Shwan.jpg

گوڵدانەکان پڕدەکەین لە بێدەنگی

شوان سەعید

ئێوارەیەکی پیر بەدیار دڵتەنگییەکی گەنجەوە

دادەنیشین،

شەقامەکان بە هۆڕێنی ئۆتۆمبیلەکان دەزرینگێنەوە،

کەچی هێشتا خۆشبەختی ئێمە لە خەوێکی

قوڵدایە.

لە کۆتایی هیچ بارانێکدا ناتوانین لەگەڵ پەلکەزێڕینەدا بچینە مانگی هەنگوینییەوە.

لەگەڵ سووتانی دەنووکی پاسارییەک،

بەسەر تەنافی ئازارەوە

خوێن لە دڵمان دەتکێ

لە چاوەڕوانی ڕژانی کۆترەکاندا بەسەر سێبەری

یادەوەرییەکاندا ساتمە دەکەین

وەکوو سمۆرەیەکی خەواڵو تاریکی بەسەر پێستماندا تێدەپەڕێت

بە جانتایەکی پڕ لە نائومێدیەوە لە فارگۆنەکاندا

بەدوایی تارماییدا دەگەڕێین،

دەگەڕێینەوە بەر پەنجەرەیەکی دڵشکاو و

گوڵدانەکان پڕدەکەین لە بێدەنگی.

کاتژمێرێکی لاق شکاو بەدیوارە شێدارەکانەوە

ناتوانێ بێدارمان بکاتەوە ..

بەیادی ڕووبارە کوژراوەکانی خۆرهەڵاتەوە

خەودەبینین

ئاسمان دەبێت بەکچێکی چاو شین و لەبەرزاییەوە لێمان دەڕوانێت

گۆرانییەکی سوور، وەک ڕووبار دەڕێژێتە ناو چەمی سینگمانەوە

شەو بە چاویلکەیەکی ڕەشەوە بەنزیکی

ماڵی ئێمەدا تێدەپەڕێت

نائومێدی لەوسەری کۆڵانەکەی ئێمە نوستووە

پەرداخەکانمان پڕن لە گۆرانی شکاو

ژێر سەرینەکانمان پڕن لە خەونی ترساو

وەکوو درەخت بەدیار کلۆر بوونی خۆمانەوە دادەنیشین

وەک گەڵا دەکەوینە بەرپێی ساڵەکانی

تەنیایی،

وەک فرمێسک بەسەر ڕووخساری ژیاندا دەڕژێین.

وەک چۆن شەوێک مانگ لە چاوی کانیدا

دەشکێت

من و تۆ ئێوارانێک بەناو پەراسووەکانی یەکتردا دەشکێین،

ئەم بەندەرە جێ دێڵین ئەی دۆست

ئەم گوڵانە بەسینگی مردووەکان دەسپێرین.

ئەسپەکانمان بە دارزەیتونەکانی مەنفاوە

دەبەستینەوە

چاوەکانمان پڕدەبێت لە دەنکە هەناری ئازار

نائومێدی بە کەلێنی پەنجەکانماندا دەڕژێت

بەرشەقی وەرزەکان دەکەوین و

 بۆ دواجار دەکەوینە

ئەودیوی شیشەژەنگاوییەکانی پیری.

چاکەتێک لە ڕەنگی با دەپۆشین و وەک تەرمێکی

نەناسراو لە کۆتایی چیرۆکەکاندا

جێ دەمێنین،

وەک چرا بەدەستی موسافیرەکانەوە دەکوژێینەوە

وەک چەقۆ لەناو برینی یەکتردا جێ دەمێنین

وەک دواناونیشانی دڵتەنگی

بەسەر ڕووخساری زەردی یەکترەوە دەمێنینەوە.


ئەم بابەتە 295 جار خوێندراوەتەوە