Chwarqwrna.jpg

تارماییه‌ خوێناوییه‌كانى دواى جه‌نگ ده‌كرێت به‌ پڕۆژه‌یه‌كى هونه‌رى

له‌ شارۆچكه‌ى چوارقوڕنه‌ پڕۆژه‌یه‌كى هونه‌رى بۆ هونه‌رمه‌ندى شێوه‌كار (ئیبراهیم محه‌مه‌د) ده‌كرێته‌وه‌.

وا بڕیاره‌ رۆژى دووشه‌ممه‌ 23/11/2020 كاژێر (2)ى دواى نیوه‌ڕۆ له‌ خوێندنگه‌ى شه‌هید مامۆستا محه‌مه‌د له‌ شارۆچكه‌ى چوارقوڕنه‌ بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و هونەری ڕاپەڕین، بنكه‌ى رۆشنبیرى و هونه‌رى چوارقوڕنه‌ پرۆژه‌ى هونه‌رى پێرفۆرمانس له‌ژێرناونیشانى (تارماییه‌ خوێناوییه‌كانى دواى جه‌نگ) بۆ هونه‌رمه‌ندى شێوه‌كار (ئیبراهیم محه‌مه‌د) بكاته‌وه‌.

 هونه‌رمه‌ندى شێوه‌كار (ئیبراهیم محه‌مه‌د) سه‌باره‌ت به‌م پڕۆژه‌ هونه‌رییه‌ تایبه‌ت به‌ سایتى گه‌لاوێژى راگه‌یند، ئه‌و كاره‌ هونه‌رییه‌ به‌شێوه‌ى بێده‌نگ و زمانى ده‌سته‌ ده‌بێت و باس له‌ په‌یامى تاكێك ده‌كات، ده‌شێت ئه‌و په‌یامه‌ په‌یامى هه‌موو چین و توێژه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى ئێمه‌ یاخود دنیا بێت كه‌ جه‌نگ چى به‌سه‌ر ئێمه‌ هێناوه‌ و كاریگه‌رییه‌كانى دواى جه‌نگ چى له‌ مرۆڤایه‌تى ده‌كات، هه‌روه‌ها وتیشى: له‌ وڵاتى من كوشتنى كلتور و نه‌ریت و مرۆڤه‌كان هه‌یه‌، مرۆڤ كاتێك به‌هرى جه‌نگ یاخود هه‌ر هۆكارێكى دیكه‌وه‌ ده‌مرێت كه‌سانى ده‌وروبه‌ر هه‌میشه‌ به‌ ئازاره‌وه‌ بۆى ده‌بن و له‌ناخه‌وه‌ ئه‌وانیش ده‌مرن.

له‌ كۆتایشدا وتى ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ به‌رده‌وامى ده‌بێت و فراوان ده‌كرێت.


ئەم بابەتە 70 جار خوێندراوەتەوە