Wena_bo_babat.jpg

وەرزی هەنجیر

پەخشان عەبدولڕەحمان

خۆر لە درزی پەردەکە دێتە ژورێ

لە دەرەوە، باخچەیەکی ماندوو غەرقی گەرمایە،

من لەوبەرەوە وشە لە تاریکایی مەرەکەب هەڵدەکێشم

دوور نییە ئێستا شیعر پەیکەری خەم بێ و

من پەردەی لەسەر لابدەم.

دوێنێ ڕەشنوسی شیعرێکم لە ئاودا خوساند...

ئەمڕۆ، دارهەنجیرێک خەون بە گەورە بوونەوە دەبینێ

دیوار لە من بێ منەتترە،.../

خەونی خۆی بۆ سێ براکەی باس ناکا و

بۆ پەنجەرەشی ناگێڕێتەوە،

هەزار خەونم بە باوەشتەوە بینی

لە وڕێنەیەکا تکام لە دایکم کردبوو....

نەهێلێ خەون ببینم؛

مەهێڵە خەون ببینم.

دوێنێ باران بەسەر من و پارک و جادەکانا بێ ئامان دایدەکرد 

دوودڵ بووی خۆشیکاتەوە، یا، نا...

ئەمڕۆ لە ژوورەکەمدا، بیرەوەرییت بەسەر کتێبخانەو

دەستبەند و سەعات و هەموو شتێکما...

دەچمەوە ناو مەجاز، بێ پرس و ڕاوێژ 

درێژترین جادەی خەیاڵم بەناوتەوە دەکەم و

لە ئینجانەدا وەک خەونێک دەتچێنم. 

تۆ لەخەمی ئەوەدای وەرزەکان نەچنەوە شوێنی خۆیان

لە خەمی ئەوەدای عەینەکەکەت بزربێ و

ماڵەکەتان لەتەمدا نەدۆزیەوە

من ترسی ئەوەمە ئەستێرەیەک ئەدرەسەکەت بە دنیادا بڵاوکاتەوە و

 ژوورەکەم ببێ بە مانشێتی ڕۆژنامەکان.

سێبەری شیشی پەنجەرەکە، بە ژورەکەدا درێژ دەبێتەوە...

دار هەنجیرەکە هێشتا خەون دەبینێ 

 لە سێبەری ئەودا

وێنەی بەلەمێکی چارۆگەدار دەکێشم

نیازی سەفەرێکی دوور دەخەیتە دڵت

چنگێک شەکر بۆ مێروستانێک ڕوودەکەم

خوایە بەختم تاڵ نەبێ. 

دایکم بە شەقەی باڵی کۆترەکان سوێند دەخوا

دیواری ژوورەکەم بە گوناح قانگداوە 

هێندە خەیاڵ و دووکەڵ بەسەرما دێن و دەڕۆن...

هاکا قیامەت لە ژوورەکەم هەڵسا

ئەو دەترسێ ڕۆژێ گومانێک خۆی بکێشێ بە شۆستەی دڵما...

کراسەکانم لە ئاو چن و گوارەکانم بکەمە گوێی شیعر.

خۆر لە نزمی دەدا

ڕەنگی پشکۆی گوارەکەم دەبینیت و

لە تۆ وایە ئێوارەیە...

دوکەڵی ئەو مەراقە لەسەرما چڕدەبێتەوە و

لە داگیرسانی جغارەیەکەوە

یەک پاکەت خەونت پێوە دەبینم...

دوێنێ لەسەر کورسیەکی لار دانیشتبوویت

چاوەڕێت دەکردم...

دوێنێ لەسەر کورسیەکی لاری تر دانیشتی و

نەتدەزانی چی بڵێی...

نەتدەویست بزانم، لەسەر باڵی چ ئومێدێک دێیتەوە 

نەمدەویست بزانی...

لەژێر باڵی هەنسکی چ قەسیدەیەک دەڕۆیتەوە...

بەشاهێدی کاراکتەری نێو کتێبەکان

ئەگەر شەرمی تێکچوونی وەرزەکان نەبا

کە بارانەکە خۆشی کردەوە، وەختبوو وەک گەردەلوول هەڵبم لەوێ.

ڕەگی دار هەنجیرەکە بەم شیعرەدا بڵاوبۆوە

چارۆگەی بەلەمەکە کەوتە جوڵە

لەکەناری دێڕێکمدا لەنگەر بگرە.

من دەمویست لەو شیعرەدا تۆ درەخت بی و

ئەوەی وێنەی دەکێشم باڵدارێک بێ،

بۆ برادەرێکم نوسی: کە دڵ چۆلەکە بوو

جیاوازی چییە لەسەر نەمامێک بنیشێتەوە یا درەختێک.

دەست لە چمکی ئێوارەیەکی درەنگ گیردەکەم و

زەمەن وەک شەمەندەفەرێکی خێرا...

 بەنێو تونێلێکی تاریکدا دەڕوا. بەناو ئێمەشدا

ئەگەر ئەستێرەیەکی دی ئەدرەسمان با

دەکرا کاتژمێرەکان ڕاگرین،

بەیەکجار خەت بەسەر هەموو ڕۆژژمێرەکەدا بێنین

وەرزەکان بە تێکەڵی بهێڵینەوە و 

جێناوی (میم) لە گرامەردا بکەینە (مان)

لە زماندا، دوێنێ و سەدەی چواردە و کەوتنی کڵێسا ڕابردوون

خەڵک دوێنێی خۆیان بێ سێ و دوو دەخەنە بازنەی ڕابردوویانەوە

من وەک ژەمێک بۆ داهاتوو هەڵی دەگرم و

لە هەر دێڕێکدا تاسەیەکم بۆ دروست کردووی...

تا زوو بەسەرتا تێنەپەڕم.

ڕەنگی ماتی کراسەکەت، شەوی لەگەڵ خۆی هێنا

دایکم کە دەیویست ویقار بۆ دەرگاکان بگێڕێتەوە

جێگۆڕکێی بە ئینجانەکان کرد و

جلەکانی سەر تەنافی هەڵگرتەوە

وایزانی دنیا تاریک بوو...

من سەبەتەی میوەکان دەگەڕێم و لیمۆم بۆ نادۆزرێتەوە

دەبا خەیاڵەکانم هەر بە تۆوە نەزیف بن...

کێ نالێ ئەو شیعرەی لە ئاودا خوساندمەوە

نەدەکرا پێی بچمەوە ناو ژیان،

کێ ناڵێ ئەو دێڕانەی خەتم بەژێردا نەهێنان گرنگتر نەبوون

کە دنیا تاریک داهات،

ئەستێرەیەک لەوسەرەوە لە ئەدرەسەکەتی دەپرسی!

مانگێکی پڕ، بە پشت هەورەکاندا دەڕۆیشت.....

بۆ ئەوەی قافڵەکانی جوانی ڕێی لێنەگرن.

من عەترم دەپرژاند وخاڵەکانی سەر پێستم دەژمارد، بە تۆشەوە...

دایکم ترسی لەوە بوو بمنێی بە لێوی خۆتەوە و

وەک جامە شەرابێک بڕژێم...

ئەوکاتە شوشە نەزانێ شکان بگێڕێتەوە..

من پێکەنینم بە شەرمی نازنازەکان دەهات...

کە لەودیو پەنجەرەکانەوە چاویان دادەخست...

مانگ بەر پەنجەرەکەی بەرنەدەدا و

لە چپەچپی لاولاوەکان، وەخت بوو تەریق ببمەوە...

دار هەنجیرەکە ڕاچڵەکی و خەونەکەی خۆی لە بیرچۆوە. 

بەلەمەکەت بە پشتی شیعرەکەمەوە لە ئاودا خوسا...

ڕاچڵەکیم و تامێسکەیەک لە لێوم هات

جغارەیەکی دی دادەگیرسێنم و

یەک پاکەت خەونی دیکەت پێوە دەبینم..


ئەم بابەتە 88 جار خوێندراوەتەوە