Nwsin.jpg

نووسین، فەرامۆشکردنی مرۆڤی خۆمان

یەدوڵڵا ڕوئیایی - و. لە فارسییەوە: بەڕۆژ ئاکرەیی

1
«ئایا چیرۆکیش دەتوانێ ئەوە بداتە خوێنەر کە شیعر دەیدا؟» پرسی.
- بەڵێ، ئەگەر هەر ئەو کارەی لە شیعردا بە زمان دەیکەین، لە چیرۆکیشدا بیکەین. واتا ئەوەی لە شەخسی مندا و لە شەخسی بارستنووسێکدا دەگوزەرێ کە دەنووسێ.
- مەبەست؟
- جاران دەمزانی چی دەنووسم. ئەمڕۆ بۆ ئەوە دەنووسم کە بزانم چی دەنووسم. ئەو ڕۆژە دەمزانی کە دەنووسم. ئەمڕۆ دەنووسم کە بزانم.
لەم تێڕامانە لە داهاتوودا ڕادەمێنین.

2
ئەو شتانەی پێوندییان بە شیعرەوە هەیە، پێوەندییان بە خەڵکەوە نییە.
لانیکەم ئەو شتانەی کە شیعر دەبێ لێیان بدوێ، ئەو شتانە نین کە خەڵک لێی دەدوێن. ئەمە هەر ئەو جیاوازییەیە کە دەبێ لێی ڕامێنین. چونکە هەمیشە کاتێک جیاوازیمان لەگەڵ شتێکدا هەیە، واتا لە شتێکدا لەگەڵیدا هاوبەشین. کەواتە بۆچی ئەوەی ئێمە بە ئاسانی دەینووسین، خەڵک بە ئاسانی تێی ناگەن؟

3
ئەگەر شانسی ئەوەمان هەبێ کە کەسایەتییەکی دیکە لە خۆمان بئافرێنین، واتا بتوانیین کە بیئافرێنین- ئافراندن بە واتای وردی وشە- بە شێوەیەک کە پشت بەم «ئەفرێندراوە»، بەم کەسە ئەفرێندراوە و بە ئەفراندنی ئەم مرۆڤەی دی کە لە خۆماندا دەیئافرێنین ببەستین، ئەم مرۆیە ئەفرێندراوە ڕازگەلێکی هەن. وەکو هەر ئەفراندراوێک، هەر داهێنانێک، کە ڕازێکی هەیە. کاتێک کە بە مەدەدی نووسین، بە مەدەدی شیعر، پشت بەم کەسە ئەفرێندراوە دەبەستین، مرۆڤی خۆمان فەرامۆش دەکەین، کە لەوانەیە بە شێوەیەک وەلانانی ڕاناوی «م» بێت، وەلانانی «من» بێت، وەلانانی ئێگۆ.
بەڵام کە کارمان بەم منە ئەفرێندراوە نییە و نایخەینە بەرچاو، لەگەڵ خودی خۆمانداین، لەگەڵ منی خوددا. ئەوەیش منی خودە کە دەنووسێ و ئەو منە ئەفرێندراوە دەئافرێنێ. بە واتایەکی دی دەبێ بڵێم کە من دەنووسم کەواتە هەم.
ئایا من هەمیشە دەنووسم؟ لە حاڵێکدا کە تۆ هەمیشە بیر ناکەیەوە. تۆ بڕێجار بیر دەکەیەوە، کەواتە بڕێجار هەیت. منیش بۆیە هەم کە بە نووسین بیر دەکەمەوە، واتا بۆ ئەوەی بیر بکەمەوە دەنووسم. بەڵام هەمیشە ئەو منە ئەفرێندراوە ناخەمە بەرچاو. واتا منیش بڕێجار بیر دەکەمەوە، کەواتە بڕێجار هەم.

4
لە شوێنێکی «حەفتا کێل»دا هاتووە کە: «خۆشنووسی جغزی نەزانینە». ئێمە نابێ دڵمان بەم جغزە خۆش بکەین. تەنانەت لە پێش «لامکان»یشدا دەبێ «لا»یەک دابنێین. لە پێش «زەمەن»یش ئەگەر بمزانیبا زەمەن چییە، دامدەنا، وێڕای ئەوە کە «ئەزەل» لە «ئەبەد» چاکتر دەناسم. لە ڕاستییدا من ئەهلی «لا»م، خودی لا، کە "حەللاج" گوتەنی: «ناسنامەی تۆ لە لائییەتی ئێمەدایە». مرۆی ئەمڕۆ دەبێ مەمنوونی حەللاج بێت کە لە پێش «هو»یش، «لا»ی داناوە.
هەموو لە ناسنامەی خۆیان دەگەڕێن و لەم لێگەڕانەیشدا بەربوونەتە گیانی یەکتر؛ خۆیان بە ناسنامە نەتەوەییەکان، ناسنامە ئایینییەکان، ناسنامە فەرهەنگی و میللییەکانیان هەڵدەکێشن. لە ڕۆژهەڵاتەوە تاکو ڕۆژئاوا، لە ڕۆژئاواوە تاکو ڕۆژهەڵات. تێکڕا بەربوونەتە گیانی یەکتر تاکو لە «وابەستەیی» بەربەرییەت بهێننە دی.
«ناسنامەی تۆ لە لائییەتی ئێمەدایە»؛ دەبێ بتوانین لەم گوتەیەی حەللاج تێبگەین، لە پەرەپێدەری ئەو شەمس تەورێزی و لە «کەشفی دیتر» دەبێ حاڵی بین. ئێمە دەبێ بتوانین خۆمان لە دیتری خۆماندا وەلا بنێن و فێر بین کە لە خۆماندا لە باتی ئەوەی بە دوای کەشفی «هو»دا بین بە دوای کەشفی ئەودا بین. ئەویش «دیتر»ە. حەللاج لە پێناو ئەم ئایدیالۆژیایە ئینسانییەدا لە دار درا.
چ سوودێکی هەیە کە سێدارەکەی حەللاج ستایش بکەین بەڵام ئەندێشەکەی هەزم نەکەین؟ ئەم هەموو ئەدەبیاتی سێدارەیە بۆ حەللاج، لە شیعر و لە ڕۆماندا، ئەگەر فێری وەلانانی ناسنامە و وەلانانی وابەستەییمان نەکا، دەبێتە ئاوێنەیەک بۆ زەبر و بێ بەزەیی، دەبێتە خۆشویستنی کوشتار و سەربڕین و هەترەشچوون.

من هیچ فەیلەسووفێکم نەخوێندووەتەوە. بەڕاستی هیچیان لێ نازانم. من شتێک نازانم. هیچ نازانم. یان هیچ دەزانم. واتا لەو ساتەدا کە دەنووسم، هەر ئەو ساتە دەنووسمەوە کە دەزانم. ساتێک کە هەڵگری قسەیە، کە قسەیەک لە خۆی لەگەڵ خۆی دەبا نەک میراتی ساتەکانی بەر لە خۆی. جگە لەم قسە هێشتا و هەمیشە سەیرەی سوکرات کە: «چونکە نازانی کە نازانی، پێت وایە کە دەزانی». دوو ئاسنەڕێی هاوتەریب بە پەیڤ دەبەخشن کە لە مندا شتێک بە شتێک ناگەیەنێ، جگە لە گومان کە لە بۆشایی نێوان دوو ئاسنەڕێدا، ڕێ دەکا. بۆشایی نێوان دوو ئاسنەڕێ؟ بڕەبۆشایی، ئیسپەسمان.

***
سەرچاوەی ئەم وەرگێڕانە: ڕووخساری پەنهانی پەیڤ. تهران. انتشارات نگاە. ١


ئەم بابەتە 50 جار خوێندراوەتەوە