سێوە و دڵدار لە چەند دیدارێكدا، كتێبێكە له‌سه‌ر ژیان و به‌رهه‌مى هەردوو كەسایەتی دیاری هونەری و ئەدەبی كۆیە و به‌مزوانه بڵاوده‌كرێته‌وه.
زامدار ئەحمەد ئامادەكارى كتێبه‌كه له لێدوانێكى تایبه‌ت به سایتى گه‌لاوێژ سه‌باره‌ت به‌م به‌رهه‌مه وتى: " سێوە (1891-1964) مەقابێژێكی دیاری كۆیە و كوردستان بووە، لە ماوەی ژیانیدا تەنیا (5) مەقامی تۆماركردووە و مەقامێكی فەوتاوە، واتە سێوە بە (4) مەقام بووە بەو هونەرمەندەی كە ئێستا هەموو كورد دەیناسێ و ئاشنایەتی لەگەڵ گۆرانییەكانی هەیە، هەروەها دڵدار (1918-1948) ئەو شاعیرەیە كە هەموو كورد ئاشنایەتی پێی هەیە بە تایبەتی بە شیعری (ئەی ڕەقیب) كە بووە بە سرودی نەتەوەیی كورد".
سه‌باره‌ت به ناوه‌ڕۆكى كتێبه‌كه‌ش ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه كرد، كه كتێبە بەسەر دوو بەش دابەش كراوە، بەشی یەكەم تایبەتە بە سێوە، لەم بەشەدا وتووێژ لەگەڵ دكتۆر هاوژین سڵیوە مامۆستای زانكۆ و كەسایەتی دیاری كریستانەكانی كۆیە و شارەزا لەمەڕ ژیان و بەرهەمی سێوە، مامۆستا ئارەزوو ئیسماعیل مەنسووڕ، موزیسان و شاره‌زا له ده‌نگ و گۆرانییه‌كانی سێوه كراوە.. هەروەها بەشی دووەمی كتێبەكە كە تایبەتە بە دڵدار، وتووێژ لەگەڵ دكتۆر هیوا حەمید توێژەر و لێكۆڵەر و مامۆستای زانكۆ و شارەزا لەسه‌ر ژیان و به‌رهه‌مى دڵدار و مامۆستا سەنگەر نازم وەرگێڕ و مامۆستای زانكۆ و شارەزا لە شیعر و ئەدەبی دڵدار و پێشڕەو سەید برایم نووسەر و شارەزا لە ژیانی سیاسی دڵدار ڕێكخرا كراوە، لە كتێبەدا پرسیار ورد و جیاواز لەمەڕ هەردوو كەسایەتی كراوە، زانیاری و خوێندنەوەی جیاواز بۆ ژیانی سیاسی و ئەدەبی و هونەرییان كراوە.
كتێبەكە لە لایەن (زامدار ئەحمەد) ئامادەكراوە و وتووێژ لەگەڵ بەشدار بووان كراوە.. سێوە و دڵدار، لە دووتوێی (130) لاپەڕە دیزاین كراوە و ئامادەی چاپكردنە، بڕیارە لەسەر ئەركی پێشڕەوی سەید برایمی و ڕێكخراوی ماڵی فۆتۆغراف و بەڵگەنامە چاپ بكرێ، بەم زوانە چاپ و بڵاودەبێتەوە.
سه‌باره‌ت به به‌رهه‌مه‌كانى دیكه‌شى وتى: "كتێبی "مەلای گەورە و مەسعوود محەممەد (لە چەند دیدارێكدا)"، "هەژار موكریانی (لە چەند دیدارێكدا)"، "شاكر فەتاح (لە چەند دیدارێكدا)" هاوشێوەی ئەم كتێبە ئامادەی چاپ و بڵاوكردنەوەیە، لە ئێستادا پێویستی بە سپۆنسەركردنی ئەم كتێبانەیە بۆ چاپ كردن..".
زامدار ئەحمەد، لەدایک بووی کۆیەیە، دەرچووی بەشی مێژووی زانکۆی کۆیه‌یه و له ئێستادا خوێندکاری ماستەرە لە به‌شى مێژووى هه‌مان زانكۆ، لەماوەی ڕابردوودا شەش كتێبی مێژوویی بڵاوكردۆتەوە..
زامدار ئەحمەد