Ako.jpg

بپشکوێ لە من، ئەی عیشق!

ئاکۆ ئەلیاسی

بپشکوێ

لە من

ئەی عیشق!

وەک بێزووی خاک،

بە تامی سەوزایی بەهار

بە چەرموویی گوڵی گێلاس،

بەسەر گۆپکەی سەرچڵی دار.

 

وێنەی باڵای، سەوڵ یاخود کاچ

وەک شەکراوی شیرینی لێو،

بۆ تاسەی ماچ.

 

بپشکوێ

لە من

ئەی عیشق!

بە تینی گەرمایی هەتاو،

لەسەر پشتی توێ خستوویی

بەفری بەرنسێی کوێستانان

بە میلۆدیی پرزەپرزی

دەنگی نەرمی ڕنەی باران

دەست بە کاکۆڵی خەونی ژێر

دەواری نێو ئێڵاخانم دابهێنە

بە خوڕایی، هاژەی نێو قەڵبەزەی بەفراو!

 

بڕوێ لە من

ئەی عیشق!

لە ڕەشبینیم،

تاڵی باریکی تیرۆژ بە،

بە کوناوەجگی تاریکیا

بخزێرە ناو ناخی دەروون،

وک ڕووناکی، تیلەیەک لە چاوی گزنگ،

کە کۆتایی

بە تارمایی

دوا تەقالای شەوگار دێنێ و

بۆ ژیانەوە،

هیوا ئەزێنێتە چاوی

تاریک و ڕوون!

 

ئەی عیشق،

بڕوێ لە من!

بە هەرێمی ماتەمینی لە تەم  نیشتووم،

هەڵکە لە قاقڕستانی

زەوقی مردووم.

بە سووکایی باڵی "با" بێ،

بە مەستیی شەرابی پاییز

بە بۆنی سمڵ و مێخەکی بەربەرۆکی بەهاران و

بە بەرامەی نیشتمانم

بە دەڤەری دڵتەنگیما،

بە هێواشی گوزەربکە.

 

بشکوێ

لە من

ئەی عیشق!

تا سنەوبەری هۆنراوەم،

لە ویشکەساڵی تەنیایی،

هەم شکۆفە بگرێتەوە.

تاکوو ژیان

بە ڕەوانیی  و پاکێەتیی ئاو،

بە قووڵایی شینیی ئاسمان

جارێکی دی،

مانای خۆی وەربگرێتەوە!

بپشکوێ

لە من

ئەی عیشق!


ئەم بابەتە 248 جار خوێندراوەتەوە