Aso.jpg

له‌ یادى دامه‌زراندنى شارى سلێمانى، كتێبى سلێمانى و خاکی بڵاوده‌كرێته‌وه‌

له‌ ساڵڕۆژى دامه‌زراندنى شارى سلێمانى، كتێبى سلێمانى و خاکی له‌ نوسین و ئاماده‌كردنى هونه‌رمه‌ندى جوانه‌مه‌رگ (ئاسۆ عومه‌ر سواره‌) ئه‌كته‌رى ئاڵتونیه‌كه‌ى گه‌لاوێژ  بڵاوده‌كرێته‌وه‌.

وا بڕیاره‌ رۆژى شه‌ممه‌ 14/11/2020 كاژێر (4)ى ئێواره‌ له‌ ئه‌منه‌ سوره‌كه‌ كتێبى (سلێمانى و خاکی) له‌ نوسین و ئاماده‌كردنى هونه‌رمه‌ندى جوانه‌مه‌رگ (ئاسۆ عومه‌ر سواره‌) ئه‌كته‌رى ئاڵتونیه‌كه‌ى گه‌لاوێژ  بڵاوبكرێته‌وه‌، كتێبه‌كه‌ چاپى دووه‌میه‌تى واشبڕیاره‌ (1000) دانه‌ له‌ كتێبه‌كه‌ به‌بێ به‌رامبه‌ر بڵاوبكرێته‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌بڵاوكردنه‌وه‌ى كتێبه‌كه‌ (کاژین ئاسۆ عمر سوارە) كوڕى جوانه‌مه‌رگ له‌ ئاگاداریه‌كدا نوسیویه‌تى:

"سڵاو بێت لە هەمووتان هاوڕێیان و کەسو کارم، خۆشەویستان بنە ماڵەی خوالێخۆشبو (ئاسۆ عمر سوارە) لەیادی دامەزراندنی شاری سلیمانی خۆشەویسدا لە مه‌راسیمێکدا (1000) کتێب لە کتێبی (سلێمانى و خاکی)  وەکو دیاری دەبەخشن بە هاوشاریانی شاری سلێمانى، بۆیە هەر خۆشە ویستێ ویستی ئەم کتێبەی هەبێ رۆژی شەممە 14/11/2020 کاژێر (4) لە ئەمنە سورەکە دابەشدەکرێت ( بە دیاری) و بەبێ بەرامبەر بۆ خۆشەویستانی باوکی ڕەحمەتیم سوپاس بۆ ئامادە بوونتان".

ئاسۆ عومەر سوارە له‌ چه‌ند دێرێكدا:

- ناوى تەواوى: ئاسۆ عومەر محەمەد

- لە رۆژى 18/2/1964 لە شارى سلێمانى لەدایکبووە.

- پیشە: ئەکتەر و شانۆکار و پێشکەشکار.

- قۆناغەکانى خوێندنى سەرەتایى و ناوەندى و ئامادەیى لە شارى سلێمانى تەواو کردووە.

- لە ساڵى 1946 بەهۆی بومەلەرزکەی ئەمساڵە، بنەماڵەکەیان لە پێنجوێنی هاتونەتە شارى سلێمانی.

- لە ساڵى 1972 کاتێک خوێندکارى پۆلى سێیەمى سەرەتایى بووە، بەهرەى هونەرى تێدا بەدیکراوە و (3) سێ مامۆستاى شانۆکار بەشداریان لە چالاکى خوێندنگاکەى پێکردووە.

- لە ساڵى 1979 لە تەمەنى (15) ساڵیدا ئەوکاتەى خوێندکارى ناوەندى بووە چووەتە تیپى هونەرى لاوانى سلێمانى.

- لە ساڵى 1979 لە تەمەنى (15) ساڵیدا لە فێستیڤاڵێک لە شارى هەولێر بە شانۆگەرى (دڵدارانى باران) بەشدارى لە فێستیڤاڵەکەدا کردووە.

- لە ساڵى 1983 بەشى گەنجینەکانى لە پیەمانگاى کارگێڕى بەغدا تەواو کردووە

- لە سەر هەڵوێستەکانى چەندین جار روبەڕوى زیندان و ئەشکەنجەدان بۆتەوە و فەرمانى لەسێدارەدانى بۆ دەرچووە.

- لە ساڵى 1988 بەرلێبوردنى گشتى کەوتووە و لە زیندان ئازاد کراوە.

- لە رۆژى 18/3/1990 لەگەڵ خاتوو بەیان یوسف هاوسەرگیرى کردووە و بەرهەمى ئەو هاوسەرگیریەش کوڕ و کچێک بووە، بەناوەکانى (کاژین و سۆلین).

- لە ساڵى 1994 وەک فەرمانبەر لە رادیۆى دەنگى زانکۆى سلێمانى دامەزراوە.

- لە ساڵى 1996 وەکو لێپرسراوى راگەیاندن لە وەزارەتى شارەوانى و گەشت و گوزار دەستبەکاربووە.

- لە ساڵى 2000 بۆ 2001 لە مەکتەبى پەیوەندییە نیشتمانییەکانى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستا لە سوریا کارى کردووە.

- لە ساڵى 2001 بۆ 2003 لە نوسینگەى سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیرانى حکومەتى هەرێمى کوردستان کارى کردووە.

- لە ساڵى 2003 بۆ 2005 لە رێکخراوى باواجى بۆ هەڵگرتنەوەى مین وەک لێپرسراوى راگەیاندن و پەیوەندییەکان کارى کردووە.

- لە ساڵى 2005 لە بەڕێوەبەرایەتى سینەما وەکو ئەکتەر کارى کردووە.

- لە ساڵى 2007 بوەتە بەڕێوەبەرى کارگێڕى بنکەى روناکبیرى گەلاوێژ.

- لە ساڵى 2011 بووەتە ئەندامى دەستەى باڵاى بنکەى روناکبیرى گەلاوێژ.

- لە ساڵى 2012 تا کۆتایى تەمەنى ژیانى لە کەنالى میدیایى کوردسات ئامادەکار و پێشکەشاکار بووە.

- لە ساڵى 2019 تا کۆتایى ژیانى بووەتە جێگرى سەرۆکى بنکەى ئەدەبى و روناکبیریى گەلاوێژ.

- لە سەرجەم فێستیڤاڵەکانى گەلاوێژ و چالاکییە ئەدەبى و هونەرییەکانى گەلاوێژ رۆڵى کاراى هەبووە.

- لە چەندین شانۆ و دراماى تەلەفزیۆنى بەشداریکردوە.

- درامای گەردەلوول و فیلمى (ژانی گەل) دیارترین ئەو کارە هونەریانەن کە رۆلێکی سەرەکی تێدا دەگێڕاوە.

- زیاتر لە (30) سى ساڵە لە بوارى نواندن کارى کردووە.

- لە کەناڵى کوردسات بەرنامەى (وێنەکانی دوێنی) پێشکەش دەکرد.

- خاوەنى (2) کتێبە، یەکەمیان بەناوى (پێنجوێن مەملەکەتى گوڵە زەردە)، لە ساڵى 2015 چاپى کردووە، دووەمیان بەناوى (سلێمانى و خاکى)، کە (830) لاپەڕەى رەنگاو رەنگە، بەڵام مەرگ رێگەى نەدا بەچاپکراوى ئەو بەرهەمەشى ببینێ.

- سیناریۆى دراماى (سنوور)ى پاکنوس کردبوو، ئامادەبوو بۆ چاپکردن و درامایەکى تەلەفزیۆنى، بەڵام مەرگ رێگەى نەدا ئەمیشیان بەچاوەکانى خۆى ببینێ.

- (رەبەن) نوێترین کارى هونەرى بوو، وەکو بیرۆکە و نوسینیش، بەشێکى لەبارەوە نوسیببوو، بەڵان مەرگ رێگەى نەدا تەواوى بکات.

- لە رۆژى دووشەممە 30/12/2019 کاژێر (11)ى پێشنیوەڕۆ لە تەمەنى (55) ساڵى لە شارى بە جەڵتەى دڵ لە نەخۆشخانە لە شارى سلێمانى کۆچی دوایی کردووە.


ئەم بابەتە 131 جار خوێندراوەتەوە