Yadawary.jpg

رۆمانى یادەوەرییەكانی ژێرزەوی دۆستۆیڤسکی ده‌كرێت به‌ كوردى

رۆمانى یادەوەرییەكانی ژێرزەوی له‌ نوسینى رۆماننوس و شاعیر و چیرۆكنوس و فەیلەسوف و نوسەرى روسی دۆستۆیڤسکی ده‌كرێت به‌ كوردى.

دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم له‌ نوێترین به‌رهه‌مه‌ چاپكراوه‌كانى خۆیدا رۆمانى یادەوەرییەكانی ژێرزەوی له‌ نوسینى رۆماننوس و شاعیر و چیرۆكنوس و فەیلەسوف و نوسەرى روسی دۆستۆیڤسکی  له‌ دووتوێى (238) لاپه‌ڕه‌دا ده‌كات به‌ كوردى، ئه‌م رۆمانه‌ یه‌كێكى دیكه‌ له‌و رۆمانانه‌ى كه‌ چیرۆکنوس و نوسه‌ر و وەرگێڕى كورد (ڕەووف بێگەرد) له‌ فارسیه‌وه‌ وه‌ریگێڕاوه‌ته‌ سه‌ر زمانى كوردى.

له‌باره‌ى نوسه‌ر و رۆمانه‌كه‌ هاتووه‌:

لە پانتایی رۆشنبیری كوردیدا، ناوی دۆستۆیڤسكی، ناوێكێ دیارو ناسراوەو گەلێك لە شاكارەكانی كراون بە كوردی. ئاشكرایە دۆستۆیڤسكی (1821- 1882) یەكێكە لە گەورەترین نووسەرانی یەكێتی سۆڤیەتی جاران و یەكێكە لە باشترین ڕۆماننوسەكانی جیهان، بە شێوەیەك كاریگەری ئەم نووسەرە لەسەر ئەدەبی سەدەی بیستەم، كاریگەرییەكی قووڵ و هەمیشەیی بووە. ئەوەی زیاتر ڕۆمانەكانی ئەم كەڵە نووسەرە لەوانی دیكە جیادەكاتەوە، ئەوەیە پاڵەوانەكانی خەڵكانی بێزارن و تا دوا سنووری بێزاری نا ئومێدن و هەمیشە لەسەر لێواری كەوتنن. رۆمانەكانی تێگەیشتنێكی قووڵ لە دەروونی مرۆڤ لەخۆدەگرێت، جگە لەوە رۆمانەكانی شیكردنەوەو راڤەكردنێكی وردو دروستی بارودۆخی سیاسی و كۆمەلایەتی و ڕۆحی ئەو رۆژگارەی روسیا لەخۆدەگرێت.

دۆستۆیڤسكی لەم ڕۆمانەیدا، باس لە جیهانی ناوەوەی مرۆڤێك دەكات كە لەناو كۆمەڵگادا، هیچ جێ و ڕێیەك بۆ خۆی نادۆزێتەوەو تەواو نامۆیە بە دەوروبەری. هەر بۆیە ژیان لە ژێرزەمینێكی تاریك و نسرم و ناخۆشدا بەسەر دەبات، لە كونجێكدا رۆژەكانی تەمەنی دەگوزەرێنێ بە دەگمەن رووناكی تێ دەكەوێت و زیاتر لە گۆڕێك یان قەبوویەكی تاریك دەچێت، وەك لە شوێنی ژیان. ئەم مرۆڤە تەریك و لانەوازو تەنهایە، لەو ژێرزەمینە ئەنگوستە چاوەوە، لەو جێگایەدا كە چاو چاو نابینێت، توڕەیی و ڕق و كینەی خۆی بەسەر سروشت و تەبیعەتی مرۆڤایەتیدا قڵپدەكاتەوە.

كێشە یان راستتر تراژیدیای ئەم بوونەوە كە لەو جێگا تاریكەداو دوور لە بۆن و بەرامەو هەناسەی مرۆڤەكانی دیكە، ژیان دەگوزەرێنێ، ئەوەیە بیر لە دوا رۆژێكی باشترو چاكتر دەكاتەوە، بەڵام لە هەمان كاتدا، دەزانێت و باش لەوە تێگەیشتووە كە ناتوانێت ئەو دوارۆژە رووناكە بەدەست بێنێت و بە كارێكی مەحاڵی تێدەگات ببێت بە خاوەنی ئایندەیەكی گەشتر. تەنانەت خۆشەویستیشی لیزا بۆ پاڵەوانەكە، كە ئەگەری ئەوەی لێدەكرا لەو تاریكستانە بیهێنێتە دەرەوەو بیخاتە بەر پەلكە زێرینەی هەتاو، لەو زوڵمەتە دەریبكات و ژیانێكی خۆشترو كامەرانتری پێ ببەخشێت، كەچی ئەویش لەو كارەیدا شكست دێنێت و بە دڵشكاوی و نامورادییەوە جێیدەهێڵێت. ئەم مرۆڤە یان ئەم بوونەوەرەی ناو رۆمانەكە، هێند بێزارو نائومێدە، تەنانەت هەڵگری هیچ ناوێك نییە و بێ ناوە، خۆشەویستی ئەو كچە ڕەتدەكاتەوە پێی باشە هەر لەو مەنجەنیقە تاریكەدا بمێنێتەوەو دونیای رۆشن نەبینێت. لە راستیدا خوێندنەوەی ئەم رۆمانە چێژێكی تایبەتی هەیە و ناخی مرۆڤێكی تەرك و دوورە پەرێزت بۆ دەردەكەوێت كە پڕە لە كاری دزێو، كارگەلێك لە رابردوودا ئەنجامیداون و ئامادەش نییە دەستبەرداریان بێت.

دۆستۆیڤسکی (Fiódor Dostoyevski) له‌ چه‌ند دێرێكدا:

- ناوى ته‌واوى: فیۆدۆر میخایلۆفیچ دۆستۆیڤسکی

- پیشه‌ى ئه‌ده‌بى: رۆماننوس و شاعیر و چیرۆكنوس و فەیلەسوف و نوسەرى روسی

- لە رۆژى 11/11/1821 لە شارى مۆسکۆ لە دایکبووە.

- بە یەکێک لە گەورەترین رۆماننوسەکانی جیهان دادەنرێت.

- لە تەمەنى منداڵیدا خەریکى خوێندنەوەی بابەتى ئەدەبی وەک چیرۆک و ئەفسانە روسیەکان بووە.

- باوکی سەربازێکی پلەبەرزی خانەنشین بووە، کە وەکو پزیشکێکی سوپا لە نەخۆشخانەی مارینسکی یارمەتی هەژارانی دەدا، دواتر بە دەستی سەپانەکانی خۆی لە پارچە زەویەکی بچوکی دەرەوەی شاردا کوژرا.

- لە ساڵی 1838 له‌ ته‌مه‌نى (17) ساڵیدا دایکی بە ناوی ماریا ڤیدۆرڤنا دۆستۆیڤسکایا كۆچى دوایى ده‌كات، كه‌ ژنێکی خوێندەوار و لە خێزانێکی بازرگان بوو.

- هەر لەو تەمەنەیدا دەچێتە خوێندنگەی ئەندازیاریی سەربازی و (5) پێنج ساڵ لەوێ دەبێت، تا ساڵی 1843که کۆتای بە مەشقی پیشەیی خۆی دێنێ، هەرچەندە ئەم پیشەیە دڵخوازی خۆی نییە، بەڵام بە ناچاری ساڵێک لەو بوارەدا کار دەکات، هەربۆیە دواتر بڕیار دەدات کەببێتە نووسەر.

- لە ساڵی 1845 پاش وازهێنانی یەکەم ڕۆمانی بە ناوی (هەژاران) دەنووسێت، بە نوسینى ئەم رۆمانەش ناوی چووەر ریزی نووسەرەکانی ناوەندی سانت پترسبۆرگەوە.

- لە ساڵى 1849 بە هۆی پەیوەندیکردن بە ناوەندی بێتراشیفسکی دەستگیرکراوە و بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ دەرچوو، دواتر بڕیارەکەی بۆ کەمکرایەوە بۆ (4) ساڵ زیندانی و کارکردن، لەگەڵ (6) ساڵ سەربازی لە وڵاتی بێگانە.

- له‌ رۆژى 23/1/1854 دوای دەرچوونی لە زیندان فەرمانیان پێدا کە بچێت بۆ سیمیپالاتیبسک، کە شارۆچکەیەکی سەربازی بوو، لەوێ دەبوو (4) چوار ساڵ خزمەتی سەربازی بكات، ئەوەی جێی تێڕامان بوو بێ گلەیی لە نامەیەکیدا بۆ براکەی دەنووسێت: "هیچ گلەیی و گازندەیەکم نییە، ئەمە خاچەکەی منە و منیش شایەنی ئەم خاچەم".

- لە ساڵی 1857 هاسەرگیری لەگەڵ بێوەژنێک دەکات بە ناوی ماریا ئیسایڤا کە خاوەنی کوڕێکە بە ناوی پاڤێڵ.

- لە ساڵی 1859 پاش زیندان و سەربازی دەگەڕێتەوە بۆ پترسبۆرگ زێدی خۆشەویستی خۆی.

- دواتر ژمارەیەک چیرۆکی درێژ بڵاودەکاتەوە کە دیارترینیان (شەوە ڕۆشنەکان) بوو.

- (کرێکاری ڕۆشنبیر)ى كردۆته‌ نازناوی خۆی.

- زۆرێک لە بیرمەندان وەک دەروونناسێکی مێژوویی وەسفی دەکەن، بەڵام لە دەفتەری یاداشتەکانیدا نوسیویه‌تى: "من بە دەروونناس ناونووس دەکەن، بەڵام ئەمە ڕاست نییە من تەنیا ڕیاڵیستێکم بەواتای بەرزتری وشە، واتە هەموو شتە شاراوەکانی نێو ڕۆحی مرۆڤ وێنە دەکەم".

- لە ساڵی 1861 ڕۆمانی (خانەی مردووان)ی نوسیوه‌.

- له‌ ساڵى 1861 (ئازاردراوان) نوسى، كە لە گۆڤاری (زەمەن)دا بڵاویده‌كرده‌وه‌.

- لە ساڵی 1862 خەونی دێرینی خۆی و وه‌دیدێت، كه‌ گەشتکردن بۆ ئەوروپا بۆ ماوه‌ى (70) رۆژى گه‌شته‌كه‌ى دەخایەنێت.

- لە پایزی 1863دەگەڕێتەوە و لە گۆڤاری زەمەندا (یاداشتە زستانەییەکان لەمەڕ مەڕاقە هاوینەییەکان) بڵاودەکاتەوە.

- له‌ ساڵی 1864 ڕۆمانی (یادەوەریەکانی ژێرزەوی) دەنووسێت.

- ساڵى 1865 ڕۆژانێکی سەخت دەبن بۆى، چونكه‌ ماریای هاوسەری کۆچی دوایی دەکات.

- لە ساڵی 1867 دوای نزیکی دوو ساڵ لە مردنی هاوسەری پێشووی هاسەرگیری لەگەڵ ئانا گریگۆریڤنادا دەکات.

- لە ساڵی 1866 بۆ 1869 دوو ڕۆمانی گرنگ دەنووسێت بە ناونیشانی (تاوان و سزا) و (گەمژە)،

- له‌ ساڵى 1869 ڕۆمانی (جادوولێکراوان) ده‌نوسێت، لەو دەمەدا سەفەری ئەوروپا دێتە پێشێ  بۆ ماوه‌ى (4) چوار ساڵ سه‌فه‌ره‌كه‌ى درێژە دەکێشێت.

- لە ساڵی 1870 کورتە ڕۆمانی (شووی هەتاهەتایی) ده‌نوسێت.

- لە ساڵی ۱٨۷۱ ڕۆمانی (ئەهریمەنان) نوسى.

- لە ساڵی 1873 (یادگارییەکانی نووسەرێک)ی نووسی، هەر لە هەمان ساڵدا بووە سەرنووسەری هەفتەنامەی هاووڵاتی، بەڵام لە نیسانی ساڵی 1874 واز دێنێ بە هۆی بەرگەنەگرتنی هەڵوێستی کۆنەپەرستانەی ڕەق و سفتوسۆڵی ئەم هەفتەنامەیە، هەڵبەتە بەرهەمی زۆری هەیە لەوێ، لەوانە (بۆبۆک، دەبەنگ، بەڕاستی جوان، ماریای جوتێر، ڤیلاس، دەلال، درەختی پیرۆزی کریسمس، خەونی زەلامی گاڵتەجاڕ، چاخی زێڕین..) وە ڕۆمانی (گەنجی کاڵفام) کە دەڵێ لە گەنجی کاڵفامدا چوار ڕۆمانی سەربەخۆ بوونی هەیە.

- لە کانوونی دووەمی ساڵی 1879کۆتا بەرهەمی بە ناونیشانی (برایانی کارامازۆف) لە تەتەری ڕووسیدا تا دوا فەسڵی لە تشرینی دووەمی 1880 کە بە درێژترین ڕۆمان دادەنرێت بڵاودەکاتەوە و دواهه‌مین رۆمانیه‌تى.

- لە ژیانیدا گرنگی بە بەرهەمی زۆر نووسەر دەدا، بە تایبەت گۆگۆڵ و پوشکین و چەندانی تر بەتایبەت ڕۆماننووسی بەنێوبانگ گۆنچارۆف کە بە ئەقڵێکی گەورەی دەزانی و سوودی لە بەرهەمی زۆرێک نووسەر وەرگرتووە.

- لە رۆژى 9/2/1881 لە تەمەنى (59) ساڵى بە نەخۆشى لە شارى سانپترسبۆرگ لە روسیا کۆچى دوایى کردووە، بە ئامادەبوونی زیاتر لە چوارهەزار هاووڵاتی لە گۆڕستانی تیخفینسکی لە نزیک ئارامگای کارامازین و چۆکۆڤسکیەوە بەخاک سپێردراوه‌.

- له‌ دواى مردنیشى خانوەکەی کراوە یه‌ مۆزەخانە و لە ڕووسیا و ئەڵمانیا پەیکەری بۆ درووستکراوه‌.

- له‌دواى مردنى ڕۆمانەکانی بوونە پڕخوێنەرترین کتێب، کە هاوسەرەکەی ئەرکی فرۆشتنی ده‌گرتە دەستۆ.

- زۆر ڕۆماننووسی بەنێوبانگ ستایشی خۆى شاکارەکانیان کردووە، یەک لەوانە لیڤ نیکۆڵایڤج تۆڵستۆی لە یەکەمین و دوایەمین دیداریدا لەگەڵ ئانا دەڵێت: هەمیشە داغداری ئەوەم کە هەرگیز مێردەکەتم نەبینی، هەروەها بیرەوەریەکانی ماڵی مردووان یەکێک بوو لەو بەرهەمانەی فیۆدۆر کە تۆڵستۆی هەمیشە وەک باشترین بەرهەمی دۆستۆیڤسکی داناوە، هه‌روه‌ها ئەلبێرت ئەنیشتاین بە نووسەرێکی ئاینی مەزن وەسفی دەکات، نیچەش بە تاکە دروونناس ناوی دەبات و بە سامانێکی گەورەی ژیانی خۆی لە قەڵەمی دەدات.

- خێزانەكەی لە بیرەوەرییەكانیدا دەنووسێت، لە كۆتاییەكانی ژیانیدا بیری لەوە دەكردەوە ڕۆمانێكی دیکەی گەورە لە پێنج بەرگدا بنووسێت بە ناونیشانی "حیكایەتەكانی گوناهكارێكی گەورە"، بەڵام مەرگ ڕێگەی نەدا ئەو ڕۆمانە تەواو بكات.

- له‌ ساڵى 1911 ئانا گریگۆریڤنا لەپاش مردنی مێردەكەی بیر لەوە دەكاتەوە بیرەوەرییەكانی ژیانی هاوسەرییان بنووسێتەوە، خۆی دەڵێت:‌ "پێشتر بەهیچ جۆرێك بیری لەوە نەكردبوەوە بیرەوەری بنووسێتەوە، چونكە ئەو لە بنەڕەتدا نووسەر نییە و بەهرەی ئەدەبیشی نییە، بەڵام كاتێك بیر لەژیانی خۆیان دەكاتەوە و بیر لەو ناوبانگە گەورەیەی هاوسەرەکەی دەكاتەوە، ناوبانگێك سنوورەكانی روسیایشی تێپەڕاند"، هەروەها كاتێك بیرەوەرییەكانی خۆی و مێردەكەی دەخوێنێتەوە، پێی باش دەبێ‌ هەندێ‌ لایەنی گرنگ و شاراوە هەن پێویستە بیاننووسێتەوە، ئەو لایەنە شاراوانەش شایستەی ئەوەن خەڵكی ئاگاداریان بێت، بۆیه‌ بۆ ماوەی پێنج ساڵ (1911-1916) سەرقاڵی نووسینەوەی ئەم بیرەوەرییانە بوو، لەو ماوە دوورودرێژەدا، جوانترین بیۆگرافیای دۆستوێڤسكیی نووسیوەتەوە كە زانیاریی گرنگ و بەسوودی تیایە دەربارەی ژیانی تایبەتی و ژیانی ئەدەبیی دۆستوێڤسكی، کە ژیانێک ژیاوە هاونشینی وشە و ڕێڕ و ئازارە لە بننەهاتووەکانی مرۆڤ لە هەموو کات و سەردەمەکاندا.

- کتێبەکانی بۆ (170) زمانی زیندووی جیهان وەرگێڕدراون و کاریگەری لەسەر چەندین نوسەر و کەسایەتی سەردەمی خۆی و دوای خۆی هەبووە لەوانە، ژان پۆڵ سارتەر، فریدریک نیچە،  ئێنتوانت چیخۆف، ئەلیکسەندەر سۆلجنیتسین و چەندانى دیکە.

- چه‌ند رۆمانێكى كراون به‌ كوردى، له‌وانه‌:

- رۆمانى گه‌مژه‌ و رۆمانى هه‌ژاران  له‌ وه‌رگێڕانى حه‌مه‌ كه‌ریم عارف.

- رۆمانى دزێكى راستگۆ، رۆمانى مێردی هەمیشەیی و رۆمانى تیمساح له‌ وه‌رگێڕانى كاروان مه‌حمود.

- رۆمانى تاوان و سزا، له‌ وه‌رگێڕانى ره‌ووف بێگه‌رد، هه‌روه‌ها حەکیم کاکە وەیسش كردویه‌تى به‌ كوردى.

- ڕۆمانی برایانی کارامازۆف، له‌ وه‌رگێڕانى ئه‌مین گه‌ردیگلانى.

- رۆمانى دڵێکی لاواز، وه‌رگێڕانى له‌ ئه‌ڵمانیه‌وه‌ پێشەوا فەتاح.

- ڕۆمانی خه‌یاڵى  پیاوێکی گاڵتەجاڕ.


ئەم بابەتە 83 جار خوێندراوەتەوە