Dlshad.jpg

شانۆنامەی دەریچەیەک نییە بڵاودەبێتەوە

شانۆنامەی دەریچەیەک نییە دەقێکی شانۆیی  فەیلەسوف و رۆماننوس و و رەخنەگرى ئەدەبى و شانۆنوس و نوسەرى فەرەنسی ژان پۆڵ سارتەرە  و یەکێکی ترە لەو زنجیرە کارە ئەدەبی و شانۆییانەی کە سارتەر لە ڕێگایەوە بیر و بۆچونە فەلسەفییەکانی تیادا دەربڕیوە و نووسەر و مامۆستای زانکۆ (دڵشاد حامید دەروێش) وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، ئەم شانۆنامەیە کە بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1944 لە پاریس نمایشکرا، لە ئیستادا بە تەواوی زمانە زیندووەکانی دنیا دەخوێندرێتەوە و نمایشدەکرێت و لەبارەیەوە دەنووسرێت.

لەبارەی ئەم دەقەوە مامۆستا دڵشاد حامید وەرگێڕی کارەکە بە گەلاوێژی وت: ((سارتەر هەم فەیلەسووف و هەمیش ئەدیبێکی مەزنە، ئەو لەپاڵ شاکارە فەلسەفییەکانی وەک (بوون و نەبوون) و (بوونگەرایی هیومانیزمە)، خاوەنی چەندان بەرهەمی ئەدەبی بەپێزە، ئەم شانۆییە یەکێکە لە شانۆ ناوازەکانی ئەم فەیلەسووف و ئەدیبە فەڕەنسییە، هەرچەندە زیاتر دەستوپەنجە لەتەک گرفت و کێشەی (ئەوی دیک)ـەدا نەرم دەکات، بەڵام زێدەگۆیی نییە ئەگەر بڵێین بە جۆرێک لە جۆرەکان تەواوی فەلسەفەکەی تێیدا نیشتەجێکردووە. بەو واتایەی بە خوێندنەوەی ئەم کارە، ئێمە بەر زۆرێک لە چەمکە سارتەرییەکان دەکەوین)).

شایانی باسە ئەم کتێبە بەهاوکاری بەڕێوەبەرێتی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە سلێمانی لەسەر بودجەی پایتەختی ڕۆشنبیری چاپکراوە و ناوەندی غەزەلنووسیش ئەرکی بڵاوکردنەوە لە ئەستۆگرتووە و بەم زوانە بڵاودەبێتەوە.

ژان پۆڵ سارتەر ( Jean-Paul Sartre) له‌ چه‌ند دێرێكدا:

 - پیشه‌: فەیلەسوف و رۆماننوس و و رەخنەگرى ئەدەبى و شانۆنوس و نوسەرى فەرەنسی

- لە رۆژى 21/6/1905 لە شارى پاریس لە دایکبووە.

- لە ئەڵمانیا فەلسەفەی خوێندوە.

- یەکێک بوو لە کەسایەتیە گەورەکانی فەلسەفەی فەڕەنسی سەدەی بیستەم.

- یەکێک بوو لە کەسایەتیە دیارەکانی بواری ئەدەب و فەلسەفەی بوونگەرایی.

- لەساڵی 1929 له‌گه‌ڵ فەیلەسوف و فێمینیست سیمۆن دی بۆڤواردا چاویان بەیەكترى كەوتووە و پەیوەندی خۆشەویستییان دەستیپێكردووە و نزیكەی (50) ساڵ پەیوەندی خۆشەویستیان هه‌بووه‌، بەڵام هەرگیز ژنی نەهێناوە.

- له‌ ساڵى 1939 بانگهێشتی خزمەتی سەربازی دەكرێت، ئەو دەستەیەی پەیوەندی پێوەدەكات، لە هێرشی ئەڵمانەكاندا بۆ سەر فەرەنسا لە مانگى (6)ى 1940 دووچاری شكست و دۆڕانێكی گەورە دەبێت و لەبەرەی خۆرئاوا بەدیل دەگیرێت، دوای ئەوەی چەند مانگێكی زۆر زیندانی دەبێت، ئینجا ئازاد دەكرێت.

- لە کاتی جەنگی جیھانی دووەمدا، کاتێک ئەڵمانییەکان فەڕەنسا داگیردەکەن، دەچێتە ڕیزی بەرەنگاربووەکانی فەرەنسا و خەبات دەکات دژی داگیرکەر.

- جەنگی دووەمی جیهانی وایكرد، بەرەو فۆرمێكی دیكەی ئیلتیزامكردن مل بنێت. لەو سەروبەندەدا ئەو هات و چەمكێكی جیاوازتری بۆ رۆڵی رۆشنبیر هێنایە ئارا. ئەو چەند مانگەی وەك زیندانیەك بەسەری دەبات و دواتر لەبەرگی چوارەمی تەواونەكراوی (رێگاكانی ئازادی) دا باسی لێوە دەكات، لەو دوودڵی و خانە گومانییەكە لەبەرامبەر سیاسەتدا هەیبوو رزگاری دەكات.

- لە ساڵى 1964 خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی پێبەخشرا، بەڵام لەبەر چەند ھۆکارێک خەڵاتەکەی ڕەتکردەوە.

- به‌رهه‌مه‌كانى بۆ چه‌ندین زمان وه‌رگێڕدراون.

- شانۆنامەی (دەریچەیەک)، له‌لایه‌ن (دڵشاد حامید دەروێش) كراوه‌ته‌ كوردی، كه‌ ئەم شانۆنامەیە کە بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1944 لە پاریس نمایشکرا.

- شانۆنامه‌ى (دەستە پیسەکان) له‌لایه‌ن (موحسین ئەحمەد عومەر) له‌ دووتوێى (84) لاپه‌ڕه‌دا كراوه‌ته‌ كوردى.

- لە رۆژى 15/4/1980 لە تەمەنى (74) ساڵى بە نەخۆشى لە شارى پاریس کۆچى دوایى کردووە.


ئەم بابەتە 200 جار خوێندراوەتەوە