pitar.jpg

پیتەر هاندکە: کتێبەکانی خۆم ناخوێنمەوە

وەرگێڕانی: شاڵاو حەبیبە

وەک نەریتی خۆیان، سایتی نۆبێل پڕایز پاش ئاشکراکردنی براوەی ساڵ، گفتوگۆیەکی تەلەفۆنی لەگەڵ نووسەرەکەدا ئەنجام دەدەن. لێرەدا دەقی ئەو گفتوگۆیە دەخوێننەوە، کە لەگەڵ پیتەر هاندکە، براوەی نۆبێلی ساڵی ٢٠١٩ـدا ئەنجام دراوە.

ئێوە گوتووتانە وەرگرتنی خەڵاتی نۆبێل جۆرێک هەستی ئازادیی پێ بەخشیون. دەکرێ ئەم هەستە زیاتر ڕوون بکەنەوە؟

هاندکە: ناتوانم ڕوونی بکەمەوە؛ هەستێکی ئازادی بوو، کە پێشتر ئەزموونم نەکردبوو. جۆرەهەستێکی عیرفانی و پێم وایە ئەمە هەستی ئازادیی من نەبوو، هەستێکی ئازادی بوو لە دەرەوەی من. نازانم. جۆرێک ئازادی کە بە تەواوی بێمەعنا و پووچ بوو.

کۆمیتەی نۆبێلی ئەدەبیات هۆکاری پێدانی نۆبێلی بە بەڕێزتان بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە، کە پشکنەر و کەشفکارن لە پەراوێز و دەوروبەردا. ئایا هەست دەکەن ئەمە شوێنێکە بوونی هەبێت؟

هاندکە: هەموو شتێک خەلق دەبێت کە لەناو بچێت و پێم وایە وەکوو پشکنەرێکی پەراوێزەکان هەستێکی باشم هەیە. ئەم ڕۆژانە و لەم تەمەنەدا هەست دەکەم دەبێ جۆرێک گۆڕانکاریم هەبێت، هەروەک چۆن هەموو نووسەران دەبێ ئەم گۆڕانە مەزنەیان هەبێت و لەگەڵیدا بژین. هیچ ئایدیۆلۆژیایەک لە پەراوێزدا بوونی نییە... من ئەمە لە شوێنی خۆمەوە هەست پێ دەکەم و دەمویست بە خەڵکانی دیکەیشی بڵێم.

وا پێ دەچێت ئێوە لە هەمبەر هەندێک لە دیدە گشتییە سەلمێنراوەکاندا جێتان گرتبێ؟

هاندکە: بەڵێ ئەمە بەهای منە. بەڵام هەندێک جاریش لەسەر ڕەوتی گشتیی خەڵک دەژیم و وەکوو خەڵکانی ترم. بەڵام ناتوانم خۆم پێناسە بکەم و لەم بابەتە کە ناتوانم تەنانەت پێناسەیەکم بۆ بەرهەمەکانی خۆیشم هەبێت بەڕاستی دڵخۆشم. بەڵام بەداخەوە خەڵکی زۆر ئەمەم لێ دەپرسن.

ئێوە نووسەرێکی پڕکار بوونە و لە زۆرێک لە ژانرەکاندا نووسیوتانە و وا دیارە چێژ لە پڕۆسێسی نووسین وەردەگرن. ئەوەی زۆرترین چێژی بۆ ئێوە هەیە چییە؟

هاندکە: خەیاڵکردن... بەر لەوەی دەست بە نووسین بکەم. خەیاڵکردن دەربارەی کتێب، دەربارەی سەفەر و ڕۆیشتن. هەندێک جار لە کۆتاییی ڕۆژ و کاتێک ڕۆژەکەم گەیاندووەتە کۆتایی، تێکڕای ئەو شتانەی نووسیومن وەکوو دەریایەکی سەمەرە بەرەو ڕووم دێنەوە. ئەمە هەستێکی زۆر باشە. هەندێک کات نووسین وەکوو شەپۆلێک بۆ لام دەگەڕێتەوە... شەپۆلێک لە بەختەوەری. هەندێک کات و نەک هەمیشە.

ئایا شتێک هەیە بە دوای بەدەستهێنانیەوە بن؟  

هاندکە: دادپەروەربوون... دادپەروەربوون. تۆ ناتوانیت فەرمان بە خۆت بدەیت کە دادپەوەر بی، بەڵام پاش ماوەیەکی دەبینی ئەوەی ئەنجامت داوە دادپەروەری بووە. پاش ئەوەی کە ئیشەکەت کرد و لەو ئانوسات و پڕۆسێسەدا.

دەتوانن پێمان بڵێن کام یەک لە کتێبەکانت بە جوانترین شێوە ئەم هەستەت پێ دەبەخشن؟

هاندکە: من کتێبەکانی خۆم ناخوێنمەوە، بەڵام هەندێک جار کە ئیدیتێکی تازەی بڵاودەکرێتەوە، دەیکەمەوە و هەست دەکەم ژیانی نووسەرەکەیان هێندەیش بێهیوا و خراپ نەبووە. زۆرێک لە ڕستەکانم فەرامۆش دەکەم. هەندێک جار خوێنەرەکانم دەربارەی شتگەلێک لە کتێبەکانمدا قسەم لەگەڵدا دەکەن کە هەرگیز بیرم ناکەوێتەوە و لە بیستنیان سەرسام دەبم. ئەوان گوتەیەک لە کتێبەکەم دەهێننەوە و من دەڵێم ئەمە بۆ من نییە و بیرم نایا ئەوەم نووسیبێ. بەڵام لە زەینمدا گەلێ هۆشیار و ئارامم. ئارامترین کاتم لە سەروەختی نووسیندایە.


ئەم بابەتە 88 جار خوێندراوەتەوە