Salman.jpg

سانسۆر دژی داهێنانە

سەلمان ڕوشدی - وەرگێڕانی: تارا شێخ عوسمان

سانسۆر ئەو شتەیە كە دەتوەستێنێت لەوەی دەتەوێت بیكەیت، ئەوەی نووسەرانیش قسەی لەسەر دەكەن ئەوەیە كە دەیكەن، نەك ئەوەی كە دەبێتە ڕێگر لەوەی دەیكەن. هیچ نووسەرێك نییە حەزی لەوە بێت باسی سانسۆر بكات، نووسەران دەیانەوێت باسی داهێنان بكەن، سانسۆریش دژی داهێنانە، وزەیەكی نەگەتیفە، هێنانەئارای نابوونە بۆ بوون، یان بە خواستنی وەسفێكی (تۆم ستورارد) بۆ مردن (نائامادەیی بوون).

دەیانەوێت قسە لەسەر ئەوە بكەن چەندە كرێ وەردەگرن، زۆربڵێی بكەن لە بارەی نووسەرانی تر و ئەو پارەیەی ئەوان وەریدەگرن، دەیانەوێت سكاڵا لە ڕەخنەگران و بڵاوكەرەوەكان بكەن و ناڕەزایی خۆیان لە سیاسییەكان دەربڕن، دەیانەوێت قسە لەسەر ئەوە بكەن كە حەزیان لێیە و باسی ئەو نووسەرانە بكەن كە خۆشیان دەوێن، باسی ئەو چیرۆك و تەنانەت ڕستانە بكەن كە مانایەك دەگەیەنێت بۆیان، لە كۆتایشدا دەیانەوێت باسی بیروڕاكانی خۆیان و چیرۆكە تایبەتەكانیان بكەن، باسی شتەكانیان بكەن.

نووسەری گاڵتەنووسی بەریتانی (پۆل جیننگز) لە وتارە بلیمەتانەكەی دەربارەی (بەرگریكاری) كە لاسایكردنەوەیەكی گاڵتەئامێزانەی بوونگەراییە، پێشنیازی ئەوە دەكات كە جیهان دابەش بووە بەسەر دوو چیندا (شت) و (ناشت). لەنێوان ئەو دوانەشدا جەنگێكی بەردەوام هەیە، ئەگەر نووسین (شت) بێت، ئەوا سانسۆر (ناشت)ەكەیە. هەر وەك شالیریش بە كۆردیلیای وت "هیچ شتێك لە ناشتەوە نایەت".(١)

 گەر ویستت (هەوا) بكە بە نمونە، ئەوەتا لە دەروبەرمانە، زۆر و خۆڕاییە، شایەنی هەناسەدانی هەموانە. دەزانم بەتەواوی سازگار و پاك نییە، بەڵام بە هەرحاڵ بوونی هەیە و بە زۆرییش بەشی هەموومان دەكات و لێیشی دەمێنێتەوە. كاتێك هەوا وا بەردەست بێت و بێ بەرامبەر و بەو بڕەش بێت، پێویست بەوە ناكات داوا بكرێت هەوا بۆ هەموان و بەخۆڕایی دەستبەر بكرێت و بڕەكەی وا بێت بەشی هەموان بكات. دەتوانیت ددان بە بوونی ئەوەدا بنێیت كە هەتە، یان چاوی لێ بپۆشیت، كەواتە پێویست ناكات لەبارەیەوە دەنگەدەنگ بكەیت. تۆ هەوای خۆڕایی شیاوی هەناسەدان هەڵدەمژیت و دەژیت. هەوا بابەت نییە، شتێك نییە زۆربەمان بمانەوێت مشتومڕی لەبارەوە بكەین.

بیهێنە پێش چاوی خۆت لە شوێنێك و لە بەرزاییەك دوو بۆری زەبەلاح ببینیت، ئەو هەوایەی تۆ هەڵیدەمژیت لەو دوو بۆرییەوە بێنە دەرەوە. هەوایەكی سارد و هەوایەكی گەرم و هەوایەكی مامناوەندیش لە یەكەیەكی تێكەڵكردنی ئاسمانیی ئەوتۆوە، پاشان بیهێنە بەرچاوت ڕۆژێك قەوارەیەك لەوێ لەو بەرزاییەوە كە نایناسین یان ڕەنگە بیناسین یەك لە دوای یەك بۆرییەكان بگرێتەوە، ئیدی هەست بە هێواشبووەنەوەی ئەو هەوایە دەكەین كە هەبوو و شیاوی هەناسەدان و خۆڕایی بوو و كەم دەبێتەوە. كاتێك دەزانین هەناسەمان تووند دەبێت، بە ڕادەیەك هەناسە دەدەین بۆ داواكردنی هەوا. لەو كاتەدا زۆربەمان دەستمان كردووە بە ناڕەزایی بۆ ئیدانەكردنی كەمیی بەخشینی هەوا و بە دەنگی بەرز داوای مافی پێدانی هەوای خۆڕایی و شیاوی هەڵمژین دەكەین، دەتوانیت بڵێیت (كەمیی) داخوازیی دروست دەكات.

ئازادیی ئەو هەوایەیە كە هەڵیدەمژین، ئێمە كە لەو بەشەی جیهان دەژین سەرەڕای خەوشەكانی، هەوای خۆڕایی هەڵدەمژین، لانی كەم ئەگەر ئەو گەنجە ڕەشپێستانەی (مەیامی) نەبین كە بلوزی كڵاوداریان لە بەردایە كە دەتوانن لێوەی هەناسە بدەن و ئەگەر ئەو ژنانەی (ویلایەتە سورەكان)(٢) نەبین كە هەوڵ دەدەین بڕیارگەلێك بدەین كە تایبەتە بە جەستەمانەوە. هەوایەكی خۆڕایی و شیاوی هەڵمژینی نائایدیالیمان هەیە، بەڵام مادام شیاوی هەناسەدانە و خۆڕاییە، پێویستمان بەوە نییە گۆرانی بڵێین و سەمای بۆ بكەین، هەر هێندەیە ددان دەنێین بە بوونیدا و دەڕۆین.

كاتێك شەو چاو لێكدەنێن، وای دادەنێین كە سبەی ئازاد دەبین، چونكە ئەمڕۆ ئازاد بووین. كاری داهێنەرانە بەتەنها ئازادیی پێویست نییە، بەڵكو گریمانەی ئازادیش. ئەگەر هونەرمەندێكی داهێنەر ترسا لەوەی بەیانی ئازاد نابێت، ئەگەر لە ئاكامی هەڵبژاردنی بابەتەكەی و شێوازی چارەسەركردنەكەی ترسا، كەواتە ئەوە بەهرە نییە كە هەڵبژاردەكانی دیاری دەكات، بەڵكو ترسە. ئەگەر متمانەمان بە ئازادییەكەمان، نەبێت ئەوا ئازاد نین.

لەوەش خراپتر، كاتێك سانسۆر خۆی هەڵدەقورتێنیتە هونەرەوە و دەبێتە بابەتەكەی، ئەوە هونەرەكە دەبێتە هونەرێكی قەدەغە، جیهانیش وا دەیبینێت و تێیدەگات. سانسۆركار ئەو كارە بە نائاكاریی زیادەڕۆیی و كفركردن و بێ پەردە و جێگەی مشتومڕی لەقەڵەم دەدات، ئیدی ئەو وشانە بۆ هەتایە وەك باڵندەكانی نەورەس بە دەوری گەردنی ئەو دەریاوانە نەفرەتلێكراوەوە، واتە كارە قەدەغەكەوە بە هەڵواسراوی دەمێننەوە.

هێرشكردنە سەر كارێك زیاترە لە سنورداركردنی، چونكە بەلای جەماوەری ئاساییەوە بە جۆرێك لە جۆرەكان ئەو كارە هەمان كارە بەرامبەر هەر خوێنەرێكی (خۆشەویستەكەی لەیدی چاترلی)(٣) و (خولگەی قرژاڵ)(٤) هەموو دیمەنەكانی (دواتانگۆ لە پاریس)(٥) یان (پرتەقاڵی ئالی)(٦)، دەیان و سەدان و هەزاران كەس هەن كە ئەو كارانە بە كاری زۆر پیس و زۆر توندوتیژ یان هەردووكیان دەناسێنن.

ئیدی گریمانەی گوناه دەبێتە جێگرەوەی گریمانەی بێگوناهی. چی وای كردووە ئەو هونەرمەندە موسڵمانە ئەو خواوەندە هندییە بە ڕووتی بكێشێت؟ ئایا نەیدەتوانی ڕێز لە پۆشتەییەكەی بگرێت؟ بۆچی ئەو نووسەرە ڕووسییە وای كرد پاڵەوانی ڕۆمانەكەی بكەوێتە داوی خۆشەویستی نەوجەوانێكی سەرنجڕاكێشەوە؟ ئایا نەیدەتوانی تەمەنێكی یاسایی پەسەندكراو هەڵبژێرێت؟ بۆچی ئەو شانۆنامەنووسە بەریتانییە وەسفی دەستدرێژییەكی سێكسی دەكات لە (گۆردوارا)ی پەرستگەی سیخەكان؟ ئایا نەدەكرا ئەو دەستدرێژییە لە خاكی پیرۆز دەرهێنێت؟ بۆچی هونەرمەندەكان كێشە دەنێنەوە؟ ناتوانن جوانی و ڕەوشت و چیرۆكێكی باشی نەفرەتیمان پێشكەش بكەن؟ بۆچی وا دەزانن ئەگەر بەو شێوازە مامەڵە بكەن، ئێمە لە ڕیزی ئەوان دەبین؟

"هەموو خەڵك وتیان دانیشە تۆ بەلەمەكە دەلەنگێنیت/ شەیتان ڕاتدەكێشێتە خوارەوە، بەو ڕۆحە قورسەوە هەرگیز سەر ئاو ناكەوی/ دانیشە، دانیشە، دانیشە، دانیشە، دانیشە/ تۆ بەلەمەكە دەلەنگێنیت"(٧).

لەوپەڕی چالاكیدا، درۆی سانسۆركار سەردەگرێت بۆ داگیركردنی شوێنی ڕاستەقینەی هونەرمەند و ئەو بڕوایە بڵاو دەبێتەوە کە ئەو شتەی قەدەغەكراوە، شایانی قەدەغەكردنە. لەراندنەوەی بەلەمەكە شتێكی قێزەونە. ئەمە تەنها لە جیهانی هونەردا نییە، چونكە وەزارەتی حەقیقەت لە چینی هاوچەرخ سەركەوتوو بووە لە باوەڕپێهێنانی بەشێكی زۆری گەلی ئەو وڵاتە كە پاڵەوانانی گۆڕەپانی (تیانانمن) لە ڕاستیدا چەند كەسێكی شەڕەنگێزن و دەیانەوێت نەتەوە لەناوبەرن. ئەوە سەركەوتنی كۆتایی سانسۆركارە: كاتێك خەڵك توانای ئەوەی نەبێت بیر لە ڕاستی شتەكان بكاتەوە، بەوانەشەوە كە دەزانن بە شێوەیەكی هەمیشەیی ئامانجی درۆكانن.

زۆر جار شاكارێكی قەدەغەكراو ڕووبەڕووی وەسفەكانی سانسۆر دەبێتەوە و خۆی دەسەلمێنێت (ئۆلیسیس) و (لولیتا) و (هەزارویەك شەوە) بە نموونە. زۆر جاریش هونەرمەندانی مەزن و ئازا لە ڕووی سانسۆركەراندا دەوەستن و بە نهێنی داهێنان لە كارێكی سەرسوڕهێنەردا دەكەن، وەك ئەدەبی (سامیزدات) لە یەكێتی سۆڤییەتی جاران، یان بۆ دروستكردنی فیلمی سەرنجڕاكێش و خۆقوتاركردن لە چەقۆی سانسۆركەر، وەك زۆر لە فیلمە سینماییە ئێرانییە هاوهاچەرخەكان و هەندێك فیلمی چینی.

تەنانەت هەندێك هەن دەڵێن "سانسۆر گرنگە بۆ هونەرمەندان، چونكە ئاڵنگاری خەیاڵدانیان دەبێت، وەك ئەوەی بڵێن ئەگەر هەردوو دەستی كەسێك ببڕیتەوە دەتوانیت ستایشی بكەیت كە بە گرتنی قەڵەمەكەی بەددانی فێری نووسین بووە".

سانسۆر خزمەتی هونەر ناكات و خراپترین ڕەهەندە بەلای خودی هونەرمەندانەوە، كارەكانی (ئاوی ویوی) ماوەتەوە، بەڵام خودی هونەرمەندەكە ژیانێكی سەختی هەیە. ئۆڤیدی شاعیر لە لایەن (ئۆگۆست سیزەر)ی تووڕەوە دوورخرایەوە بۆ دەریای ڕەش و ئەوەی مابووەوە لە ژیانی لە چەقی دۆزەخدا بەسەری برد كە پێی دەوترا (تومیس)، بەڵام شیعرەكانی ئۆڤید دوای لەناوچوونی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانییەكانیش مایەوە.

(مێندلستام)ی شاعیر لە سەردەمی ستالیندا لە یەكێك لە سەربازگەكانی كاری زۆرەملێدا مرد، بەڵام شیعرەكانی لە یەكێتی سۆڤیەت زیاتر ژیا. لۆركای شاعیری ئیسپانی لەسەر دەستی بەكرێگیراوانی ژەنەراڵ فرانكۆ كوژرا، بەڵام شیعرەكانی لە حیزبی (ڤالانچ)ی فاشیی زیاتر ژیا. لەبەر ئەوە دەتوانین بڵێین هونەر لە سانسۆر بەهێزترە، ڕەنگە زۆر كات وابێت، بەڵام هونەرمەندان لاوازن.

لەم ماوەیەدا، كۆمەڵەی (پێن)ی ئینگلیزیی(٨) لە ئینگلتەرا ناڕەزاییان دەربڕی لە دژی پێشانگەی كتێبی لەندەن كە كۆمەڵێك نووسەری چینیی بانگهێشت كردووە كە پێیان دەوترێت نووسەرانی ڕەسمیی و لە لایەن حكومەتی چینەوە پشتیوانی دەكرێن. لە كاتێكدا دەنگی لانی كەم (35) نووسەر كە لە زیندانەكانی حكومەتی چیندان، لەوانەش (لیو شاوبۆ)ی خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ و (زۆیوفۆ)ی شاعیری جیابووەوە و ئۆپۆزیسیۆن، كپ و بێبایەخ كراوە. لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكاش، هەموو ساڵێك دەمارگیرەكان دەیانەوێت كتێبی چەند نووسەرێك قەدەغە بكەن وەك (كۆرت فۆنیگۆتو) و (جەی كەی ڕۆلینگ) كە بە شێوەیەكی ئاشكرا پشتیوانی لە جادووی ڕەش دەكات. هەروەها لایەنگرانی دیزاینی ژیرییش بەردەوامن لە دژایەتیكردنی كتێب و نوسینەكانی (چارلز داروین).

جارێكیان نووسیم و هێشتاش ئەوە بەڕاست دەزانم كە هێرشكردنە سەر تیۆری گەشەسەندن لە بەشێك لە ویلایەتە یەكگرتووەكان خۆی لە خۆیدا سوودبەخشە بۆ ڕەتكردنەوەی تیۆرەكە، چونكە دەریدەخات كە هەڵبژاردنی سروشت هەموو كات سەركەوتوو نابێت لانی كەم لە ناوچەی كانساس، مرۆڤەكان دەتوانن بەرەو دواوە و بە ئاراستەی بازنەی ونبووش گەشە بكەن.

ئەوەی مەترسیدارە ئەو كاردانەوەیە زۆر پەسەند بكرێت كە خۆی لە ڕستەی (بەلەمەكە مەلەگێنە)دا دەبینێتەوە و لە دژی ئەو هونەرمەندانەی كە دەیجوڵێننەوە. ئەو كۆكبوونەیە لەسەر ئەوەی دەكرێت سانسۆر پاساوێك بێت كاتێك خاوەن بەرژەوەندی و خاوەن ئینتیمای ڕەگەزی و ئایینی دیاریكراو ڕایبگەیەنن كە لەبەرامبەر كارێكی هونەری دیاریكراودا هەست بە سووكایەتی دەكەن.

هونەر مەزنە، یان تەنها و بە خاكەڕاییەوە بڵێین هونەری ڕەسەن لە ناوچەیەكی ناوەندیی ئاسودەدا خەڵق ناكرێت، بەڵكو هەمیشە لە لێواردا خەڵق دەبێت. ڕەسەنایەتی مەترسیدارە، ئاڵنگاریی دەكات، پرسیار دەكات، گریمانەكان ڕەتدەكاتەوە، ڕەمزە ئاكارییەكان دەلەرزێنێت، ڕێزی مانگا پیرۆزەكان و ئەوانی تر كەمدەكاتەوە. دەكرێت هونەر شۆكهێنەر بێت، یان ناشرین بێت، یان بە بەكارهێنانی گوزارشتێكی گشتگیر مەعشوقی ڕۆژنامە زەردەكان بێت، مشومڕ هێنەر بێت. ئەگەر بڕوامان بە ئازادی بێت، ئەگەر بمانەوێت ئەو هەوایەی هەڵیدەمژین زۆر و شایەنی هەڵمژین بێت، ئەوە هونەرە و دەبێت بەوەوە نەوەستین بەرگری لە مافی مانەوەی بكەین، بەڵكو دەبێـت ستایشی بكەین. هونەر سەرگەرمیی نییە، هونەر لە باشترین حاڵەتیدا شۆڕشە.

 

پەرواێزەكان:

(١)Report on Resistentialism, by Paul Jennings

(٢) ئەو ویلایەتە ئەمریكیانەیە كە زۆرینەی دانیشتوانەكەیان لایەنگری پارتی كۆمارین

(٣) Lady Chatterley‌s Lover

(٤) Tropic of Capricorn

(٥)Last Tango in Paris

(٦)A Clockwork Orange

(٧)"Sit Down, You're Rockin' the Boat" by Frank Loesser

(٨) English PEN

 

سەرچاوە: التكوین- وەرگێڕانی بۆ عەرەبی: الاء نحلاوي


ئەم بابەتە 66 جار خوێندراوەتەوە