆجیكییە پیت پیرۆز بێت؟ ئەگەر پیتەكانی (خ ـ وـ دـ ا) یان (پ ـ ەـ رـ وـ دـ گ ـ ا ـ ر) پیرۆزبن ئەوا بەسەرەنجامی لۆگیكیانە و بە زەرورەت واژەكانی (پەرداخ ـ پەردە ـ پەروەردە ـ دار ـ گوناح ـ دەرگا ـ گا ـ خراپ و...هتد) پیرۆزبن، بێگومان ئەمانەش بەهای پیرۆزییان نییە، ئەمەش دەبێتە پاڵپشتێك بۆ تێڕوانینی موعتەزیلی، بەڵام بەڕێگەی لۆگیكی زمانەوە(٤٤).

موعتەزیلەکان باوەڕییان وایە کەوا زمان لە بنەڕەتدا شتێکی دانراو و زاراوەی مرۆڤەکانە، پەیوەند بە خواوە نییە و ئەو داینەناوە، هەیە بۆچوونی وایە کە زمان تەنها (وقف) بەخششی خوایە و نەگۆڕە و ئادەم و نەوەکانی فێرکردووە هەروەک ئەهلی سوننە بۆی چون بەپێی ئەم ئایەتە (و علم ادم الاسماء کلها....) (البقرە/31) واتا خوا ئادەمی فێری هەموو شتەکان کرد پاشان بە فریشتەکانی فەرموو ئادەی ناوی ئەم شتانەم پێ بڵێن ئەگەر ئێوە ڕاست دەکەن لەئادەم باشترو زیرەکترن) بەمەش خوا ناوی هەموو شتێکی فێری ئادەم کرد و پێی وتووە، موعتەزیلەش باوەڕیان وایە زمان (اصطلاح) گونجان و ڕێکەوتنە لەنێوان تاکەکاندا، ئەو بۆچوونەی موعتەزیلەکان بە تەواوی تەبایە لەگەڵ پرسی بەسەروەر زانینی عەقڵ، زمان بەپێی ڕای ئەوان لە گونجان و تەبایی بەکارهێنانی نێوان مرۆڤەکان درووست بووە و بونیادنراوە، ئەوەش پرسێکە لەلایەکی دیکەوە پەیوەندە بە بنەمای یەکتاپەرستی، ئەوەی کە وایە بە پێویست دەزاندرێت خودا بە پاک ڕابگیردرێت لە پێویستی بۆ ئاماژەی هەستیی کە دانانی لێ وەردەگیرێ، بۆیە ئەوەش دەرهەق بە خودا شتێکی دروست و ڕەوا نییە(٤٥).

بیرۆکەی گونجان (ئیستیلاح) لای موعتەزیلە لە زماندا، بۆ نەهێشتنی تەشبیهە لە نێوان مرۆڤ و خودا پێویستە، ئەوە سەرباری ئەوەی پەیوەندی بە کێشەی کەلام و ڕوودانیەوە هەیە، ڕێککەوتن (المواضعە) پێویستی بە ئاماژەی ماددی هەستەوەری هەیە، واتا ڕێککەوتن لە نێوان دوو کەس لەسەر ناونانی شتێک(٤٦).

ئیبن جەنی دەڵێت: ناشێت خودا لەگەڵ هیچ یەکێک لە بەندەکانی لەسەر ناونان ڕێک بکەوێت، ئەوە لە ڕێکەوتن سەلماوە، کە پێویستی بە ئاماژەی مادەی و ئەندامی جەستە دەبێت، بۆ ئەوەی ئاماژەی پێ بکرێت، خوداش ئەندام و جەستەی نییە، تا ئاماژە بۆ شتەکان بکات، بۆیە ڕێککەوتن لەسەر زمان لە لایەن خوداوە پوچەڵ کرایەوە(٤٧).

موعتەزیلە بۆ جەختکردنەوە لە پرەنسیپی تەوحید، بۆ ئەوە چوون کە ڕێککەوتن لەسەر زمان، بۆئەوەی سوودبێت، هەردەبێت پێش کەلامی خودا بکەوێت، ناشێت خودا دەست بە ڕێکەوتن لەسەر زمان بکات، چونکە ڕێککەوتن پێویستی بە ئاماژە(الاشارە)ی هەستەوەری هەیە، کە ناکرێت خودا هەیبێت، ئەگەر ڕێککەوتن پێش زمانێکی نێوان مرۆڤەکان کەوت، ئەوا لای موعتەزیلە ڕێگری لەوەناکەن، کە خودا ڕێککەوتن لەسەر زمانێکی دیکە بکات، ڕێککەوتنی دووەم پێویستی بە ئاماژەی هەستەوەریەوە نییە، چونکە ئاخاوتن بە ڕێککەوتنی پێش وەختە، پێویستی بە ئاماژەی هەستەوەری نییە، کە بۆ خودا ناشێت، دەشێت خودا زمانێک بگوازێتەوە کە بەندەکانی لەسەری ڕێکەوتوون، بڵێت، بەوەی کە ئێوە بەم شێوەیە دەرتان بڕیوە، بەم شێوەیە دەریببڕن، ئەوەی ئێوە واتان پێگوتووە، پێویستە وای پێ بڵێن، ئەوە لە خودا دەوەشێتەوە، وەک ئەوەی لە بەندەکانی دەوەشێتەوە(٤٨).

کەواتە کێشەی ئیستیلاح لە ڕێککەوتندا کێشەیەکی لاوەکی و ناسەرەکی نییە، بەڵکو ڕەگوڕیشەی بۆ هەموو کێشەکانی بیری ئیعتیزالی دەگەڕێتەوە، سروشتی بوو هەموو داوەکانی ئەو کێشەیە لەو ئایەتە (و علم ادم الاسما‌ء کلها) کۆبکرێتەوە، ئەو ئایەتە ڕووبەڕوی هەموو بڕیارێکی (مفکر)ی ئیعتیزالی بۆتەوە، کە لە ڕاستی و بنچینەی زمانی دەکۆڵیەوە، هەرچی قازی عبدالجبار بوو بەم شێوەیە ئەو ئایەتەی تەئویل کرد"ناکرێت خوا هەموو ناوەکان فێری موکەلەف (المکلف) بکات، دەبێت ڕێککەوتنێکی پێش وەختە لەسەر زمانێک هەبووبێت، بۆ ئەوەی لەسەرجەم زمانەکانی دیکە بگات، کە ئەو ڕێککەوتنە پێشوەختە نەبوبێت، کەواتە دروست نییە لەگەڵ تەکلیفەکەدا فێرکرابێت، چونکە ناسینی ناوەکان پێویستی بەناسینی مەبەستەکان هەیە، ئەوەی خوا بە بەڵگەهێنانەوە بیناسێنێت، دروست نییە بە زەرورەت لە مەبەستەکانیشی بگات، هەتاکو ئەگەر تاکە زمانێکی زانی، دروستە قسەی پێبکات و هەموو زمانەکانی دیکەی پێ بناسرێ، ئەوا هەردەبێت ئادەم لەگەڵ پەریەکان لەسەر زمانێک ڕێککەوتبێت، دواتر خودا ناوەکانی بەسەرجەم زمانەکانی دیکە فێری ئادەم کردبێت(٤٩).

 تەوەرەی حەوتەم: هزر و زمان

ئایا دەشێت ئێمە زمان لە هزر جیابكەینەوه؟ گونجاوە زمان و هزر سەربەخۆ لەیەكدی هەبن؟ ئەی دەبێ پەیوەندی نێوانیان چۆن بێت؟ گەر لەلایەنی پراكتیكیەوە لەو لایەنە بڕوانین، ناتوانین لەیەكدیان داببڕین، هەرچەندە هزرینی پەتیمان هەبێت، ئەوە بەبێ زمان لە سنوری تیۆریدایە، چونكە هزرینی تێگەیی (ئەوەی لەسەر تێگە بیناكراوه)‌ بەناچاری بە زمانەوە پەیوەستە.

(پلاتۆن) هزرین بە زمانێكی بێدەنگ دادەنێت بەشێوەی دیالۆگی خۆیی، ئەمە كاریگەری لەسەر (جۆن واتسۆن) هەبووە، كە دەرونزانێكی ئەمریكیە كەواتە زمان و هزر پەیوەندی پتەویان هەیە و تەواوكەری یەكترین(٥٠).

زمان پەیوەندی بە هزرەوە هەیە، هزر زمان ناچاردەکات ئەو واژانە دەرببڕێت کە دەبنە ئامراز بۆ بیرکردنەوە) هەر دەستەواژەیەکی تایبەت مانایەکی تایبەتی هەیە، جیاوازە لەسەرتاپای ماناکان یان مەدلولەکان(٥١).

لە ڕێگەی زمانەوە گوزارشت لەهزر دەکرێ، زەحمەتیشە هیچ هزرێک بەبێ زمان دابمەزرێ، تەنانەت هزری نەگوتراویشمان بە وشە و ڕستە گوزارشتی لێ دەکرێ، دەشێت هەندێک جۆری بیرکردنەوە ڕامێنانە هەبێت کە پێویستی بە وشە نەبێت، گەلێ لە بوونگەراکانیش بە قەدرزانیەوە باس لە بێدەنگی دەکەن، بەڵام ئەم بێ دەنگیەش پاش قسەکردن دێت، بۆ نمونە لای فەیلەسوفێکی وەکو یاسپەرز ئێمە لە ڕێی بیرنەکردنەوە و قسەنەکردنەوە ناگەینە بێدەنگی، بەڵکو لەوپەڕی بیرکردنەوە و قسەکردنەوە دەگەینە بێدەنگی وپاش ماوەیەکی کەمیش وامان لێدەکەن سەرلەنوێ قسەبکەینەوە(٥٢).

هایدگەر دەڵێت: ڕەگەزی مرۆڤ توانای قسەی نییە، مەگەر هێندەی کە پەیوەستە بە (دەربڕین)ەوە، کەواتە لە ڕاستیدا ئەوە مرۆڤ نییە کە قسە دەکات، بەڵکو زمانە کە لە ناومرۆڤدا قسەدەکات(٥٣).

لەکاتێکدا دوو دیاردەی جەوهەری و بنچینەیی لەمرۆڤدا هەن کە عەقڵ و ژیری مرۆڤ دەردەخەن ئەوانیش زمان وئەندێشەیە (اللغە والفکر)وە مرۆڤیش سەلماندویەتی کە ئەم دوو پرەنسیپە تێدا زۆرە و دیارە و لەڕێگای ژیریشەوە تێبینی کردووە کە بنچینە و پێکهاتەکانی زمان زۆرن و لەزیادبووندایە بەشێوەیەکی بێ سنور هەرچەندە پیت و وشەکانیش سنورداربێت(٥٤).

هەرچەندە مەبەستەکان و هۆکارەکان جیاوازبن زمان بۆ ئەوەیە کە مەبەستەکان واتاکان بپێکرێن و بگەن بە ئامانج، بۆهاتنەدی ئەم ئامانجەش پێویستە کە بەکارهێنانی زمان ڕێکەوتن بێت لەنێوان قسەپێکەرانیی دا، بەم زمانە بۆ پێکانی ئامانجە چاوەڕوانکراوەکە، کە بریتیە لە (الافادە) تێگەیاندن، قازی عبدالجبار لەم بارەیەوە دەڵێت:کەلام و قسە ئەو کاتە سوودی هەیە، کە دەکرێت ئامانجی بپێکێت کە لایەنەکان لەسەری ڕێکەوتبن بابەتەکە هەر ئەوەنیە کە تەنها وشە و لەفزەکان هەبن و هیچی دیکە، چونکە کە بوونی تێگەیشتن بەهۆکاری لەسەر ڕێکەوتنەکە ئەم وشانە ئەم واتایانەیان هەبێت، چۆن ڕکبکەون بۆ بەکارهێنانی بەم بەکارهێنانە لێکتێگەیشتن ڕوودەدات، هەر بۆئەم مەبەستەشە خودا بەزمانێک قورئانی دروستکردوە کە پێشتر بەندەکانی خۆیان لەسەری ڕێکەوتون و لێی تێگەیشتن، چونکە تێگەیشتنی خەڵکی لەهەر زمانێکدا پەیوەستە بەدانان و ڕێکەوتنێکی پێش وەختە لەناوی شتەکان و واتاکانیان(٥٥).

موعتەزیلەکان دەڵێن:دەلالەتەکان دەستەواژەکان لەسەر گوتن یان دەربڕین جیاوازە لە نەتەوەکان و شارەکان، لەکاتێکدا دەلالەتی ئەحکامەکان لەسەر زانست دەلالەتی عەقڵە، ئەوە جیاوازی نیە لە نەتەوەکان و شارەکان، موعتەزیلە بە ڕەهایی جیاوازی دەکەن لە نێوان زمان یان دەستەواژە و ئاماژە و نووسین لەلایەک و لەنێوان واتای زمان لەلایەکی دیکەوە، زمانەکان جیاوازن لەگەڵ نەتەوەکان، بەڵام مەدلولی زمان یەک و هاوبەشە لەنێوان سەرجەم نەتەوەکان لەبەرئەوەی یەک بیرۆکەیە، لەسەر ئەوە پێویست دەبێ کەوا پرەنسیپە عەقڵییە بنەڕەتییەکان ئەوانەی کە ڕێنمای خەڵک دەکەن یەکن، ئەگەرچی بەچەند زمانی جیاواز گوزارشتیان لێ بکەین، پاشان بەڵگەی نیشانە و ئاماژەکان لەگەڵ جیاوازیان دا یەک نیشانەیە، ئەو قسەکردنەی لە ناخی مرۆڤ دایە، وتەیەکی پشت ڕاستکراوە، وە گوتنێکە هەیە ئەوە تایبەترین وەسفە بۆ ناخی مرۆڤ، هەتاکو پێی لەسەرتاپای ئاژەڵەکانی دیکە جیا بکەینەوە، ئەگەر کەسێکی لاڵ و نابیست بێنینە بەرچاوی خۆمان ئەوا ئەو کەسە بەزمانێکی دیاریکراو بیرناکاتەوە، بەڵام سەرەرای ئەوەش کاردەکات و بیردەکاتەوە، چونکە زمان خودی هزرنییە، بەڵکو ئامرازێکە بۆ گوزارشتکردن لە هزر بۆ چەسپاندنی، ئەم ئامرازەش ناسراوە لەناو گەلان ونەتەوەکان، مرۆڤ بەو ووشانە لە ئاژەڵ جیاناکرێتەوە کەوا پێیان دەردەکەوێ مەبەستم قسەی گوتراوی بیسراو، بەڵکو بەقسەی ناخەکی لە ئاژەڵ جیادەکرێتەوە، لەم ڕوەوە موعتەزیلە دەڵێن:قسەکانی ناخەکی خەمڵاندنێکن بۆ ئەو دەستەواژانەی کە لە زمان دان(٥٦).

سەرەڕای ئەو ڕۆڵە گەورەیەی کەوا زمان پێی هەڵدەستێ لە گوزارشت کردن لە هزر، ئەوا موعتەزیلەکان زمان بەوە دانانێن دەربرینی گەورەترین خاسیەت بێ کە مرۆڤ جیابکاتەوە لە ئاژەڵ، مرۆڤیش بەوە پێناسە ناکەن کەوا ئاژەڵێکی قسەکەرە، دەڵێن قسە جۆرێک نییە لە ڕواڵەتەکان کە ڕاستیەکی عەقڵی هەبێ، وەک سەرتاپای ڕواڵەتەکان، بەڵکو بەکاری دەهێنن لەسەر ئەو گوتنەی کەوا لەسەر زمانە بەهۆی هاوتابوون و بەشداربوون، مرۆڤ دەکرێ قسەکردنی نەبێ، لەگەڵ ئەوەش دا ڕاستی مرۆڤایەتیەکەی لەدەست نادات، ئەو تەنها بە وێنە و شێوەکەی لەئاژەڵ جیادەکرێتەوە نەک بەقسەکردنی(٥٧).

موعتەزیلەکان هەستیان بەو کێشەیە کردوە، کە پەیوەندی نێوان زمان و ڕێککەوتن دەی وروژێنێت، ئەوان وای دەبینن کەوا زانینی حەقیقەتی ئاخاوتن و بەڵگە بوونی پێویستە، کەوا پشت ببەستێت بە تێگەیشتنی ئاگایانە بە سروشتی زمانەوانی و بەدوای یەکداهاتنی بەڵگەیەکان، لەبەرئەوەی زمان لەپێش شەرعەوەیە، بەرپێشوتری زمان خودا قسەی پێ لەگەڵ کردووین(٥٨).

پاشانیش کەوا زمان هاوبەشی عەقڵە، السیوگی ئەمەی ڕوونکردۆتەوە لەسەر زمانی (قازی عبدالوەهاب) کە ئەمە دەقەکەیەتی:بزانە کەوا جیاوازی لەنێوان حەقیقەت و مەجازدا نازاندرێت لەلایەن عەقڵ و بیستنەوە، نازاندرێت تەنها بەگەڕانەوە نەبێت بۆلای ئەهلی زمان، بەڵگەش لەسەر ئەمە ئەوەیە کەوا عەقڵ پێش دانان و ڕێککەوتنی زمان هەبووە و پێشی کەوتوە لە بوونی دا(٥٩).

لەڕاستیدا بەپێی لێکدانەوەکانی زمانەوانی سەردەم و فەلسەفەی زمان دەردەکەوێت کە چەند ناوەندگیریەک (وساطە) هەیە بۆ زمان کە خۆی لە (فکر) ئەندێشەدا دەبینێتەوە، چونکە هیچ تێگەیشتنێک نییە بەبێ بەکارهێنانی هزر و ئەندێشە، هەروەک چۆن ئەستەمە گوزارشتکردن لەوەی هەستپێکراوە بەبێ یارمەتی وێناکردنی هزر و ئەندێشە، کەواتە وشە نوێنەری ئەندێشەیە و ئەندێشەش نوێنەری شتەکانە، بەڵگەش بۆ ئەمە ئەوەیە کە جاری وا هەیە یەکێک وشەیەک دەڵێت و بەکاری دەهێنێت کە مەبەستەکە ناڕوونە و هزر و ئەندێشەش بۆی ناچێت، بەڵکو جار هەیە چەندیش وشەی بەدوای یەکدا هیچ هزر و ئەندێشەیەک لە پشتەوەی نییە، بەراوردکردنی شتەکان و گوزارشت لێ کردنیان بەپێی بۆچونی (ابن وهب) بە چوار شت دەبێت: وێناکردن بەشتی هاوشیوەی خۆی، بەشتێک کە پێچەوانەکەیەتی، باسکردن و خستنەڕوو وەک باسکردنی درێژی یان پانی..، بەکردار و کردەوە، هەندێک جاری واش هەیە کە ڕاستەوخۆ و زوو پەیوەندی نێوان شت و ناوەکەی هەست ناکرێت و نازاندرێت، بەڵام ڕاستی ئەوەی سەلماندووە کە هەستپێکراوەکان بوونیان وابەستەیە بەپەیوەندی هەندێکیان بە هەندێکی دیکەوە، بە لێکچواندبێت یان هاودژی یان شتی دیکە، دەستنیشانکردنی بیرۆکەیەک (فکرە) بریتییە لە هەموو ئەو ئەگەرانەی کە وشەکە هەڵیدەگرێت و پەیوەندیشی بەهەموو لایەنە جیاوەکانی دیکەوەیە(٦٠).

بورویال پێی وایە کە ئەندێشە (هزر) لای مرۆڤەکان چوار قۆناغ دەبڕێت: هەڵسەنگاندن (التصور)، بڕیار (الحکم)، بەڵگەدارکردن- بەبەڵگەکردن (الاستدلال)، بە ئەنجامگەیاندن (الترتیب)، هەڵسەنگاندیش (تصور) بەیەک چاو لێکردن وێنەکان دێنە زەینەوە، یان بریتیە لە (بیری گشتی هیچ ڕاستییەکی نییە تەنها لە مێشک دا نەبێ)، مەبەستیش لە بڕیار (حکم) کرداری ئەندێشەمانە کە خۆی کۆدەکاتەوە و بڕیار دەدات وەک بەدواداچون کردن بۆ سەلماندنی خڕیەتی زەوی و پاشان گەیشتن بە ئامانج و بڕیاردان لەسەری، بەڵگە (الاستدلال) کاری عەقڵ و ژیریمانە و کە بەڵگە بۆ بڕیارەکان دەهێنێتەوە، لەکۆتایشدا بەئەنجام گەیاندن (الترتیب) دێتە ئاراوە کە بریتییە لە کۆی کاری عەقڵ و ژیری لەهەڵسەنگاندن و بڕیار و بەبەڵگەکردن بە میتۆدێکی تایبەت لەسەر بابەتێک کە هەموو ئەمانە لەخۆ دەگرێت و بەئەنجام گەیشتنە ڕێگا ئاسان دەبێت بۆ گەیشتن بە بابەت و پرسی دیاریکراو(٦١).

بەبێ گومان داندەنێین بە هەبوونی واتا بۆ هەموو وشەیەک، وەک زمان ناسان باسی دەکەن و ناویان ناوە واتا گەیەنەر (الدال) و واتاگەیاندراو (المدلول)، لەوەش دڵنیان کە مەرج نیە هەموو واتایەک لەفزو وشەیەکی دیاریکراوی هەبێت، چونکە واتا و مەبەستەکان کەهەن و دەکرێت پەییان پێ ببردرێت زۆر لەکۆتانایەن، بەڵام وشە کۆتاییان دێت چونکە لە پیت پێکهاتوون، پیتیش کۆتاییان دێت، کە وشەیەک دەوترێت خێرا هزر و ئەندێشە دەکەوێتە گەڕان بەدوای واتایەکدا، جا کە واتایەکەمان دەست نەکەوت ئەوە دەڵێین ئەم وشەیە هیچ واتایەکی نیە، لانی کەم لەسنووری زانیاری ئێمە بەدەرە و دەشێت ئێمە لێی تێ نەگەین، دەنا واتای هەبێت(٦٢).

 دەرئەنجام

لەوەی باسکرا تێبینی ئەوە دەکەین، کە موعتەزیلە عەقڵ بەهێزێکی تایبەت دادەنێن لەمرۆڤ دا، بەڵام ئەم هێزە کارناکات تەنها لەو کاتەدا نەبێ ئەگەر گەیشت بە پلەیەکی دیاریکراو لەپێگەیشتنی، جا لەوکاتەدا دەتوانێ ئەو ڕاستی یە بنەڕەتییانە دەرک پێ بکات، کەوا مرۆڤ دەیکات بەڕابەر و ڕێنیشاندەری خۆی لەکارەکانی و لەبەدەستهێنانی زانستەکاندا، ئەگەر موعتەزیلە دەربارەی وەحی قسەیان کردوە کە یارمەتی عەقڵ بدات، ئەوا ئەم وەحی یە پەیوەندیدارە بەهەندێک ڕاستی بەسوود، بەڵام لەڕوویەکی دیکەوە، دەتوانرێ وازیان لێبهێندرێ بۆ زانینی شەریعەت وە لەجیاکردنەوەی چاکە لەخراپە، بەڵگەش لەسەر ئەوە ئەو گەلانەی کەوا وەحیان بۆ نەهاتووە توانای زانین و ناسینی شەریعەتیان هەیە، جیاکردنەوەی بیرۆکەی چاکە، بەڵێ وەحی هەندێک لە ڕووناکیمان پێدەدا، هەندێک لەو شتانەمان بۆ ئاشکرا دەکات کەوا بۆ عەقڵ بە ناڕوونی ماونەتەوە، بەڵام موعتەزیلە ئەم ڕووناکی یە زۆر بە پێویست دانانێ لە ژیانی ئەخلاقیمان دا، بەم شێوەیە دان دەنێن بەوەی کەوا هەر عەقڵە هەڵدەستێ بە ڕۆڵی بنەڕەتی و سەرەکی لەژیانی ئەخلاقیمان، هەروەها لێرەدا دەرک دەکەین بەوەی کەوا موعتەزیلە ئەوپەڕی گرنگیان داوە بە نرخ و بەهای کارە دەرچوەکان و ئەنجام دراوەکان لەلایەن مرۆڤی عاقڵی ئازاد، لەهەمان کاتدا دانیان نا بەتوانای عەقڵ لەگەیشتن بە زانین و زانیاری و دڵنیایی، لەکاتێکدا ئەو پرەنسیپە بنەڕەتیانەی کەوا عەقڵ دەرکیان پێ دەکات تایبەتن بە هەموو بونەوەرێکی عاقڵ ئەوانەی پێویستی و گشتین، یەکەم شت عەقڵ درکیان پێ دەکات تەنها چەند بیرێکن پاشان پەنا دەبا بۆ زمان بۆ ئەوەی بیان سەلمێنێ و بیان گوازێتەوە بۆ غەیری خۆیان، زمان لەتێڕوانینی ئەوان لە دانانی خەڵکە چۆن بیانەوێ ئاوا ڕێک دەکەون لەسەری، جا بۆیە زمان لە هیچ دۆخێک لە دۆخەکان نە بەتەواو و نە بە کۆن دانانرێت، ئەگەر وەحی بەهۆی زمانێک لە زمانەکان گوزارشتی لێبکات، ئەوا لەوەدا نابێتە ئەرکی وەحی، هەروەک بە زمانێک لەزمانەکانی خەڵک ڕوونکراوەتەوە، سیفەتێک بێ بۆ کۆن، چونکە کۆن پەنا نابا بۆ زمانەکانی خەڵک، ئەمەیە ئەو ئەنجامە لۆژیکی یەی کەوا موعتەزیلە پێیگەیشتن بەوەی کە بڵێن قورئان دروستکراوە.

دەکرێت چەند خاڵێکی گرنگ بخەینە ڕوو کە تایبەتن بە بیروباوەڕی موعتەزیلەکان:

یەکەم/ بیرۆكەی خودایەتی لای موعتەزیلە، بیرۆكەیەكی ئەقڵیی پەتیی رەهایە، دوورە لە هەرشتێكی ئەستوویی و لاشەیی، خودا جەستە و ڕەگەز و جەوهەر نییە، ناجوڵێت چونكە جوڵە پێویستی بە گواستنەوە هەیە، كەواتە خودا لەلای فكرەی موعتەزیلە یەكەو تەنهایە، ئەزەلیی وهەمیشەی یە، لە خۆیدا پەیدابووە و لەسەروی ماددە و ڕۆحەوەیە.

دووەم/ قورئان وەك خودا كۆن نیە، بەڵكوخوا خۆی لەساتەوەختێكدا خوڵقاندویەتی و هێناویەتییە ئارا، واتە قورئان بریتییە لە تەرجەمەكردنی ئیرادەی یەزدان و دواجار ئەم ئیرادەیە لەكتێبێكی پیرۆزدا بەرجەستەبووە، تاكەشتێك كۆن بێت و دروستنەكراوبێت، تەنها خوا خۆیەتی، قورئان ئەگەر بەو شێوەیەی لەكتێبێكدا بەرجەستەبووە و هەستی پێدەكەین و دەیخوێنینەو، وەكو خودا كۆن بێت، ئەوە مانای ئەوە دەگەیەنێت كە دوو خودا لەجیهاندا هەیە نەك خودایەك، ئەمەش شتێكی مەحاڵە و لەگەڵ ئایەتەكانی قورئاندا خۆی ناتەباییە، ئەگەر قورئان قسەی خوداوەند بێ‌، لەزاتێكەوە دەرچووە كە ئەزەلییە، كەواتە ئەو فەرمانەی لەناو قورئاندا بۆ موسوڵمانان دەرچوون، بەر لەوەی فەرمان پێدراوان دروستبووبن دەرچووە، یانی كاتێك هێشتا بنیادەم لەگۆڕێ‌ نەبووە ئەمەش ئەقڵ نایگرێ‌، چونكە ناشێ‌ خوداوەند فەرمان بەشتی نەبوبدا، قسەش بۆ ئەوەی ببێتە قسە، دەبێ‌ قسەكەر و گوێگری هەبێ‌ ئەزەلی بوونی قورئانیش ئەوە دەگەینێ‌ قسەكەر هەبووە و گوێگر هێشتا لەگۆڕێ‌ نەبووە، ئەقڵیش نایگرێ‌ و ڕێی تێناچێ‌ یاساو ڕێسای كۆمەڵایەتی و ئەرك و فەرمان بۆشتێك دەربچێ‌ لەكاتێكدا كەهێشتا خۆی دروست نەبووە، ئەوەی كە بوونەكەی مەحاڵبێ‌، تەنها كاتێك نەبێ‌، ئەوا كۆنێتی یەكەی لەڕووی شوێنەوە دەبێ‌، ئەم قسەیە قسەی خودا، تایبەتە بەشوێنەوە، تەنها لەو شوێنەشدا بوونی هەیە، سەلماندنی ئەمەش تێیدا (لەو شوێنەدا) كۆنیەكەی مەحاڵ دەكا، لەبەرئەوەش كە شوێنەكە چێكردنەكەی سەلمێندراوە، ئەوا پێویست بەبوونی ناكات بەوەی كە چێكراوی یەكەم و سەرەتایە. بەم شێوەیە موعتەزیلە گوتویانە كەلامی خودا خوڵقاندندنی ئەو دەنگ و پیتانەیە كە چەمك و دەلالەتەكانیان ئەو مەبەست و مانایانەن كە بەو پیت و دەنگانە گوزارشتیان لێدەكرێت، ئەو دەنگ و پیتانە نوێن و پەیوەندیان بە خودی خوداوە نییە، چونكە ئەو ئاخاوتنە كە لەدەنگ و پیت پێكدێت بەپێی شوێن و زمانی میللەتان دەگۆڕێت نە بە ماناكانیان، بەڵام ئەو مانا و مەبەستانە كە وشەكان گوزارشتیان لێ دەكەن ئەو مانایانە بەڕاستی دەبنە كەلامی خودا و بەند دەبن بە خودی خواوە، ئاخاوتن بەم مانایە پێی دەگوترێ‌ ئاخاوتنی دەروونی، موعتەزیلەش لەسەر ئاخاوتنی دەروونی بەو مانایە لاریان نەبووە، بەڵام چەمكی كەلامی دەرونی لای ئەوان سەر بە زانینی خودایە، كەوابێ‌ كەلامی خوا دەبێ‌ دوو دیوی جیاوازی هەبێ‌، یەكەمیان ئەوەیە كە بەدەنگ و پیت وشە بە گوێدا دەدرێ‌، كەلام لەم دیوەیەوە بەلای هەموانەوە نوێیە و بە خودی خواوە بەند نییە، بەلای موعتەزیلەوە خوا لەسەر زاری جوبرەئییل و پەیامبەران گوزارشت لەلایەنەكەی دیكە دەداتەوە، بەم لایەن دەگوترێ‌ كەلامی دەرەكی، بە دووەم دەگوترێ‌ كەلامی دەرونی كە دیوی دووەمە، ئەم دیوەی بەكەلامی ڕاستی خوا دەزانرێ‌ و پەیوەندی بە خودی خواوە هەیە و بەوەوە بەندە و ئەزەلییە.

سێیەم/ هەروەها مەنهەجیان لە تێگەیشتنی دەقی قورئانیدا بەتایبەتی، بەشێوەیەک کە دەبینین کە بنچینەی زمانیی فاکتەر و بەهێزە لە بەرامبەر بنچینەی عەقڵیدا، ئەگەرچی دەچێتە ژێر دەسەڵاتی عەقڵیشەوە، چونکە زمان چەکێکە بەدەستی موعتەزیلەکان لە دانانی بنچینەی عەقڵ لەبەرامبەر دەقدا وەک بناغەیەک بۆ چەسپاندنی تەبایی و کۆک بوون و نەبوونی ناکۆکی لەنێوانیاندا، هەربۆیە لە تەئویلکردنی هەموو ئەو دەقانەی کە لە ڕواڵەتدا ناکۆکن لەگەڵ بنچینەی عەقڵیدا بەکاریان هێناوە و کردویانەتە بناغەیەک بۆ چەسپاندنی هەموو ئەو دەقانەی کە ناکۆکن لە گەڵ عەقڵدا بە بەڵگەی هەمان ئەو بنچینانەی خۆیان بە موتەشابیه ناساندوویانن، هەربۆیە موعتەزیلەکان پرس و بابەتی زمانیان زۆر فراوان کردووە بۆ خزمەت و بەرژەوەندی مەنهەجەکەیان، تەنانەت لە هەندێک کاتدا پەنایان بردووە بۆ پێدانی بە بەڵگەبوون بە هەندێ ئاماژەو دەربڕین کە بگونجێت لەگەڵ ئاراستەکەیان بەڕێگەیەک هیچ توانایەکیان نەهێشتۆتەوە بۆ ڕوکەشی دەقەکان لەسەر بەبەڵگەبوونیان لەسەر مانا، مادام جیاوازبوبێت لەگەڵ بنەماکانیان، وە هەڵبژاردنی ڕوگەلێک لە مانا بۆ دەربڕینەکان کەوا نزیکتربێت لەبنەماکانیان، یا وەکو ڕاستر و باشتریش نەبێت.

 سەرچاوەكان

سەرچاوەكان بەزمانی عەرەبی

یەكەم/ سەرچاوە ڕەسەنەكان

 القرآن الكريم

1.      إبن الاثير، أبي الحسينعلي بن احمد أبي الكرم محمد بن محمد بن عبدالكريم بن عبدالواحيد الشيباني(ت630ه)، الكامل في التاريخ، راجعة وصححة: محمد يوسف الدقاق، دار الكتاب العلمية،بيروت،1998.

2.      إبن القيم الجوزية، شمسدالدين الامام أبي عبدالله محمد أبي بكر(ت751ه)، مختصر الصوائق المرسلة علي الجهمية والمعطلة، تحقيق: سيد عمران، دار الحديث، القاهرة،2004.

3.      البغدادي، عبدالقادر، الأصول الدين، استنبول، 1928.

4.      البغدادي، عبدالقادربن طاهر بن محمد،الفرق بين الفرق، أعتني بهاء علق عليها: ابراهيم رمضان،دار المعرفة،بيروت،لبنان،ط4، 2008.

5.      الأشعري، أبو الحسن علي بن أسماعيل(ت330ه)، مقالات الأسلاميين، تحقيق: محمد محيدالدين عبدالحميد، ج1، مكتبة النهضة المصرية، قاهرة،1950.

6.      الأشعري أبوالحسن، الابانة عن الاصول الديانة، مكتبة تعزللنشر، بغداد،ب.د.

7.      الأسفرايينى، ابو مظفر شاهغفور بن طاهربن محمد(ت471ه)، التبصير في الدين وتميز الفرقة الناجية عن الفرق الهالكين، تحقيق: كمال يوسف الحوت، عالم الكتب، بيروت،1983.

8.      التفتازاتي، سعدالدين مسعود بن عمربن عبدالله،شرح العقائد النسفية، تحقيق: أحمد الحجازي السقا، مكتبة الكلي الأزهرية، القاهرة، 1998.

9.      جاحز، أبوعثمان عمرو بن بحر(ت255ه)، رسائل جاحظ، مقالة خلق القران.

10.    الجوينى، إمام الحرمين أبو المعالي عبدالملك بن عبداللة الشافعي (ت478ه)، الشامل في الاصول الدين، حققه وقدم له: علي سامي النشار وفيصل بدير عون وسهير محمد مختار، مكتبة المعارف، الاسكندرية، 1969.

11.    الجويني، إمام الحرمين أبو المعالي عبدالملك بن عبداللة الشافعي(ت478ه)، الارشاد إلي قواطع الادلة في أصول الاعتقاد، علق عليه وخرج آياته وأحاديثه: الشيخ زكريا عميرات، دار الكتب العلمية، بيروت، لبنان،1995..

12.    الشهرستاني، ابو الفتح محمدبن عبدالكريم (ت548ه)،الملل والنحل، تحقيق: عبدالعزيز محمد الوكيل، قاهرة، 1986.

13.    عبدالجبار، قاضي، أبي الحسن عبدالجبار بن احمد ألآسد ألآبادي الهمداني(ت415ه)، المنية والامل، جمعة: أحمد بن يحي ابن المرتضي، قدم له حققه: عصام الدين محمد علي، دار المعرفة الجامعية للطباعة النشر، ب.م،1985.

14.    عبدالجبار، قاضي،بن احمد، شرح الاصول الخمسة، تحقيق: عبدالكريم عثمان، مكتبة الوهبية، القاهرة، 1965.

15.    عبدالجبار، قاضي، خلق القران، قوم نصه: ابراهيم الأبيارى، بأشراف: طه حسين، ب.د.م.

16.    عبدالجبار، قاضي، تثبيت دلائل النبوة، حققه وقدم له:عبدالكريم عثمان، ج1، دار العربية، بيروت، لبنان.

17.    ابن قتيبة الدينوري، ابو محمد عبدالله بن مسلم، عيون الاغبار، ج2، دار الكتاب العربي، بيروت،

18.    الخياط المعتزلي، ابي الحسين عبدالرحيم بن محمد بن عثمان، الانتصار والرد على ابن الراوندي الملحد، نقل الى الفرنسية: البير نصري نادر، المطبعة الكاثولكية، بيروت، 1957

19.    ابن الجني، ابي الفتح عثمان، تحقيق: محمد علي النجار، داركتب المصرية، المكتبة العلمية

20.    الشهرستاني، ابو الفتح محمدبن عبدالكريم، نهاية الاقدام في علم الكلام، حرر وصححة: الفريدجيوم، مكتبة الثقافة الدينية،2009

21.    البصري، ابو الحسين محمد بن علي بن الطيب المعتزلي(ت436)، المعتمد فی اصول الفقە، تحقيق:محمد حميد الله بتعاون احمد بكر وحسين حنفيي، المعهد العلمي الفرنسي للدراسات العربية، ج١، دمشق،1964

22.    السیوطی، عبدالرحمن جلال الدین، المزهر فی علوم اللغة و انواعها، شرحە و ظبطە و صححە و عنون موضوعاتە: محمد احمد جاد الملولی بک و اخرون، منشورات المکتبة العصریة، بیروت 1986.

23.    ابن وهب، ابی الحسین اسحاق بن ابراهیم بن سلیمان، البرهان فی وجوە البیان، تقدیم و تحقیق: جفنی محمد شرف، مکتبة الشباب.

 دووەم / سەرچاوە یارمەتیدەرەكان (المرجع)

24.    أبوزهرة، تاريخ المذاهب الاسلامية، دار الفكر العربي، القاهرة،ب.د.

25.    جولتسهير، اغناتس، العقيدة والشريعة في الاسلام، ت: محمد يوسف موسي، منشورات الجمل، بيروت، لبنان، 2009.

26.    جولتسهير، إجناس، مذاهب التفسير الأسلامي، مكتبة الخانجي بمصر ومكتبة مثني ببغداد، قاهرة، 1955.

27.    .

28.    الخيون، جدل التنزيل مع كتاب خلق القران للجاحظ، منشورات الجمل، 2000.

29.    الرومى، أ.د.فهد بن عبدالرحمن بن سليمان، مسألة خلق القران وموقف علماء القيروان منها ودورهم في الذب عن المذهب السلف فيها، السعودية، 1997.

30.    سرحان، هيثم، إستراتيجية التأويل الدلالي عند المعتزلة، دار الحوار، سوريا، 2003.

31.    السقا، احمد الحجازي، المعتزلة قراءة ومخطوطات البحر الميت، دار البروج، قاهرة، 2003.

32.    صبحي، احمد محمود، في علم الكلام، مصر، 1982.

33.    طوقان، قدري حافظ، مقام العقل عند العرب، دار القدس، بيروت، 2002.

34.    الظواهري، محمد حسين، التحقيق التام في علم الكلام، مكتبة النهضة المصرية، 1939.

35.    ألفاخوري، حنا وخليل جر، تاريخ الفلسفة العربية، ج1، دار الجيل، بيروت، 1993.

36.    مروة، حسين: النزعات المادية في الفلسفة الاسلامية، جزء الأول، قسم الثاني، ب.م،1978.

37.    نادر، البير نصري: فلسفة المعتزلة فلاسفة الاسلام الأسبقين، مطبعة الرابطة،1951.

38.    نادر، ألبير نصري، فلسفة المعتزلة، مطبعة دار النشر الثقافة، الاسكندرية.

39.    ألنشار، علي سامي: نشأة الفكر الفلسفي في الاسلام، ج1، دار المعارف، القاهرة، 1975.

40.    هاشم، صالح مهدي، الفكر الفلسفي في بغدادـ دراسة في الأصول والأتباع، مكتبة الثقافة الدينية، قاهرة، 2005.

41.    هارى، أ.ولفسون، فلسفة المتكلمين، ت: مصطفي لبيب عبدالغني، ج1، المشروع القومي للترجمة، القاهرة، 2005.

42.    هنري كوربان، تاريخ الفلسفة الاسلامية، ت: نصير مروة وحسين قبيسي، راجعة وقولة: الامام موسى الصدر والامام عارف تامر، بيروت، 2004.

43.    جابر ادريس علي امير، منهج السلف والمتكلمين في المواقفة العقل والنقل،واثر المنهج في العقيدة، مكتبة الضياء السلف، ج2، الرياض، 1998.

44.    ازوولد تزیفان تودوروف و اخرون، المرجع والدلالة فی الفکر اللسانی الحدیث، ترجمة و تعلیق: عبدالقادر قنینی، افریقیا الشرق، الدار البیضاء/بیروت،2000.

45.    ولید قصاب، التراث النقدی والبلاغی للمعتزلة"حتی نهایة القرن السادس لهجری، دار الثقافة/ الدوحة، 1985.

46.    ستار جبر حمود الاعرجی، مناهج المتکلمین فی فهم النص القرانی، المرکز الاسلامی للدراسات الاستراتیجیة – العتبة العباسیة المقدسة،2017.

47.    نصر حامد ابو زید، الاتجاء العقلی فی التفسیر" دراسة فی قضیة المجاز فی القران عند المعتزلة، الطبعة الرابعة، المرکز الثقافی العربی، بیروت/دار البیضاء، 1998.

48.    طە عبدالرحمن، اللسان والمیزان او التکوثر العقلی، المرکز الثقافی العربی، الدار البیضاء/بیروت،1998.

49) انطوان ارنولد و بییر نیکول، المنطق او فن توجیە الفکر، ترجمة: عبدالقادر قنینی، المرکز الثقافی العربی، دار البیضاء/ بیروت، 2007.

50)جاراللة، ذهدي حسن، المعتزلة، مطبعة المصرية، القاهرة،1947

51) صلاح أبو السعود،المعتزلة – نشأتهم- فرقهم- اراهم الفكرية، مكتبة النافدة، 2004.

 سەرچاوە كوردییەكان:

1.      ئارام قادر خەلەكانی، شرۆڤەی لۆژیكی بۆ زمان (ڤیتیگنشتاین)، چاپخانەی خانی، هەولێر، 2010.

2.      ئارام قادر خەلەكانی، زمان وئازادی، گۆڤاری زنار، ژ:36.

3.      جۆن ماکواری، فەلسەفەی بوونگەرایی، و:ئازاد بەرزنجی، نەوا – کوردستان – سلێمانی،2005.

3.ڕامین جەهانبەگلو، مۆدێرنەکان، و:ئازاد بەرزنجی، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، سلێمانی،2009


ئەم بابەتە 145 جار خوێندراوەتەوە