dost.jpg

ژیان لەگەڵ وشەدا ڕانانێکی کورت بۆ"بیرەوەرییەكانی ئانا گریگۆریڤنا"ی هاوسەری دۆستوێڤسكی

ئارام سدیق

ئەم ماوەیەی پێشوو بیرەوەرییەكانی ئانا گریگۆریڤنا هاوسەری دۆستوێڤسكیم خوێندەوە، کە یەکێک بوو لەو بیرەوەرییە چێژبەخشانەی کە وەکو بیرەوەرییەکانی نیرۆدا و ئەندرۆ ماڵڕۆ و کامۆ بۆمن جێگەی سەرنج و تێڕامان بوو، چونکە بیرەوەرییەکانی ئەم خانمە زۆر لایەنی ژیانی دۆستوێڤسكی دەخاتەڕوو، کە بۆ خوێنەری بەرهەمەکانی ئەم نووسەرە زۆر چێژبەخش و هاوکات ڕوونکەرەوەی بەشێکی زۆر لە ئایدیا لێڵەکانی نێو تێکستەکانییەتی. ئەم کتێبە مامۆستا حەمە کەریم عارف وەریگێڕاوە و لە دوتوێی 588 لاپەڕەی قەبارە گەورەدا ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند چاپ و بڵاویکردووەتەوە.

فیۆدۆر میخائیلۆڤیچ دۆستوێڤسكی (1821-1881) یەكێكە لە ڕۆماننووسە ناودارەكانی سەدەی نۆزدەهەم، تا ئەمڕۆش ڕۆمانەكانی لە ئاستی ئەدەبیاتی دنیادا دەخوێنرێنەوە و لەسەری دەنووسرێن. ئەم نووسەرە زۆربەی کارەکانی کراوە بە کوردی و بۆ خوێنەری کوردیش نووسەرێکی ئاشنایە. بۆیە ئەم بیرەوەرییانە کە دەرگا لەسەر زۆر نهێنی دەکەنەوە و زۆر پەنهانی ژیانی ئەم نووسەرە مەزنە دەخەنەڕوو بۆ خوێنەری بەرهەمەکانی ئەم نووسەرە گرنگی تایبەتی هەیە. دۆستوێڤسكی لە ژیانی ئەدەبی خۆیدا چەندین ڕۆمانی درێژ و كورتی نووسیوە، بەڵام پتر بە دوو ڕۆمانی دەناسرێتەوە، ئەوانیش بریتین لە رۆمانی "تاوان و سزا" و "برایانی كارامازۆڤ"، كە بۆ زۆرێک لە زمانەكانی دنیا وەرگێڕدراون و خوێنەرانی کوردیش ڕۆمانی یەکەمیان (تاوان و سزا) لەڕێی دوو وەرگێڕانەوە لەبەردەستدایە کە یەکەمیان ڕەووف بێگەردە و دووەمیشان حەکیم کاکە وەیسە. هەرچی "برایانی کارامازۆف"یشە ئەمین گەردیگلانی کردوویەتی بە کوردی. وەك خێزانەكەی لە بیرەوەرییەكانیدا دەنووسێت، لە كۆتاییەكانی ژیانیدا بیری لەوە دەكردەوە ڕۆمانێكی دیکەی گەورە لە پێنج بەرگدا بنووسێت بە ناونیشانی "حیكایەتەكانی گوناهكارێكی گەورە"، بەڵام مەرگ ڕێگەی نەدا ئەو ڕۆمانە تەواو بكات. بۆیە دوا ڕۆمانی دۆستوێڤسكی بریتی بووو لە (برایانی كارامازۆڤ)، ئەم ڕۆمانە بە یەکێک لە گرنگترین ڕۆمانەکانی ئەم نووسەرە دادەنرێت و ڕۆمانەکە چەند لە هەوڵی گێڕانەوەی حیکایەتی بنەماڵەی کارامازۆفدایە ئەوەندەش لە هەوڵی ئەوەدایە کێشەی فیکریی و دەروونی مرۆڤ بخاتە بەرباس.

ئانا گریگۆریڤنا ژنی دووەمی دۆستوێڤسكییە، ژنی یەكەمی ناوی ماریا بوو و كۆچی دوایی كردبوو، ئانا لەپاش مردنی مێردەكەی بیر لەوە دەكاتەوە بیرەوەرییەكانی ژیانی هاوسەرییان بنووسێتەوە، خۆی دەڵێ:‌ پێشتر بەهیچ جۆرێك بیری لەوە نەكردبوەوە بیرەوەری بنووسێتەوە، چونكە ئەو لە بنەڕەتدا نووسەر نییە و بەهرەی ئەدەبیشی نییە، بەڵام كاتێك بیر لەژیانی خۆیان دەكاتەوە و بیر لەو ناوبانگە گەورەیەی هاوسەرەکەی دەكاتەوە، ناوبانگێك سنوورەكانی روسیایشی تێپەڕاند، هەروەها كاتێك بیرەوەرییەكانی خۆی و مێردەكەی دەخوێنێتەوە، پێی باش دەبێ‌ هەندێ‌ لایەنی گرنگ و شاراوە هەن پێویستە بیاننووسێتەوە، ئەو لایەنە شاراوانەش شایستەی ئەوەن خەڵكی ئاگاداریان بێت.

ئانا گریگۆریڤنا بۆ ماوەی پێنج ساڵ (1911-1916) سەرقاڵی نووسینەوەی ئەم بیرەوەرییانە بوو، لەو ماوە دوورودرێژەدا، جوانترین بیۆگرافیای دۆستوێڤسكیی نووسیوەتەوە كە زانیاریی گرنگ و بەسوودی تیایە دەربارەی ژیانی تایبەتی و ژیانی ئەدەبیی دۆستوێڤسكی، کە ژیانێک ژیاوە هاونشینی وشە و ڕێڕ و ئازارە لە بننەهاتووەکانی مرۆڤ لە هەموو کات و سەردەمەکاندا.

ئەگەرچی بەشی هەرە زۆری ئەم کتێبە شتی پەنهان و ئەو چەرمەسەریانەی تێدایە، کە بەسەر نووسەرێکی وەها گەورەدا هاتووە، بەڵام لە زۆر جێگەشدا هەستم دەکرد زۆر بەشی ژیانی ئەم نووسەرە نزیکییەکی زۆری لەگەڵ پاڵەوانی نێو ڕۆمانەکانی هەیە، کە ئەمە شتێکی ناسروشتی نییە، بەڵکو زۆر ڕووداو کە لەم بیرەوەرییانەدا هەیە بە شێوەی وەردەکارانەتر لای خودی دۆستۆیڤسکی ڕەنگدانەوەی هەیە.

ئەوەی ماوەتەوە لێرەدا بیخەمەڕوو ئەوەیە کە ئەم کتێبە دەکرێت هەنگاوێک بێت بۆ تێگەیشتن و نزیکبوونەوەی زیاتر لە دۆستۆیڤسکی نووسەرێک کە جگە لەوەی رۆمانووسێکی گەورە بوو، لێ مرۆڤناسێکی گرنگیش بوو، کە کەم نووسەر هەیە هێندە ئەوەی بە وردەکارییەوە لە مرۆڤ نزیکبووبێتەوە، هاوکات کۆمەکی خوێنەر دەکات بۆ زیاتر لە تێگەشتن لە زۆرێک لە بەرهەمەکانی و ئەو ناڕوونی و لێڵیانەی کە بەشێک لە ڕۆمانەکانی دۆستۆیڤسکیدا هەستی پێدەکرێت.

بێگومان ئەوەی لێرەدا خرایەڕوو تەنها هەڵوەستەکردنێکی ڕاگوزەرانەیە و بەهیوام بتوانم لە ئاییندەدا بە وردتر لەسەر ئەم بەرهەمە ناوازەیە هەڵوەستە بکەم. دەستخۆشی بۆ مامۆستا حەمەکەریم عارف و هەوڵە بێوچانەکانی بۆ گواستنەوە ئەدەبیاتی جیهانی بۆ نێو کتێبخانەی کوردی.


ئەم بابەتە 68 جار خوێندراوەتەوە