Marilyn_Monroe.jpg

چیرۆکی ژیانى مێریلین مۆنرۆ ده‌كرێت به‌ كوردى

ژیاننامه‌ و یاده‌وه‌رییه‌كانی ئه‌كته‌ری ناوداری هۆڵییوود (مێریلین مۆنرۆ) به‌ زمانى كوردى بڵاوده‌كرێته‌وه‌.

خانه‌ی چاپ و په‌خشی ڕێنما له‌ درێژه‌ى كتێبه‌ چاپكراوه‌كانیدا كتێبى (چیرۆكی ژیانم) له‌ نووسنی ژنه‌ ئه‌كته‌ر و گۆرانیبێژى ئه‌مه‌ریكى (مێریلین مۆنرۆ) وه‌رگێڕانى (سەروەر عومەر) به‌ كوردى له‌ دووتوێى (256) لاپه‌ڕه‌دا چاپ و بڵاوده‌كاته‌وه‌.

له‌ پێشه‌كى كتێبه‌كه‌دا هاتووه‌:

ژیاننامه‌ و یاده‌وه‌رییه‌كانی ئه‌كته‌ری ناوداری هۆڵییوود "مێریلین مۆنرۆ" له‌ هۆڵییوود، پاكیزه‌یی و داوێنپاكیی كچێك كه‌متر له‌ مووه‌كانی سه‌ری گرنگی هه‌یه‌. لێره‌ مرۆڤ له‌ڕووی هه‌یكه‌له‌وه‌ داوه‌ری ده‌كرێت، نه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ به‌ڕاستی هه‌یه‌. هۆڵییوود شوێنێكه‌، بۆ ماچێك هه‌زاران دۆلار به‌ مرۆڤ ده‌ده‌ن، به‌ڵام بۆ ڕۆحت په‌نجا سه‌نت.

ئه‌و هۆڵییووده‌ی من ده‌مناسی، هۆڵییوودی شكست و به‌دبه‌ختی بوو. نزیكه‌ی هه‌ر كه‌سێكم ده‌ناسی یان به‌دخۆراكی هه‌بوو یان له‌بیری خۆكوشتندا بوو. بابه‌ته‌كه‌ وه‌ك ئه‌م دێڕه‌ شیعره‌ وابوو: «ئاو، ئاو، له‌ هه‌موو شوێنێك ئاو، درێغ له‌ یه‌ك دڵۆپ له‌ ده‌می ئێمه‌دا.» ناو، ناو، ناوبانگ، به‌ڵام هیچ كه‌س سڵاوێكیشی له‌ ئێمه‌ نه‌ده‌كرد.

چوارده‌ورمان پڕ بوو له‌ گورگ. نه‌ك ئه‌و گورگه‌ گه‌ورانه‌ی له‌ پشت ده‌رگای ستۆدیۆكانه‌وه‌ بوون، گورگه‌ بچووكه‌كان: نووسینگه‌ بێناونیشانه‌كانی دۆزینه‌وه‌ی توانا، ناوه‌نده‌ ڕیكلامییه‌ بێمشته‌رییه‌كان، كارمه‌ندانی په‌یوه‌ندییه‌ گشتییه‌كان ئه‌وانه‌ی هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیان نه‌بوو، به‌ڕێوه‌به‌ران. دره‌گستۆر، قاوه‌خانه‌ و كافێ هه‌رزانه‌كان، پڕ بوون له‌و به‌ڕێوه‌به‌رانه‌ی ئاماده‌ی به‌ستنی گرێبه‌ست بوون، ته‌نها هێنده‌ پێویست بوو ناوی خۆت بنووسی و مه‌رجی ناونووسینیش لای ئه‌وان ئه‌وه‌ بوو بچیته‌ ژێر به‌یداخیانه‌وه‌.

به‌یداخه‌كه‌یان، سه‌رچه‌فی جێگه‌ی خه‌وتن بوو.

مێریلین مۆنرۆ یان یان مارلین مۆنرۆ ناوى ته‌واوى (نۆرما جین مورتنزن-( Marilyn Monroeه‌، ژنه‌ ئه‌كته‌ر و گۆرانیبێژی ئه‌مریكییه‌، له‌ رۆژى 1/6/1926 له‌ شارى لوس ئه‌نجلوس له‌ دایكبووه‌، لە رۆژى 5/8/1962 له‌ ته‌مه‌نى (36) ساڵى كۆچى دوایى كردووه‌.


ئەم بابەتە 98 جار خوێندراوەتەوە