Ivan's_Childhood1.jpg

فیلمی ژیانی منـداڵـی ئیڤـان (Ivan's Childhood)

ژینوار ئازاد حەمە کەریم

فیلـمەکـە لـە کـورتـە چیـرۆکـێکـەوە وەرگیـراوە بـەناوی (Ivan's Childhood) ژیانی منداڵی ئیڤان

دەرهێنەر ـ ئەندرێ تارکۆڤسکی

نوسینی ـ ڤلادمێر بوگامولوف و میخائیل پاپاوا

سینماتۆگراف ـ ڤادێم یۆسۆڤ

ڕەگەزی فیلم ـ دراما ، جەنگ

بەرهەمی ١٩٦٢(روسیا)

ئاخافتنی فیلمەکە ـ ڕوسی-

 کات ـ (٩٥) دەقیقە

بڵاوکردنەوە ـ موس فیلم

کاتی بڵاوکردنەوە ـ ٦ ئەپڕیل ١٩٦٢

Ivan's Childhood

 چیرۆکی فیلمەکە:

 فیلمەکە باسی چیرۆکی ژیانی "ئیڤان" دەکات، منداڵێک کە خەون و ژیان و خێزانەکەی لە جەنگدا دەبنە قوربانی و ژیانی ڕێگایەکی تر دەگرێت. دوای ئەوەی باوکی لەبەرەکانی جەنگ دەکوژرێت، دایکی و خوشکەکەی بە فیشەکی نازییەکان دەمرن، ئەم گەنجە پەیوەندی دەکات بە یەكێك لە بەشەكانی سوپاوە و لە ڕیزەكانی سوپادا وەك جێبەجێكاری هەواڵگری دەستبەكاردەبێت، ئەركی تۆڵە سەندنەوەی پێ دەبەخشرێت، تاكە ترسی ئیڤان دورخستنەوەی بوو لە ئەركەكەی و ناردنەوەی بوو بۆ ماڵەوە، ماڵی چۆڵ و داڕوخا و بەسەر یادەوەرییەکانی خێزانێکی بێ ئاسەواردا. بۆیە هەوڵی دەدا كە باشترین و نایابترین سەرباز بێت و هەمیشە لەپێشەوەی بەرەکەدا بێت، ترسو تۆقاندنی جەنگ دژی ڕاستی و خەونەكانی ئیڤان بوو، لە خەونەكانیدا پێدەكەنی و دایك و خوشكەكەی ئەبینی ، مۆسیقایەكی هێواش لێ دەدرا لەناكاو هەموو شتێك وەستاو كوڕەكە گەڕایەوە ناو ژیانە ڕاستەقینە تاڵەكەی ، چەندین جار ئیڤان توانی زانیاری گرنگی لەبارەی دوژمنەوە دەست بكەوێت و زیندوو بمێنێتەوە لە ئەركەكەی ، بەڵام ڕۆژێك ئەم گەنجەی بەشی هەواڵگری ئیتر نەگەڕایەوە بۆ ئەركەكەی خۆی...

 ئەگەر فیلمەکە لەسەر تیۆرە بەناوبانگەکەی دەروونشیکاری نەمسایی فرۆید ببینین، دەنوسین، گەڕانەوەیەکی توند و غەمگینە بۆ ناو داروپەردووی یادەوەرییەکانی منداڵێک، کە تەنانەت لەبەرەی جەنگیشدا دەستبەرداری خەونبینین نابێت بەمنداڵییەوە. منداڵییەک کە جەنگ، ناهێڵێ ئەزموونبکرێت و دواجار لە قوڵاییەکانی نەستماندا دەنیشێت و بۆدەرفەتی خۆ ئەزموونکردێک دەگەڕێت.

 تارکۆفسکی فیلمەکە دژی جەنگ و ئەو ژیانە تراژیدی و سامناکە دروستدەکات کە مرۆڤەکان لەیەکتری دەکاتە دڕندە و وایان لێدەکات بەدرێژایی ژیانیان باجی قۆناخێکی کورتی جەنگبدەن. بەڵام لەناو هەموو ئەو ناسرینی و بارگرانییەدا کە جەنگ دەیهێنێتە ئاراوە و تارکۆفسکی لەڕێگەی دیمەنەکانەوە مانیفێستی دەکات، جوانی و ناسکی و هەستی مرۆڤانە، خۆشویستنی ئەویتر و پێویستی بەویتر لەبیرناکات و لە زۆرێک لە دیمەنەکاندا و بەتایبەت لە ساتی گفتوگۆی پەرستار "ماشا" و کاپتن "خۆلێن" کە یەکێک لە چرکەسات و دیمەنە زۆر سەرنجبەرەکانی نێوفیلمەکەیە. ناسکی وهەستیارییەکی قوڵ دروستدەکات و لە قوڵایی جەنگ و برینداری و هیلاکی دەروندا ناسکییەکی ئێجگار جوان دەگوازێتەوە بۆ بینەر.

 ئەو ساڵەی فیلمەکە بڵاوکرایەوە، مانشیتی ڕۆژنامە نێودەوڵەتییەکاندا بەردەوام بەسەردێرێکی گەورە لەسەری سەرەوە دەیان نووسی "ژیانی مناڵی ئیڤان" نمایشکرا و دواتر، ساڵی 1962 لە ڤیستیڤاڵی "ڤێنیس"، Venice" خەڵاتی ”گراند پرایز ” ،” grand priz” ی پی بەخشرا ، لە هەمان ساڵدا خەڵاتی سەرەكی فیستیڤاڵی سان فرانسیسكۆ و ڤیستیڤاڵی مۆنتریاڵی بەدەستهێنا.

 تارکۆڤسکی لە Karlovy Vary لە ساڵی 1970 بۆ باشترین فیلم دژی فاشیستەكان، بڕوانامەی دیبلۆمی لەسینمادا پێبەخشرا.

 دەربارەی تارکۆفسکی، شاعیرەکەی سینەما:

Ivan's Childhood3

ئەندرێ ئارسێنیڤیچ تارکۆڤسکی، یەکێک لە گەورەترین  دەرهێنەرەکانی ڕووسیایە و لە ٤ـی ئەپرڵی ١٩٣٢ لە گوندی زافراژی لە ئیڤانۆڤۆ ئۆبلاست لەدایکبوو. "ئەلیخاندرۆڤیچ تارکۆڤسکی" باوکی، بەیەکێک لە شاعیرە بەرز و جێگە دیارەکانی ڕوسیا دەژمێرێت  و بە ئەسڵ خەڵکی ئۆکراین بووە. دایکی "ماریا ئیڤانۆڤا ڤیشنیاکۆڤا" دەرچووی پەیمانگەی ئەدەبیی ماکسیم گۆرکی بووە و ورد و بەدیقەت بووە لە کاری ئەدەبیدا. لە ساڵی ١٩٣٧ باوکی خێزانەکە جێدێڵێت و بەدوای ژیان و شیعر و شتانێکی دی دەکەوێت و ئەم جێهێشتنە گورزێکی توند لە دەروونی تارکۆفسکی دەدات و پاشتر هەر ئەم گورزە لە فیلمی" ئاوێنە ١٩٧٤ " دا ڕەنگ دەداتەوە و دەبێت بەبەشێک لە فەزای فیلمەکە.

 تارکۆفسکی پاش ئەوەی باوکی خێزانەکە جێدێڵێت، لەگەڵ دایکی و مارینای خوشکی ڕودەکەنە مۆسکۆ و دایکی لەوێ بەهۆی شارەزایی لە ئەدەبیاتدا لە کۆمپانیایەکی چاپەمەنی کتێب کاردەکات.

لەلای گرنگە کە تارکۆفسکی لەبواری هونەری موزیکدا بخوێنێت، بەڵام تارکۆفسکی ئێجگار جیاواز و قوڵ لەزەتی لە ئەدەبیات دەبرد، بەتایبەت شیعر و دواجاریش هەم بوو بە شاعیر و هەم سینەما کار، یان ڕاستر بە زمانی ڕەخنە گران، بوو بە شاعیرەکەی سینەما.

 تارکۆفسکی ورد و بە دیقەت لە بینینی ئەو پاشخانە لە کلتووری هونەری جیهان سودی بینی و زۆرێک لە رێبازەکان کاریگەرییان لەسەردانا، بەتایبەت :نیوڕیالیستی ئیتالی، شەپۆلی نوێی فەڕەنسا و دەرهێنەرانێکی وەک کۆرۆساوا، بونوێڵ، بێرگمان، بریسۆن، بوونە جێگە سەرنج و دیقەتی.

 ساڵی ١٩٥٦ تارکۆفسکی یەکەم فیلمی خۆی بەناوی "بکوژەکان" دروستدەکات، کە لە چیرۆکێکی "هەمنگوای"ەوە وەریگرتووە و ئەم ئەزموونە دەبێتە یەکەم ئەزموونی ئەو.

 دواتر و بە فیلمە بەناوبانگەکەی منداڵی ئیڤان خەڵاتی شێری ئاڵتونی دەبات و ناوبانگێکی جیهانی بۆ خۆیی بەدەستدێنێت.

لە فیلمەکەیدا باسی دابەشبوونی منداڵی دەکات لەسەردەمی جەنگدا و ئەو نەهامەتی و ئازارانەی کە مرۆڤ بەهۆی جەنگەوە تووشی دەبێت.

سینەمای تارکۆفسکی وەک جۆرێک شیعری بینراو سەیردەکرێت و ئەولەسینەما شیعرییەکەیدا پێی وابوو، کە سینەما زۆر ئازایانە لە وێنەکانیدا دووردەکەوێتەوە لەو وێنەیەی کە لە واقیعدا ھەیەتی و پابەندە پێوەی و لە ژیانی واقعیدا بەدەردەکەوێت ، لە ھەمان کاتدا جەخت ئەکاتەوە لەسەر ئەوەی کە سینەما پێویستە بە پێکھاتە تایبەتەکەی بەردەوام بێت لە چاودێری کردنی ژیان بە شێوازێکی وورد و پاک و ڕاستگۆیانە.

 تارکۆفسکی، کۆی فیلمەکانی بریتین لەشعری بینراوو هەروەها لەزۆربەی فیلمەکانیدا شعری ئارسینی تارکۆفسکی باوکی بەکارهێناوە هەربۆیە زۆربەی کارەکتەرەکانی تارکۆفسکی قەدیس و دێوانەن کاسانێکن خولیای میتافیزکیان هەیەو بەردەوام چاوەڕوانی موحجیزەن ،بەردەوام لەگەڕان دان بەدوای مانا قووڵەکانی بوون دا،هەربۆیە کۆی فیلمەکانی بریتین لە شیعرێکی ڕووت وقووت.

 ئەو بەتەنیشت فیلمەوە، کۆمەڵێک یاداشت و شیعری لێ بەجێماوە کە درێژکراوەی هەمان دید و تێڕوانینی نێو فیلمەکانینی.

 شاعیرەکەی سینەما، لە ٢٩ـی دیسێمبەری ١٩٨٦ لە پاریس مرد. لە ٣ـی جەنیوەری ساڵی ١٩٨٧ لە گۆڕستانێکی ڕووسی لە پاریس نێژرا.

  

فیلمۆگرافی

بکوژەکان – The (کورتەفیلم، ١٩٥٨)

Extract (کورتەفیلم، ١٩٥٨)

There Will Be No Leave Today (کورتەفیلم، ١٩٥٩)

The Steamroller and the Violin (کورتەفیلم، ١٩٦٠)

منداڵێتیی ئیڤان - Ivan’s Childhood (١٩٦٢)

ئەندرێ روبلۆڤ - Andrei Rublev (١٩٦٦ – ١٩٧١)

سۆلاریس – Solaris (١٩٧٢)

ئاوێنە – Mirror (١٩٧٤)

ستاڵکەر – Stalker (١٩٧٩)

Tempo di viaggio (دۆکیومێنتاری تەلەڤزیۆنی، ١٩٨٣)

نۆستالژیا – Nostalgia (١٩٨٣)

قوربانی - The Sacrifice (١٩٨٦)


ئەم بابەتە 82 جار خوێندراوەتەوە