Wena_bo_babat.jpg

تالیا

تێکۆشەر خالید

ڕەشەباکە خەریکە جەمەلۆنەکە هەڵدەگرێت، سەر بەرز دەکاتەوە، کەمێکی جەمەلۆنەکە دەبینێت، وەکو دەستڕێژی گوللەی کوێرانەی بەرەکانی پێشەوەی جەنگ، کە هیچ پشوویەک بۆ ئاڕاستەنەکردنی نادەن؛ باران یەکڕیز و شەستە لە جەمەلۆنەکە دەدات.

ئێستا پیاوەکە لە ژوورەوەیە، سەگێک بە تەنیشت ئاگردانەکەوە هەڵکوڕماوە. لمۆزی [لە نێوان هەردوو پەلی] لەسەر زەوییەکە جێگیر کردووە، چاوترووکاندنەکانی ئارامن. پیاوەکە چاو لەسەر سەگەکە هەڵدەگرێت، منداڵێک لە بێشکەکەدایە، چاوەکانی ئارامن، سەیری هیچ شوێنێک ناکات. تەلەڤزیۆنێکی بچووک لەسەر مێزێکی سپی درێژ لە تەنیشت بێشکەکەوە دانراوە.

ژنەکەی لە بەردەم ئاوێنەکەدا، دەستی بردووە بۆ گوارەکانی، ژنەکە وێنەیەکی بێگیانە، سەیری خۆی دەکات لە ئاوێنەکەدا. پیاوەکە نزیک دەبێتەوە، لە ژنەکەی ورد دەبێتەوە، چوارچێوەکەی کەمێک خوار هەڵواسراوە، فرمێسکێکی گەرم، دەستەکانی بە لەرزەلەرز، تابلۆکە ڕێک دەکاتەوە.

ژنەکە لەسەر قەنەفە مارۆنییەکە دانیشتووە، هەردوو دەستی گرتووە بە ڕووخسارییەوە. پیاوەکە لە بەرامبەر وێنەی ژنەکەیدا وەستاوە. بە چوار پەنجەی دەستی چەپ، سێ پەنجەی دەستی ڕاستی گرتووە و خستوویەتییە پشت خۆیەوە. پیاوەکە بیر لە یەکەم چرکەی گوتنی هەواڵەکە دەکاتەوە. ژنەکەی لەسەر قەنەفە مارۆنییەکە، بیر لە یەکەم چرکەی ڕۆیشتنی مێردەکەی دەکاتەوە. هەردووکیان بەبێ ئەوەی سەیری یەکتری بکەن؛ بیر لە یەکتری دەکەنەوە.

"دەرفەتی زۆرمان نییە!"

پیاوەکە، لە بەر خۆیەوە وا دەڵێت. ژنەکە هەنسکی دەبیسترێت. سەگەکە گوێیەکانی دەبزوێن، سەیرێکی بێویستانەی پیاوەکە دەکات، چاوەکانی لێک دەنێتەوە؛ هێشتا گوێیەکانی دەجووڵێنەوە. پیاوەکە بەرەو لای ژنەکەی دەچێت. سەری بە لای دەستشۆرەکەدا دەسووڕێنێت. خۆی بە دوور دەگرێت لە بینینی دەستەکانی ژنەکەی، کە بە ڕووخسارییەوە گرتوون.

بارانەکە هێشتا یەکڕیز دەبارێت، بەڵام ئیتر وەکوو سەرەتا، شێتانە لە جەمەلۆنەکە نادات.

"ناکرێت نەڕۆیت؟"

ژنەکە بۆ گوتنی ئەوە بە قورسی لێوەکانی دەجووڵێنێت، هێشتا دەستەکانی، ڕووخساری داپۆشیوە، وا دەڵێت. پیاوەکە چاوی دەچێتە سەر مێزە سپییەکە. گوارەکانی ژنەکەی لەوێدا دانراون. هەمان گوارەی ناو تابلۆ هەڵواسراوەکە. پیاوەکە دەڵێت: بۆچی گوارەکانت داناوە! سەرسام دەبێت. "وتت یەکەم دیاریی تۆیە، مەگەر بمرم...". هەناسەیەک هەڵدەکێشێت. ژنەکە وەڵام ناداتەوە. سەگەکە سەیرێکی بێویستانەی ژنەکە دەکات. پیاوەکە بەرەو ئاگردانەکە دەڕوات. قۆڕەی سکی دەینووشتێنێتەوە.

"ناکرێت."

پیاوەکە ئاگرەکە خۆش دەکات. بە دەربڕینێکی وەک پاڕانەوە، وا دەڵێت. "لەبەر کچەکەت؛ تالیا!"، لەژێر لێوەکانییەوە ئەمەیشی بۆ زیاد دەکات. ژنەکە دەستەکانی دەخاتە سەر ئەژنۆکانی. چاوی دەچێتە سەر درزی قنی مێردەکەی. پێکەنینێکی پڕ لە هەستی خەمگینی، کە لەگەڵ هەنسکی گریاندا تێکەڵ دەبێت، لە هەناویەوە دەکەوێتە سەر لێوەکانی.

تینی گەرمییەکە، فرمێسکەکانی وشک دەکەنەوە. پیاوەکە بە دەم فرمێسکڕشتنەوە بەرەو ئاگردانەکە چووە. پیاوەکە هەڵدەستێتە سەر پێ، پانتۆڵەکەی هەڵدەکێشێت. چەند هەنگاوێک لە سەگەکەوە دوورە، تێی دەپەڕێنێت، بە لای بێشکەکەدا دەچێتە سەر قەنەفە مارۆنییەکە. ژنەکە سەری لووتی سوور هەڵگەڕاوە. تالیا گروگاڵ دەکات. ژنومێردەکە ئازار دەچێژن.

دایکەکە بەرەو لای بێشکەکە دەچێت. دەسترازەکەی دەکاتەوە. دواتر ئاوی لووتی هەڵدەلووشێت، کۆکەیەکی نەرم دەکات. باوکەکە لەسەر قەنەفە مارۆنییەکە دانیشتووە، سەیری ژنەکەی دەکات. دایکەکە منداڵەکەی لە باوەش گرتووە. منداڵەکە دەست دەکات بە گریان. دایکەکە دەستی ڕاستی دەبات بۆ مەمکی چەپی، منداڵەکە لەسەر قۆڵی چەپی دایکەکەیە. شیرەکە ناخوات، بە لێوە نەرم و قڵیشاوشێوەکانیدا دێتە خوارەوە.

باوکەکە واقوڕماو، سەیری هەردووکیان دەکات، منداڵەکە سەیری دایکەکە دەکات. ژنەکە ناجووڵێت. "من بمرم کە تۆ دوو ڕۆژە هیچت نەخواردووە." ژنەکە ئاوڕ بۆ بێشکە بەتاڵەکە دەداتەوە. سەری منداڵەکە لەسەر ڕانی چەپی دادەنێت و وا دەڵێت. چاو دەبڕێتە ناوچەوانی باوکەکە. "لەبەر ئەمە مەڕۆ" لەبەر خۆیەوە وا دەڵێت. چاوەڕێی دڵنەرمبوون و بەزەیییە. پیاوەکە چاوی دەچێتە سەر سەگەکە، وەنەوزی خەو بردوویەتییەوە. سەیری ئاگردانەکە دەکات. قرچەقرچی کورتخایەن و کەوتنی تەڵاشەدارێک لە پەردەی گوێی دەدات. گوللەهاوەنێک بە ئاڕاستەی سەری دەکەوێتە خوارەوە. پیاوەکە تەرمی پارچەپارچەبووی خۆی دەبینێت، ڕادەچڵەکێت. چەند خولەکێک بێدەنگ دەبن. منداڵەکە ژیر دەبێتەوە.

"فیشەکێک دەنێم بە قاچمەوە و بەو بیانووەوە دەگەڕێمەوە" پیاوەکە وا دەڵێت، ژنەکە دەداتە پڕمەی گریان. سەگەکە ڕادەپەڕێت. منداڵەکە زریکەی لێ هەڵدەستێت. ژنەکە ڕانی ڕاستی دەلەرزێنێت. پیاوەکە دەیەوێت هەستێتە سەر پێ.

پیاوەکە هەستاوەتە سەر پێ. بەرەو لای دەستشۆرەکە ڕۆیشتووە. بە پەنجەکانی قاچی ڕاستی، جووتێک گۆرەویی قاوەیی هەڵدەگرێتەوە. دەستی ڕاستی دەبات بۆ لای لووتی. بۆنی گۆرەوییەکان دەکات. بەلۆعەی دەستشۆرەکە دەکاتەوە. ئاوەکە ساردە، چاوەڕێ دەکات. چاو دەبڕێتە ناو چاوی خۆی، لە ئاوێنەکەوە هەست بە سوورهەڵگەڕاوی و ئاوسانی پێڵووەکانی دەکات. لەشی گەرم دەبێت. گوللەیەک سەر دڵی دەپێکێت. ڕادەچڵەکێت. ژنەکە دەڵێت "نابێت بڕۆیت." پیاوەکە دەست دەخاتە بەردەم بەلۆعەکە. سەیرێکی ژنەکەی دەکات. سەگەکە ئارام بووەتەوە، لمۆزی لە زەوییەکە گیر کردووە. منداڵەکە خەوی لێ کەوتووە. ئاوەکە وردەوردە گەرم دەبێت. پیاوەکە گۆرەوییەکانی دەشوات. ژنەکە دووبارەی دەکاتەوە؛ "نابێت بڕۆیت." چاوەڕێ دەکات. هێشتا چاوەڕێیە وەڵامێک وەربگرێت. سێبارەی دەکاتەوە؛ "وتم نابێت بڕۆیت." پیاوەکە بەلۆعەکە دەگرێتەوە. توند گۆرەوییەکان دەگوشێت. دەیخاتە سەر لوولەی بەلۆعەکە. دەستی بە پانتۆڵەکەی وشک دەکاتەوە. ڕاستەوڕاست دەگەڕێتەوە بۆ سەر قەنەفە مارۆنییەکە. دادەنیشێت. ورتەیەک دەکات. ژنەکەی دەڵێت "گوێم لێت نەبوو". پیاوەکە لەژێر لێوەکانییەوە دەڵێت "بەڵام لە برسا دەمرین." پێی باشە ئەم قسەیە دووبارە نەکاتەوە. دەترسێت منداڵەکە بەئاگا بێتەوە. دەترسێت ژنەکەی وەکوو پێشتر بداتە پڕمەی گریان. ژنەکە داوای لێ دەکات دووبارەی بکاتەوە. پیاوەکە خۆی دەخزێنێتە خوارەوە. پشت دەداتەوە بە قەنەفە مارۆنییەکەوە. پیاوەکە بە مینگەمینگ دووبارەی دەکاتەوە. "دەڵێم لە برسا دەمرین". ژنەکە دیسان گوێی لێ نییە.

ژنەکە منداڵەکە دەخاتەوە بێشکەکەیەوە. دەسترازەکە ڕێک دەخاتەوە، ئێستا دەسترازەکە لوول دەکاتەوە، منداڵەکە دەبەستێتەوە. دەست دەبات بۆ ژێر مێزە سپییەکە، پارچەپەڕۆیەکی شێدار ڕادەکێشێت. پەڕۆکە بە دەمولێوی کچەکەیدا دەهێنێت، پەڵەشیرێکی سپیی وشکەوەبوو بە لێو و ڕوومەتییەوەیەتی.

"سوێندم بۆ بخۆ کە دەگەڕێیتەوە." ژنەکە سەری سووڕاندووە بە لای قەنەفەکەدا. بە دەنگێکی وەک پاڕانەوە و تکا وا دەڵێت. مێردەکەی بە لەپی دەستی ڕاستی هەر چوار پەنجەی دەستی چەپی دەتەقێنێت. ئنجا لەپ و پەنجەکانی دەستی ڕاستی، لێواری قەنەفەکە توند دەگوشن؛ هەڵدەستێتە سەر پێ. بەرەو لای ئاگردانەکە دەڕوات. تەڵاشەدارێکی لەوەی پێشوو گەورەتر دەخاتە ناو ئاگردانەکەوە. پیاوەکە چاوی دەچێتە سەر جووڵەی سکی سەگەکە، کە بە هۆی هەناسە خێراکانییەوە بەرزونزم دەکات. چاو وەردەسووڕێنێت، سەیری ناو ئاگرەکە دەکات. پیاوەکە دێتە بەرچاوی کە دەکوژرێت. ژنەکە چاوەڕێی وەڵامە. پەردە تەنکەکەی سەر بێشکەکە دادەداتەوە. پیاوەکە خوێنی لێ دەچۆڕێت، لە پشتی پیکاپێکدا خۆی دەبینێت. پاشان لە تەلەڤزیۆنە بچووکەکەی سەر مێزە سپییەکە، پیکاپەکە نیشان دەدرێت. ژنەکەی منداڵەکەی بە باوەشەوەیە، سەر هەڵدەبڕێت، تەماشای تەلەڤزیۆنەکە دەکات... پیاوەکە ڕادەچڵەکێت. خەیاڵە تاریکەکەی لە خۆی دوور دەخاتەوە. "سوێند دەخۆم کە دەگەڕێمەوە." ژنەکە هەناسەیەک هەڵدەکێشێت. بەبێ هۆ هێشتا سەری ڕووی لە قەنەفە مارۆنییەکەیە، سەرنجی لەسەر هیچ شتێک نییە. بەبێ ڕوانین، دەڵێت: "خۆ فیشەکێک نانێیت بە قاچتەوە؟" پیاوەکە سەیرێکی تەلەڤزیۆنە بچووکەکەی سەر مێزە درێژەکە دەکات؛ ڕادەچڵەکێت. ژنەکە فرمێسکێکی بێ پچڕان لە چاوەکانییەوە وەک هێڵی ڕووبارێک لەسەر نەخشە بە ڕوومەتیدا دێتە خوارەوە. پیاوەکە هەڵدەستێتەوە سەر پێ، پانتۆڵەکەی هەڵدەکێشێت. لەسەر قەنەفەکە دادەنیشێت. سەیرێکی سەر دەستشۆرەکە دەکات. لەگەڵ سەرنجدانی گۆرەوییەکان و دەمی بەلۆعەکە، گوێبیستی چکەچکی بەلۆعەکە دەبێت. هەڵدەستێتە سەر پێ. جەستەی گەرم و لێوەکانی قورس دەبن. بەبێ ورتە دەچێتە ژووری خەوەکە. سەگەکە لمۆزی لە زەوییەکە جێگیر کردووە. ژنەکە دەچێتە لای ئاگردانەکە، بە مەقاشەکە کەمێک پشکۆکان ئەمدیوئەودیو و سەروژێر دەکات. سەگەکە بۆ دۆزینەوەی پیاوەکە سەر بەملاولادا دەسووڕێنێت. دەنگی داخستنی زنجیری جانتا لە ژووری خەوەکەوە دەبیسترێت. پیاوەکە دەکۆکێت. سەگەکە هەڵدەستێتە سەر پێ. ژنەکە دەست بە دەمیەوە دەگرێت. بە هەنگاوی گەورە، خێرا بەرەو ژووری خەوتنەکە دەڕوات.

ژنەکە دەچێتە ژوورەوە. کەمتر لە خولەکێک هەموو شتێک بێ جووڵە و ورتەیە.

نزیکەی خولەکێک دواتر، پیاوەکە دەگری. ژنەکە هەنسکی دەبیسترێت. سەگەکە وەکوو ئەوەی بۆ شتێک بگەڕێت کە دەمێکە ونی کردووە؛ لمۆزی لە زەوییەکە دەخشێنێت. بەرەو ژووری خەوەکە دەڕوات.

پیاوەکە وێنەی پێکەوەیی خۆی و ژنەکەی لەسەر مێزی تەنیشت جێخەوەکە هەڵدەگرێت. تاوێک سەیری دەکات. دواتر وەک دوایین شت، دەیخاتە ناو جانتا مارۆنییەکەی بەردەستی. زنجیرەکەی دادەخات. شتێک گەرووی دەگرێت. دەکۆکێک. ژنەکە لە دەرکەکەوە دەردەکەوێت. بە دەست قوڕگی خۆی دەگرێت، شتێک خەریکە دەیخنکێنێت. بە ڕووخسارییەوە ڕازیبوونێکی بێویستانە دەبینرێت. شتێکی قورس، پارچەئاسنێکی سارد دەکەوێتە سەر دڵیان. بەرەو ڕووی ڕادەکات، باوەش بە یەکدا دەکەن. پیاوەکە دەست دەکات بە گریان، ژنەکە هەنسک دەدات. خۆی و تالیا دەبینێت، لەسەر گۆڕی مێردەکەی. ڕادەچڵەکێت. پیاوەکە وەڕینی پڕ لە ناڕەزاییی سەگەکە دەبیستێت، بە تەڵخی سەگەکە دەبینێت؛ لە دەرکەکەوە دێتە ژوورەوە.

سەگێکی خوێناویی پێکراو، بە قرووسکەقرووسک خۆی کردووە بەژێر جەمەلۆنەکەدا. پیاوەکە بە هۆی برژانگە بەستووەکانییەوە بە قورسی چاوەکانی پێ دەکرێتەوە. بۆ چرکەیەک بیر لە تەرمی خۆی دەکاتەوە لەناو پیکاپێکدا و پاشان بینینی خۆی لە تەلەڤزیۆنە بچووکەکەی سەر مێزەکە. ڕادەچڵەکێت. سەر هەڵدەبڕێت. بە تەڵخی جەمەلۆنەکە دەبینێت. ئێستا ئیتر بارانەکە خۆشی کردووەتەوە. چکەچکی کەوتنەخوارەوەی دڵۆپەکانی بارانەکە بەسەر جەمەلۆنەکەوە دێتە بەر گوێی. شەو لە کۆتاییدایە. پیاوەکە بۆ تەواوبوونی نۆبەی پاسەوانیکردنی سەنگەرەکە، چەند خولەکێکی ماوە. سەگەکە نائارامە، بە دەوری تەنەکە پڕ لە خۆڵەمێشەکەدا دەسووڕێتەوە. ئاگرەکە کوژاوەتەوە و دەنگی تەقە لە بەرەی باشووری ڕۆژهەڵاتەوە دەبیسترێت.


ئەم بابەتە 48 جار خوێندراوەتەوە