Mastwra.jpg

مەستوورەى ئه‌رده‌ڵانى، لە غەزەلی شاعیراندا

ئەمڕۆ  9/12/2020 یادی مردنی ژنە نووسەر و مێژوونووسی کورد( مەستوورەی ئەردەڵان)یە و سایتی گەلاوێژ بەم بۆنەیەوە وەک یادێک لە نموونەی ژنێکی جیاواز و بەتوانای کورد یادی دەکاتەوە.

 دەربارەی ژیان و بەرهەمی مەستوورە

 مەستورەی ئەردەڵان یەکێکە لەو خاتوونە کوردە ئەدیبانەی لە سەردەمی خۆیدا پێشەنگ و بەتوانابووە و خاوەنی چەندین بەیتە شیعری گرنگ و جوانبووە.

مەستوورەی ئەر‌دەڵان ژنە شاعیرو مێژوونووسە ناوی خۆی (ماە شەرەف خانم) بووە و دواتر وەک نازناو بە  مەستوورە بانگ کراوە و بەناوبانگ بووە.  لەدەوروبەری ساڵی ١٨٠٤ی زاینی لەبنەماڵەی قادرییەکانی سنەدا، کە ئەوسا زۆر لای والییەکان جێگە ڕێز و ستایشبوون، لەشاری سنە ھاتووەتە دنیاوە و لە ساڵی ١٨٤٨ کۆچی دوای کردوە.

مەستوورە لەگەڵ خوسرەوخان، هاوسەرگیری کردووە و  خانیش لەشیعرداناندا لە مەستوورە نزیکبووەتەوە و لەدیوانی ھەردووکیاندا شیعر بەیەکدا ھەڵدانیان زۆر بەرچاوە. مەستورەی کوردستانی لە ژیانیدا (٢٠) ھەزار بەیتە شیعری بە زمانی فارسی داناوە. بەڵام دیوانی شیعرەکانی بە ھۆی کێشە و قەیرانی ناو میرایەتی ئەردەڵانەوە ونبووە و ئێستا مێژوو نووسان خەریکن لێکۆڵینەوە و نووسینەکان زیاتر دەکەن لەبارەی ئەو ژنە جیاواز و مێژوونووسە کە لە سەردەمەدا ژیاوە.

 جیاوازی مەستوورە و گرنگی بەتایبەت لەویادا دێت، کە لەناو بنەماڵەیەکی میر و دەرەبەگدا دەژی و لە وڵات و قۆناخ و سەردەمێکدا کە ژن بە پێی کلتوور و دین و داب و نەریتەکان، جیاوازییەکی گەورەی لە پیاو هەبووە ئەو فێری خوێندەواری و نووسین بووە و بە پاڵپشتی باوکی شیعری داناوە.

 جگە لە شیعر مەستورەی کوردستانی وەک مێژوونوسێک کتێبێکی مێژوویی بە ناوی "مێژووی کوردستان" داناوە. ھەروەھا کتێبی دینی دەرکردووە لە بواری عەقیدە و شەرعدا، کتێبەکانی نیشانەی قوڵبوونەوەی بووە لە دینداریدا و خۆشی دوانزە عیلمی تەواو کردووە و، وەک ھەر کەسێکی تری قوتابی دینی یان بڵێین وەکوو هەر فەقێیەک کە حوجرە تەواو دەکات زمانی عەرەبیشی خوێندووە. مەستوورە خاتوون ئیجازەی دوانزە عیلمی وەرگرتووە.

 لە قەسیدەیەکدا بەم بەیتە دەست پێدەکات:

گرفتارم بەنازی چاوەکانی مەستی فەتتانت
بریندارم بە نێشی سینەدۆزی تیری موشگانت

 مەستوورە و شاعیران:

مەستوورە ئەوکاتە بەتەنیا ژنێکی دیار و ڕۆشنبیری نێو بزاوتی ڕۆشنبیری کوردی بووە و بووەتە جێگە سەرنجی زۆرێک لە شاعیرانی وەک نالی و مەولەوی.. لەسەر ئەم لایەنە نووسەر کامەران سوبحان لە پاژێک لە کتێبی لە خەیاڵەوە.. بۆ خۆڵ لەسەر نالی دەنووسێت:

 (مەستوورە کە حەسنا و ئەدیبە بە حیسابێ) یەکێکە لە شیعرە بەناوبانگەکانی(نالیی)و درێژترین شیعری دیوانەکەیەتی. لەم شیعرەدا، نالیی هەجوی "مەستورەی ئەردەڵانی"دەکات! شیعرەکە خەیاڵ و خەونی شاعیرێکە، بۆ جوانی و زیرەکیی ئەم کچە شاعیرە لەو سەردەمەدا. تێکەڵەیەکە لە ڕستە و ڕەوانبێژیی و مەنەلۆگی "نالیی" بۆ مەستوورە.! لەیەکەم دێڕی شیعرەکەوە دیارە کە نالیی خەونێکی خۆی بە شیعر دەگێڕێتەوە، بەدەر لە ناوی شیعرەکە، لە چەندین شوێنی شیعرەکەشدا، ناوی مەستوورە هاتووە. سەرەتای شیعرەکە، بەجۆرێ لە گاڵتەوە، باسی مەستوورە دەکات. وەک ئاماژەیە بۆ هەمو ئەو وتە باوانەی کە لەو سەردەمەدا کە ڕوخساری جوانی مەستوورەیان بینیووەو پێی سەرسام بوون. یان چیرۆکی زیرەکی و ئاست بەرزی شیعرەکانیان گێڕاوەتەوە:

مەستوورە کە حەسنا و ئەدیبە بە حیسابێ
ھاتە خەوم ئەمشەو بە چ نازێک و عیتابێ!
ھاتووم، وتی عوقدەم ھەیە، قەت مومکینە وابێ؟
ھی تۆم ئەگەرەم مەسئەلە حەلکەی بە جەوابێ
ھەر مەسئەلە بیکرێ کە بە تۆ شەرحی کرابێ
مومکین نییە کەس دەخڵی بکا چین و خەتابێ

هەر لەو سەردەمەشدا، ناوبانگی شیعری مەستوورە، وا لە مەولەوی شاعیر دەکات لە شیعرێکیدا بەم شێوەیە وەسفی بکات:

خورشیدەکەی ناز، ئەوج بورج سەور
سەر توغرای دەفتەر مەحبوبان دەور
هانە یانەکەی بورج شەرەفدا
نوور ئەفشانیشەن وە هەر تەرەفدا

چەندین شاعیری تری وەک "ئەحمەد بەگی کۆماسی و حوسێن قولی خانی ئەردەڵان و خەسرەو بەگی ناکام" شیعر و شانامەیان بەسەر(مەستوورە)دا نووسیووە.

مەستوورەش، بە شیعرێک لە خەیاڵ و وێنەی تەنز، بە هەمان شێواز، وەڵامی "نالیی و مەولەوی" و شاعیرانی تری داوەتەوە. بەڵام ئەو شیعرە فەوتاوە.! چونکە، مەستوورە، لە 20 هەزار بەیت شیعر  18 هەزاری فەوتا بێت، ڕەنگە لەو شیعرە فەوتاوانەدا ئەم شیعرەی تێدابێ، کە وەڵامی ئەو شاعیرانەی داوەتەوە!


ئەم بابەتە 242 جار خوێندراوەتەوە