شەڕ و ئاشتی ناونیشانی شیعرێکی شاعیری فارس "مەحموود داوودی" ە لە کتێبی "شەوێک' دووی نیوەشەو" کە لەلایەن نووسەر و وەرگێڕ "بەڕۆژ ئاکرەیی"ەوە کراوە بەکوردی و وەشەنخانەی باڵندە تایبەت بە شیعر چاپ و بڵاوی کردووەتەوە.
مەحموود داوودی " مەحموود داوودی، شاعیری ئێرانی، (١٩٥٤ ئابادان)، لە هەشتاکانەوە دانیشتووی سویدە. تیاتری خوێندەوە. چیرۆکی نووسیوە. کاری شانۆییی کردووە و شیعریش دەنووسێت. کۆمەڵە شیعری “چەند دیمەن” تاقەبەرهەمی داوودییە، کە ئەگەر هەوڵی برادەرەکانی نەبا، قەت بڵاو نەدەبووەوە. وەک بەرهەمەکانی تری. –
شیعرەکە باسی جەنگ دەکات، هەمان ناونیشانی ڕۆمانە بەناوبانگەکەی "تۆڵستۆی" ڕوسی هەیە.
باسی تۆراندنی یەکجاری باڵندە کان دەکات لەو خاکەی کە جەنگ تیایدا جوانی و هێزە سروشتییەکان دەکوژێت..
سایتی "گەلاوێژ" لەگەڵ پێشنیاری خوێندنەوەی کتێبەکە، ئەم شیعرە بۆ خوێنەرانی بڵاودەکاتەوە:
شەڕ و ئاشتی
شەڕ کە دەستی پێ کرد
سەرەتا باڵندەکان ڕۆیشتن
پاشان
پارێزگار و خێزانەکەی ڕۆیشتن
پاشان ئەوانەی زیرەک بوون و باڵندە نەبوون ڕۆیشتن
پاشان
خەڵکی ئاسایی ڕۆیشتن
پاشان دایکە بێمنداڵەکان ڕۆیشتن
ئاشتی کە دەستی پێ کرد
شارەوان و خێزانەکەی گەڕانەوە
ئەوانەی زیرەک بوون و باڵندە نەبوون گەڕانەوە
خەڵکی ئاسایی گەڕانەوە
دایکە بێمنداڵەکان گەڕانەوە
بەڵام
باڵندەکان
قەت نەگەڕانەوە..