Rishola.jpg

سێزدە ڕێگای ڕوانین لە ڕیشۆڵەیەك

واڵاس ستیڤنس - لە ئینگلیزییەوە: زاموا محەمەد

1

لەنێوان بیست چیای بەفریندا

تاقە شتی جووڵاو

چاوى ڕیشۆڵەكە بوو.

 

2

من لە سێ ئاوەز بووم

وەك درەختێك

كە سێ ڕیشۆڵەى بەسەرەوە بێت.

 

3

ڕیشۆڵەیەك لە بای پاییزدا وەرسووڕا،

بەشێکی بچووک بوو لە فانتۆمیمەكە.

 

4

ژنێك و پیاوێك

یەكن.

ژنێك و پیاوێك و ڕیشۆڵەیەك

یەكن.

 

5

نازانم كامیانم زیاتر بەدڵ بێت،

جوانیی سەرف

یان جوانیی تەوریە،

جریوەى ڕیشۆڵەكە

یان ئەوەى بە دوایدا دێت.

 

6

وردە شەختە پەنجەرەكەی تەنییەوە و

كردیە شووشەى گرنج.

سێبەرى ڕیشۆڵەكە

بەسەریدا هات و ڕۆی.

میزاج

لە سێبەرەكەدا

شوێن باعیسێك كەوت

كە شیی ناكرێتەوە.

 

7

ئەى پیاوە باریكەڵەكانى هادەم

بۆ باڵندەی زێڕین وێنا دەكەن؟

ئەى ڕیشۆڵەكە نابینن

بە دەوری پێیەكانى

ژنەكانى دەورتاندا دەسووڕێتەوە؟

 

8

من شێوەزارى خانەدان و

ڕیتمە ڕوون و حەتمییەكانیش دەزانم.

لێ دەشزانم

كە ڕیشۆڵەكە بەشدارە

لەوەدا كە من دەیزانم.

 

9

كاتێك ڕیشۆڵەكە

بەرەو دەرەوەی دیدگا فڕی،

نیشانەى خستە سەر قەراغی

یەكێك لە چەندین بازنە.

 

 

10

لە دەمی بینینی ڕیشۆڵەكان

كە بە نێو نوورێكى سەوزدا دەفڕن،

تەنانەت گەوادەكانى دەنگسازییش

قیژەی دەنگتیژ دەكەن.

 

11

بە كۆنیكتیكوتدا ڕۆیشت

بە ئەسپوگالیسکەیەکی شاهییەوە،

بۆ ساتێک، ترسێك چوو بە گیانیدا

كاتێك سێبەری ئەسپوگالیسکەکەی

لێ بووە ڕیشۆڵە.

 

12

ڕوبارەكە دەجووڵێت،

بێشك ڕیشۆلەكە هەڵدەفرێت.

 

13

بە درێژایی پاشنیوەڕۆ ئێوارە بوو.

بەفر دەباری و

هەر دەشباری.

ڕیشۆڵەكە لەناو لقوپۆپی

دارئورزەكاندا هەڵنیشت.


ئەم بابەتە 131 جار خوێندراوەتەوە