Karwan_Haji.jpg

لە چرۆیەوە تا هەڵوەرین

كاروان حاجی

١- كە لە دایك بووم، دەڵێن سەگێك بە بێگانەی دونیا وەڕی.

 دێڵێك لە غەریبی لوراندی.

دەڵێن ڕووناكی لە ناو قەفەزێك باڵی لێك دا.

كۆترێك بە ئاسمانی جەنگێكی بێ ئامان تێپەڕی.

دەڵێن، دەنگی شمشاڵێك ڕوخساری تۆزاوی بێدەنگی سڕی.

 دەڵێن، دایكم گوێی لە تەپەی پێی ئیحراجی مریەم بوو.

دایكم چاوی بە سێبەری گەڵای پەشیمانی حەوا كەوت.

داركونكەرەیەك دواین دەنووكی لە هێلانەكەی دا.

 پەرەسێلكەیەك بناخەی هێلانەكەی لە ژوورەكەم دانا.

٢- ایكم لە یەك كات، بەدەم بۆم پێدەكەنی، بە چاو بۆم دەگریا.

 دایكم شەرابێك بوو لە تاو مەستیم ڕژا.

 گۆزەیەك بوو لە ڕێی تینوێتیم شكا.

خەندەیەك بوو لە هەژمەتی چارەنووسم گریا.

 باوكم پارووە نانێك بوو، لە دەمی برسیەتیم خورا.

٣- وامدەزانی، باڵندەكان لە چاو كۆلارەكەی من دەفڕن.

 وامدەزانی سێدارە لە چاو جۆلانە دورستكراوە،

 ژیان لە قووڵایی خەندەیەك هەڵهێنجراوە.

 وامدەزانی هەموو تارماییەك سێبەری باوكمە.

وامدەزانی هەموو میوەیەك مەمكی دایكمە.

٤- هێشتا پەشیمانی بە خۆزگەی ئاشنا نەكردبووم.

هێشتا گەرمایی ژیان سێبەر و ساباتی مەرگی لا خۆشەویست نەكردبووم.

هێشتا قورسایی بوون بەرەو بۆشایی عەدەمی نەناردبووم.

هێشتا تاڵایی ستەم وەهمی دادگەری پێ نەناساندبووم.

هێشتا ژیان بووكە شووشەیەك بوو، تۆپەڵە قوڕێك بوو، لەدەستمدا، هەر جارەو شتێكم لێ دورست دەكرد.

٥- لەناو كەژاوەی سامی باوكم، دایكمم بینی وەك تارماییەك هەڵكوڕمابوو.

 دایكم پشكۆیەك بوو، بەڵام پەنجەی بێگوناهی مناڵانی نەدەسوتاند.

 سەهۆڵێك بوو، بەڵام دەستی نەدەتەزاند. 

داوەڵی كێڵگە گەنمێك بوو، بەڵام چۆلەكە برسیەكانمی هەڵنەدەفڕاند.

تاڤگەیەك بوو، بەڵام لە هەڵدێری پیاوەتی.

گیایەكی سەوزبوو، لە قەراخ چەمێكی توڕە.

 شكۆی پێڵاوەكانی تاجی سەری پاشای دەنواند.

ڕوون بوو، بەڵام وەك دەریاكان لە قووڵیدا هەرگیز شین نەدەبوو.

 دایكم ئاوبوو، بەڵام هەرگیز لە هەڵدێر مەندی خۆی نەدەدۆڕاند،

 هەرگیز لەبەر نشێو بێدەنگی خۆی نەدەشكاند.

 دایكم ئاوبوو، بەڵام هەرگیز لە توڕەی كەناری خۆی نەدەبەزاند.

 دایكم ئاوبوو، بەڵام هەرگیز تینوێتی منی نەدەشكاند.

گۆمێكی مەند بوو، بەڵام مناڵانی نەدەخنكاند.

ئاگردانی قەقنەس بوو، بەڵام ئێمەی نەدەسوتاند.

خۆی فرمێسك بوو، بەڵام هەرگیز منی نەدەگریاند.

٦- دایكم وەك بروسكە توڕە دەبوو، بەڵام وەك باران ئاشت دەبووەوە،

 وەك جۆگەلە لێڵ دەبوو، بەڵام وەك كانیەك ڕوون دەبووەوە.

٧- میراتی دایكم تەنها بوخچەیەك بوو: لە ناویدا چەند تاڵێك لە قژی مناڵیم، تۆزێك گەردی پەپوولە، قوتیەك لە خەونی سەوز.

٨- دەستی مناڵیمی گرت لە ڕووباری خۆشیەكان پەڕاندمیەوە.

 كاتێك زانیم سێبەری دایكم بەسەرمەوە نەماوە!

وەختێك بینیم قوڕی یاریەكەم ڕەقهەڵگەڕاوە!

ئەسپەكانم لە مێرگێك دەوردراون! 

باڵندەكانم لە قەفەزێك دیلكراون! خۆشیەكانم لە دوێنێ جێماون.

 كاتێك زانیم كۆلارەكەم بۆتە داڵێك بەدیار لاكێكەوە هەڵكوڕماوە.

لێرەبوو داوایی قومێك بوێریم لە تاڤگە كرد.

داوای هەناسەیەك لە پشووم لە درەخت كرد.

داوای سەفەرێكی بێگەڕانەوەم لە ڕووباركرد.

٩- گەیشتم بە ترێ، بەڵام ترشایی پەسیرەم لە دەست چوو.

گەیشتم بە مەنزل، بەڵام چێژی گەیشتنم لێ ون بوو.

 گەیشتم بە سێوی سەر چڵەعاسێكان، لێ خۆشی هەڵگەڕانم لێ بەربووەوە.

گەیشتم بە هێلانەی دڵنیایی، لێ جۆلانەی پرسیارم لێ پسا.

گەیشتم بە وەهمی حەقیقەت، بەڵام خرۆشانی گومانم لەدەستدا.

 پێم خستە ناو بازنەی عادەت، خولامەوە لە چەرخی بێ هودەیی،

دەستمدا لە تۆزی ئولفەت، لێ جامی سەرسوڕمانم لێڕژا.

١٠- هێندە تەنهام، بە چكەی گەڵایەك تەنهاییم دەڕەویتەوە.

بە چركەی كاژمێرێك بێدەنگیم دەشكێت.

 بە گزنگی گومانێك سەهۆڵی ئیمانم دەتویتەوە.

بە ماچێك پیاڵەی عیشقم بە تاڵ دەبێت.

 بە خەونێك تەمی واقیعم دەڕەوێتەوە.

بە هەڵمی گومانێك پشتی ڕاستیەكانم دەچەمێت.

١١- لەناو كەلاوەی كوێرەوەریەكانم بۆ مرواری بۆ مرواری بەختەوەریم دەگەڕێم.

 لە دەریای تینویتیم شەپۆل دەدەم.

 لە هەڵدێری شكەستەوە سەردەكەوم.

 لەناو جۆلانەی هۆشیاریم دەخەوم.

دەبێت ئەوە بزانین رەگ و ڕیشەكانی سەراب دەچنەوە سەركانیاو.

...تراویلكە گەر تینوێتیمان نەشكێنێت، خۆ بینینمان تەڕ دەكات.

١٢- گۆزەی تینووم لێی دەڕژێت.

 كاسەی پڕم بەتاڵە.

 پیر بووم، بەڵام مناڵێك سێبەری لێكردووم.


ئەم بابەتە 62 جار خوێندراوەتەوە