Honrawa.jpg

كوژانه‌وه‌ی كات و سه‌مای ته‌رمه‌كان

ئەحمەدی حاجی سامی

(كه‌ یاده‌وه‌رییان له‌گه‌ڵ ئه‌شكه‌نجه‌ و برینى شه‌وه‌كاندا هه‌یه‌)

"تا ئه‌وكاته‌ی مرۆڤین، پێویسته‌ ئازار بچێژین". جێنیوه‌ری ٢٠٢٠

وه‌ك سه‌ده‌فێك، له‌ فراوانی بۆشاییمدا، سه‌ما ده‌كه‌م. گه‌مه‌ به‌ ته‌رمه‌كان ده‌كه‌م، چاوشاركێ له‌گه‌ڵ كات ده‌كه‌م، خۆم ده‌دزمه‌وه‌... شه‌وێك، كه‌ شه‌وی له‌ دایكبوونه‌وه‌مه‌، ده‌بمه‌وه‌ مرۆڤ. له‌ پرسه‌ی مردنی تۆدا، ده‌بمه‌ زه‌مه‌ن و فه‌هره‌ستی گریانه‌كانی دوێنێم ئه‌رشیف ده‌كه‌م. وه‌ك گومڕاترین و بۆگه‌نترین ته‌رم، كڕنووش ده‌به‌م... كه‌ تۆ په‌نجه‌كانت برینداره‌ و مۆسیقایه‌كی حه‌زین ده‌ژه‌نیت: خوڕافیاته‌كانی ئه‌و جۆگه‌ی په‌شیمانییه‌ بۆ جۆگه‌یه‌كی دیكه‌ ده‌گوازیته‌وه‌. كه‌ ئه‌وانیش وه‌حشیانه‌ به‌هار به‌ پایز ده‌ناسێنن. كه‌ ئه‌و ته‌رمانه‌، سه‌رسامن... بێزارن... له‌ نه‌ته‌وه‌ مردووخۆره‌كانی نێو زێرابن. له‌ نه‌وه‌ شه‌كه‌ته‌كانی نێو ده‌ریان. به‌ڵام، تۆ له‌ باوه‌شی له‌شكره‌ شاره‌زاكانی دۆزه‌خی و منیش لێره‌م... وه‌ك پاسه‌وانێكی پیر، شكسته‌كانم له‌ ده‌فته‌ری نۆته‌ی ته‌رمێكی تر ده‌نووسمه‌وه‌.

به‌ دڵته‌نگییه‌كانمدا برۆ. ببینه‌، كه‌ په‌یكه‌ره‌كان، ئه‌ی ڕه‌قیبی خودا حافیزی ده‌ڵێنه‌وه‌. ببینه‌، كه‌ جه‌نگاوه‌رێك له‌ناو ئێسته‌ماندا؛ سروودی ماڵئاوایی ده‌ڵێته‌وه‌. له‌سه‌ر لێواری ئه‌و ڕێگه‌ تاریكییه‌ دانیشتووه‌ و خه‌مباره‌. فوو له‌ هه‌وا ده‌كات و برینه‌كانی خۆی ده‌ژه‌نێت. بانگمان ده‌كات بۆ گۆڕستانه‌كانی سه‌رلاشه‌ی. به‌ڵام، ده‌رۆین... هه‌موو شتێك ده‌بێته‌ په‌ڵه‌یه‌كی پیس و هه‌رگیز دووباره‌ نابنه‌وه‌. ته‌رمه‌كان سه‌ما بۆ یه‌كتر ده‌كه‌ن و ئیدی ناگه‌ڕێنه‌وه‌.

من هه‌موو شه‌وه‌كانی خۆمم لێ ماره‌ كردی. به‌ڵام، تۆ ماره‌بڕی هه‌موو ئازاره‌كانت لێ وه‌رگرتمه‌وه‌. منت به‌ خامۆشی ده‌رگه‌ و ته‌پوتۆزی باكان سپارد. من كه‌ عه‌وداڵی مانشێته‌ قۆڕ و په‌ڕه‌ زه‌رده‌كانی نێو ڕۆژنامه‌ بووم. من كه‌ له‌ توخمی تاریكییه‌كان و شێرپه‌نجه‌كانی زه‌رده‌په‌ڕ بووم. من، كه‌ برینه‌كانم هه‌مووی سه‌ختبوون... كه‌ هه‌میشه‌ خه‌مگیینبووم. چیدی گاڵته‌ به‌ ته‌رمه‌كانم مه‌كه‌. به‌ كاته‌ نه‌زۆك و گۆڕه‌كانی ناو سه‌ریشم مه‌كه‌. كه‌ من به‌شێكبووم له‌و گۆرانییانه‌ی له‌ شوێنی تاوانه‌كانه‌وه‌ ده‌گوتران و خودا ده‌یبینیم. كه‌ سه‌یری ده‌كردم و برینه‌كانمی ماچ ده‌كرد.

ئێسته‌ له‌ تێپه‌ڕاندنی ڕابردوو دایه‌. كۆتایی هیچ سۆزێكی بۆ سه‌ره‌تا نه‌هێشتۆته‌وه‌. به‌ڵام، ئه‌وه‌ كاته‌ كه‌ ده‌مانكاته‌وه‌ به‌ به‌شه‌ر. ئه‌وه‌ كاته‌ كه‌ دووباره‌ سه‌ما به‌ ته‌رمه‌كانمان ده‌كاته‌وه‌. ئه‌و ته‌رمانه‌ی ده‌سته‌كانیان پڕبوو له‌ تاتۆ. ئه‌و ده‌ستانه‌ی له‌ خۆڵه‌مێشه‌كه‌م ده‌رمانیان بۆ برینه‌كانم دروست ده‌كرد. ئه‌و برینانه‌ی ته‌ماعی ئێمه‌ بوون، كه‌ له‌ ژیانمان هه‌ڵگه‌راینه‌وه‌. كه‌ له‌ تاریكی هه‌ڵاتم. كه‌ دڵ و په‌نجه‌ و مووفڕكه‌كانی ملم، وه‌ك بارمته‌ له‌لای تۆدا جێهێشت و ده‌مگوت: له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌شدا، هیشتا هه‌ست به‌ دڵته‌نگیی ده‌كه‌م. كه‌ نه‌وره‌سه‌كان تۆڵه‌ی فڕینی ناوه‌ختی خۆیان لێكردمه‌وه‌. كه‌ ژیانم هه‌مووی وه‌ڕزیی بوو. كه‌ ژیانم هه‌مووی ئه‌شكه‌نجه‌ بوو. كه‌ په‌ڵه‌ هه‌وره‌كان له‌ چاوم تێكخزان و نه‌متوانی له‌ چیڕۆكی ژیانمدا بێمه‌ده‌ر. به‌ڵام، تۆ له‌ وێی و ته‌ورێكیش له‌سه‌ر ملمه‌. بانگی كچه‌كان ده‌كه‌م، ئه‌و كچانه‌ی كۆیله‌ی سلیكۆن و پاره‌ن. بانگی پیره‌مێرد و كرێكار و فه‌ڕاشه‌ خه‌سێندراوه‌كانی قوتابخانه‌ش ده‌كه‌م، بێن و سه‌یری دواهه‌مین چركه‌ساته‌كانی لاشه‌یه‌كی دیكه‌ بكه‌ن. كه‌ ده‌رفه‌تی ماڵئاوایی نابێت. كه‌ پاداشتی گوناهه‌كانم وه‌رده‌گرمه‌وه‌. كه‌ فرمێسكه‌كانم ده‌كه‌مه‌ ناو ئینجانه‌یه‌كی بڕیقه‌دار و له‌ گیرفانه‌كانم ده‌یشارمه‌وه‌. كه‌ سوێنده‌كانم ده‌بنه‌ هه‌ڵمی سه‌رده‌ریاچه‌كان و وه‌ك دووكه‌ڵی كارگه‌كان، له‌ ئاسماندا سه‌ما بۆ زامه‌كانم ده‌كه‌ن. چونكه‌ ڕاوچییه‌كی بریندار بووم، كه‌ سزای په‌نجه‌كانمده‌دا و به‌ شیعرم ئاشناده‌كردن. كه‌ ته‌رمه‌كانم ده‌خسته‌ سه‌ر شانم و زه‌رده‌خه‌نم بۆ ده‌كردن. به‌ڵام، نه‌مانزانی خودایه‌ك هه‌یه‌، خودایه‌ك، كه‌ لێره‌دا نمایش به‌ مۆسیقاره‌كانی ده‌كات و ختووكه‌ی برینه‌كانمان ده‌دات. ئێمه‌ی جه‌ماوه‌ری ئه‌و شانۆ نه‌فره‌تییه‌؛ نه‌مانزانی ئاسمان بازاڕێكی بێده‌نگه‌ و وه‌ك داریكی كۆن، به‌سه‌ر ئه‌ژنۆكانمان شۆربۆته‌وه‌ و له‌ مه‌زادخانه‌یه‌كی ساخته‌دا، ده‌مانفرۆشێت. ده‌مانفرۆشێت و له‌ دۆزه‌خ جێمانده‌هێڵێت. كه‌ له‌وێشدا سۆزانییه‌كان برینه‌كانمان ده‌مژن. كه‌ په‌رده‌كه‌ی نێوانمان هه‌ڵده‌ده‌نه‌وه‌ و خوێنه‌كه‌مان ئاڵوگۆڕ ده‌كه‌ن. كه‌ مقه‌سته‌كان ده‌خه‌نه‌ ده‌ستیان و ده‌ماره‌كانمان ده‌قرتێنن. كه‌ ده‌ستونوێژمان پێهه‌ڵده‌گرن و مه‌قاممان بۆ ده‌چڕن. ئه‌ی حه‌نجه‌تێك كه‌ ناوت كاته‌ و هه‌رگیز به‌زه‌ییت پێماندانه‌هاته‌وه‌. ئاگرم له‌ شه‌ق و تووره‌یی و قامچییه‌كانت خۆشترده‌وێ. ئیدی ده‌ستبه‌رداری خه‌ونه‌كانم ده‌بم و بۆ هه‌تاهه‌تایه‌؛ خۆم به‌ بۆن و دیوار و بڵێسه‌ و كڵپه‌كانی دۆزه‌خ ده‌ناسێنم. بۆ هه‌میشه‌ جه‌سته‌م به‌ برین و ته‌قه‌ڵ و حه‌ب و ده‌رزی ئاشنا ده‌كه‌م. كه‌ ئیدی هیچ هیوایه‌ك بۆ خه‌نده‌یه‌كی دیكه‌ نامێنێته‌وه‌. كه‌ یاده‌وه‌رییه‌كانیش ده‌بنه‌وه‌ یاده‌وه‌ری. كه‌ ئیدی هیچ كه‌سێك بۆ ئه‌به‌د نامێنێته‌وه‌.

ناچاركراین به‌سه‌ر برینه‌كانماندا هه‌ڵبێین. به‌سه‌ر لوغم و جه‌سته‌ و ئه‌ژنۆی یه‌كتردا بڕۆین و پێنه‌كه‌نین. ده‌ستمان به‌ سه‌رمانه‌وه‌ گرتبوو و به‌ ژێریدا چووین. بیره‌وه‌ری یه‌كترمان ئه‌رشیفكرد و له‌ ژێردا مردین. كه‌ پێكه‌وه‌ ده‌ستمان له‌و ژیانه‌ به‌ردا. كه‌ زمانی خۆمان گه‌زییه‌وه‌. كه‌ برینی یه‌كترمان داپۆشی و واژووی مردنی یه‌كترمان كرد. كه‌ برینى ئێمه‌، دره‌ختێكبوو، له‌ پشت ده‌رگه‌ داخراوه‌كانی ئێره‌وه‌ سه‌وز بوو. كه‌ خودامان بزر كرد و یادگارییه‌كانمان ژه‌هراویی كرد. چونكه‌ دووكه‌ڵی كارگه‌كانیش ته‌نهاییه‌كه‌ی ئێمه‌یان نه‌شارده‌وه‌. كه‌ قوفڵه‌كانیش چیدی خۆیان به‌ كلیله‌كان نیشانناده‌نه‌وه‌: من برینه‌كانمت نیشانده‌ده‌م. ئه‌وه‌ برینه‌كانم، داهاتووم ببینه‌. كه‌ ناتوانین پێكه‌وه‌ ئه‌و ژانه‌ بسووتێنین. كه‌ هه‌رگیز ناتوانین مه‌چه‌كی یه‌كتر بگرین و بفڕین. كه‌ ناتوانین جارێكی تر له‌ دایكببینه‌وه‌ و ببینه‌وه‌ خۆمان، چیدی نه‌سووتێین... نه‌مرین، چیدى.

ته‌رمیك هه‌یه‌، ده‌بێ به‌دوای بكه‌وین. ته‌رمێك هه‌یه‌، ده‌بێ گوێ له‌ دواترپه‌كانی دڵی بگرین. كه‌ له‌سه‌ر ئیقاعی مه‌رگ و گریان خوورپه‌ ده‌كات. ته‌رمێك هه‌یه‌، ده‌بێ جارێكی تر بینێژینه‌وه‌، كه‌ خیانه‌تی له‌ خاك و كێله‌كانی كردووه‌. لێره‌ ته‌رمێك هه‌یه‌، نوێژ بۆ ڕابردووی ده‌كات. یاخییه‌... یاخییه‌ له‌ تابووت و پاییز و گه‌ڵاكانی. له‌ شه‌ڕاب و په‌تی سێداره‌ و فریشته‌كانی. له‌ فاڵچی و فانۆس و دیواره‌كانی. له‌ غه‌نیمه‌ و خالخاڵۆكه‌ و ئه‌ستێره‌كانی. ته‌رمێك، كه‌ نازناوه‌كانی له‌گه‌ڵ خۆی برد و پشتی له‌ ده‌روێش و شه‌ڕانگێزییه‌كانی كرد. پشتی له‌ ئاسمان و ده‌رگه‌كانی كرد. پشتی له‌ كات كرد و بووه‌ ته‌رم. ته‌رمێكی زیندوو... زیندوو وه‌ك من. وه‌ك شه‌و. كه‌ گوێی له‌ ده‌نگی پێی ئه‌و ئه‌سپانه‌ ده‌بوو، لێره‌وه‌ به‌ره‌و دۆزه‌خ ده‌چوون. كه‌ زستانێكی سارده‌ و میوه‌كانی كۆشی فه‌رامۆش ده‌كات. كه‌ بانگی به‌شه‌ره‌ جادووگه‌ره‌كه‌ی ناوه‌وه‌ی ده‌كات. كه‌ هه‌موو شتێكیش ده‌بێته‌ وه‌هم و نامینێت. ته‌نها تۆ نه‌بی، كه‌ بۆ هه‌میشه‌ سه‌ما ده‌كه‌یت.

ده‌نگێك له‌ ئاینده‌وه‌ دێ: ئه‌ی سه‌ره‌تای زه‌مه‌نێك، كه‌ ناوت ئاینده‌یه‌، ته‌قه‌ت لێ ده‌كه‌م. تف له‌ ماشێنه‌كانت ده‌كه‌م. ئه‌و ماشێنه‌ ڕووتانه‌ی به‌ ده‌نگه‌كانیان هیلاكمان ده‌كه‌ن. منی ته‌نها، ته‌نهاییم كه‌له‌پچه‌یه‌ك بوو له‌ ده‌سته‌كانم گرێدرا. چه‌نده‌ جه‌للادبوون... ئه‌و كاتانه‌ی شیعره‌كانم له‌سه‌ر فره‌یمی وێستگه‌ی شه‌مه‌نده‌فه‌رێكی كۆندا، كۆلاژ ده‌بێت. وه‌ك گایه‌كی بریندار؛ به‌ناو ساڵۆن و سینه‌ما و كتێبخانه‌كانی ئێره‌دا ده‌سووڕێمه‌وه‌. له‌بڕی ژنێكی دووگیان، كاته‌ زوویر و هه‌موو ته‌رمه‌كانی ئه‌مڕۆت ده‌شارمه‌وه‌، ده‌ڕۆم و نایه‌مه‌وه‌... ئه‌ی داهاتوویه‌ك، كه‌ به‌ ژیان قۆڵبه‌ستمان ده‌كه‌ی. من حه‌زم له‌ جلی دڕاو و پاڵتۆی ڕه‌ش و لافیته‌كانی به‌ر په‌نجه‌ره‌ نییه‌. حه‌زم له‌ ته‌ڵقیندان و دووكه‌ڵ و تووتنی ته‌عزییه‌كانه‌. حه‌زم له‌ شه‌وه‌، كه‌ فریشته‌یه‌ك دێت و برینه‌كانم تێلاوه‌ت ده‌كات. كه‌ ئازاره‌كانم وه‌ك ده‌ستبه‌ندێك له‌ ده‌ست ده‌كاته‌وه‌. چه‌رچه‌فه‌كه‌م پێداده‌داته‌وه‌ و پێمده‌ڵێت: بنوو... بنوو و خه‌ون به‌ پادشایه‌تییه‌وه‌ ببینه‌. خه‌ون به‌ ته‌لار و ته‌رمه‌كانی ناوی ببینه‌. به‌ڵام، من تۆز و گه‌رده‌ نیشتووه‌كانی به‌ینی په‌نجه‌كانیشتم خۆشده‌وێ. فیشه‌ك و بكوژه‌ مه‌سته‌كانی سه‌ر لاشه‌شتم خۆشده‌وێ. چۆن ئه‌و یادداشتانه‌ت بۆ سه‌فته‌ بكه‌م، كه‌ پێمده‌گوتی: ڕقم له‌و ژنانه‌یه‌ دوای مردنی مێرده‌كانیان، ده‌رگه‌ی ماڵه‌كه‌یان داده‌خه‌ن. ڕقم له‌ مه‌ره‌كه‌ب و پیانۆ و شمشێره‌كانه‌. ڕقم له‌ خاكه‌ناس و سووراو و بووغورده‌كانی چه‌ژنه‌. له‌ جه‌سته‌ماندا، برینێك هه‌یه‌. برینێكی بۆگه‌ن. موڵكی ئێمه‌یه‌. ئێمه‌ كه‌ له‌ژێر خۆردا ده‌مردین. كه‌ له‌ژێر ئه‌شكه‌نجه‌دا یاده‌وه‌رییمان به‌ ئیش ده‌كه‌وته‌وه‌: گوێ به‌ وه‌سێته‌كانی ئه‌میرێكی هه‌لاتوو مه‌ده‌، كه‌ له‌یادییچووه‌؛ ئێمه‌ كوژراین. نه‌گه‌یشتینه‌ ناو كه‌ژاوه‌ زێڕینه‌كه‌ی ئه‌و و مردین. گۆره‌كه‌م هه‌ڵده‌وه‌، له‌ ئیسقانه‌كانم، بتێك... بتیكی ڕزیوی چه‌شنی كه‌زییه‌كانت بتاشه‌. تا ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ سووژده‌ بۆ كات ببه‌ و ته‌رمه‌كان له‌ باوه‌ش بكه‌.

ئه‌و خوێنه‌ی كه‌ به‌سه‌ر گه‌رده‌نته‌وه‌ خزاوه‌ و له‌ تیغی خه‌نجه‌ره‌كه‌ی ده‌ستت ده‌ڕژێ، له‌ ته‌زبێح و پێڵاوه‌كانم پاكتره‌. له‌ نوێژ و به‌رماڵه‌كه‌ی من پاكتره‌. كه‌ نزام بۆ مه‌زنی و كورسییه‌ ئاڵتونییه‌كانى ژێرت ده‌كرد. من كه‌ ده‌سته‌كانم ده‌له‌رزیی و ده‌مگوت: ئه‌و تاریكییه‌ ئازارم ده‌دات... به‌ڵام، زیاتر له‌ شه‌ویك، زیاتر له‌ برینێك، زیاتر له‌ ته‌رمێك و زیاتر له‌ كاتێك، كه‌ هه‌رگیز زیندوو نابینه‌وه‌، كه‌ هه‌موو شتێك به‌سه‌رده‌چێت و ده‌بینه‌وه‌ خۆمان، من دڕدۆنگبووم... كرمێكی خنكاوی نێو گێلاسه‌كه‌ی ده‌ستت بوو. بووه‌ تارمایی. بووه‌ مێرووله‌ و كه‌وتمه‌ ناو مه‌نهۆڵه‌كان. چونكه‌ ده‌با به‌رگه‌ی ژیان بگرین. كه‌ نۆره‌ی مردنمان هاتوو و گوێمان به‌ ئه‌فسانه‌كان نه‌دا. كه‌ له‌ژێر سێبه‌ری مزگه‌وته‌كان، په‌نجه‌كانم ده‌خسته‌ ناو ده‌مم و نینۆكه‌كانم ده‌كرۆژی. كه‌ ده‌سته‌كانم سیخناخبوون له‌ شپرزه‌یی ئه‌و ڕۆژانه‌ی ڕه‌شه‌باكانم ته‌جوید ده‌كرد. ئه‌و ڕۆژانه‌ی كاره‌سات بوون... كه‌ ئازاره‌كانم له‌ پرچه‌كه‌ت درێژتربوون. كه‌ خودا حافیزیم لێ كردیت و چوومه‌ ناو تاریكیی تونێله‌كان. ئه‌و تونێلانه‌ی نیشتیمانی ئێمه‌ بوون. نیشتیمانی ئێمه‌... ته‌نها ئێمه‌.

ئه‌و ڕۆژانه‌ كه‌ هاتن، پرسیان به‌ ئێمه‌ نه‌كرد. ئێمه‌ كه‌ تاقه‌تمان نه‌بوو یه‌كتر له‌ ئامێز بگرین. كه‌ نه‌مانتوانی ماڵئاوایی له‌یه‌كتر بكه‌ین. كه‌ شه‌رممان له‌ مه‌یته‌ خه‌واڵووه‌كانی ده‌ورووبه‌رمان ده‌كرد. ئه‌ی خوێنێك كه‌ بۆ هه‌میشه‌ سپییت، ئه‌گه‌ر بكوژی شه‌وی، ماڵئاوایی له‌و سوارچاكانه‌ بكه‌، به‌سه‌ر ئه‌سپه‌كانیانه‌وه‌ خوێنی یه‌كتر ده‌خۆنه‌وه‌. ده‌ست له‌ ملى یه‌كتر ده‌كه‌ن و هاوار ده‌كه‌ن. له‌سه‌ر ئه‌سپه‌كانیان دانابه‌زن و ته‌رمی هاوڕێكانیان ده‌هێننه‌وه‌. ئه‌و شه‌وه‌ی، قاچاغچییه‌ك فێلی له‌ تۆ كرد، سه‌رین و مه‌نجه‌نیق و به‌ڵگه‌نامه‌ی مه‌رگی شه‌وێكی تری لێ دزی، بریندار بووم... ئه‌و شه‌وه‌ی، ده‌ستم له‌ قه‌ره‌وێڵه‌كه‌ی ته‌نیشتت به‌سترابوو، تا دواحه‌رفی حیكایه‌ته‌كه‌مان پاڵه‌وان بووم، پاڵه‌وان بووم، چونكه‌ ملپێچ و قڕدێله‌ی كراسه‌كه‌ خوێناوییه‌كه‌ى خۆمم بۆ هێنایه‌وه‌. قاچه‌كانم له‌ قووڕ گیر بوون و نه‌بوومه‌ كۆیله‌. كۆیله‌ی شه‌و. كۆیله‌ی ڕۆژگارێك، كه‌ ئیفلیجی و نامۆیی خۆی به‌ من ده‌فرۆشێته‌وه‌. به‌ڵام، ده‌مرم... ده‌مرم و باكان په‌شیماننابنه‌وه‌ له‌ دووباره‌ هه‌ڵكردنه‌وه‌یان: با بمرن، ئه‌وانه‌ی ڕۆیشتن و نه‌گه‌ڕانه‌وه‌. به‌ڵام، من وه‌ك به‌یتارێكی نه‌مر، له‌گه‌ڵ ئۆقیانووسه‌ ناكۆتاكاندا، قه‌ده‌ری ئه‌به‌دی خۆم ده‌گۆڕمه‌وه‌. كه‌ عه‌شقیش قه‌ده‌ری مرۆڤه‌ تێكشكاوه‌كانه‌.

ئه‌ی كات، ئه‌ی ده‌رمانی هه‌موو كێشه‌كان. منت كرده‌ لوولپێچیك، به‌ ده‌ست كیژه‌ ترسنۆك و له‌رزۆكه‌كانی ده‌رمانخانه‌. ئه‌و كیژه‌ خه‌ته‌نه‌كراوانه‌ی خه‌ونیان به‌سه‌رجێكردنه‌وه‌ ده‌دیت. تاڵانتان ده‌كه‌م... ویستت بمكوژیت. وه‌ك ته‌رمێك سه‌مام پێبكه‌یت. به‌ڵام، له‌ تاریكی هاتمه‌ده‌ر و دڵم دایه‌ ده‌ستت. په‌یمانی كۆتایی ئه‌و جه‌نگه‌م له‌گه‌ڵ مۆر كردی. گوتم: چیدی قیامه‌ت نایه‌ته‌وه‌. چیدی ژنه‌كان نابنه‌ مۆم و له‌ چاوه‌نواڕی بادا بكوژێنه‌وه‌. ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێ ببیته‌ جه‌نگاوه‌ر، له‌ ژیانه‌كه‌ی تردا ببه‌ پیاو. چونكه‌ له‌ ده‌ستووری دڕاوی ئه‌واندا، جه‌نگاوه‌ران ده‌بێ بمرن. بمرن و ببنه‌ پاڵه‌وان. كه‌ ژنه‌كانیش هه‌رگیز نابنه‌ پاڵه‌وان. ئه‌و ژنانه‌ی كه‌ هه‌میشه‌ لووله‌ى تفنگه‌كه‌یان ڕوو له‌ ئاسمانه‌ و له‌ شه‌وه‌ شكاو و بێده‌نگه‌كاندا، ته‌نهایى به‌ ئێمه‌ ده‌فرۆشنه‌وه‌.

با به‌ ته‌رازووی ئه‌و گوناهانه‌ دابچینه‌وه‌، كه‌ كردمان و خۆمان لێ بێبه‌ری كرد. چونكه‌ له‌ مندا ژیانێك هه‌یه‌، پڕه‌ له‌ كات... پڕه‌ له‌ ته‌رم... تۆش وه‌ك نهێنیترین تاوانم، بێره‌دا تێده‌په‌ڕی، به‌ شه‌پقه‌یه‌كی نارنجییه‌وه‌، یاقووته‌كان به‌ قڕژاڵه‌كه‌ی ده‌ستیشته‌وه‌، ده‌ده‌یته‌ سواڵكه‌رێك و زه‌رده‌خه‌نه‌ بۆ شكسته‌كانم ده‌كه‌یت. زه‌رده‌خه‌نه‌ ده‌كه‌یت و ده‌بیته‌ كات. ده‌بیته‌ ته‌رم و ده‌ته‌وێ سه‌ما بكه‌ین. به‌ڵام، ناتوانی... به‌دیار وێنه‌ ڕه‌شوسپییه‌كانی منه‌وه‌ به‌دوای پاكیدا ده‌گه‌ڕێیت، كه‌ ده‌بینی كه‌س نه‌ماوه‌ له‌ ئاهه‌نگی جیابوونه‌وه‌ی به‌یانییه‌كی به‌جێماو له‌ تاریكییدا، وشه‌ بخاته‌ درز و كه‌لێنی دێره‌كانه‌وه‌. وشه‌ بكاته‌ ته‌ڵا و بیخاته‌ سه‌تڵی ئومێده‌كانته‌وه‌. به‌ڵام، ئه‌وه‌ ژیانه‌ كه‌ جه‌فاكانی خۆی، به‌ ئێمه‌ ده‌كێشێت. ئێمه‌ كه‌ له‌ ئاینده‌ به‌جێماین. كه‌ مه‌راقه‌كانمان له‌ناو جۆلانه‌ی منداڵیمان به‌جێما. كه‌ دڵمان له‌ چه‌كمه‌جه‌ی چه‌رمینی ژه‌نڕاڵێك به‌جێما. كه‌ به‌دوای مێزه‌ری فه‌توایه‌كی پیس ده‌كه‌وتین و سێبه‌ر ده‌یبردین. كه‌ هێلانه‌كانمان ده‌ڕفاند و شانازییمان به‌ دزییه‌وه‌ ده‌كرد. كه‌ شانازییمان به‌ خه‌ونه‌ كۆنه‌كانمان ده‌كرد. بمرن... بمرن ئه‌وانه‌ی نه‌یانهێشت، درۆ له‌گه‌ڵ یه‌كتردا بكه‌ین. ئه‌وانه‌ی نه‌یانهێشت، قه‌ناعه‌ت به‌ ڕیوایه‌تی جنۆكه‌ قه‌مووره‌كانی تاریكیی بكه‌ین. ئه‌وانه‌ی نه‌یانهێشت، له‌ حه‌كیمی ئاسمان و ئه‌ستێره‌كانی بگه‌ین. ئه‌وانه‌ی خودایان لێ شاردینه‌وه‌. ئه‌وانه‌ی بانگه‌شه‌ی خودابوونیان ده‌كرد. به‌ڵام، خودا نه‌بوون. هه‌ڵاتووی ده‌ستی قه‌ده‌ر و شه‌ره‌كانی غوربه‌ت بوون. كه‌ هه‌رگیز نابن به‌ خودا، كه‌ هه‌رگیز ناتوانن ببنه‌وه‌ به‌ خۆیان. جگه‌ له‌ درۆ... جگه‌ له‌ خۆیان... كه‌ خۆیان نین. نابنه‌وه‌ به‌ خۆیان.

نه‌فره‌ت له‌و له‌شفرۆشه‌ پیرانه‌ی له‌شفرۆش نه‌بوون. نه‌فره‌ت له‌و پیره‌پیاوه‌ سه‌وداكه‌رانه‌ی كه‌ خیانه‌تیان له‌ ئه‌ڵماسه‌كانی گیرفانیان كرد. كه‌ له‌ژێره‌وه‌ سه‌یری ئاوابوونی خۆریان ده‌كرد. تا بزانن چۆن به‌دوای تاریكییدا ده‌گه‌ڕێت. كه‌ منیش مژده‌ی هاتنه‌وه‌ی ژیانێكی دیكه‌م پێبوو: ته‌واو... ئیدى ژیان به‌شێكه‌ له‌ نهێنی ئێمه‌. كه‌ ناتوانین ببینه‌وه‌ خۆمان. ناتوانین پاكییه‌كانمان بدۆزینه‌وه‌ و بۆ ئه‌به‌د وێڵ ده‌بین. وێڵی ژیان و وێڵی خۆمان.

من ده‌مرم. چیاكان ده‌مرن. دۆڵ و دره‌خته‌كانیش ده‌مرن. باغ و گیاكانیش ده‌مرن. پۆڵا و ئاسنگه‌ره‌كانیش ده‌مرن. داره‌بازه‌ و مه‌یته‌ره‌وانه‌كانیش ده‌مرن. گۆڕهه‌ڵكه‌ن و ئه‌سپی گالیسكه‌كانیش ده‌مرن. سه‌وڵ و كاپتنی كه‌شتییه‌كانیش ده‌مرن. سه‌رباز و سه‌گه‌ به‌جێماوه‌كانی شه‌ڕیش ده‌مرن. شه‌و و شه‌قام و نه‌یزه‌كه‌كانیش ده‌مرن. فه‌توا و فیتنه‌ و دكتۆری به‌ندینخانه‌كانیش ده‌مرن. ده‌ڵاڵ و ئه‌كته‌ر و سه‌ركرده‌ی شۆڕشه‌كانیش ده‌مرن. گومان و مینبه‌ر و خوڕافیاته‌كانیش ده‌مرن. كۆشك و بۆمب و مه‌ڕاقه‌كانیش ده‌مرن. موعجیزه‌ و تابلۆ و ده‌سته‌كانیش ده‌مرن. زه‌رده‌واڵه‌ و به‌رد و جۆگه‌له‌ و دڕنده‌كانیش ده‌مرن. هه‌ور و به‌فر و باران و چۆله‌كه‌كانیش ده‌مرن. ئه‌هریمه‌ن و تاج و سیحرباز و نه‌خش و ده‌رگه‌وانه‌كانیش ده‌مرن. گوێچكه‌ و مستیله‌ و گۆچان و وڕێنه‌ و قه‌ساب و ئه‌فسانه‌كانیش ده‌مرن. خانه‌دان و تفه‌نگ و ساز و فیشه‌ك و نه‌غمه‌ و بیره‌وه‌رییه‌كانیش ده‌مرن. به‌ڵام، ئه‌وه‌ی نه‌مره‌ و بۆ ئه‌به‌د یاری به‌ قژ و ژماره‌كانی سه‌ر دڵمان ده‌كات، ونه‌... كه‌ پڕه‌ له‌ دووعا. له‌ تاریكیی. له‌ پاشماوه‌ی یادداشته‌كان.

تاریكیی زووتر له‌واده‌ی خۆی هات. هێنده‌ زوو كه‌ به‌شی هیچ ناكات. هه‌تا به‌شی داپۆشینی برین و غه‌ریزه‌كانیشمان ناكات. ده‌مانگوت: هه‌ر ڕۆژ دێت... به‌ڵام، خۆر چاوه‌نواڕی نوستووه‌كان ناكات، تا هه‌ڵبێت. ئه‌و گومڕایانه‌ت كه‌ مه‌داحه‌یی جیابوونه‌وه‌ی مانگیان له‌ ئه‌ستێره‌كان ده‌گوته‌وه‌. پیر و دڕنده‌ بوون... بێگانه‌ و خوێناویی بوون... نه‌یانتوانی ئه‌و مۆمه‌ ببینن كه‌ به‌سه‌ر ڕووخساری ته‌رمه‌كانه‌وه‌ ده‌تواوه‌. نه‌یانتوانی ببنه‌وه‌ مرۆڤ، كه‌ له‌ عه‌ده‌مه‌وه‌ شانازییان به‌ سه‌دای ده‌ردێكه‌وه‌ ده‌كرد. نه‌یانتوانی بۆ جارێكی تر، ئازاره‌كان ته‌قسیر بكه‌نه‌وه‌، كه‌ له‌ زوڵمه‌تدا، میوه‌یه‌كی بۆگه‌نیان بۆن ده‌كرد. نه‌یانتوانی كات ساخته‌ بكه‌ن. نه‌یانتوانی فرمێسك و كه‌وان و بارووت، بۆ جه‌نگیكی تر عه‌مبار بكه‌ن. كه‌ منیش ڕقم له‌ پاكیى بوو. ڕقم له‌ ڕه‌خنه‌ و په‌ڕاوی پیسی نێو دۆڵابه‌كان بوو. كه‌ ڕقم له‌ خۆمان و خۆیان بوو... به‌ڵام، نه‌مانزانی ده‌بێته‌ شه‌و. نه‌مانزانی شه‌و دێت و ده‌بێته‌ ته‌م. ئێمه‌ش له‌ناو ته‌مێكی سارددا، خۆمان ده‌دۆزینه‌وه‌، كه‌ هیچی له‌ ئێمه‌ ناچێت. كه‌ ژیان خه‌مگینه‌ و هیچی تر.


ئەم بابەتە 344 جار خوێندراوەتەوە