Hemn_mahmwd.jpg

ئەگەر "چیخۆف"م دەبینی...؟

هێمن مەحمود

لە خۆمەوە هەستدەکەم ماندووم، لە قەرەباڵغی و دەنگە دەنگی دەرەوە بێزارم، حەزەکەم زوو بگەڕێمەوە ناو جێگاکەم، نا بۆ ئەوەی کەمێک چاوم بچێتە خەو، بەڵکو بۆ ئەوەی هەندێک بیربکەمەوەو مێشکم هێوربێتەوەو هەست بە ئارامی بکەم.

خۆشم نازانم لە کەیەوە واملێهاتووە، لە کەیەوە لەهەموو شتێک بێزارم و حەزم بەتەنهاییە، لە چی کاتێکەوە هەستەکەم لە دونیا دابڕاوم و زیاتر بەرەو لای مەرگدا دەڕۆم، ئەوە چی ساتێک بوو ئیدی چێژم لە هیچ شتێکی چواردەورم نەبینی ، نە لە قسەی خۆشی هاوڕێکان و نە لە پێکەنینەکانیان، نە لە یاری و مشتومڕە دوور و درێژەکانیان لەسەر شتگەلی بێ مانا، بەڵام دەزانم ئێستا تاقەتی چونە دەرەوەی دوای نیوەڕوانیشم نیە، جاران تاقەتم هەبوو، ئێستا گەربشچمە دەرەوە تا سەر کۆڵانەکە دەچم و دەگەڕێمەوە، بەتایبەت ئەو ڕۆژانەی دونیا هەور گرتویەتی هێندەی تر دڵم تەنگ دەبێ، بەڵام کاتی بارانبارین پێچەوانەی ئەو هەموو خەڵکەی خۆیان دەخزێننە ژوورەکانەوە من حەزم لەوەیە بڕۆمە دەر و بە ژێر بارانەکەدا پیاسە بکەم،

دەستم بخەمە ناو هەردوو گیرفانی پاڵتۆکەم و سەریشم خوارکەمەوەو سەیری ئەو دڵۆپە بارانانەکەم کە دەنک دەنک بە خێرایی و بەبێ وەستان بە زەوییەکەدا دەکێشن.

لەوەتەی زستان هاتووە لەم ژوورەدا تەنها ڕۆژانی باران بارین ڕۆشتوومەتە دەرەوە، ئەویش زۆر دوور نەکەوتومەتەوە، ئەوپەڕەکەی تا ناو بازاڕەکە ڕۆشتووم و گەڕاومەتە ماڵەوە، ئیتر لەبەر پەنجەرەکەدا وەستاوم و سەیری دڵۆپە بارانەکانم کردووە کە جاری وا هەیە بە شێتانەو جاری واش هەیە بە ئارامی و لەسەرخۆیی هاتونەتە خوارەوە.

دایکم هەموو ڕۆژ پێم دەڵێت ڕۆژێک دێت شێتیش دەبیت، ئەی بۆ ناچیتە ناوخەڵک و چێژ لە ژیان ببینیت، ئەم کتێبانە قوڕیانکرد بەسەرتا، نەخوێندنەکەت فریاتکەوت و نەوەزیفەکەشت پێ تەواوکرا، نە کچێکی چاکت دۆزییەوەو نە چەند مناڵێکی جوانت بۆ من خستەوە.

دایکم بە دەم بۆڵەوە بێ ئەوەی چاک ناوی نوسەرەکان بزانێت چەند قسەیەکیان پێ دەڵێت و دەڕوات نانی ئێوارەم بۆ حازرکات.

ڕاستیتان بوێ زۆربەی جارەکان قسەکانی دایکم بە ڕاست دەزانم، منێک ئەوە چل ساڵیم تەواوکردبێت، هێشتا کارێکم نەبێت، خێزانێکی قەرەباڵغم دروستنەکردبێت، موچەیەکی شایستەم نەبێت جگە لە موچە خانەنشینیەکەی باوکم و کرێ دوکانێک کە بە مەمرەو مەژی ژیانی پێدەکەین، ئیدی دەبێ چی زیادەیەکم خستبێتە سەر دونیا، بەچی شتێک لەسەرە مەرگدا دڵی خۆم خۆشبکەم، چۆن کتێبەکانم بدەم بە مناڵەکانم و پێیان بڵێم لە ژیاندا دەست بەمانەوە بگرن، ئەی کامە مناڵم دوای خۆم لە شەوگاری درێژی زستان دانیشێت بەدیار سۆپاکەوە چیرۆکەکانم و سەرگوشتەی تەنهایی و بێکەسی و دڵشکان و عاشقی و گریان و پێکەنینەکانم بخوێنێتەوە.

شەوانە بەر لە خەوتن سەدان خەیاڵی وادەکەم، تا درەنگانێک بە دەم گوێگرتن لە گۆرانیەکانی خالقی شەوگار دەبەمە سەر، کاتێکیش دەمەوێت بخەوم خەوم لێناکەوێت و توند توندێک مێشکی خۆم دەگوشم بۆ ئەوەی بیرەوەرییەکانی مناڵیم بیربێتەوە.

چ زوو چل ساڵیم تێپەڕاند، ئەوە هەر دوێنێ بوو دایکم دەستیگرتم و بردمی بۆ مەکتەب. بەچی شەوق و زەوقێکەوە باوکم جلی تازەی بۆ کڕیم و ئەو شەوەی کە دەبوو بەیانی بڕۆم بۆ مەکتەب خەوم لێ نەدەکەوت و هەروەک ئێستا دەیان خەیاڵ و ختورەم هەبوو. بەیانیەکەشی کە دایکم خەبەری کردمەوە بە دوو خولەک خۆم گۆڕی و حازربووم و لەپێشی دایکمەوە چومە بەردەرگای حەوشەکە.

چی زوو چل ساڵ تێپەڕی. خۆ هەر دوێنێ بوو زانکۆم تەواوکرد بەبێ ئەوەی بەو کچە بڵێم کە سێ ساڵ خۆشمویست ماڵئاوایم لێکرد، ئاخر دەموت دەرئەنجامی هەموو عەشقێک هەر دابڕان و دڵشکانە، ئەی بۆ هەر لەسەرەتاوە خۆم لەسەر دڵشکان رانەهێنم و ئازار نەکێشم.

چل ساڵ بەدەم خۆشە، عومرێکە بۆ خۆی، بۆ ئەو کەسانەی کە یادەوەرییان نیە، ئەوانەی بیری مناڵی خۆیان ناکەن بەڵام بۆ من هیچ نیە، ئەوەندە شت لەمێشکمایە کە بیرم دەکەونەوە وادەزانم هەر دوێنێیەو بۆ ماوەیەکی کورت ئەمڕۆی بە عاجزی جێهێشتووە.

لەناو جێگاکە هەڵدەستم، گڵۆپەکە پێدەکەم، بەژوورەکەدا دێم و دەچم، ئەوکاتانەی مێشکم زۆر ماندووە لەو ژوورە بچوکەدا پیاسە دەکەم، پیاسەکردنەکه ئارامیم پێدەبەخشێ و وادەکات بزانم بیر لەچی دەکەمەوە، چونکە زۆر جار نەک هەر نازانم بیر لەچی دەکەمەوە بەڵکو بیرکردنەوەکانم لەسەر یەک شت ڕاناوەستێت.

ناوی تۆڵستۆی دێتە بەرچاوم، یەکسەر ئەو دێڕەیەیم بیردەکەوێتەوە کە دەڵێت ( هەموو شتەکان لەلای من وەک یەکیان لێهاتووە بەجۆرێک گرنگی بەهیچ شتێک نادەم، ئایا هیچ شتێک لەمە خراپتر هەیە کە منی تیادام...!!) لەکوێدا وای وتووە هەرچی دەکەم بیرمناکەوێتەوە. بەخۆم دەڵێم هیچ شتێکی لەمە خراپتر هەیە منی تیادام.

جارێکی تریش لە خۆم دەپرسمەوە بە ڕاست شتێک هەیە لەمە خراپتر..؟ لەم تەنهایی و بێ کاری و بێ میزاجی و بێ هاوڕێتیە..؟ لەم دابڕان و خۆخزاندنە کونجی ئەم ژوورە بچوکە لە دنیا گەورەیەدا..؟.
دەڕۆم ئەلبومی وێنەکان دەردەهێنم و تەماشایەکی چەند وێنەیەکی خۆم دەکەم..ئەوە وێنەی هاوڕێیانی کۆلیژە، ڕۆشتوینەتە پارکێک و مەنجەڵێک یاپراخ دەخۆین، کێ ئەو یاپراخەی کردووە..؟ بیرم نایەت، بەڵام لەوێنەکەدا وادەردەکەوێت هەمومان دڵخۆشین..ئەوە بۆچی ئێستا کەس دڵخۆش نیە..؟ خۆ ئەوکات ئێمە پارەشمان پێ نەبوو..؟ مۆبایلیش نەبوو..؟ فەیسبوک و سناپ چات و ئەنیستگرامیش نەبوو؟ خۆشەڕی ناوخۆش بوو..؟ئەی بۆ ئێستا کەس دڵخۆش نیە..؟ بۆ خەڵک دەبینی پێدەکەنێت کەچی هەستی پێدەکەیت ئەوە پێکەنین نیە گریانە.. خەڵکی ئێستا بۆ تەنیایە..؟ بۆ هەمیشە سەری بەسەر مۆبایلەکەی دەستیدا شۆڕکردۆتەوە و دەموچاوی گرژە..؟ ئەی بۆ کەس هاوڕێی نیە..؟.

وێنەیەکی تر دەبینم.. ئەوە ئێمەین کوڕانی گەڕەک تیپێکمان دروستکردووە و دەمانەوێت یارییەک بکەین..کۆنە..بەڵام چێژبەخشە..وێنەیەکی تر...شەوەو خۆم و دوو لەبرادەرەکانم لە ناوەڕاستی شۆستەی شەقامە گشتیەکەدا دانیشتوین. ئای لەو زەمانەش وەک خوی هەموو گەنجانی شار تا درەنگانی شەو لە تاقە بازاڕەکەی شاردا دەماینەوەو گوێمان لە دیاری قەرەداغی و گۆرانییە خەمگینەکانی تر دەگرت و حەزمانەکرد وا خۆمان دەربخەین عاشق و شتین و دڵمان شکاوە و حەزیشماندەکرد جیهانیش لەگەڵ ئێمەدا دڵشکاو خەمباربێت...بۆ..؟ خۆشمان نەماندەزانی.
چل ساڵ بۆ ژیان هەر هیچ نیە، هەر فریای هیچ ناکەویت، نە فریای ئەوە دەکەویت جارێکی تر مناڵبیتەوە و نەفریای ئەوەش دەکەویت هاورێکانت جارێکی تر بدۆزیتەوە، چل ساڵ هەر هیچ نیە..نەفریای ئەوە دەکەویت کاتێک عاشقی کەسێکی و پێت نەوتووە پێ بڵێیتەوە و نەدەشتوانی یەک تۆز شەرمنی خۆت بشکینی و بۆ هەموان بیسەلمێنیت کە تۆش هەیت.
تەواو شەکەت دەبم، گوێم لە هەناسەکانی دایکمە کە لە ژوورەکە تەنیشتمەوە دێت و بەناو خانووەکەدا بڵاو دەبێتەوە، بیری لێ دەکەمەوە دەبێ بەیانی چی ئیشی بەدەستەوەبێت جیا لەخەم و خەفەتی منیش.

لە خۆمەوە هەستەکەم زۆر زۆر ماندووم، لە بێدەنگی شەو و تەنهایی بێزارم، حەزەکەم زوو بگەڕێمەوە ناو جێگاکەم، کەمێک چاوم بچێتە خەو، ئەو قسەیەی چیخۆف م بیردەکەوێتەوە کەدەڵێت (نەنکم پێش خەوتن هەموجار پێی دەوتین مناڵەکان دەخیلتان بم بە دڵتەنگییەوە مەخەون با هەرچەندە ژیانیشتان ناخۆش بێت...)

لەپڕ دایکمم بیردەکەوێتەوە، بێ کەسی و تەنهایی و بێزاری خۆمم بیردەکەوێتەوە.. خۆم سەرزەنشت دەکەم، رۆحی خۆم دەگوشم، تەریق دەبمەوە..ئارەقێکی زۆر دەکەم بەو سەرمایە.... هێندە شەرم لەخۆم دەکەم بڕیاردەدەم..

ئەگەر چیخۆفم دەبینی پێم دەوت بەڵێنبێ ئیتر بە دڵتەنگی نەخەوم..بەڵێنبێ خەونی ناخۆش نەبینم و ئەگەر بینیشم پێیان بڵێم ئیتر مەیەنە خەونی من، بڕۆنە خەونی مرۆڤە دڵتەنگ و نائومێدەکان..

بەڵێنبێ ئەی ئەوکەسەی ئەم چیرۆکەی من دەخوێنیتەوە کە بەیانی زوو لەخەو هەستم و هیوام بە دونیا هەبێ.. پەردەی ژوورەکە لابەم و بە خۆر بڵێم فەرموو وەرە ژوور، کتێبەکانم بەڕێزەوە بۆ ماوەیەک بخەمە کونجێکی ژوورەکەو ئیتر بەڕووی دونیادا بکرێمەوە و دڵم لێی نەشکێت.

هەر بەیانی زوو نیە..هەر زۆر زۆر زوو بە پێکەنینەوە بە دایکم دەڵێم چاوم بۆ بگێڕێ و کچێکی جوانم بۆ بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی نەسلی ئادەم و حەوا کۆتایی نەیەت..
بە ژیانیش بڵێم ڕۆژ باش ئەوە من هاتووم بەرەوڕووت چل ساڵی قەرزت بدەمەوە...
تۆش ئەی ئەو کەسەی ئەم چیرۆکەی من دەخوێنیتەوە، ئەگەر چیخۆف ببینی چی پێ دەڵێیت...؟


ئەم بابەتە 200 جار خوێندراوەتەوە