Majid_Hasan.jpg

له ستایشى ڕۆحدا

ماجد حەسەن - بەریتانیا

ئەی ڕۆحی مەست لەسەر خوانی ئەم تاریکییە

 ئەی گەمەی دەست شەیتانەکانی ئەم یەقینە

 خونچەی ھاوارەکانت بپشکوێ

 بڵێسەی خۆت لەم شەوەدا گڕدە

لە تارمایی و شورای ئەم ڕۆحانە دەرچۆ

کە وەفایان بۆ دەستپێك نییە

لە ئەفسانە و شیری ڕەشی ئەم ئادەمییانە مەخۆوە

کە عەشقیان بۆ کۆتایی نەمرە

خوێنى خۆت

جەستەی خۆت

خەونى خۆت

تێکەڵ بە تلیاکی جنونی، ئەم دەست و خەنجەرە فریودەرانە مەکە

ئەی ڕۆح

 ئەی کۆچبەر لەم خەونەوە بۆ ئەو خەون

لەم شارەوە بۆ ئەو شار

لە ئازارەوە بۆ ئازار

ئازادى خۆت

هەوەسى خۆت

برینى خۆت

لە تەڵەی عەشقی سەرشار لە دیلێتی ئەم زەمەنە غائیب لە لەیلییەبە دوور خە

ئەی سەراپا واوەیلا و ھەیەجان

ئەی زامدار بە ھات و نەھاتی یار و نەیار

ئەى ڕۆح

تاریکى خۆت

گومانى خۆت

گریان و زارى خۆت

بۆدرێژی ئەم شەوە کە غەریزەکانی

بە کاولیت دەگەیەنێتە ئۆرگازمی سەحەر

 بەر باس مەکە ئەی وێڵ

لە زەوی و ئاسمان دەرکراو

تەنیاتر لە ھەر تەنیاییەك

کەیل و سۆزت

شکۆو مەزنیت

پەراوێز و گۆشەگیریت

بە ئایەتی سەرخۆشی ئەم مامەڵە داغدارەی زەمەنە پووچە مەفرۆشە

ئەى ڕۆح

چیتر فریوو مەخۆ چیتر لە چۆمی ئەم ئیمانە مەخۆوە

چیتر لە بۆمبی ئەم ئارەزووە مەترسە

چیتر لەم مێژووە درۆیە کە بە یەخەتا ھەڵواسراوە

شەرم مەکە

ئەى ڕۆح سات و وەقتى

دەرچوونە لەم تەلیسمە

تۆزاویانە...

ئەى ڕۆح

ئەى وێران بە هەموو سبەینێیەک

لە هەموو هیواو دووریەک

دەبێت پێیەک لە دۆزەخت بخەیت

دەبێت جەستەت ببەخشیتە

ئەم سوبحە سەرەڕۆیانە

لێگەڕێ بە گژ هەرچى وەستانى پادشاکانە بچینەوە

لێگەڕێ ئەم زامە بگاتە جێ

لێگەڕێ ئەم تۆفانە بگاتە کەنار

ئەى ڕۆح

شەپۆلەکانت لە باى ئەم مێگەلە کوێرە غافڵکە

شەڕى خۆت لە بازاڕى ئەم خودا کیندارانە بوەستێنە

مەهێڵە وێڵیت لە نێو وەرزى ئەم عەسرە دووبارانە بخنکێت

ئەى ڕۆح

لە دڵمدا سەمایەکى گەردەلولاوى

لە زەینمدا توڕەییەکى ئەبەدیی

لە چاوەکانمدا فرمێسکێکى چەند نەوەیی

شەپۆل دەدات...

بێزاریت

وەڕزیت

وێرانەیت

لە شەریعەتى کێویانەى ئەم دەریا

مەنگ خواردوانە گومڕاکە

ئەى ڕۆح

فڕینى خۆت

مەرگى خۆت

ئەبەدیەتى خۆت

بسپێرە بەو باڵندانەى کە تێپەڕى گشت زوڵمەت و

تاریکى چەرخى شانازى

دارستانەکانى ئەم چەرخە بێ ڕووناکى گڕەن و

بنووە...


ئەم بابەتە 275 جار خوێندراوەتەوە