Sarbast.jpg

كتێبێكى دیكه‌ى گۆستاف لۆبۆن ده‌كرێت به‌ كوردى

نوسه‌ر و وه‌رگێڕى كورد (سه‌ربه‌ست جیهاد)، كتێبى (شارستانیه‌تى بابل ئاشور) له‌ نوسینى (گۆستاف لۆبۆن) ده‌كات به‌ كوردى و بڵاوى ده‌كاته‌وه‌.

له‌ واڵى تایبه‌تى خۆى له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تى فه‌یسبوك نوسه‌ر و وه‌رگێڕى كورد (سه‌ربه‌ست جیهاد) سه‌باره‌ت له‌ نوێترین كارى وه‌رگێڕانى نوسیویه‌تى: " نوێترین وەرگێڕانم، بەم نزیکانە دەکەوێتە بەر دیدەی خوێنەران".

له‌پێشه‌كى كتێبه‌كه‌دا هاتووه‌:

"گۆستاڤ لۆبۆن مێژوونووس بووه‌ به‌رله‌وه‌ى فه‌یله‌سوف بووبێ، چونكه‌ مێژوونووس بووه‌، بۆیه‌ بۆته‌ فه‌یله‌سوف. بایه‌خدانى به‌ نووسینه‌وه‌ى مێژووى گه‌لانى دێرین، بایه‌خدانى مێژوونووسێكى جیهانییه‌، له‌ هه‌وڵى ئه‌وه‌دایه‌، مێژوو وه‌ك، مێژووى شارستانیى ‌و په‌ره‌سه‌ندنى كۆمه‌ڵایه‌تى‌و  پێشكه‌وتنى هونه‌ر بنووسێته‌وه‌، نه‌ك مێژووى پێشهات‌و جه‌نگ‌و میرو مه‌زن، خانه‌دانیى فڵان‌و به‌خشنده‌یى فیساره‌ پاشا.

ئێمه‌ له‌م كتێبه‌دا وه‌سفێكى زێده‌ وردى قۆناغه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانى به‌ره‌وپێشچوونى مرۆڤایه‌تى ده‌خوێنینه‌وه‌. سیماى دره‌وشاوه‌ى ئه‌و قۆناغه‌، شارستانیى بابل و ئاشووره‌. به‌هاى توێژینه‌وه‌كه‌ى گۆستاڤ لۆبۆن له‌وه‌دایه‌: قه‌ڵاتێكى گه‌وره‌، زۆر گه‌وره‌ى زانیارى مێژوویى ده‌رباره‌ى ئه‌و دوو گه‌له‌ دێرینه‌ كۆكردۆته‌وه‌، ئه‌و دوو گه‌له‌ى به‌نۆره‌ پێشڕه‌وایه‌تى شارستانیى دره‌وشاوه‌ى مرۆڤایه‌تیان كردووه‌ و به‌ تیشكى زانست و هونه‌ر، ماوه‌ى چه‌ندین سه‌ده‌، جیهانى كۆنیان ڕووناك كردۆته‌وه‌. لۆبۆن سه‌ربرده‌ى ئه‌و شارستانیه‌مان بۆ ده‌گێڕێته‌وه‌، له‌ هه‌نگاوه‌ به‌راییه‌كانه‌وه‌، ده‌ستمان ده‌گرێ، ده‌ست ده‌با بۆ توێژینه‌وه‌ى باوه‌ڕو دینه‌كان، په‌سنى دانى په‌رستگاكان، تا ده‌مانگه‌یه‌نێته‌ سه‌ر شێوه‌ ژیانى پڕ له‌ هه‌واو هه‌وه‌سى میرو پاشاكان و پێشكه‌وتنى هونه‌ر، سه‌ره‌نجام چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌كى شاراوه‌مان له‌و مێژووه‌ بۆ ئاشكرا ده‌كا".

گۆستاف لۆبۆن (Gustave Le Bon) مێژوونوس و نوسه‌ر و ئه‌كادیمیست و پزیشكێكى فه‌ڕه‌نسى بوو، له‌ رۆژى 7/5/1841 له‌ فه‌ڕه‌نسا له‌ دایكبووه‌، له‌ رۆژى 13/12/1931 له‌ ته‌مه‌نى (90) ساڵى هه‌ر له‌ فه‌ڕه‌نسا كۆچى دوایى كردووه‌، به‌رهه‌مه‌كانى بۆ زۆر زمانى جیهانى وه‌رگێڕدراون، چه‌ند به‌رهه‌مێكیى كراون به‌ كوردى له‌وانه‌، سایکۆلۆجیای سۆسیالیزم له‌ وه‌رگێڕانى سه‌ربه‌ست جیهاد، سایکۆلۆژیای جەماوەر له‌ وه‌رگێڕانى (سەڵاح سەعدی)، شۆڕشی فەڕەنسی و ڕۆحی شۆڕشەکان له‌ وەرگێرانى (شەماڵ ئەحمەد)، ڕۆحی سیاسەت له‌ وەرگێڕانی (عومەر عەلی).


ئەم بابەتە 42 جار خوێندراوەتەوە