Five_Came_Back.jpg

لە (فایڤ كەیم باك )ەوە

جەمیل عەلی

دوابەشی فیلمی دۆكیومێنتەریی ئەمریكیی سێ ئەڵقەیی ( پێنجیان هاتنەوە – Five Came Back ) م بینی كە لە كتێبی "پێنجیان هاتنەوە: چیرۆكی هۆڵیوود و جەنگی جیهانیی دووهەم " ەوە وەرگیراوە و لە نووسینی ڕۆژنامەنووس مارك هاریسەو لە ساڵی 2014 دا بڵاوكراوەتەوە.

بینینی ئەم دۆكیومێنتەریی (فیلم) ە ، كە لە زنجیرە دۆكیومێنتەرییە بەرهەمهێنراوەكانی نێتفلێكسە ، لە چەند ڕوویەكەوە بۆ بینەرێكی وەك من ، كە هەر لە منداڵییەوە فیلم و سینەما باڵی كێشاوە بەسەر حەز و خولیاكانییدا ، ڕێكەوتێكی تابڵێی سەرنج ڕاكێش و تێڕامان بەخش بوو لەبەر ئەوەی یەكێك لە تێما سەرەكییەكانی ئەم فیلمە نیشاندانی بایەخ و كاریگەریی سینەمایە بەگشتیی لەگەڵ كاریگەرییە سیاسیی و سەربازیی و ئابووریی و كۆمەڵایەتیی و كلتووریی و دەروونییەكانی لە ساتە وەختی سەرهەڵدانی جەنگی جیهانیی دووهەم (١٩٣٩- ١٩٤٥) و ساڵانی دوای جەنگەكەدا بەتایبەتیی.

یەكێك لەو هۆكارانەی وا دەكات ئەم فیلمە جێی بایەخ و پێویستیی بینیی بێت ئەوەیە كە دووان لەو پێنج دەرهێنەرە ناودارەی جیهان كە لەو فیلمەدا دەدوێن زۆر ناسراون بۆ سینەمادۆستان بەهۆی ئاشنابوون بە ناوی خۆیان وهەندێك لە شاكارە سینەماییە مەزنەكانیان لەوانە فرانسیس فۆرد كۆپۆڵا بە گاد فازەر و ئەپۆكالیپس ناو و ستیڤن سپیڵبێرگ بە لیستەكەی شیندلەر و ڕزگاركردنی ڕایانی سەرباز.هەرچی سێ دەرهێنەرەكەی تریشە كە گیلێرمۆ دێل تۆترۆی مەكسیكیی و پۆڵ گرینگراسی بەریتانیی و لۆرانس كاسدانی ئەمریكیین كەم تا زۆر بۆ بینەرانی كورد ناسراون بەهۆی فیلمەكانیانەوە كە براوە یان پاڵێوراوی دەیان خەڵاتیی جیهانیین لەوانە ئۆسكار و گۆڵدن گڵۆب لە ئەمریكا و بافتا لە بەریتانیا. لە پاڵ ئەمەشدا ، خوێنەر (نارەیتەر)ی تێكستی فیلمەكە خانمە ئەكتەری گەورەی ئەمریكا مێرڵ ستریپە كە ڕیكۆردی زۆرترین پاڵاوتنی هەیە بۆ خەڵاتی ئۆسكار كە ٢١ جارە و ٣ جاریش براوە بووە.

دەشێت لەو دوو هۆكارەی تر گرنگتر، بەسەرهات و ڕۆڵ و بەرهەم و جێدەستی ئەو پێنج دەرهێنەرە مەزنەی جیهان بێت كە دەشێت تاكو ئێستا و بەم چەشنە مافی خۆیان پێنەدرابێت و فیلمەكە لە ڕێی خوێندنەوەكەی ستریپ و وتە و ڕانان و ڕاڤەكردنەكانی كۆپۆڵا وسپیلبێرگ و دیل تۆرۆ و گرینگراس و كاسدانەوە دەیەوێت نەك هەر بەتەنها بینەران ئاشنا بكات بە ناو و ناوبانگیان بەڵكو بیانباتەوە بۆ سەرەتاكانی كاركردنی ئەو پێنج دەرهێنەرە مێژووییە كە جۆن فۆرد و ویلیەم وایلەر و جۆن هیوستن و فرانك كاپرا و جۆرج ستیڤنزن لە پڕۆژەیەكی نیشتمانیی گەورەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریكادا بۆ ڕەوانەكردنیان بۆ بەرەكانی پێشەوەی جەنگی زەمینیی وكایەكانی جەنگی ئاسمانیی و پانتاییەكانی جەنگی ئاویی لە ئۆقیانووسانەكاندا كە بوونە شانۆی خوێناویی كاولكارترین جەنگ لە مێژووی هاوچەرخدا بۆ تۆماركردن و بە فیلم و دۆكیومێنتكردن و گێڕانەوە یان دووبارە وێنەگرتنەوەی بەسەرهاتە ڕاستەقینەكانی ئەو جەنگەی نەك هەر بەتەنها ژیانی ئەو پێنجەی گۆڕی كە بە زیندوویی گەڕانەوە بەڵكو ژیانی هەموو مرۆڤایەتیشی گۆڕی.

بۆ ئەم مەبەستە ، فیلمەكە بەچەشنێك دانراوە كە هەر یەكێك لە دەرهێنەرانی ئێستا، گەنگەشە بكات لەمەڕ كاریگەریی و جێدەستی یەكێك لە دەرهێنەرانی ڕابردوو بەم شێوەیە سپیلبێرگ (وایلەر) و كۆپۆڵا (هیوستن) و دێل تۆرۆ (كاپرا) و گرینگراس (فۆرد) و كاسدان (ستیڤنز).
لە خوێندنەوەدا بۆ زانینی پاشخانی بەرهەمهێنانی ئەو فیلمە دەزانیت كە دەرهێنەرانی گەنگەشەكار زیاتر لە ١٠٠ كاژێر هەواڵنامەی تۆماركراویان بۆ هۆڵەكانی سینەما و ئەرشیفی وێنەییان دیراسەكردووە لەپاڵ ٤٠ كاژێر فیلمی بەڵگەنامەیی و ئەزموونیی كە لەلایەن ئەو پێنج دەرهێنەرە ناودارەی پێش خۆیانەوە بەرهەمهێنراون. هەروەها ئەو پێنج دەرهێنەرە تەماشای ٥٠ فیلمی سینەمایی و ٣٠ كاژێر دیمەنی تۆماركراوی خامی دەستكاریی نەكراویان كردووە كە بۆ فیلمە جەنگییەكانی ئەو پێنج دەرهێنەرەی سەردەمی جەنگ تۆماركراون. ئەوەش دەزانیت كە لۆرێنت بۆزیریۆی دەرهێنەری فیلمی پێنجیان هاتنەوە كە ئەزموونێكی دەوڵەمەندی هەیە لە دۆكیمێنتكردنی فیلم و دەرهێنەراندا بیرۆكەی چاوپێكەوتنی لەگەڵ ئەو پێنج دەرهێنەرە زیندووەی سەردەمی ئێستای پێشنیازكردووە بۆ پڕۆژەكە.

لەم فیلمەوە بینەر تێدەگات لەوەی پێنجەكەی یەكەم چ قوربانییدانێكیان پەسەندكردووە لە پێناو یارمەتییدانی وڵاتەكەیان و مرۆڤایەتیی بۆ تێگەیشتن لە ئەنگێزەكانی نازییەت و فاشیزم و فراوانخوازیی ئیمپراتۆرییانەی ژاپۆن بۆ داگیركاریی لە وڵاتانی دەر و دراوسێیان و قایلكردنی گەلی ئەمریكا و گەلانی وڵاتانی هاوپەیمانیان بۆ پێویستیی بەرپەرچدانەوەی هیتلەر و مۆسۆلۆنیی و سوپای خۆكوژ(كامیكازی)ەكانی ژاپۆن. ئەمەش لەڕێی ڕۆیشتنی ئەو دەرهێنەرانە لە بەرگی ئەفسەر و فەرماندەی سەربازییدا بۆ ئەو جەنگە لە زەمین و ئاسمان و دەریادا لە پێناو بەرهەمهێنانی هەواڵنامەی جەنگیی تۆماركراو و فیلمی دوكیومێنتیی و فیلمی سینەمایی لەسەر چیرۆكەكانی سەركەوتن یان خۆڕاگریی و قوربانییدان لە ساتەوەختی ڕاستەقینەی ڕوودانیاندا یان دووبارەكردنەوەیان- ستەیجینگ بە مۆركێكی ڕاستەقینە لە شێوەی شاكارێكی سینەماییدا كە پاش چەندین ساڵ خەڵك بۆیان دەربكەوێت ئەو فیلمە یان ئەو دیمەنە ستەیج كراو بووە نەك ڕاستیی.

بەتەماشاكردنی پێنجیان هاتنەوە دەزانیت ئەركی هونەر – هونەرمەند هەر بە تەنها قازانجی دارایی یان خەڵات بردنەوە نییە بەڵكو خۆدۆزینەوە و خۆپابەندكردن و گیانبەخشینە لەپێناو بەكارهێنانی ئەو هونەرە بە شێوەیەك كە هاوتابێت لە هێزدا یان بەهێزتربێت لە هونەری نەیار بەڵام پێچەوانە بێت لە ئاراستەی هونەری دوژمن لە ڕووی پەیام و ناوەڕۆكەوە. لەم گەشتەشدا دۆزینەوەی ناشرینیەكانی خود و كەلێنە كوشندەكانی سیستم كە لە حاڵەتی جیاوازیی نەژادیی و جیاكاریی دژ بە سەربازە ڕەش پێستەكان لە سوپای ئەمریكادا خۆی دەبینێتەوە لەگەڵ بیری نەژادپەرستانەی خودی یەكێك لە دەرهێنەرەكان (فرانك كاپرا) بەرانبەر گەلی ژاپۆنیی لە فیلمێكی پروپاگەندەییدا بەناوی " دوژمنەكەی خۆت بناسە: ژاپۆن ) كە بە ناكامی سەری نایەوە و ئامانجەكەی خۆی نەپێكا بەهۆی ڕەتكردنەوەی لە ناوەندە باڵاكانی سوپا و خۆبەدەستەوەدانی ژاپۆن لە ١٥ ئابی ١٩٤٥ دا. هەروەها باسكردن لە كاریگەرییە درێژخایەن یاخود بۆ هەمیشە لەناونەچووەكانی جەنگ و ئەوەی دەیهێنێت بەسەر سەربازە زیندووەكاندا كە خودی دەرهێنەرانیش دەگرێتەوە. لەم ڕووەوە فیلمەكە گێڕانەوەیەكە بۆ بەرهەمهێانی فیلمی دۆكیومێنتەریی " با ڕۆشنایی هەبێت" (١٩٤٦) كە چوارەم و كۆتا فیلمی جۆن هیوستن بووە لە ئەركە سەربازییەكەیدا بەڵام ڕێگەی نمایشكردنی پێنەدرا تا ساڵی ١٩٨٠ و تیایدا باس لە " پی تی ئێس دی – شڵەژانی پاش بەسەرهاتێكی هێدمە – سەدمە ئامێز) دەكات پێش ئەوەی ئەو زاراوەیە دابهێنرێت لە ئەدەبیاتی جەنگ و چارەسەری دەروونیدا.

لە كۆتاییدا دەبێت بوترێت گومانی تێدا نییە فیلمێكی سێ زنجیرەیی مێژوویی وەها بە بایەخ لەوە گەورە ترە لە نووسینێكی كورتی بینینزەدەی بینەرێك یان شەیدایەكی سینەمادا كورت بكرێتەوە، هەر بۆیە بینینی ئەم فیلمە لەلایەن سینەماكاران و خوێندكاران و دەرچووانی سینەما و سینەما دۆستانیشەوە بایەخی خۆی هەیە تا هەر بینەرێك لای خۆیەوە بە ڕەهەندە جیاوازەكانی فیلمەكە و گێڕانەوەكەی ئاشنا ببێت.

Five_Came_Back_(poster)


ئەم بابەتە 106 جار خوێندراوەتەوە