تەکسی درایڤەر (taxi driver)، ناوی فیلمە بەناوبانگ و سەیر و سەمەرەکەی دەرهێنەری ئەمریکی مارتن سکۆرسیزە _ کە ساڵی ١٩٧٦ بەرهەمهێنرا و پاش ماوەیەک بووە یەکێک لە باشترین فیلمەکانی مێژووی سینەما.
فیلمی تاکسی درایڤەر کە بە یەکێک لە فیلمە بەناو بانگ و سەیرەکانی مێژوی سینەما دەژمێرێت، باسی کۆنە سەربازێکی دەریایی جەنگی ڤێتنام دەکات بەناوی تراڤیس کە شۆفێری تەکسییەو لە ساڵانی گەنجی تەمەنیدایە و تووشی نەخۆشی دەروونی بووە و لەوێووە بێخەوییەکی توند و بێزار کەر ژیانی داگیر دەکات. راڤس توشی گرێیەکی قوڵی خۆ بەکەم زانی و هەستکردن بە فەرامۆشی دەبێت و بۆ کۆتایی هێنان بەم گرێیە کارگەلێکی سەیر و جیاواز دەکات لە ژیانیدا.
ڕۆژەکانی بە سەیری فیلمی ڕووتەوە بەڕێدەکات شەوان لەتاو بێخەوی دەبێتە شۆفێری تەکسی و بەشارە جەنجاڵ و پڕ ترومبێل و مرۆڤە سەرخۆشەکەیدا دەگەڕێت، ئەم گەڕانە دەیگەیەنێت بەو شوێنەی کە تێدەگات شارەکەی کە نموونەیەکی بچوکی کۆیی شارەکانی دونیایە، بووە بەکانگای پیسی و دڵ ڕەقی و ناشرینی. راڤس تەنیاییەکی قورس و بەئازار ژیانی داگیر کردووە و ئەم تەنیاییە هەمیشەییە لەناو پیاسە و شۆفێری و پاڵکەوتن و سەیری فیلمەکانیدا، لەناو باڕ و جێگەکانی تریدا ئامادەیە و لە شوێنێکدا ڕاڤس لەو پەڕی نیگەرانی و دڵ شکانەوە دەڵێ: من پیاوی تەنیایی خودام.
دەربارەی ڕۆبەرت دینیرۆ دەربارەی ئەفسانەی ڕۆڵبینین:
کاتێک باسی هۆڵیود و سینەمای جیهان دەکرێت، دەبێت ئەو مرۆڤە باڵا بەرز و توند و جارجاریش سوعبەتچییە لەیاد نەکەین کە بە ئەفسانەی ڕۆڵبینین و کارەکتەری فیلمە گرنگەکان دادەنرێت.
ڕۆبەر دینیرۆ جۆنیۆر لە دایکبووی ١٩٤٣ یە و بەڕەگەز ئیتاڵییە و باووباپیرانی لە کۆچبەرە ئیتالییەکانن. ئەو ئەکتەر و بەرهەمهێنی فیلمە و دایک و باوکی دوو هونەرمەندی ئەوکاتی ئەمریکا بوون و کاتێک دینیرۆ دەگاتە تەمەنی دووساڵی لێکجیادەبنەوە. وەک هەر کۆچبەرێکی تری ئەوساڵانەی ئیتالیا یەکێک لە وێستگە گرنگەکانی دینیرۆ چرکەساتی کۆچکردنییەتی لە ئیتالیاوە بۆ ئەمریکا. بۆ ناو دونیا و ژیانێکی نوێ.
دینیرۆ سەرەتا دەنێردرێتە قوتابخانەی (لیتڵ ڕید) و دواتر دەردەهێنرێت و دەنێردرێت بۆ قوتابخانەی هونەر و مۆسیقا بەڵام لەتەمەنی (١٣) لەو قوتابخانەیە دوور دەخرێتەوە، پاشان پەیوەندی دەکات بە ستۆدیۆی (ستێلا ئادلەر)ەوە بۆ نواندن، لە کاتێکدا ئەم ستۆدیۆیە لەسەر ڕێبازی تیۆرست و دەرهێنەری ڕوسی (ستانسلاڤسکی) شانۆکار بو بۆ نواندن. دواتر لەگەڵ (لی ستراسبێرگ) لە ستۆدیۆیەکی تایبەت لە نیویۆرک دەستیکرد بە مەشق بۆ ئەوەی لە ئەکتەرێکی گوندی و ناوچەییەوە ببێتە ئەکتەرێکی جیهانی سەر شاشەکان.
ژیانی هونەری دینیرۆ لە شانۆوە دەستپێدەکات بەڵام بەماوەیەکی کەم پێدەنێتە جیهانی سینەما و شاشەی سینەماکان بەنواندنە پڕ ئەفسوون و واقعیەکەی داگیردەکات.
تەکسی درایڤەر _ یەکێک لە ئەزموونە زۆر باش و واقعیەکانی ئەوە و وەک یەکێک لە شاکارەکانی مێژوی کارکردنی ئەو سەیر دەکرێت، ئەو کە خۆی گوتەنی: پیاوی تەنیایی خودایە.
دەربارەی دەرهێنەری کارەکە:
مارتن سكۆرسیزی، فیلمساز و بەرھەمھێنەر و سیناریۆنووس و نواندنكاری ئەمریکییە؛ لە ١٧ی تشرینی یەكەمی ساڵی ١٩٤٢ لە نیویۆرك لەدایكبووە. فیلمە بەناوبانگ و سەیرەکانی ئەو بە چیرۆکە توندوتیژەکانی نێوی و بە موزیکە ڕۆکەکانی دەناسرێتەوە، موزیکی ڕۆک لە فیلمەکانی سکۆرسیزدا ئامادەییەکی هەمیشەیی و بەرچاوی هەیە.
مارتن ساڵی ١٩٦٤ لە کۆلێژی نیویۆرک لە ئەمریکا بڕوانامەی دبلۆم لە ئەدەبی ئینگلیزی و ساڵی ١٩٦٦ ماستەر لە هونەرە جوانەکان لە هەمان کۆلێژ بەدەست دەهێنێت.
دامەزرێنەری دوو ڕێکخراوی سینەماییە، یەک: ١٩٩٠ ڕێکخراوی بەرهەمهێنانی فیلم بێ بەرامبەر.
دوو: ٢٠٠٧ ڕێکخراوی سینەمای جیهانی دادەمەزرێنێت کە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ناوەندی فیلم وسینەما دادەنێت لە ڕێگایانەوە.
یەکەم فیلمی ئەوە(Who’s That Knocking At My Door) و ساڵی ١٩٦٧ بەرهەم هێنراوە، لە فێستیڤاڵی فیکمی شیکاگۆدا نمایشدەکرێت، کە فیلمێکی درامیی ە و هارف کیتل و زینا بیسون و چەند ئەکتەرێکی تر ڕۆڵی تیادا دەبینن.
سكۆرسیزی لەو دەرھێنەرانەیە كە لە فیلمەكانیدا نواندنكار و تەكنیككاری دووبارە بەكاردەھێنێت، بۆ نموونە: نۆ فیلمی لەگەڵ "ڕۆبێرت دی نیرۆ" و پێنج فیلمی لەگەڵ "لیۆناردۆ دی كاپریۆ" و ھەروەھا "ثێلما سكۆنمەیكەر"ی ئێدیتەر (دەستكاریكار) كە سەرجەم فیلمەكانی سكۆرسیزی دەستكاری كردووە هەیە. .
مارتن سكۆرسیزی براوەی چەندین خەڵاتی جیاجیایە بۆ باشترین دەرھێنەر و باشترین فیلم و سینەماتۆگرافی و بە یەكێك لە كاریگەرترین فیلمسازەكانی مێژووی سینەما دادەنرێت .
سایتی گەلاوێژ پێشنیاری سەیرکردنی فیلمی تەکسی درایڤەر دەکات بۆ ئێوە.