Amir_Amin.jpg

من مرۆڤی ڕۆژهەڵاتیم

ئەمیر ئەمین

من لەشەو دا لەدایک بووم

بۆیە نیوەتاریکەکەی ژیان لەمن دا پڕە

هەرچی پەیامبەر هەیە لەسەری من دا ئیشیان کردووە

بۆیە باوەڕم ساغ نابێتەوە

بەئاوی هەموو ئایەتەکان شۆردراوم

بە پەڕاوی هەموو کتێبە ئاسمانیەکان داپۆشراوم

بۆیە هەمووان بۆ خودا دەگەڕێن لەمن دا

پێتان دەڵێم بۆیە خودا خۆی نیشانی من دا

من نەمتوانی خۆم نیشانی ئەو بدەم

بۆیە شوێنی خۆی پێوتین

دەیزانی ئێمە بێ شوێنین

بۆیە بەخۆی دایدەپۆشین

دەیزانی ئێمە بڕ نوێنین !

بۆیە بەتەنیشت ماڵەکانمانەوە ماڵی درووست کرد

تا میهرەبانی ڕەق نەبێتەوە

بۆیە گۆڕستانەکانی بردە کێوەکان

تاتێبگەین ژیان چاڵێکە لە دۆزەخ

بەڵام ئێمە هەرگیز سەرمان بەرزنەکردەوە گۆرانی بۆ مردووەکانمان بڵێین

بێ ئەوەی بزانین کەلەسەری پێغەمبەرەکان چی تێدایە سوێندمان پێ خوارد .!

من مرۆڤی ڕۆژهەڵاتیم

گەرم گەرم وەک بیابان لووت

نزم نزم وەک گۆران قوڵینگەکانی ماڵئاوایی

دوور دوور وەک خۆشبەختی

خوێمان دەکرد بە بەفردا و

پەردەی ڕەشمان دەکرد بۆ خۆر

بۆیە هەرگیز شەومان پێ سپی نەکرایەوە

جارێک سووپاسی ئەو ئەستێرانەمان نەکرد

بەدرێژایی شەوگاری بێقەراریمان سووتان

جارێک لە حزووری دارمێوێک دا نەچەماینەوە

بۆ ئەو هەموو شەرابە سوورەی

لەشەوگارێکی تاڵ دا پێی بەخشین.

من مرۆڤی ڕۆژهەڵاتیم

دوای دەنگە گەورەکەی زەوی

بێدەنگی من لەدایک بوو

باوەڕ وەک خاوەنی گەورەیی مرۆڤ سێبەری کرد

گەنجەئەسمەرەکەی کەرکوک بەگیتارێکی سپیەوە

بەتەنیشت باخچەکەوە گۆرانی بۆ گوڵەکان دەخوێند

دەنگی تەقینەوەی مرۆڤێک

بینا بەرزەکەی ئەوبەری کردەوە بە کوڕی خۆڵ

ڕۆشتم وئەو ئاوازانەم کۆکردەوە خوێنیان لەبەردەڕۆیی

ئەو چاوانەم کۆکردەوە ئایندەیان لەخۆیان دا چێ کردبوو

ئەو قاچانەم کۆکردەوە بەنیشتیمانەوە نووسان

ڕادەکەم و هەرکەلەسەرە وەک ئینجانەی شەق بردوو

خاڵی لە گووڵ و بیرکردنەوە غلۆردەبنەوە

باخچەکە کەناوی مینا بوو

دەڕوانم بوەبە بیابان سینا

خوێنی قووربانیان وەک خوێنەکەی حەللاج

بەتەنیشت باخچەکەدا دەڕوات و دەنوسێت

ئاین بێرەدا تێپەڕی .!

ڕۆژهەڵات ماڵێکی گەرمە بۆ جەنگەکان

نیشتیمان دۆڵێکی قووڵ و کپە بۆ تاقیکردنەوەی ئەتۆم

دڵمان لە لوولەی تفەنگەکانمان گەرمترە

ئێمە لەبەردەم وێران بوون داین

ئێمە لەناو وێران بوون داین

ئێمە وێران بووین !

خودا ئێمە دەستمان لە تۆ بەردا و ئەوانە تۆڵەیان لێکردینەوە دەستیان لە تۆ بەرنەدابوو

خودا تۆ چیتر ئادامیەک شک نابەیت متمانەت پێی هەبێت من چی ؟

بەردەکان سڵمان لێدەکەنەوە ئەوانیشمان خوارد !

مرۆڤ لە ئاسن چی دەستکەوت ؟

جگە لە درووستکردنی قەفەزێک بۆ دڵەکان

باشیشی زیندانیەکان بکەینە شمشاڵ

لێگەڕێن زیندانیەکان ئازارەکانیان بژەنن

ئەی ئەوانەی ڕۆژهەڵاتتان کردە مردووخانەیەکی گەورە

بازیندانیەکان لەبری بوون بە (ئیسکۆبار)

 ببنە (قالەمەڕە ).

مرۆڤ لەئاشتی دا ئەتۆمی درووست کرد

دەبێت لە جەنگ دا چیبکات ؟

ڕۆژهەڵات دەردێکی بەردەوام

مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی برینێکی تاڵ .

دەبێت مەمکەکانم بفرۆشم بۆ کڕینی هەمبەرگرێک

ئەمە چاتی کچێکی ڕۆژئاوای بوو لەگەڵ کچێکی ڕۆژ هەڵاتیدا

دەبێت پێڵاوەکانم بفرۆشم بۆ نزیکبوونەوە لە دوورگەی ئومێد

نامەی پەنابەرێک بوو بۆ دایکی

مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی چۆن دەتوانێت یاری بە ئاوبکات

ئەو هەرگیز ئاگری نەکوژاندوەتەوە

هەرگیز سڵی لەمردنی خۆشی نەکردوەتەوە

ئەو کوشتنی خۆیشی بەدەستی خودا زانیوە

مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کۆیلەی باوەڕ

وادەزانێت زەوی و هەرچی هەسارەی تر هەیە بەدەوری باوەڕی ئەودا دەسوڕێنەوە

من دەمەوێت دۆڵی کەوانەکەم

پڕ بکەم لە گووڵە ئەرخەوان

بەڵام تیرەکانی باوەڕم بەرلەوەی دڵی دوژمن بپێکن

بەسەری خۆم دا ڕۆچووبوون

مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی نامرێت چوونکە ناژی !


ئەم بابەتە 184 جار خوێندراوەتەوە