Edris_Ali.jpg

ئیدریس عەلی کتێبی زمانی زەین و ڕوداو بڵاودەکاتەوە

نووسەر و شاعیر (ئیدریس عەلی) کتێبێکی نوێی بە ناوی (زمانی زەین و ڕووداو) ئامادەیە بۆ چاپ و بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بڵاوی بکاتەوە.

کتێبی زمانی زەین و ڕووداو سەبارەت بە ئەزموونی شیعری شاعیری کۆچکردوو (شێرکۆ بێکەس)ە و، پێکهاتووە لە سێ وتووێژی دوورودرێژ کە (ئیدریس عەلی) نزیکەی هەژدە ساڵ لەمەوپێش لەگەڵیدا کردوویەتی و بۆ یەکەم جارە لەم کتێبەدا بڵاودەکرێتەوە.

ئیدریس عەلی سەبارەت بە کتێبی (زمانی زەین و ڕووداو) تایبەت سایتی گەلاوێژی ڕاگەیاند: وتووێژەکان بە چەند قۆناغ و دانیشتنێکی جیاواز سازکراون و تیایدا بێ پەردە هەندێک پرسیارم لە کاک شێرکۆ کردووە، کە ڕەنگە پێشتر لە هیچ دیدارێکدا ئەو پرسیارانەی لێ نەکرابێت، بۆ نموونە سەبارەت بە پرسی نووسینەوەی یادەوەرییەکانی خۆی کە ئەو کات هیچ کەسێک نەیدەزانی شێرکۆ یادەوەرییەکانی خۆی دەنووسێتەوە یان نا.

هاوکات سەبارەت بەوەی شێرکۆ کەی واز لە شیعر نووسین دەهێنێت و ئەو دەنگۆیانەشم بۆ کردووە بە پرسیار کە دەگوترا شێرکۆ بەردەوام خۆی دووبارە دەکاتەوە لە شیعرەکانیدا، بەشێکی زۆری وتووێژەکانم تەرخان کردووە بە خستەڕووی باری سەرنجی ئەو سەبارەت بە دەقە شیعرییەکانی دوای ڕاپەڕین و پەیوەندی شیعر بە کارەساتە تراژیدییەکان و ڕۆڵی تەکنەلۆژیا بەسەر ئەدەب و شیعرەوە.

بە گوتەی ئیدریس عەلی، شێرکۆ بێکەس لەم کتێبەدا لەسەر هەندێک چەمک و بابەت قسە دەکات، کە تا ئەندازەیەکی زۆر تازەن و گرنگە لە ئێستادا خوێنەران ئاگاداری شێواز و چۆنییەتی بیرکردنەوەی ئەو شاعیرە گەورەیە بن سەبارەت بە پرسگەلێکی گرنگ و هەنووکەیی.

هەر بەپێی زانیارییەکان، کتێبەکە پێشکەش کراوە بە ڕۆمانی (داگیرکردنی تاریکی) بەختیار عەلی و (ئازاد بەرزنجی) نووسەر و وەرگێڕ پێشەکییەکی وردی بۆ نووسیوە و تیایدا وتویەتی: گرنگی ئەم وتووێژانە کە برای شاعیر و نووسەر (ئیدریس عەلی) لە کاتی خۆیدا لەگەڵیدا سازی داون لێرەوە دێت کە هەم بۆ یەکەم جارە بڵاوببنەوە، هەم شێرکۆ بێکەس بە ڕاشکاوی لەمەڕ کۆمەڵێک شت دەدوێت کە ڕەنگە بۆ بەشێک لە خوێنەران شتگەلێکی تازە بن، بۆیە خوێندنەوەی ئەم کتێبە لەم ڕووەوە گرنگیی خۆی هەیە.

ئیدریس عەلى له‌ چه‌ند دێرێكدا:

- ناوى تەواوى: (ئیدریس عەلى عەبدولقادر).

- پیشەى ئەدەبى: شاعیر و نوسەر.

- لە رۆژى 1/3/1974 لە شارى هەڵەبجە لە دایکبووە.

- خوێندنى سەرەتایى لە شارى هەڵەبجە تەواوکردووە.

- لە ساڵى 1988 بەهۆى کیمیابارانکردنى شارى هەڵەبجە لە خوێندن دابڕاوە.

- لە ساڵى 1990 لە خوێندن وەرنەگیراوەتەوە و کراوە بە سەرباز و ڕەوانەى کوێت کراوە.

- لە دواى راپەڕینى 1991 گەڕاوەتەوە شارى هەڵەبجە و دەستى بەکارى هونەرى کردووە و لەگەڵ گروپى شانۆى شارەکە رۆڵى سەرەکى لە چەند شانۆیەکدا بینیووە.

- لە سەرەتاى ساڵى 2000 دەستەى نوسەران و بەڕێوەبەرى نووسین بووە لە رۆژنامەى ئاڵاى ئازادى و گۆڤارى سەردەم و گۆڤارى گەلاوێژى نوێ.

- لە ساڵى 2000 یەکەم کتێبى خۆى بەناوى (یاساى باخچەکەى ئێمە) کە دیوانە شیعر بووە بەچاپ گەیاندووە.

- زیاتر لە بوارەکانى (شیعر، رۆمان، گێڕانەوەى ئەدەبى، تەوەرى ڕەخنەیى و لێکۆڵینەوە) دەنوسێت.

خاوەنى چەند بەرهەمێکى چاپکراوە، لەوانە:

- یاسای باخچەکەی ئێمە.

- سازش لەگەڵ با دا.

- مردن لە ژیان دەبوورم.

 - لەمناڵی دوورت لە ئیستا تەنهاتر.

- دڵی خۆتە لە سینەم دا.

- عەشقى هاجەرە.

- تەقینەوەى خەونەکان.

- سەدەفى ئارامى.

- بەڕێى پوچیدا.

- شوفێرى چیرۆکەکان.

- مردووەکان ئازادن.


ئەم بابەتە 31 جار خوێندراوەتەوە