Gabor.jpg

گابۆڕ، ڕۆمانێکی نەقوستان

نووسینی: ئەرسەلان چەڵەبی

 پێشەکی و شوناسی بەرهەم و نووسەر:

ئەو وتارە یا ئەو نیوە کتێبە هەوڵ دەدا لە چەند ڕەهەندی تایبەت بە زانستی ڕۆمان و ئانالیزی ڕۆمان، خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانی "گابۆڕ" سەید قادر هیدایەتی بکا ، نووسەر لەو وتارەدا هەوڵ دەدا بیسەلمێنێ کە "گابۆڕ" نەک ڕۆمان، بەڵکوو نۆڤلێکی سەرکەوتوو بووە، هەروەها بەش بە بەش هەموو لایەنەکان و تایبەتمەندییەکانی ژانڕی ڕۆمان دەخاتە ڕوو و لە تەنیشتیشدا ئانالیز و ڕاڤەی "گابۆڕ" دەخاتە ڕوو کە ڕۆمانێکی کێشەدار و نەقوستانە.

سەید قادر هیدایەتی، نووسەر، لەدایکبووی ساڵی ١٣٥٥ی هەتاوی لە بۆکان-کوردستانی ئێران، خاوەنی چەندین وتار و چیرۆک، چوار کتێبی ئەدەبی گێڕانەوە بە ناوەکانی: دەنگی نوختە، تۆقی ئەزازیل، گابۆڕ و دوا بەرهەمی گۆڕەشار، نووسەری ئەو وتارە جگە لە گۆڕە شار، هەموو بەرهەمەکانی تری "گێڕانەوە" هیدایەتی خوێندووەتەوە.

ئەو وتارە لە دوو بەش دا پێشکەش دەکرێت:

 بەشی یەکەم:

A book reviews

واتە کورتەیەک و نیشان دانی دیمەنێکی گشتی لە کتێبی بەردەست، بەشی یەکەم دوو جۆر لە خۆ دەگرێت، واتە هەم ڕۆمانەکە ئانالیز دەکات، هەمیش تێم و کورتەیەک لە ڕۆمانەکە و پەیامی ڕۆمانەکە بۆ بەردەنگ ئاشکرا دەکات.

 بەشی دووهەم:

A book critiques

واتە رەخنە و شیکاری ڕۆمانەکە و هەڵسەنگاندنی هەموو تایبەتمەندییەکانی ڕۆمان کە لەو کتێبەدا نووسەر هەندێکیانی بەکار هێناوە و لە زۆریشیان غافڵ بووە.

 

شوناسی کتێب:

ناوی کتێب: گابۆڕ

ژانر: ڕۆمانی کوردی "دیالێکتی سۆرانی"

نووسینی: سەید قادر هیدایەتی

وەشانخانەی گوتار، چاپی ١٣٩٤، کوردستان-ئێران

 

بەشی یەکەم:

 A book reviews

 کورتەیەک لە ڕۆمانەکە*:

ڕۆمانی گابۆڕ، بەسەرهاتی دوو مێرمنداڵی کوردە لە یەکێک لە شارەکانی کوردستان، ئەو جووتە لە دە بەش دا لە ناو ڕۆمانەکە کاراکتەرگەلی سەرەکی و دەورگێڕن لە ڕۆمانەکەدا وێڕای کۆمەڵێک  نیوەکاراکتێر یا لەتە کاراکتێری تر.

کەڵکەڵەی کڕینی تۆپێک بۆ یاری تۆپی پێی گەڕەک، سەرەتای ڕۆمانەکەیە، کەریم وەک کاراکتەری یەکەم ناوی دێتە ناو ڕۆمانەکە وێڕای موتەلیب، لەو بەشەدا ئاماژە بە پێنج کەس کراوە کە هەموو مێرمنداڵن و بە ئاواتی تۆپ کڕینن.

وەگیرخستنی بڕە پووڵێک بە فێڵ و کەڵەکە لە لایەن متەلیب و کەریم کە دوو کچ ئەو پووڵەیان دیتبۆوە. لە گەڕەکی ئەو مێرمنداڵانە پاسگایەکی پۆلیس و ئەڕتەش هەیە و کێشەیەکی گەورەیە لەبەر دەم ئاسایش و گەمەی ئەو گەڕەکە و مناڵەکانیان.

باوکی کەریم قەساب دەبێت و ناوبەناو لە ناو هەموو بەشەکانی ڕۆمانەکە چیرۆکێکی تر بە جیا دەبیستین و دەخوێنیینەوە کە لە کوشتارگای مانگا و مەڕ و ماڵاتە، جار نا جار و لە ناکاو، لە هەر دە بەشەکەدا دێتە ناو ڕووداوەکانەوە.

ئەو ڕۆمانە لە سەرەتاوە باس لە کێشە و گرفتەکانی ئەو مێرمنداڵانە و خەڵکی ئەو گەڕەکە دەکا کە تووشی کێشە و ناخۆشی بوونەتەوە لەگەڵ پاسگا و پۆلیس، تەنانەت مانگای خەڵک وەبەر ڕەگبار دەدەن. خەڵک ڕادەگرن و ئازاریان دەدەن، لە بەر تۆپێکی میکاسا کە کەریم و موتەلیب دەیدزن و دەیشارنەوە، خەڵک دەگرن، شەوانە هەڕەشە لە خەڵک دەکەن.

لە تۆپ تۆپێنەوە بەرەو سیم و کابل دزین لە حەوشەی چۆڵی ئیدارە بڕقێک، قۆچەقانی و ڕووداوەکانی دواتری، کوژرانی مانگای نەنە عەجەم بە تەقەی پۆلیسەکان، بە پاڵ ویشەوە تیری قۆچەقانی و کەمان هاویشتن بۆ ناو پاسگا و هروژمی سەرباز و پۆلیس بۆ ناو ماڵەکانی گەڕەک بۆ دیتنەوەی خەتابار و تیر و کابل و کەمانی منداڵانی گەڕەک کە دەیانهاویشتە ناو پاسگاکەوە.

چیرۆکەکەمان درێژەی دەبێت هەتا دەگاتە قوتابخانەی ئەو دوو کاراکتەرە سەرەکیە، ناوی دوورودرێژی عەبدولموتەلیب، ئاشنابوونی خوێنەر لە گەڵ کەسێک بە ناوی خەبات کە برای کەریم بووە و دەبێت کوژرابێت. باسی ناوی عەڕەبی و ناوی کوردی، سووتاندنی سجیل و شناسنامە بۆ ئەوەی موتەلیب ناوە دوورودرێژەکەی ڕەش کاتەوە و تەنیا موتەلیب بمێنێتەوە نەک عەبدوڵموتەلیب، تا دەگاتە ئاشکرابوونی هەوڵەکەی لە لای باوکی و کۆمەڵێک کێشەی تر.

بە دوای ئەو ڕووداوانەدا، دیتنی وشە و پیتی کوردی بۆ یەکەمجار لە ڕێگای کابرایەکی شۆڕمەزە فرۆشی بەر دەرگای قوتابخانە، چیرۆکی پاڵەوان فس‌فس و کتێبفرۆشی ناو شار، هەتا دزین و دڕاندنی لاپەڕەکانی گۆڤاری سروە، تا دەگاتە گۆڤار و کتێب بە قەرز کڕین و دارە دارەی کوردی نووسین و کوردبوونیان!

بە پاش ئەو ڕووداوانە، هەر دوو کاراکتەر بەردەوام دەبن لە خوێندنەوەی زۆرتری کتێب کە لە ڕێگەی لەتە کاراکتێری سولەیمان،ی کتێبفرۆش دەیاندی و دەیانکڕی و دەیانخوێندەوە تا دەگەنە کتێب گەلێک وەکوو کتێبەکانی هەژار و هێمن و یەک،دوو نووسەری تر.

ڕۆمانەکە لە بەشی حەوت بەولاوە وەردە وردە لە کۆتایی نزیک دەبێتەوە بە هاتنە گۆڕێی "ژ-ک" کە ناو و واتایەکی قورس و ئاشنا بۆ هەموو خوێنەرێکە، خەونی دامەزراندنی "ژ.ک"ی مناڵانەی خۆیان و خەون و خولیای کوردایەتی، کێشەی سولەیمانی کتێبفرۆش لەگەڵ شارداری و دیسانەوە هاتنەوە سەر نووسەرگەلێک وەکوو هەژار و هێمن، تاریک و ڕوون، ناڵەی جودایی و بۆ کوردستان. جارێکی تر باسی دوو کوژراو دێتە گۆڕێ. خاڵی متەلیب و برای کەریم. ئاوڕێک لە بواری هەستی و ئیحساسی ئەو دوو منداڵە کە بۆ کچی هاوتەمەنی خۆیان هەیانە، هاتنی هاوین و تەواو بوونی قوتابخانە تا بەلال فرۆشتن و کێشەی موتەلیب لەگەڵ پیاوێک لە حەوشەیەکی خەڵوەت و ڕووداوێک کە ئەو کاراکتەرەی هەراسان کرد.

بە پاش ئەو ڕووداوانە، لەتە کاراکتەرێک بە ناوی میرزاهادی دێت کە هەمان باوکی متەلیبە، بە کۆمەڵێک خوڵقیاتی سەیر و تایبەت بە خۆی، باسی خۆی و خەزوری و ژنەکەی و هەروەها موتەلیبی کوڕی، دیتنەوەی کتێبەکانی هەژار و هێمن لە لایەن میرزا هادی و شەڕێکی خەست و خۆڵ لەگەڵ کوڕەکەی لە سەر کتێب و پیتی کوردی، بە سووکەئاوڕیک بۆ سەر بەرسەهاتی هێمنی موکوریانی کە بە دەست حیزبەوە تووشی ببوو.

تەواو بوونی هاوین و یەکگرتنەوەی موتەلیب و کەریم و دەست پپێکردنەوەی قوتابخانە وەکوو سەفی کۆتایی ناوەندی، موتەلیب ناوی خۆی دەنێ هەژیر و دەست دەکا بە نووسینی شیعر، هەتا ئەو کۆمەڵە ڕووداوەی کە لە قوتابخانە لە سەر دروشم و دروشم نووسین ڕووی دەدا، کەوتنە داوی موتەلیب لە توالێت و لەتە کاراکتێری ئاغای سرچشمە کە دەبێت کەسێکی سەر بەدەوڵەت بێت، درێژەی دروشم نووسین و کاری سیاسی ئەو دوو کاراکتەرە هەتا بڕیاری ڕۆشتنیان کە لە کۆتایی ڕۆمانەکەدا واتە بەشی دە، ڕوو دەدا و لە ئاکامدا لە لای سەقز و بانە لێک هەڵدەپچڕێن و موتەلیب ناوێرێ بگەڕێتەوە، بە یەگجاری دەڕوا و کەریمیش بەرەو بۆکان دەبێتەوە.

 کاراکتەرگەل*:

زۆر گرینگە بەر لەوەی بچمە سەر کاراکتەرەکان باسێک لە سەر کاراکتەر لە ڕۆماندا بکەم، خودی کاراکتەر لە ڕۆماندا هەڵگری ئانالیز و شیکاری تایبەت بە خۆیەتی، بۆ وێنە:

 De vigtigste karakterer kaldes også for hovedkarakterer, mens de mindre vigtige karakterer kaldes biroller/karakterer.

Direkte personkarakteristik

Kendetegn der beskrives og oplyses direkte i teksten.

• Navn

• Køn

• Alder

• Udseende

• Væremåde

• Holdninger

• Sprog (dialekt, slang, normal- eller fagsprog)

• Job

• Sociale forhold

• Bolig

• Miljø

• Familie m.m.

 بە کاراکتەرە سەرەکییەکان دەگوترێ:

Hovedkarakterer

بە کاراکتەرە لاوەکییەکان، یان لەتە کاراکتەرەکان، یان وەک لە دانماڕکییەکە دا هاتووە، پشتیوانی کاراکتەرە سەرەکییەکان دەگوترێ:

Biroller/Karakterer

 بۆ کاراکتەر و هەڵسەنگاندنی لایەنەکانی کاراکتەر، بە کاراکتەر و لەتە کاراکتەرەوە، کە زۆرتر جەخت لە سەر کاراکتەرە سەرەکییەکان دەکاتەوە. چەندین ڕاڤە و شیکاری تایبەت بە خۆی هەیە کە لە سەرەوە دانە بە دانە هەتا خوارێ دامناون، کە هەر کامیان باس لە لایەنێکی کەسییەتی، کۆمەڵایەتی، چینایەتی و بوارەکانی تری ئەو کاراکتەرە دەکات. ئەگەر کاراکتەرێک لە ڕۆمانێکدا، وەڵامی ئەو پرسیارانە نەداتەوە، یا ناڕوون بێت، یا کەم و کەسری هەبێت. ئەوە نەقوستانە و کێشەی هەیە، هەر دوو کاراکتەری سەرەکی گابۆڕ کێشەیان هەیە، لەتە کاراکتەرەکانی تریش ناڕوون، نەبەگە و نەقوستان تر و پڕ لە لایەنی نەنووسراو و ئاماژەپێنەکراو.

هێنانەوەی ئەو دەستەواژە و وشەگەلە بۆ ئەوەیە کە زۆرتر ڕۆبچینە ناو زانستی ڕۆمان، هەروەها لەو کێشەیە تا ڕادەیەک تێبگەین کە بۆ ئەدەبی کوردی کێشەی زۆرە و ناتوانێ سنوورەکان ببەزێنێ! کە بە بڕوای من وەڵامی بنچینەیی ئەو پرسیارە زمانە، زمانی کوردی بە تایبەت سۆرانی کە چەندەی کێشە هەیە و چەندە ناستاندارە.

 ڕۆمانی گابۆڕ لە سەر دەستی دوو کاراکتەر دەور دەگێڕێ، موتەلیب و کەریم، ئەو دوو کاراکتەرە چەقی گێڕانەوەی ناو ڕۆمانەکەن، ڕەسووڵ، ڕێبوار، ئازاد، ئەو ناوانە تەنیا ئەرکی تێر و پڕ کردنی دوو کاراکتەری تریان لە ئەستۆیە دەنا هیچ دەورێکی ئەوتۆیان نییە و تەنانەت ئەگەر وەک منداڵانی گەڕەک ناویان هاتبا زەربەیەک لە ڕۆمانەکە نەدەکەوت، لە سەرەتای ڕۆمانەکە چەند جار ناویان دێت و تەواو.

میرزا هادی باوکی موتەلیب، لەگەڵ باوکی کەریم کە قەسابە، ئەسمەر دایکی موتەلیب، هەروەها سەیدە سوورەی سەللاخ کە وەک هێڵێکی جیا لە ناو ڕۆمانەکەدا، یان وەک فلاشبەکێک کە لە سەر جەم بەشەکان بە پاڕاگڕافێک یا دوو پاڕاگڕاف دێتە ناو چیرۆکەکەوە تا کۆتایی کە بە شاخی جوانەگایەک زگی هەڵدەدڕێت و دەمرێت.

کاک سولەیمانی کتێب‌فرۆش کە لەغاوێکی تری چیرۆکەکەیە و پەیوەندی ڕاستەوخۆی لەگەڵ دوو کاراکتەری سەرەکی ڕۆمانەکە واتە کەریم و موتەلیب هەیە.

ئاغای سرچشمە کە مامۆستایەکە لە قوتابخانە و لەقسان سەر بە دەوڵەتە و هەروەها ئاغای محمدی کە دەبێت خزمی متەلیب بێت، لە کۆتاییەکانی ڕۆمانەکە وێڕای ئاغای سرچشمە دێتە کایەوە لەگەڵ کۆمەڵێک ناوی تر کە لە کۆتاییدا کەسێکی تریشی پێ زێدە بێت، لە کۆتا بەشی ڕۆمانەکەدا لەگەڵ موتەلیب و کەریم و لەتە کاراکتەرێکی تر ڕووبەڕوو دەبێتەو.

جگە لە دوو کاراکتەری سەرەکی ڕۆمانەکە واتە کەریم و موتەلیب، هەروەها سەیدە سوورەی سەللاخ بە تێبینی جدییەوە، ئەوانی تر حیسابی کاراکتەریان بۆ  ناکرێت، بەڵکوو کاراکتەر ب یا کاراکتەرگەلی لاوەکین، لەتەکاراکتەر، نیوەکاراکتەر.

 پەیوەندییە شەخسی و کۆمەڵایەتییەکان*:

موتەلیب و کەریم وەکوو دوو کاراکتەری سەرەکی ناو ڕۆمانەکە، دوو مێرمنداڵی تەریک‌کەوتووی ناو کۆمەڵگان کە سڕ و تڕیان لەگەڵ یەکە، وێڕای هەموو کێشە و گرفتێک کە لە ناو کۆمەڵگای خۆیاندا بۆیان دوروست دەبێت، بنەماڵە، کۆمەڵگا، قوتابخانە، سەرەتەقەی سیاسی، هێزی دەوڵەتی و هتد، لە ناو هەموو ئەو ناوەندانەدا ئێمە دوو کاراکتەری تەریک‌کەوتوو و تەنیا دەبینین کە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانییان بە پێی جۆر و ڕوانین و خەونی تازەنەمامیان، کەوتۆتە تەنگژە و چەلەحانێوە.

 دۆخ و ژینگە*:

ژینگە و دۆخ و شوێنی ئەو کاراکتەرانەی لێی دەژین، شوێن و مەکانی جوگڕافیایی، سروشت یا کۆڵان و شەقام و بازاڕ و ئەو جێگەیەی کە کاراکتەر یا کاراکتەرگەل لێی نیشتەجێن. ئەو تەوەرە لە ڕۆمانی گابۆڕ دا یەگجار لاواز و ناڕوونە و کەمترین کاری لە سەر کراوە. تەنیا بەردەنگ ئەوە دەزانێ کە شار یا شارۆچکەیەکە بە ناوی بۆکان، شاری جێی ڕووداوەکان، ناڕوون، باس‌نەکراو و کز، کزی و لاوازی ڕۆمانەکە لەو بەشەدا زۆر زەقە.

بگێرە و گۆشەنیگای گێڕانەوە*:

ڕەنگە تەنیا بەشێک کە لەو ڕۆمانەدا جێگەی وەستانە و لایەنی بەهێزی ڕۆمانەکەشە، تکنیکی گێڕانەوەیە لەو ڕۆمانەدا کە نووسەر بۆخۆی هەڵیبژاردووە. هەرچەند لە سەرەتاوە بەردەنگ وەڕەز و ماندوو دەکا، بەڵام گەر لەگەڵی بەکاوخۆ بی وردە وردە چەقی گێڕانەوەکە ڕەوان دەبێتەوە و لە پاش بەشێک یا دوو بەش بە ڕوونی بۆت دەردەکەوێ کە نووسەر چۆناوچۆن چیرۆکەکەی دەگێڕێتەوە، چیرۆکەکە هەموو دەم لە زمانی کەسی یەکەمەوە دەگێڕدرێتەوە بە ئاڵۆزییەکی تایبەت بە ڕۆمانەکە. کە هەر ئەوەش تەنیا تایبەتمەندی ئەو ڕۆمانەیە، گۆشە نیگاکە وەک دانماڕکی دەڵێ:

Jeg fortæller

واتە "من دەیگێڕمەوە"، ئەو منە، بەردەوام جێگورکێ دەکا و هەر جارەی دەکەوێتە سەر زمانی یەکێک لە کاراکتەرەکانی ناو ڕۆمانەکە، ئەگەرچی ئەوە تکنیکە لە گێڕانەوە فۆڕمێکی تازەیە بەڵام بە بەشی خۆی پێکهاتە و فنداسیۆنی ڕۆمانەکەشی کز کردووە کە دواتر دێمەوە سەری.

 پێکهاتە و مۆدێلی بگێڕەوە*:

 ئەو وێنەیەی سەرەوە لە ڕێگەی هەشت بەشی تایبەت بە مۆدێلی بگێڕەوە، تەنیا تەرخان کراوە بۆ پێکهاتەی بەرهەمێکی ئەدەبی وەک ڕۆمان یا ژانڕەکانی تری ئەدەبی گێڕانەوە. دەتوانین پێکهاتە و فنداسیۆنی ڕۆمانەکە شی بکەینەوە:

چۆن دەست پێدەکا؟ کێ تێیدا بەشدارە و چکارەن؟ شوێن و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی کاراکتەرگەل، دواتر هاتنە ئارای ڕووداوەکان و تێکەوەگیرانی کاراکتەرەکان، بە شوێن ویدا ڕووداو یا کێشە سەرەکییەکە کە ڕوو دەدا و سەرجەم کاراکتەرەکان لەگەڵ خۆی پێکەوە گرێ دەدا، شتی تازەتر و ڕووداوی نوێتر دێتە ناو چیرۆکەکە، ڕووداو، کێشە یا باسی سەرەکی ناو ڕۆمانەکە زەقتر دەبێتەوە تا دەگاتە کۆتایی، ڕووداوەکە تەواو دەبێت یا بە جۆرێک دەگاتە کۆتایی خۆی، یا کێشەکە چارەسەر دەبێت و وەک کورد دەڵی: لایەکی وە لایەک دەکەوێ و ڕۆمان دێتەوە سەر حاڵەتی نۆرماڵ و ئاسایی خۆی. واتە جیا لەو باسە و لە دەقی بەردەست، پێکهاتەی گابۆڕ دەبێ لەو جەدوەلەدا بە پێی بنەما تاریف‌بووەکان سەرلەبەری ئانالیز بکرێت و کەم و کۆڕییەکانی نیشان بەردەنگ و خودی نووسەر بدرێت، کە ئەوەش بۆ کاتێکی تر، با ئەو وتارە یا نیوە کتێبەکەمان یەگجار زۆر نەبێت.

 موتیڤ و تێم*:

ڕۆمانی گابۆڕ لە سەر تێمێکی سەرەکی وەکوو "سەردەمی منداڵی"  و چەندین وردە تێمی تر بونیات نراوە و هەوڵی بۆ گەیاندن و نیشاندانی تا ڕادەیەک سەرکەوتوو بووە و تا ڕادەیەکیش نەقوستان.

شەڕ، شوناس، توندوتیژی و سیاست، وردە تێمەکانی ترن کە بە بڕوای نووسەری ئەو وتارە جگە لە سەردەمی مناڵی، ئەو وردە تێمانەی تر نەقوستان و نیوەکار و پچڕ پچڕە کە لە درێژەدا زۆرتر باسی دەکرێت.

 پێرسپێکتیڤ و سەمبۆل و "دیمەنی زمانی،شاعیرانە":

ئەو سێ بەشە بەشە لە ئانالیزی ڕۆمان جێ دێڵین، نووسەری ئەو وتارە بابەتێکی جیای لە سەر ئەو سێ چمکە نووسیوە بە گشتی لە مەڕ چیرۆکی کوردی کە دواتر بڵاو دەبێتەوە.

 زمان:

وەک پێشتر وتارەکانی تر زۆریان جەخت لە سەر زمان کردبۆوە، زمان لە ڕۆمانی گابۆڕ دا بێ گرێ و گۆڵە، ڕەوانە، خاوەنی زمانێکی خاوێن و خێرایە، بەڵام شتیک کە لێرەدا زۆرینەی بیریان چووە یا ئاماژەیان پێ نەکردووە، پێکهاتەی زمانی و پێکهاتەی داڕشتنی زمانەکەیەتی، نووسەری گابۆڕ لە زۆر بواری زمانی غافڵ بووە، پێکهاتەی زمانی و داڕشتنەوەی لە ناو ڕۆمانەکەدا خوێنەر ماندوو دەکات، ئەگەرچی تکنیکی گێڕانەوەکەی نوێیە، لێ فۆڕمی زمانەکەی فۆڕمێکی کۆن و سواوە. ئەوەی ئاگاداری ئەدەبی گێڕانەوە بێت لە سەردەمی مۆدێرن و سەردەمی مینیماڵیزم، دەزانێ و دەبینێ کە ڕۆمان بە تایبەتی لە ئورووپا بە زمانە لاتینەکان لە سەردەمی مۆدێڕن چۆن دەنووسرێت، زمان بەردەوام ڕوو لە سادە بوون و سادە دەربڕینە، بە بەش‌گەلێکی کورت، جێ‌پشوو بۆ خوێنەر لە ڕیگەی جوانکاری و خەلاقییەتی خودی نووسەر، ڕۆمانی گابۆڕ لە دە بەش دا، لە هەر هەموو بەشەکاندا خوێنەر پشووسوار دەکا، دیالۆگ و قسە و باسەکان بە خێراییم بی پشوو، وەک هەڵاتتنی ماڕاتۆن، پەیتا پەیتا، لەکدا لەکدا، دێنە پاڵ یەک، هەر وشە و هەر دەستەواژەی بەردەنگی دەبردە جێگایەک و لە پڕ دا دەیهێنایەوە جێی خۆی، نەیدەهێشت بەردەنگ لەنگەر بگرێت، ئیست بگرێت، لە واتاکان، موتیفەکان تێبگات، ئەوەی گابۆڕ کردبووی، بە ناوی تکنیک و جۆری گێڕانەوە، لایەنەکانی تری ڕۆمانەکەی پێ لەبار بردبوو، زمانی گابۆڕ، جەغزی وشەیی گابۆڕ، هەمووی لە خزمەت تێڕ و پڕ کردنی تکنیکەکە بوو، ئەوەی تر وێڵ کرابوو.

لە هیچ بەشێک دا، هیچ کارێکی نەکرابوو بۆ ستاتیکای زمانی، بۆ فۆڕمی زمانی، هەر جار نا جارێک سەیدەی سەللاخ دەهاتە گۆڕێ، کە ئەو بەشە لە جیات ئەوەی پشوو بە بەردەنگ بدا، هێندەی تری سەر لێ دەشێواند و هێندەی تری ماندوو دەکرد، کتێب یا ڕۆمان، نابێ بەردەنگ ماندوو بکات، دەبێ بەردەنگ سات بە سات و لاپەڕە بە دوای لاپەڕە چێژی لێ ببات. هیچ کارێک لە بواری ستاتیکای زمانی، لە ڕووی فۆڕمەوە، بۆ گابۆڕ نەکراوە.

 ڕانان و ڕوانینی نووسەری وتار*:

ئەو بەشە وەک دوایین بەش لە ئانالیزی ڕۆمان کە هەڵگری ڕا و بۆچوونی نووسەری وتار یا بەردەنگە لە دوو توێی چەند خاڵ دا وەک ڕەخنە لە سەر ڕۆمانی گابۆڕ لە بەشی ڕەخنەدا باس دەکەم.

بەشی دووهەم:

A book critiques

ڕۆمان وەک بەرهەمێکی ڕۆژاوایی کە تەمەنی لە وڵاتی ئێمە گەیشتووەتە نزیک سەد ساڵ هەوراز و لێژییەکی زۆری تێپەڕاندووە، ڕۆمان بەرهەمی ژیان و شارە، هەر ڕۆمانێک ئەو دوو موتیڤە تێیدا کز بێت لەبار چووە، کز و لاوازی ئەو دوو مووتیڤە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە دەسەڵات و هێزی گێڕانەوە، کرداری کۆمەڵایەتی، جۆری چین و توێژی نووسەرە، نووسەر چەندە لە مەڕ  ڕووداوەکان خۆی بە بەرپرس دەزانێ، ئەو ڕووداوانە چەندە هونەریانە دەگێڕێتەوە، تا چ ڕادەیەک هەوڵ دەدا پەیام، سووژە و تێمی خۆی لەبار نەبا، کە دەگوترێت ڕۆمان بەرهەمی ژیانە زۆر پرس لە خۆ دەگرێت.

لە پاش "سێروانتس" و ڕۆمانی "دۆن کیخۆت" ئەو ژانڕە لە هونەر ئاڵوگۆڕی زۆری بەسەر داهاتووە، تا دەگاتە سەردەمی مۆدێرن و سەرەتای چاخی بیستەم، بە هاتنە ئارای هونەری نوێ و مۆدێڕن و دواتریش لە پاش شەڕی جیهانی دووهەم و هاتنە گۆڕێی کۆمەڵێک چەمک وەکوو مۆدێڕنیزم و پۆست مۆدێڕنیزم، ئەو چەمکانەی کە جگە لە هونەر لە ناو بوارەکانی تریش کارکردی هەبووە و بووەتە هۆی گۆڕانکاری لە ناو ڕۆمانیش وەک ژانڕێک لە دونیای پان و بەرینی هونەر.

هاتنی ئەو چەمکانە لە رۆژاواوە بۆ ئێران و دواتر کوردستانیش، کاریگەری کردووەتە سەر جۆری نووسین و ڕوانینی نووسەرانی کوردیش، ئەگەرچی پێویستە ئەوەش زێدە کەم کە چەمکی مۆدێڕنیزم و پۆست مۆدێڕن، هەروەها ئەو زۆرینەی ئەو ڕۆمانانەی بەو ناوانە لە کوردستان دەنووسرێت یا بڵاو دەکرێتەوە خۆی تێبینی زۆر وردیان لە سەرە و تەنانەت ئەو بەرهەمانەی کە ئێستا وەک ڕۆمان بە ناوی ڕۆمانی پۆست مۆدێڕن بڵاو دەبنەوە، لە ڕۆمانێکی سادەی یەک هێڵی واوەتر نەچووە بە بڕیک گۆڕانکاری لە جۆری گێڕانەوە و ئاڵۆزکردنی کۆمەڵێک ڕووداو و جۆری گۆشە نیگاکان.

ئێستا ئەو باسە بۆوەی نییە بیلکێنین بە بەرهەمەکەی هیدایەتییەوە، چۆنە بە بڕوای نووسەری ئەو وتارە، ڕۆمانی گابۆڕ، ئەگەر ڕۆمان بێت، ئەوە ڕۆمانێکی نەقوستانە و کێشەی هەیە و بەرهەمێکی تێر و پڕ نییە،  بەڵکوو کۆمەڵێک شت هەن کە بەرهەمەکەی هیدایەتی لە ناو ئەو گەلەکۆمەیەی ڕۆمان جیا دەکاتەوە، بڕیک جوانکاری و شتی تازە بە تایبەتی لە جۆری گێڕانەوە، دیارە بە کۆمەڵێک ڕەخنە و تێبینی زۆر جدییەوە کە درز دەباتە ناو بەرهەمەکەی و هەوڵی منیش لەو وتارە دا ئەوەیە کە ڕێک دەست لە سەر ئەو خاڵە لاوازانە دانێم، چۆن هێندەی پێویست بووە بە سەر ئەو ڕۆمانەدا هەڵگوتراوە، ئەگەرچی من سەرجەم وتارەکانم نەخوێندووەتەوە، واتە ئەو وتارانەی لە سەر "گابۆڕ" نووسراون، بەڵام بە دڵنیاییەوە سەرجەم ئەو وتارانەی لە سەر ئەو بەرهەمە نووسراوە، لە داهاتوو دا ورد دەیانخوێنمەوە، دواتر و بە کاووخۆ و بە وردی دێمەوە سەر دانە بە دانەیان، ئەوانیش دەخوێنمەوە و ئانالیزی ئەو وتارانەش لە داهاتوو دەنووسم و بڵاوی دەکەمەوە.

ئێمە شتێک بە ناوی ڕەخنەمان نییە، ڕەخنەگرمان هەیە، بەڵام ئەوەی من مەبەستمە، گوتاری ڕەخنەیە، بەڵکوو تەنانەت ئەو زمانەی پێی دەنووسین هێشتا زمانی ڕەخنەی لە ناو خۆدا لە کل دەرنەهێناوە و کۆک و پۆشتە و تێر و پڕی نەکردووە، هەر خودی ئەو کێشەیە، فنداسیۆنی سەرجەم ئەو کێشەگەل و لاوازییانەیە کە ڕیک "گابۆڕ"ی هیدایەتی لە خۆیدا حەشاری داون، هەر بیچم نەگرتنی زمانی ڕەخنە و دوروست نەبوونی گوتاری ڕەخنە خۆی بۆتە خێوەتێک کە لاوازییەکانی بەرهەم‌گەلێکی وەکوو "گابۆڕ"ی حەشار داوە و ناهێڵێ ببیندرێن، ئەو خێوەتە ئەو وتارانەش لەخۆ دەگرێت کە لەسەری نووسراون و بۆتە دەمامکێکی ڕووکەش هەتا کزی و لاوازی ڕۆمانی کوردی پێ بشاردرێتەوە. ئەوە بەو واتایە  نییە کە ئێمە ڕەخنەگرمان نییە، دیسانیش جەخت دەکەمەوە لە سەری، بەڵام گوتاری ڕەخنە شتیکی تەواو بنچینەیی و جیایە. ڕەخنەگریش گەر هەبێ خۆ بێ کەمایەسی و کەم و کۆڕی نییە، کێشەی سەرەکی تاکی ڕەخنەگرە یا ئەو کەسەی کە لە سەر بەرهەمی ئەدەبی دەنووسێت، ئەو هەوڵانە ئەگەرچی باش و بە سوودن، بەڵام چۆن بابەتەکانیان توێخی زمانی ڕەخنەیی بەسەرەوە دیار نییە، هەر وەک گوتم، زمانی ڕەخنە دوروست نەبووە، زمانی ناو وتار و یادداشتیش، وەکوو ئامێرێک ناچێتە ناو چوارچێوە و تەوەرەکانی تایبەت بە زمانی ڕەخنە، وەکوو مێکانیزمێک.

بۆ خوێندنەوەی بەرهەمێکی ئەدەبی، ئانالیزی ئەو بەرهەمە، بە دەیان و بگرە زۆرتر نەوع و جۆری "ناو" هەیە، کۆمەڵە وشە و ئیستلاح و جۆری نووسین، کە ئەزقەزا هەر هەموویان شێوە ئانالیزی خۆی هەیە.

تەنانەت لە زانستی ڕۆژنامەنووسیش بەو شێوازەیە، یەک دیبەیت کە لە سەر وتار یا وتوێژێک دەنووسرێت، ئەو دیبەیتە کە ڕەنگە لە یەک لاپەڕە زۆرتر نەبێت، یاسا و ڕێسای نووسینی خۆی هەیە، هەروەها یاسا و ڕێسای ئانالیزی خۆشی هەیە. ژانڕگەلێ وەکوو دیبەیت و دەیان جۆری تر کە لە کوردیدا پەپوو لێی دەخوێنێ، زۆرینەی وتار یا یادداشتە، لە سەتا نەوەدیشی نازانستی، نائاکادێمین، جێگەی ئەو ژانرگەلە هێندەی تەمەنی ڕۆمان لە کوردستان بۆشە و بوونی نییە.

ئێستا کە مژاری بەر باسی ئەو وتارە ڕۆمانە، پێویستە چەند شت لە سەر ڕۆمان بۆ بەردەنگ ڕوون بێتەوە.

ڕۆمان بەرهەمی شارە، بەرهەمی چین و توێژ و لایەنە زۆر و زەوەندەکانی کۆمەڵگا و شارە. ڕۆمان بەرهەمی چەند دەنگی و فرە ڕەهەندی و تاکەکانی سەردەمی مۆدێڕنە، ژومارەی لاپەڕەی کتێب، بە ڕۆمان و نۆڤلێل و چیرۆک و کورتە چیرۆک لێک جیا نابنەوە.

 پێگەی کۆمەڵایەتی کاراکتەرەکان

کاراکتەری موتەلیب، مێرمنداڵێکی سادەی گەڕەکێکی شاری بۆکان، بە هەموو ئەو بیرەوەری و هات و هووتەی کە هەر مێرمنداڵیک لە گەڕەک و کۆڵانی خۆیان بە دیار تۆپێن و چەندین پرسی تر لە ژیانیدا ئەزموونی کردووە، سەردەمی مێرمنداڵی موتەلیب لە کۆتاییەکانی شەڕی ئێران و ئێراق دایە، هەروەها کشانەوەی تازە بە تازەی هێزە کوردییەکان بۆ سەر سنوورەکان. تایبەتمەندی ئەو سەردەمە وای کردووە کە لەگەڵ ژیانیکی نۆڕماڵ ڕووبەڕوو نەبینەوە، بەڵام لە پەنای ئەوانەدا ئەو سەردەمە لیپاولیپ بووە لە ڕووداوی گرینگی تر کە نووسەری ڕۆمانەکە هەر خۆشی لێ نەداوە، ئەلێرەدا کاراکتەری موتەلیب وەک کاراکتەری سەرەکی بە هاوبەشی لەگەڵ کەریم، لە کزی دەدا، کاراکتەرگەلێکی بێ‌خەبەر لە گەلێ ڕووداوی گرینگ هەر لە چەقی ئەو سەردەمەی ڕۆمانەکەدا.

ئەگەریش کۆمەڵە ڕووداو یا شوێنێک لە ناو ئەو دوو کاراکتەرەدا باس کرابێت، ئەوە کزە و کەمایەسی هەیە، هیچ دیمەنێک لە قوتابخانە، شەقامەکان، ناو قوتابخانە، شەقام و دەوروپشتی کتێبفرۆش، ئەو کاراکتەرانەی کە بە تایبەتی بەو جووتەوە گرێ دراون، لایەنە کۆمەڵایەتی و چینایەتی و زۆر بواری تریان کزە، ناڕوونە، تێر و تەسەل نین و زانستی ڕۆمان ئەوەی لێ ناشاردرێتەوە.

دەکرێت چەندین لاپەڕە لە سەر ژینگە و دۆخی ڕۆمان، ژینگەی کاراکتەرەکان بنووسرێت، کە چەندە گرینگ و چارەنووس‌سازە لە سەر تێروپڕ کردنی کاراکتەر، هەست و نوستیان، ڕۆمانی گابۆڕ لەو بوارەدا لە ئەوپەڕی کزی دایە، ئەوە کاتیک زۆر بەرچاو دەکەوێ کە هەژیر و خەبات لە کۆتاییدا لە جێگایەکن و دەیانهەوێ بڕۆن، ئەسڵەن مەعلووم نییە، ڕوون نییە کوێیە؟ هەر دەڵێ دەچێتەوە بانە، یا دێتەوە سەقز، ئەو ڕۆمانە بەو دەردەوە زۆر دەناڵیێنێ.

 دووانەی موتەلیب و کەریم، یا هەوڵێک بۆ بوون بە کاراکتەر!

کەریم هاواڵی موتەلیب، هەر وەک هاواڵەکەی، لەیەک سەردەم و یەک دۆخ و یەک ژینگەدا بە بڕێک جیاوازی بچووک لە ڕووی بنەماڵەوە، کاراکتەری کەریم هەر لەو کاتەوە لە کزی دەدا کە دوو کاراکتەری تری لە خۆی گرێداوە، واتە باوکی و سەیدی سەللاخ! دواتر دەگاتە ئەو هۆکارانەی تر کە بۆ موتەلیب باسم کرد، لەوان هاوبەشن.

خوێنەر هیچ زانیارییەکی لەبەر دەست نییە، سەیدی سەللاخ کێیە؟ باوکی کەریم کێیە؟ بواری چینایەتی، کۆمەڵایەتی، ژینگە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان، ئەوانە هەمووی لە کزی دایە و ئیرادن لە سەریان.

 سەیدی سەللاخ، سەیدی بێ‌ شوێن و شوناس و کات!

سەیدی سەللاخ، کە بە بڕوای من وێڕای باوکی کەریم، دووانەی بەشی کوشتارگاکەن، کە بەردەوام و بێ پسانەوە لە ناو هەموو بەشەکاندا دەهات و دەچوو، هەر جارەی بە پاڕاگڕافیک، یا زۆرتر، لە هەندیک بەشدا چەندین جار سەری دێنایەوە ژوور، بەڵام ئەو چیرۆکە فەرعییە، وەکوو فلاشبەکی بەردەوام، وەکوو چیرۆکێکی جیا، وەکوو جێ پشوویەک بۆ ناو ڕۆمانەکە، یا نا، گەیاندنی مەبەستێکی تایبەت لە ڕووی واتاییەوە بە تایبەت لە کاتی مەرگیدا،  جا هەر مەبەستێکی بووبێت، بە هەموو ئەو شتانەی کە نووسەر وەستۆی ئەو چیرۆکەی خستووە، کێشەی هەیە، کێشەی فۆڕمی و کێشەی ناوەڕۆک، بە ساختارێکی یەگجار پڕش و پڵاو، کە ڕەنگە نووسەر پێی وابێت لە قەستی ئەو کارەی کردووە، ئەوە یەکێک لە هەڵەکانی نووسەر بووە سەبارەت بەو سووژەیە و بەو ڕۆمانەی هەڵیبژاردووە.

کاراکتەرەکانی ناو کوشتارگا کێن؟ وە لە سەر کێ بونیات نراوە؟ سەیدەی سەللاخ، کە دوا ئەکشێنی بە مەرگی خۆی تەواو دەبێت، هیچ خەبەرێک لە دۆخی کۆمەڵایەتی، پێگە و ڕەفتاری کۆمەڵایەتی، ناو بنەماڵە، تەنیایی خۆی، بەردەنگ هیچ زانیارییەکی لە سەر سەیدی سەللاخ نییە کە بۆتە ئەستۆنی ئەو بەشە لە کتێبەکە! باوکی کەریم، وەک دووهەم کەسی ئەو داستانە، وەک باوکی کاراکتەری سەرەکی، هیچ زانیارییەکیش لەوەوە بە بەردەنگ نادرێت. تا کەریم کە بینەری ڕووداوەکە و کوشتارگایە، ئەویش خۆی کاراکتەری سەرەکی هەمووی کتێبەکەیە.

لە زۆرینەی بەشەکان بەردەوام هەر دووپات و دووپاتبوونەوەی کۆمەڵێک دیمەنە لە گرتن و بردن و لە عەرز دان و کەوڵ کردن، هیچ ڕووداوێک لە ناو ئەو کوشتارگایە ڕوو نادا، سەر لەبەری ئەو سەد و نەوەد و چوار لاپەڕەیە کە بەردەوام و بێ پسانەوە، لە ناو هەموو بەشەکاندا بەشی کوشتارگا دێتەوە ڕاستەڕێی بەردەنگ، هەر کۆمەڵە دیمەن و کۆمەڵە دیالۆگی دووپاتەوەبووە تا لە کۆتاییدا سەیدەی سوورەی سەللاخ ورگی بە دڕین دەچێ.

 باوکێکی ون

ئەو لەتە کاراکتێرە زۆرتر لە زەینی کوڕەکەیدا دەوری دەگێڕا، ببووە دووانەی سەیدی سەللاخ و مەنتقێک بۆ پەیوەندی ناو چیرۆکەکە بە چیرۆکی ئەسڵی. ئەو ڕۆمانە هێندە لە تکنیک تێوەگلاوە کە زۆر بواری تری ڕۆمانەکەی نەقوستان کردووە، باوکی کەریم دەیتوانی هەر لەو سەد و نەوەد و چوار  لاپەڕەیە دا دەوری بگێڕەوەی بیرەوەرییەک لە شەڕی ئێران و ئێراق، یا سەردەمی هێزە کوردییەکان، یا ڕووداوێکی باس کردبا، وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێ کرد، ڕۆمانەکە بێ‌خەبەر لە زۆر ڕووداوی مێژوویی، ڕووداوی ئاسایی کە ڕاستەوخۆ گرێ دەدرێت بە سووژە و پەیامی "گابۆڕ" بەڵام نووسەر لێی بە خاوەن دەرنەکەوتووە.

تێبینی:

ئەو چەند ڕستەیەی سەرەوە پێشنیارن، نووسەر ئازادە چ بکا و لە چ ڕووداوێک، یا جەریانێک کەڵک وەرگرێت بۆ ڕۆمانەکەی، بەڵام ئەگەر ڕۆمان بەرهەمی ژیان بێت، ئەگەر ڕۆمان دونیاکەی بەربڵاوتر و چەن دەنگی تر و چەند ڕەهەندیترە، بە دڵنیاییەوە دەبێ گێڕانەوە هەڵگری دەیان ڕووداو و نیوە ڕووداو بێت لە ناو ڕووداوێکی سەرەکیدا!

بۆ پێناسەی نۆڤێل چەند ڕستەی زۆر ئاسان و سادە هەیە:

 نۆڤلێل: کاراکتەرێکی سەرەکی، لەگەڵ چەند کاراکتەری فەرعی.

یەکەم:

بواری زەمانی نۆڤلێل لە چەند کاتژمێرەوە بگرە تا دەگاتە چەند ڕۆژ.

دووهەم:

لە نۆڤلێلی درێژ دا، کاراکتەرێکی سەرەکی، جاری وایە دوانیش، بە مەنتقی خۆی، چەند کاراکتەری فەرعی، بە مەودای زەمانی زۆرتر!

 گابۆڕ:

دوو کاراکتەری سەرەکی، بە هەرکیان جا کاراکتەرێک ساغ دەکەنەوە، چەندین کاراکتەری فەرعی، دوو کاراکتەرە سەرەکییەکە بە هەرکیان وەک یەک! وەک تاکێک، وەک کاراکتەرێک، لە عۆدەی چیرۆکەکە بەرهاتوون، لەتە کاراکتەرەکانی تر ئەگەر لە ناو ڕۆماندا خوێندنەوەی بۆ بکەین سەرڕێژ لە ئیراد و کێشەی جدین.

مەودای زەمانی گابۆڕ، ڕوون نییە. لە مەودای دووهەمی ڕاهنمایی، هەتا سیکل، یا سێ ساڵەی دەورانی ڕاهنمایی، لە هەر کام لەو مەودا زەمانییە، کە بۆ کتێبەکەی قایل بووە، جێ خاڵی هەیە، کێشە هەیە، کاراکتەرەکان  و ڕووداوەکان بە پێی مەودا زەمانییەکە تێر و پڕ نەکراون، لە بواری مەنتقی زەمانی و مەکانییەوە لێک گرێ نەدراون.

ئەگەر نووسەری کتێبەکە پێی وایە ڕووداوی تر هەیە، ئەوە ئەگەر هەشبێ نەقوستانن و لە درێژەدا باسی دەکرێت.

بۆیە نووسەری ئەو وتارە پێی وایە ئەو بەرهەمە لە ناو ژانڕی "نۆڤلێل، یا کورتە ڕۆمان" جێ دەگرێت، نەک ڕۆمانێکی قایم و تەواو و بێ کێشەی جدی!

 دووکاندارێکی سووریال یا سەعدی ناسێکی شارەزا، یا باوکێکی دیکتاتۆر، یا سیاسەت‌ناسێکی ڕادیکاڵ؟

ئەو پرسیارانەی سەرەوە هەموو بەربینگی میرزا هادی ئەو لەتە کاراکتەرە دەگرێت، لاوازترین و پڕ‌کێشەترین کەسی ناو ڕۆمانەکە بوو، بە گوفت و لوفتێکی ناباو، ناحەز"بە واتای ستاتیک" بە کۆمەڵێک باس و فتوای سەیر و سەمەرەی ئەو کاراکتەرە لە مەڕ: ئەدەبیات، ژن، شیعر، سیاسەت، حیزب، سەرەخۆشی، دووکانداری و هتد، واتە هەموو شتێکی وەکوو کورد دەڵێ: هەڕەمەکی بوو بۆ جێ‌خستنی ئەو لەتە کاراکتێرە لە ناو مێشکی بەردەنگدا. ئەو دەستەواژە و وشە و جۆری ڕاوێژەی بۆ میرزا هادی هەڵبژاردبوو ڕێک قوربانی گەلی ناو دەقن کە لە پێناو تکنیک دا دراون! وشەکان لە زۆر جێدا، کوردین، جوانن، بەڵام لەجێی خۆیدا نییە و لە کاتی خۆیدا نەنیشتۆتە ناو ڕووداو و دیالۆگەکان.

ئەو باسەش هێندەی تری کاراکتەرەکە لاواز کردبوو، لە هیچ بوارێکی ڕەفتاری و کۆمەڵایەتیدا ئینسانێکی ریئاڵ و مەنتقیت لە میرزا هادی نەدەدی، دەتگوت کۆمەڵێک کاراکتەر بە کۆمەڵێک خوو و خدە و  ڕەفتارەوە، هەموانی کۆ کردووەتەوە و خستوویەتە ناو ڕاوێژ و سەرزمانی میرزا هادی. کە ڕەنگە ئەوە لە بواری زمانیدا، تەنیا زمان، بۆ تێروپڕکردنی تکنیک و دەوڵەمەند کردنی جەغزی وشەیی و هێنانە ناوی پاش و پێشی وشە و قسە و داوەری و حوکمی سەیر سەیرەوە.

 لەت‌وپەت‌ترین لەتە کاراکتەر!

کاک سولەیمان، وەکوو کتێبفرۆشێک و لەتە کاراکتەرێک،  ئەگەر ڕۆمان بەرهەمی شارە، ئەگەر شار لە سەر دەستی کتێب و ڕووناکبیر دەگەڕێ، ئەگەر گواستنەوەی ئەو هەمووە چاوەی ناو شار، ئەویش لە ناو کاراکتەرێکی ڕووناکبیر و دەرگیری کتێب، خۆی شانی نەخاتە بەر شانی بەشێکی گرینگ لە ڕۆمان چ سوودێکی هەیە؟ ئەو بەشە دەیتوانی خۆشترین بەش، چ وەک زاخاوی مێشک، چ وەک ورووژاندنی کۆمەڵێک پرسی ڕووناکبیری جیددی ئەو سەردەمە، بە تام و بۆنی ئەو سەردەمەش. گرێدانی سولەیمان لە یەکێک لە کاراکتەرەکانی تر، مەسەلەن سەرچشمە، یا ئاغای محەممەدی، دەیتوانی تەنانەت ببێتە کاراکتەرێکی سەربەخۆ و ئەو بەشە گرینگەی کە نووسەری گابۆڕ وەستۆی خستووە، واتە بەشی کتێبی کوردی و هێمن و هەژار، پرسی شوناس و هتد! لانیکەم چیرۆکێکی بدایە دەست ئەویش و ئەویش ببوایە بە یەک کورتە چیرۆکی سەربەخۆ وەک کوشتارگا لەو ناوەیدا، یان لانیکەم کاری زۆرتر کردبا بۆ بوون بە کاراکتەرێکی سەربەخۆ نەک لەتە کاراکتێر، هەموو کێشەکان لێرەوە دەست پێ دەکا کە گێڕانەوە لە گابۆڕ دا ئەگەرچی خاوەنی تکنیکێکی نوێیە، بەڵام لە سەر هێڵیکی ڕاست دەڕواتە پێش و بە شوێن یەک چیرۆکەوەیە. تەنانەت بەشی کوشتارگاش بە تەواوی وەک چیرۆکێکی سەربەخۆ کێشەی خۆی هەیە.

 نوێنەری فەرمی دەوڵەت بۆ تۆقاندن!

ئێستا کە هاتمە سەر ئەو لەتە کاراکتێرە، شتێک کە لە لەتە کاراکتەرەکاندا بەرچاوە، وەک فارس دەڵێ: باورپذیر بوونی جۆری کەسایەتیانە، هەمووی هەر پشووی سوارە و خەریکن هەڕەشە دەکەن، لە باوکی موتەلیبەوە بگرە تا دەگاتە سرچشمە، نووسەر بە هیچ جۆرێک ڕۆنەچۆتە ناو ژینگەی ڕەفتاری و سایکۆلۆژی ئەو کەسانەوە، بەڵکوو ئەوەی خۆی ویستوویەتی لێی دەرێناون و لە ڕۆمانەکەیدا دایناوە. بە بڕێک پەڕوپۆ خستن بۆ ناو ژیانیان، خستنە سەر شانی چیرۆکێک بۆ هەر کامیان، هەر لەو سەد و نەوەد و چوار  لاپەڕەیە دا دەگونجا و دەشبوونە کاراکتەرێکی قابل قەبووڵ و ڕۆمانەکەی پێ کراوەتر دەبوو و دەبووە ڕۆمانێکی قورس و قایم!

 ئەوانەی سیزیفی ناو گابۆڕن:

ئەو سیانەی سەرەتا، هاوڕێکانی هەژیر و خەبات، کە سیزیفی ناو گابۆڕیشن، دیارە دوو کچ و دوو ژنی تریشیان لەگەڵە، هەر زۆر زوو وێڵ کران، بەڵام نووسەری گابۆڕ دەیتوانی هەر بەکەڵک وەرگرتن لەو سێ ناوە لە قوتابخانە، یارمەتی چیرۆکی ئاغای سرچشمە و چیرۆکەکانی موتەلیب و کەریم بوایەن، وەکوو موکەمل و تەواو کەر! ئەو باسانەی لە قوتابخانە ڕوویدا، لەگەڵ ئاغای محەممەدی، بە یارمەتی ئەو سێ کاراکتەرەی هەر زۆر زوو وێڵ کران، دەیتوانی ئەو ڕۆمانە هێندەی تر تێر و پڕتر بکا.

 ئاغای محەممەدی و ئەو کابرایەی لە ئاخرەوە هەژیر و خەبات پەشیمان دەکاتەوە لە چوون، وا لە سەر سنوور دەبێت، ئەو جووتەش تەنانەت لەتە کاراکتەرێک نەبوون، هێندە کز و کارنەکراو بوون کە بوون و نەبوونیان وەکی یەک وابووە، بەو ئەندازەیەش دەیانتوانی کار بکەن لە ڕۆمانەکەدا کە نووسەری گابۆڕ لێی خافڵ بووە.

 دەوری ژن:

ڕەنگە بەهەڵە دا نەچم ئەگەر بڵێم ڕۆمانی گابۆڕ، هەر مێشێکی میوان نەبووە سەبارەت بە ژن، تاکی ژن، دەوری ژن، ئەو چەند کەسە بێ‌سەروشوێنەی کە دەوری ژن یا کچیان لە ڕۆمانەکە دا دەگێڕا، هەڵبەت هەر لە ڕێگەی ئەو ڕۆمانەشەوە دەکرێت بزانین کە ژن لەو سەردەمەدا چ پێگەیەکی هەبووە لە کۆمەڵگای کوردستان، لە باکوورەوە بۆ باشووری رۆژهەڵات. حەزلێکردوویی هەژیر و خەبات، لە ڕۆمانەکەدا وێڵ کرا، دەوری ئەو دوو کچەی سەرەتا وێڵ کرا، دایکی ئەو دوو کاراکتەرەش بۆ دەرمان وەگیرت نەدەکەوتن، دا بزانین چن و چۆنن؟ ئەرێ پێدەکەنن؟ دەگرین؟ جل دەشۆن لەبەر سەرمای زستان یا پاییز لە حەوشەی ماڵەوە، چۆن نان وەردەگرن، جا بۆ ژنی کورد لە بۆکان و شارەکانی تریش چیان نەدی کەڕەی بەیانی، هەر ئەو کاتەی کەریم و باوکی دەچوونە کوشتارگا، ژنانیش وێڕای مێردەکانیان بەو بەیانییە زووە، هێشتا تاریک بوو، بە چارەگەیەک لەو نانەواخانەیە بۆ ئەولا، دەروازە قەبران، ماست فرۆشی و پەنیر فرۆشی، هەتا دەگەیشتە قاپ شۆردنی شایی و زەماوەندان.

کێشە و باسی ژنان لە ناو شار، نانەواخانە و دەیان جێگەی تر، ئەو ڕۆمانە لە بواری نیشاندانی چینایەتی و ڕەفتاری  کۆمەڵایەتی هێندە لاوازە کە بە هیچ کام لە کاراکتەرەکان قەرەبوو نەبوونەوە.

خۆ لانیکەم هەژیر و خەبات هەر دەیانتوانی لە ڕێگای قوتابخانە، تووشیان بە تووشی کچەکانی سەرەتای ڕۆمانەکە بوایە و لەو مەجالە کەڵک وەرگیرابا بۆ دەوری ژن و کچ! یانی دایکی ئەو مێرمنداڵانە کە لەو سەردەمی کوردستان وەک کورد دەیگوت:

"پیاو بای دەرێیە"

هەر ژن بوو کار و باری ماڵ و کڕین و دووکان و بازاڕی جێبەجێ دەکرد، لەوێش دەکرا دەوری ژن و ڕەفتاری ژن، کێشەی ژن، چینی ژن زەق کراباوە لە ڕێگەی چەند وردە ڕووداوێک. بەڵام وەک لەسەرەتا دا گوتم ئەو ڕۆمانە خاڵییە لەهەرچی موتیڤی ئیحساسی و مێتافیزیکی ژنانە. ژن لەوێ وەکوو کەرەسەیەک وابووە بۆ فێڵ و فریوەکانی هەژیر و خەبات، کە چیرۆکی هەژیر و خەباتی پێ کۆک و پۆشتە بکا!

دیارە زۆر مژاری تر هەیە وەک زانستی ڕۆمان، دەکرێت ئەو بەرهەمەی پێ شی بکەیەوە، بەڵام لە کۆتاییدا شتیک کە گرینگە و پێویستە وەک کۆتایی باسەکە زێدەی بکەم لە سەر کۆتایی ڕۆمانەکەیە.

 نەنە عەجەم:

کاراکتەری نەنەعەجەم لە ناکاو هات و لە ناکاو چوو، کە من پێم وایە دەیتوانی درێژەی هەبێت و بڕێک زۆرتر لە سەری دەوری گێڕابا، شتیک کە گرینگە باسی بکەم، هالیوودی بوونی ئەکشێنەکانی ناو ڕۆمانەکەیە، کەس ناتوانێ حاشا لەوە بکا کە ئەو سەردەمە خەڵک چی چێشت و چی دیت بە دەست نیزام و پۆلیس، بە تایبەت لە پاش کشانەوەی هێزە کوردییەکان، بەڵام ڕووداوی ڕەگبار و تەقە و گرتن و بڕینی خەڵک بە مانگاکەی نەنەعەجەمەوە، لە ناو ڕۆمانەکە زۆر هالیوودی و سەیر باس کرابوو، هەر بینا، ناو بە ناو پۆلیس و سەرباز دەهاتن و خەڵک و دیوار و مانگایان وەبەر گوللە و ڕەگباڕ دەدا.

ئەو کاراکتەرەش بوون و نەبوونی لە ڕۆمانەکەدا وەکی یەک وابوو، بەڵام ئەگەر کاری زۆرتر لە سەر کرابا، بە تایبەت لە سەر جۆری زمان و کوردی قسە کردنی، دەبووە هۆی هەرچی قایم‌تر بوونی کتێبەکەی کە ناوی ڕۆمانی لە سەرە.

 SLUTNINGEN، کۆتایی

کۆتایی، کۆتایی چیرۆک، حەکایەت، ڕووداو، کتێب، ئەو ڕۆمانە چۆن تەواو دەبێت؟ تەواو بوون و دەسپێک چەندە لێک نزیکن؟ تەواو بوون بۆخۆی بە تەنیا لە چ جۆرێکە، کۆتاییەکی کراوەیە؟ کۆتاییەکی داخراوە؟ ناڕوونە، یا هەرچی، هەر کام لەوانە مەبەستی نووسەر بووبێت، تێی‌دا سەرکەوتوو نەبوو. ڕەنگە وەک کۆتاییەکی کراوە بێتە بەرچاو، لێ‌ناڕوون، لەناکاو و زۆر کێشەی تر کە لەو وتارەدا باس کراوە.

 کۆتایی:

بە بڕوای نووسەری ئەو وتارە گابۆڕ ناچێتە خانەی ڕۆمانەوە، ئەگەریش بشچێ بە کۆمەڵێک ئیراد و کێشەی جدییەوە کە هەتا هەیە لە سەر شانییەتی، بەڵکوو نۆڤلێک، یا چیرۆکێکی بڵیند یا کورتە ڕۆمانێکی سەرکەوتووە، چ لە ڕووی فۆڕم، چ لە ڕووی کاراکتەر، چ لە ڕووی تکنیک و چ لە ڕووی ڕووداوەکان، هەروەها زۆر بواری تر. هەر بەو هۆکارانەش ڕۆمانێکی پۆست مۆدێڕن یا مۆدێڕنیش نییە، بەڵکوو نۆڤێلێکی سەرکەوتوو بووە بە تکنیکێکی تازە بەڵام کێشەدوروسکەر کە کێشەکانی بۆ چارەسەر و بۆ کۆنتڕۆڵ نەبووە،  کورتە ڕۆمانێک بە کوالیتەی دەرەجە سێ.

مژارێک کە زۆرینەی وتارەکان لەنگەریان لە سەر گرتبوو تکنیکی گێڕانەوە و زمانی نووسەری گابۆڕە کە جێگەی ستایشیان بووە.

دیارە نوو سەری ئەو وتارەش لەو باوەڕە دایە کە زمانی گابۆڕ. زمانێکی جوان و بێ‌گرێ و گۆڵە، ڕەوانە، ڕەنگە شتیک کە زۆرینەی ئەو ستایشانە بە هەڵە دا ببا ئەوەیە کە ئەوە ڕاوێژی چیرۆکە، نەک زمانی نووسەر، هەر کاراکتەرێک بە پێی ژینگەی کولتووری و کۆمەڵایەتی دەبێت ڕاوێژی خۆی هەبێت، شتیک کە نووسەری گابۆڕ لە نووسەرەکانی تر جیا دەکاتەوە، ڕێک ئەلێرە دایە، شتێک ساڵ‌گەلێکە چیرۆکی کوردی لێی کزە، فەیلەسووف، قەساب، کرێکار، دوکتور، پیرێژن و هەموو جۆرە تیپێک، یەک ڕاوێژیان هەبوو، لە چیرۆکی کوردی ڕۆژهەڵات. ئەوەی من دیومە و خوێندوومەتەوە، لە کۆتاییەکانی نەوەدی زایینی تا ئەو دواییانە، زۆرینەی، پێشتریش باسم کردبوو کە ڕاوێژ لە زمانی چیرۆکدا کێشەی هەیە، خوێنەر کە لەو کتێبەدا ڕاوێژە خۆشەکەی خۆی دیتەوە، ستایشی دەکا و دەڵێ ئۆخەیش، ئەوەی کە دەبێ چیرۆک هەیبێ، نەک ئەوەی چیرۆک‌نووس کارێکی سەیری کردبێت، نووسەری گابۆڕ، زیرەکانە ڕاوێژی چیرۆک و هونەری گێڕانەوەی ناسیوە، دەشبێ بیناسێ، هەر ئەو کاتەی کە چیرۆکی "حەکایەتی شەڕی نەکراو"م لێ خوێندەوە، نزیک پازدە ساڵ پێش، ڕاوێژەکەی هەر وا خۆش بوو، ئەوجار لە قەوارەی کتێبێکی گەورەتردا و بە ئەزموونێکی زۆرترەوە، خۆی نیشان داوە، بۆیە هاتووە ڕێک لە زمانە خاکی و خۆڵی و مناڵانەکەی بۆکان کەڵکی وەرگرتووە، هەموو نووسەرێک بەو شەرتەی زمانی کوردی باش بزانێ،  دەتوانێ بەو بنزاراوەیەی خۆی لە هەر شارێکی کوردستان، جوانترین و بێ‌گرێ و گۆڵترین زمان لەکل دەربێنێ، کەواتە زمان جوانی لە دەقێکدا شتێکی هێندە سەیر نییە، دەبێت زمانی دەق ڕەوان بێت، ئەوە شاکاری نووسەر نییە، ئەوە یاسا و ڕێسایە.

نووسەری کورد بە تایبەت گەنجەکەی فێرە زمانی خۆی نەبووە بە شێوەی ئاکادێمی، بۆیە ئەو جۆرە زمان‌گەلەش لە پاش ئەزموونێکی درێژخایەن کە دێنە دەر، سەریان بەدەرەوەیە، زمانەکەی خۆشە، جا ئەزقەزا هەر لێرەشدا ڕەخنەیەک ڕووبەڕووی ئەو زمانە خۆشەی هیدایەتی دەبێتەوە، ئەویش قەتیس‌بوونی ئەو زمانەیە لە ناو چەقی بۆکان، ئەگەر بە هەندێک وشە و دەستەواژەی ڕەسەن و جێ‌کەوتووی تر لە زاراوەکانی تر کەڵکی وەرگرتبا، زمانەکەی هێندەی تر بێ‌عەیب تر دەبوو، کەواتە ئەو نەوعە زمانەش ئەگەرچی بێ‌گرێ و گۆڵ و ڕەوانە، بەڵام ئەوەش کەلێنی تری لێ دەردەکەوێ و جێگەی تری لە کزی دەدا.

زۆر شت هەیە لە سەر ئەو ڕۆمانە باسی بکەم، بۆ هەر ڕستەیەک کە سەبارەت بەو ڕۆمانە نووسیومە دەکرێت هەر یەکەی چەندین لاپەڕەی تر بخەیە سەر شانی، دەکرێت لە بەشی پێکهاتە دا وەکوو یەک چیرۆکی سەربەخۆ ئانالیزی کەی و لەوێش بە وردی باس لە سەر ڕووداوەکان بکەی، بەڵام با وتارەکە، یا نیوە کتێبەکە لەوە زیاتر درێژتر نەبێتەوە.

 نووسەری ئەو وتارە کۆمەڵێک پرسی لە سەر ئەو بەرهەمەی هیدایەتی ورووژاندووە، لە سەر هەر ڕستە و ڕوانین و ڕانانێکیش کە لەو وتارەدا هاتووە، ئەگەر پرسیارێک یا وەڵامێک هەبێت، ئەگەر لە نامیلکە و وتاری فەرمیدا بڵاو بێتەوە، نووسەری وتارەکە وەڵامی دەداتەوە.

 Ressource og fodnote:

http://analysesiden.dk/romananalyse/

Romangenren

Dannelsesromanen:
Udviklingsroman:
 
romananalyse:
En roman har ofte et mangestrenget handlingsforløb. Det kan være en omfangsrig fortælling med indgående tids- og miljøbeskrivelser. Oftest vil der også være flere temaer at finde i en roman.

Til analysen, kan du se på følgende forhold:

Titel og forfatter
Start med at finde ud af, romanens titel, hvem der har skrevet romanen, hvornår og om der er en serie?
Referat
Hvad handler romanen om? Giv en kort beskrivelse af handlingen.
Se referat
Personer
Hvem er hovedkarakteren? Beskriv gerne vedkommende i detaljer
Er der nogle vigtige bikarakterer? Beskriv gerne dem, hvis det er relevant
Se personkarakteristik
Personrelationer og fællesskab
Se på hvilke fællesskaber og relationer især hovedkarakteren indgår i? Har han nogle bedste venner? Er han altid alene
Beskriv gerne disse med konkrete eksempler
Miljø
Hvor foregår fortællingen?
Hvilken tid er der tale om?
Kan du lave en miljøbeskrivelse?
Fortæller og fortælleteknik
Hvilken fortæller er der tale om? Alvidende, jeg-fortæller osv.?
Hvilken fortælleteknik er brugt? Forskellige synsvinkler, forfatterkommentarer, bruges der replikker osv.?
Komposition
Hvordan er romanen opbygget?
Her er det altid en god idé at se på berettermodellen, som mange fortællinger er bygget op omkring. Du kan måske også finde inspiration i kontraktmodellen, som flere eventyr er bygget op over.
Motiv og tema
Hvilke temaer indgår i fortællingen? Ofte vil der være et overordnet tema, og flere små temaer.
Symboler
Bruges der i teksten nogle symboler? Det kunne være fx religiøse symboler.
Perspektivering
Den fortælling du lige har læst, minder den dig om noget du tidligere har læst, set eller oplevet på fx. film? Så kan du beskrive det herunder.
Vurdering
Hvad er din personlige holdning til og vurdering af romanen. Kom med din egen mening.
 

 Af: Arsalan Chalabi

Den 10 November 2020

KVUC

Danmark 


ئەم بابەتە 41 جار خوێندراوەتەوە