Sara.jpg

كچه‌ رۆماننوسێكی کورد خەڵاتی لۆریاڵی زێڕینى پێبەخشرا

له‌ وڵاتى دانیمارك خەڵاتی لۆریاڵی زێڕین بۆ یەکەمینجار وەکو نوسەرێکی کورد و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ده‌به‌خشرێت به‌ رۆماننوس و نوسه‌رى كورد (سارا عومەر).

سارا عومەر شاعير و رۆماننوس و نوسه‌رى كورد له‌ واڵى تایبه‌تى خۆى له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تى فەیسبوک سه‌باره‌ت به‌م خه‌ڵاته‌ نوسیویه‌تى، كه‌ له‌رۆژى 18/11/2020 لە شاری کۆپنھاگن لەوڵاتی دانیمارک خەڵاتی ئەدەبی (لۆریاڵی زێڕین)ى پێبەخشرا.

هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌خه‌ڵاته‌كه‌ نوسیویه‌تى: " ئەمە خەڵاتێکی ئەدەبیی دانیمارکییە، کە لە ساڵی 1949 دامەزرێندراوە، ھەموو ساڵێکیش بە یەکێک لە نووسەرەکانی وڵاتی دانیمارک دەبەخشرێت. ئەو لیژنەیەی بڕیار لەسەر بەخشینی خەڵاتەکە دەدات پێکھاتوون لە ڕەخنەگەرانی ئەدەبیی و خاوەن کتێبخانەکانی ئەو وڵاتە".

دەقی نوسینەکەی سارا عومەر وه‌كخۆى:

دۆستان و ئازیزان،

خۆشحاڵم پێتان ڕابگەیەنم، کە بەرواری 18ی نۆڤێمبەر لە شاری کۆپنھاگن لە وڵاتی دانیمارک خەڵاتی ئەدەبی ”لۆریاڵی زێڕین“، The Golden Laurel.م پێبەخشرا.

ئەمە خەڵاتێکی ئەدەبیی دانیمارکییە، کە لە ساڵی ١٩٤٩دا دامەزرێندراوە، ھەموو ساڵێکیش بە یەکێک لە نووسەرەکانی وڵاتی دانیمارک دەبەخشرێت. ئەو لیژنەیەی بڕیار لەسەر بەخشینی خەڵاتەکە دەدات پێکھاتوون لە ڕەخنەگەرانی ئەدەبیی و خاوەن کتێبخانەکانی ئەو وڵاتە. ئەمانە خەڵاتەکە بە کتێبێک دەبەخشن، کە ئاستێکی ئەدەبی بەرزی ھەبێت و سەرنجی ڕەخنەگران و خوێنەرانی بەلای خۆیدا ڕاکێشابێت. نووسەری براوە کەسێکە زۆرترین خوێنەری ھەبووە و کتێبەکە بە شێوەیەکی بەربڵاو بەناو کۆمەڵگادا بڵاوبۆتەوە. زۆرێک لە نووسەرە گەورەکانی دانیمارک ئەم خەڵاتەیان بردۆتەوە و ھەر نووسەرێکیش دەتوانێت یەکجار لە ژیانیدا ئەم خەڵاتە وەربگرێت.

من کە دوێنی ئەو خەڵاتەم وەرگرت یەکەمین نووسەرێکم، کە پاشخانێکی کوردیی و خۆرھەڵاتی ناوەڕاستم ھەیە. بەر لەمن ئەو خەڵاتە بە کەسێکی ھەڵگری ئەو پاشخانە نەدراوە. ھەروەھا یەکەمین نووسەرێکی پەناھەندەم، کە ئەم خەڵاتە وەربگرێت، وەکچۆن لە ھەمانکاتدا گەنجترین نووسەرێکم خەڵاتەکەم پێبەخشرابێت.

بەبۆنەی وەرگرتنی ئەم خەڵاتەوە دەمەوێت جارێکی تر پێ لەسەر چەند بابەتێکی گرنگ دابگرم، وەکچۆن لە وتارەکەی دوێنێمدا لە شاری کۆپنھاگن باسمکرد. لە لای من بەرگریکردن لە ئازادی نووسین و ڕادەربڕین بابەتی ھەرە گرنگیی ئەم سەردەمەی ئێستامانە. ئەم ئازادییە لە ئێستادا لەژێر ھەڕەشەیەکی بەردەوام و ھەمەلایەندایە. نەک تەنھا لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا بەڵکو لەناو ئەوروپا خۆشیدا. باشترین نموونەیەک ئەم ھەڕەشەیەمان نیشانبدات سەربڕینی ئەو مۆمۆستا فەرەنسییە بوو لەسەر بەرگریکردن لە ئازادیی ڕادەربڕین و ھەوڵدان بۆ ناساندنی منداڵان بەم ئازادییە و فێرکردنیان، کە ڕێزی لێبگرن. من وەک نووسەرێک ناتوانم ھەرگیز بەرامبەر بەم ھێرش و پەلامارەی ئازادیی نووسین و ڕادەربڕین بەگشتیی و ئازادی مرۆڤ لە ھەموو شێوەکانیدا بەتایبەتی، بێدەنگببم. ئەگەر ڕۆمانەکانی من مانایەکیان ھەبێت ئەوا لە بەرگریکردنییاندایە لەم ئازادییانە و لە ڕێگرتن لە سوکایەتیکردندا بە مرۆڤ، یان کورتکردنەوەی بۆ کەسێک کە خاوەنی ڕا و بۆچوونی خۆی نەبێت و تەنھا گوێیەک بێت بۆ بیستن و دووبارەکردنەوەی قسە و بۆچوونی گەورەکانی.

ئەدەبی من و خۆشەویستیم بۆ نووسین، بوون بە شمشێرێک دژ بە نادادپەروەریی و سەرکوتکردن. لە ھەمانکاتدا خوێنەرەکانم بوون بە سوپا و بەو جەنگاوەرانەی، کە هەمان جەنگی من درێژە پێدەدەن.

ئەوە ڕاستە کە کتێبەکانم بۆنی خوێنیان لێدێت، بەڵام خوێنی کێ؟ خوێنی ئەو ژن و کچانەی ڕۆژانە بە تۆمەتی جیاواز دەکوژرێن و لەدوای مردنیشیانەوە گۆڕێکیان پێ ڕەوا نابینرێت.

من وەک نووسەرێک و وەک مرۆڤێک باوەڕی تەواوم بەوەیە، کە پێویستە ھەمیشە ڕووبەرێکی ئازاد بۆ ئەدەبیات ھەبێت و پارێزراوبێت، ڕووبەرێک بۆ ئەو شێوازانەش لە ھونەر، کە سنوورەکان دەشکێنن و ناترسن لەوەی شتێک بڵێن قبووڵنەکراو بێت و زۆرینەی کۆمەڵگا نەیەوێت بیبیستێ و بیبینێت.

ھیوادارم ئەم خەڵاتە شتێک لە ئومێد و باوەڕ لەناو ئەو کچ و ژنانەدا بچێنێت، کە وەک من لە ڕۆژگارێکدا بێدەنگ و بێکەسایەتی کراون، بەڵام بەپێداگرتن لەسەر تەسلیمنەبوون و لەسەر بەرەنگاربوونەوە، دەبنە خاوەنی دەنگی خۆیان. دەنگێک، کە دەشێت دنیا بیبیسێت و دانی پێدابنێت.

ڕێز و خۆشەویستیم،
سارا عومەر

سارا عومەر لە چەند دێرێکدا:

لە ساڵى 1986 لە شاری سلێمانى لەدایکبووە.

پیشه‌ى ئه‌ده‌بى: رۆماننوس و شاعیر.

خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی گەل (شەهید کەمال کوردی) تەواو کردووە.

تاکو پۆلى دووی ناوەندی لە قوتابخانەی (هەوار)ی کچان خوێندوویەتی.

لە ساڵى 2001 تەمەنى (15) ساڵی لەگەڵ خانەوادەکەى چونەتە دانیمارک.

لە وڵاتی دانیمارک درێژەی بە خوێندنی ناوەندی و دواناوەندی بەشی زانستی داوە.

لە دوو زانکۆی وڵاتی دانیمارک کۆلیژەکانى (زانستی ئەدەبی جیهانی، پزیشکی و یاسا)ى خوێندووە.

لە سەرەتای سەدەی بیست و یەکەوە دەستی کردووە بە بڵاوکردنەوەی شیعر و بابەتەکانی.

وه‌ك یه‌كێك له‌ كه‌سایه‌تییه‌ كاریگه‌ره‌كان ناسراوه‌ له‌ بواری داكۆكی كردن له‌ مافه‌كانی مرۆڤ و مافه‌كانی ژن و منداڵدا.

ئێستا دانیشتووی وڵاتەکانی دانیمارک و ئەڵمانیایە.

له‌ ساڵى 2017 یەکەم رۆمانی خۆى بەناوى رۆمانی مردووشۆر (Dødevaskeren)  بە زمانی دانیمارکی بڵاوكردۆته‌وه‌.

له‌ ساڵى 2019 دوهه‌مه‌مین رۆمانى خۆى به‌ناوى سه‌ماى سێبه‌ر به‌ زمانى دانیمارکی بڵاوكردۆته‌وه‌.

له‌ ساڵى 2018 خەڵاتی پرفرۆشترین كێتبى پێبه‌خشراوه‌.

خەڵاتی ئازادیی ڕادەربڕین پێبه‌خشراوه‌.

خەڵاتی بەتوانایی لە نووسین و ئەدەبدا پێبه‌خشراوه‌.

بە ژنی ساڵ لە ئاستی ئەورووپادا هەڵبژێردرا

خەڵاتی جورئەت و ڕاستگۆیی پێبه‌خشراوه‌.

خەڵاتی مارتین ئه‌نده‌رسن نێكسیو بۆ ئەدەبى پێبه‌خشراوه‌.

له‌ ساڵى 2019 لەلایەن ئەنجومەنی مافی مرۆڤی دانیمارک خەڵاتی مافی مرۆڤی ئه‌و ساڵه‌ى لە دانیمارک پێبه‌خشرا.

له‌ ساڵى 2020 له‌ وڵاتى دانیمارك خەڵاتی لۆریاڵی زێڕینى پێبه‌خشراوه‌، كه‌ ئه‌م خه‌ڵاته‌ بۆ یەکەمینجار ده‌درێت به‌ نوسەرێکی کورد و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.


ئەم بابەتە 192 جار خوێندراوەتەوە