گەشتنامە کتێبی نوسەر کەریم کاکە، كه باس لە گەشتێک بۆ وڵاتی جۆرجیا دەکات بڵاوكرایهوه.
دەزگاى چاپ و پەخشی سەردەم له درێژى زنجیره كتێبه چاپكراوهكانیدا كتێبى (به سێبهرى كێوى قافهوه – گهشتانه)ى له نوسینى كهریم كاكه چاپ و بڵاوكردهوه.
شاعیر و نوسهر ئیدریس عەلی دەربارەی ئەم کتێبە نوسیویهتى:
ئەم کتێبە لە لایەن (کەریم کاکە)ەوە، نووسراوە و بەرهەمی یەکێک لە گەشتەکانیەتی بۆ وڵاتی جۆرجیا و تیایدا زۆر بە وردی، بە چاوی ئەدیب و نووسەرێکی کونجکوڵەوە، لە سەرەتای سواربوونی فڕۆکەوە بە ئاسمانی هەولێرەوە بۆ جۆرجیا، لە شتەکان و ڕووداوەکان و مرۆڤەکانی ڕوانیوە و بە زمانێکی ئەدەبی و شیعری و گێڕانەوەیەکی ئاست بەرز و تەکنیکێکی چیرۆکئامێزەوە، کۆی ئەو شتانەمان بۆ دەگێڕێتەوە، کە لە گەشتەکەیدا بینیونی، لە ڕاستیدا ئێمە پێشتر بەر چەند کتێبێکی دیکەی ئەم نووسەرە کەوتووین، کە لە بواری ڕۆمان و یادەوەریدا نووسیونی، بەتایبەت لایەنی گێڕانەوەی بیرەوەییەکانی، ئاستێکی بەرز و چێژبەخش و پڕ لە زانیاری و وردەکاریان هەیە، بێگومان جگە لە ڕووداوەکان و کاراکتەرەکان، گرنگییەکی زۆر بە زمان و جۆری گوزارشتکردن دەدات، بە گشتی کەریم کاکە ئەوەی لە نووسینەکانیدا بەرجەستە کردووە، کە چۆن دەگێڕێتەوە؟ نەک چی دەگێڕێتەوە…! بێگومان ئەمەش ڕەهەندێکی سەرکەوتنی گێڕانەوەکانی ئەم نووسەرەمان بۆ دەردەخەن و هەر ئەم حاڵەتەش وا لە خوێنەر دەکات، هۆگرییەکی زیاتری بۆ گێڕانەوەکانی هەبێت و بە ئاسانی نەتوانێت دەستبەرداری خوێندەوەیان ببێت.