Pablo_Neruda1.jpg

خەندەکانت، شیعری پابلۆ نیرۆدا

وەرگێڕانی لە ئاڵمانییەوە: ئاکۆ ئەلیاسی

 

پێشەکیەکیی کورت و پێویست:

 شیعری "خەندەکانت"، یەکێک لە شیعرەکانی دیوانە شیعریی " ئایەکانی کاپیتان، شیعرە داڵدارییەکان"ی شاعیری ناسراوی جیهانی " پابلۆ نیرۆدا"یە، کە لە  ٢٠ شیعری دڵدارییە بە ناونیشانی ئەو سەردێڕەی سەرەوە و کۆمەڵە شیعرێکی دیکە بە ناوی "تیرهاوێژی تووڕە". "تیرهاوێژی تووڕە" ساڵی ١٩٣٣ و " بیست شیعری داڵداری" ساڵی ١٩٥٢ی زایینی نووسراون. ئەم کۆمەڵە شیعرە ناسکە، پڕ لە هەست و سۆزی مرۆییە، لە ناساندنی " نیرۆدا" بە دەرەوەی سنوورەکانی وڵاتی "شیلی" ڕۆڵی کاریگەر و بەرچاویان گێڕاوە. تا ئەو جێگایەی کە کاتێک ئەم کۆمەڵە شیعرە نایاب و ناوزانە لە لایەن " فریتز فۆگێل سانگ"ەوە، بۆ داوجار لە ساڵی ٢٠٠٨ی زایننی وەرگێڕدرانە سەر زمانی ئاڵمانی، لەبەر دەوڵەمەند بووونی ناوەڕۆکی شیعرەکانی، لە هەموو بوارەکانی تایبەتمەندیی شیعرەوە، خەڵاتی "پیشانگای کتێبی لایپزیگی ـ فانکفۆرت"ی ئاڵمانی پێ بەخشرا.

لە کاتی وەرگرتنی ئەو خەڵاتە، ڕۆژنامەی بە ناوبانگی سویسری " لەسەر کتێبەNeue Züricher Zeitung نۆیە زویریخێر تسایتۆنگ " نووسی:" ئەم کتێبە یەکێکە لە بەرهەمە شیعرییەکانی نیرۆدا لە ڕووی ڕەنگاڵەیی و دەوڵەمەندبوونی بە جوانییەکانی ئەدەبیاتەوە"، لە ڕاستی دا، پاش چاپ بوونی ئەم کتێبە، ناوی پابلۆ نیرۆدا، لە ڕێگای نێوەڕۆکی پەیامی ئەم شیعرانەوە، سنوورەکانی جیهانی شکاند و ئەم ئایە شیعرییان، ئەویان بە جیهان ناسان.

 پابلۆ نیرۆدا، لە سەرەتا و کۆتایی  پێشەکییەکی کورت و بە نێوەڕۆک، کە بۆ ئەم کتێبە شیعرییە لە ساڵی ١٩٦٣ی  نووسیووە،دەنووسێ:

"پێش ئەوەی کە ئەم دیوانە بناسرێت، هەر سەرەتا، شیعرەکانی پەرووکەکە، بوون بە جێگای باس و مشتومڕێکی گەرم و لێکدانەوەیەک فراون.

ئەم بابەتە بۆ خۆشم ببووە جێگای مقۆمقۆ و لێکدانەوەیەکی بارزی هزری، کە ئایا ئەم کۆمەڵە شیعرییەم وەلابنێم یان ئایا پێویست دەکات ڕازی لە دایک بوونی ئەم هۆنراوانە بۆ خوێنەر ئاشکرا و شرۆڤە بکەم. دوایە بەو قەناعەتە گەیشتم کە کردەوەیەکی ئەوتۆ، وەک ئەوە وایە، دوورخراوەیەک، لە ڕووی تووڕەبوون ە هەڵچوونەوە، ناپاکییەکی  لە دژی ئاتمێسفۆرا "کەش"ی پڕ لە سۆز و میهرەبانیی ئەم شیعرانە، کردبێت.

هەر بۆیە، بەبێ شی کردنەوەی زیاتر، دەیسپێرمە دەستی چاپخانە و ئەوکات وەک ئەوە وایە، هەم لە لای منەوە و هەمیش بەبێ ئاگاداریی من، ڕادەستی چاپ کرابن. تەنیا ئەوەندە بەسە کە ئەم شیعرانە، باڵ بگرنەوە و بە دەور دنیادا، لە شەقەی باڵ بدەن و بگەڕێن، تا بۆ خۆیان هێدی هێدی دەگەن و پێدەگەن.

ئێستا کە مۆری "بەڵێ"م لەسەر دان، هیوادارم کە خوێنی تووڕە بوون و هەلچوون، سەر لە نوێ و جارێکی کە، وەکوو لافاو، بەلای من دا، هەڵچێتەوە".

لە کۆتاییدا، ماوەتەوە بڵێم کە ئەم شیعرانە، لە شوێن و جێگای جۆراوجۆری وەک: لە شەمندەفەر، لە نێو فڕۆکە، لە کافێتریا و بەدەم ڕێ ڕۆیشتن و ..هتد، بەش بەش و باڵ باڵ، لەسەر ڕووپەلی زەردەوەبووی وردە کاغەز نووسراون و دواتر کۆکراونەوە.

 

 خەندەکانت

 

پێخۆرم لێوەربگرەوە،

گەر دەتەوێ، هەناسەم لێ بستێنەوە

بەڵام خەندەکانت هەرگیز.

 

خونچەی سوورت با بۆ من بێ،

ئەو ئاوڕێژەی، کە ئاوڕەشنەی پێ ئەکەیت و

ئەو ئاوەی کە بە نێو شادیتا ئەپڕژێ ،

لە شەپۆلی کەروێشکەی ئەو گژوگیایە

لێگەڕێ کە تۆیان لە نێو لە دایک بووی.

 

تێکۆشانم سەختە و چەتوون،

هێندێک جاران بە دوو چاوی شەکەتەوە،

دێمەوە ماڵ، دەبینم کە

دنیا هێشتا نە گۆڕاوە،

بەڵام هەرکە، لە دەرگاوە، دەچمە ژوورێ،

خەندەکانت بەرەو ئاسمان

لە فڕین دان ...  بەرزدەبنەوە

بەرز دەبنەوە و بە دووی مندا دەگەڕێن و

گشت دەرگا داخراوەکانی ژیانم لێدەکەنەوە.

 

خۆشەویستم، لێگەڕێ با

لە قەترانیترین ساتەکاندا،

خەندەکانت،

بە تاریکیدا بپڕژێن.

لە پڕێکدا، سەرشەقامە سەنگچنەکان

دەبن بە قووڵکە مڵقی خوێن،

لەو دەمەدا، وا پێبکەن،

دەستەکانم وێنەی شمشێرێکی

تازە لە سەیقەلدراو،

لە نێو تریقەی پێکەنینیت

ببریسکێنۆ

 

 

لەسەرسینگی پاییزانەترین گۆلاو

لە خەندەی تۆ هەستێ لافاو

بە ئاسماندا هەڵبپڕژێی

وەک شڵپەی ئاو.

خۆشەویستم، ئاواتمە بزەکانت

وێنەی خونچە، مینەی گوڵی شین

لە وڵاتی ڕۆژی مندا

وەکوو بەهار بپشکوێن.

 

بەشەوانە پێبکەنە

بە ڕۆژ، بە مانگەشەو،

لە گەوە و پێچی کۆڵانی

دوڕگەکانا،

پێبکەنە بەو نوقسانەی تۆی خۆش دەوێ.

بەڵام کە من چاوەکانم

کردنەوە و دیسانەوە، دامخستنەوە،

کە تۆ هەمتر هاتیتەوە،

نان و هەوام لێوەرگرەوە،

ڕووناکایی و بەهارم لێ بستێنەوە،

بۆ ئەمانە، بەرگە دەگرم،

بەڵام هەرگیز خەندەکانتم

لێ مەستێنە،

دەنا من دەست بە جێ دەمرم!

 

سەرچاوە: دیوانە شیعری "ئایەتەکانی کاپیتان،شیعرە دڵدارییەکان و تیرهاوێژی تووڕە"


ئەم بابەتە 136 جار خوێندراوەتەوە