ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 15/12/2020 كاژێر (3)ى دواى نیوه‌ڕۆ له هۆڵى شه‌هید ئازاد هه‌وارمى له ناوه‌ندى رۆشنگه‌ریى چاو‌دێر به ئاماده‌بونى (د. ابتسام اسماعیل) سه‌رۆكى بنكه‌ى روناكبیریى گه‌لاوێژ و (ته‌ڵعه‌ت تاهیر) جێگرى سه‌رۆكى بنكه له كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌نوسیدا بیست و چواره‌مین فێستیڤاڵى گه‌لاوێژ راگه‌یه‌ندرا.
له‌سه‌ره‌تاى كۆنگره رۆژنامه‌نوسیه‌كه‌دا (د. ابتسام اسماعیل) سه‌رۆكى بنكه‌ى روناكبیریى گه‌لاوێژ وته‌یه‌كى پێشكه‌شكرد و وتى: "بەخێرهاتنتان دەکەین، ئەرکتان کێشـــا، سوپاس بۆ ئامادەبوونتان لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی بنکەی ڕوناکبیریی گەلاوێژ و ڕاگەیاندنی (٢٤) بیست و چوارەمین ڤیستیڤاڵــی گەلاوێژ".
ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شكرد "بنکەی ڕوناکبیریی گەلاوێژ توانیویەتی لەماوەی پێشوودا ببێتە سیمبولێک و وەرچەرخانێک لە دنیای هــزر و داهێنان و ڕۆشنگەریدا، بە درێژایی تەمەنی زۆرترین ئەدیب و ڕۆشنفــیکــر و هونەرمەند و لێکۆڵەر و توێژەری هێناوەتە شــاری سلێمانی، کە زۆرترین کێبڕکێ کراوە لەسەر بەرەو باشتر و جوانترکردنی هەموو بوارەکان و پۆشینی بەرگی ئەفراندن و جوانی بۆ تواناکــان".
سه‌باره‌ت به كاتى ئه‌نجامدانى فێستیڤاڵیش ئاشكرایكرد، "کە خولی (٢٤)ە هەمین ڤیستیڤاڵـی گەلاوێژ ئاشکــرا دەکەین کەلە کۆتایی مانگی نیساندا ئەنجامدەدرێت و ڕایدەگەیەنین کە لە ئێستادا ئامادەیی خۆمان دەردەبڕین بۆ وەرگرتنی بەرهەمی نووسەران و ڕووناکبیران لە بوارەکانی شــیعـر و چیرۆک و لێکۆڵینەوە بەپێی ئەو مەرجانەی کە دواتر لە سایتی بنکەکەمان و لەسەرجەم کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بڵاودەکرێتەوە جگە لەوە بنکەی گەلاوێژ چەندین چالاکی جیاجیای لە کۆڕ و سیمینار و دیداری تایبەت بە ڕۆشنبیران لە شارەکانی عــێراق ئەنجام دەدات.
بۆ وەرزی نوێی گەلاوێژیش وتى: "بۆ وەرزی نوێی گەلاوێژ ئێمــە هەموو هەوڵێکمان دەخەینەگەڕ، ئەمساڵ کە پەتای کۆرۆنا تەنگی بە مرۆڤایەتی هەڵچــنیبوو، لاى ئێمه نەبووە بەربەست لەبەردەم ئەنجامدانی (٢٣)هەمین ڤیستیڤاڵ و لەکارەکانمان بەردەوام بووین بینەرێکی زۆریشمان هەبوو بۆ ئەم ڤیستیڤاڵەش بەردەوام دەبین و میوانان بانگهــێشــت دەکەین و جەماوەر بانگهــێشــت ده‌كرێ بۆ ئامادەبوون... ئەمـــەش بەڕەچاوکردنی ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە ئایندەدا دەبێت و هـیوادارین ئەم پەتــا نەگریســە دوا دوایی بێت و میللـــەتانی جیهـان وەک جاری جاران بکەونەوە سەر چالاکی و ژیانی ڕۆژانەی خۆیان".
له كۆتایشدا له وه‌ڵامى پرسیارى ئهمادهبوان سه‌باره‌ت به شێوازى به‌ڕێوه‌چوونى فێستیڤاڵ ئاشكراى كرد، كه چاوه‌ڕێى كات ده‌كه‌ین بزانین تا كۆتایى مانگى چوار په‌تاى كۆرۆنا به‌ره‌و كوێ ده‌چێت، ئه‌م كاته بڕیارى پێویست له‌سه‌ر شێوزاى به‌ڕێوه‌چوونى فێستیڤاڵ ده‌ده‌ین، كه وه‌كو ساڵى رابردوو بێت یاخود وه‌كو ساڵانى رابردوو.
بنکەى روناکبیریى گەلاوێژ
رێکخراوێکى روناکبیریى گشتییە بایەخ بە ئەدەب و فیکر‌و کولتورى رۆشنگەرى دەدات، لە ساڵى 1996 لە شارى سلێمانى دامەزراوە، له كاتێكدا دامه‌زرا كه شه‌ڕى ناوخۆ له كوردستاندا بوونى هه‌بوو، هه‌موو پێكهاته‌كانى كۆمه‌ڵ به‌سه‌ر دوو به‌ره‌دا دابه‌ش ببوون، به‌ڵام دامه‌زراندنى بنکەى روناکبیریى گەلاوێژ بوو به هه‌وڵێك بۆ له‌باربردنى كاریگه‌رییه‌كانى ئه‌و بارودۆخه سه‌خت و ناهه‌مواره‌ى ئه‌و كاته و توانى هه‌موو نوسه‌ران و ئه‌دیبان له ده‌ورى خۆى كۆبكاته‌وه و ده‌رگایه‌كى نوێ به رووى نوسه‌ران و به‌هره‌مه‌ندان بكاته‌وه و پشتگیرى له داهێنان و ئازادیى قه‌ڵه‌م بكات.
ناوى گەلاوێژ وەک رێزلێنان و پێزانینێک بۆ گۆڤارى گەلاوێژى دانراوە، کە مامۆستاى روناکبیر ئیبراهیم ئەحمەد لە ساڵانى 1939 – 1949 لە شارى بەغداد دەریکردووە.
ساڵانە فێستیڤاڵێکى کولتوریى گەورە بەناوی " فێستیڤاڵی گەلاوێژ" سازدەکات، کە لەسەرجەم وڵاتانى دونیا نوسەران و روناکبیران بانگهێشت دەکات، جگه له‌وه‌ى سه‌رجه‌م به‌هه‌مه‌كانیان چاپ ده‌كات و خه‌ڵات به‌سه‌ر یه‌كه‌م و دووه‌م و سێهه‌مه‌كانی شیعر و چیرۆک و لێکۆڵینەوەش دابه‌ش ده‌كات.
بنکەى روناکبیریى گەلاوێژ، گۆڤاری (گەلاوێژی نوێ)ی به هه‌ردوو زمانى كوردى و عه‌ره‌بى ده‌ركردووه و تیایدا سه‌دان به‌رهه‌مى نوسه‌رانى به هه‌ر دوو زمانه‌كه بڵاوكردۆته‌وه، به‌ده‌ر له‌مه به‌رده‌وام چالاكى ئه‌ده‌بیى و روناكبیرى بۆ شاعیران و نوسه‌ران ئه‌نجامداوه، هه‌روه‌ها به‌رهه‌مى زۆرێك له نوسه‌رانى كورد و بیانى وه‌كو كتێب چاپكردوه و بڵاویكردۆته‌وه.
خەڵاتێکى تایبەتى هەیه بەناوى (خەڵاتى کوردستان) کە دەدرێت بە نوسەران و روناکبیرە جیهانییەکان، خولى یەکەمى ئەو خەڵاتە لە 23/4/2009 درا بە شاعیر‌و بیرمەندى عەرەب ئەدۆنیس، لەخولى دووەمیدا ئەو خەڵاتە لە 24/11/2014 درا بە رۆماننوسى ئەڵمانى بە رەچەڵەک کورد شێرکۆ فەتاح، لە خولى سێیەمیشدا لە 25/10/2015 لە بەرلین درا بە شاعیرى ئەڵمانى فۆلکەر براون، ئه‌مه جگه له‌وه‌ى چه‌ندین خه‌ڵاتى دیكه ساڵانه وه‌كو رێزلێنانێك ده‌درێت به نوسه‌ران و هونه‌رمه‌ندان.
دەستەی دامەزراندنی بنکەى روناكبيريى گەلاوێژ بریتین له: (حیكمه‌ت محه‌مه‌د كهیم (مەلا بەختیار)، ره‌ووف بێگه‌رد، حسێن عارف عه‌بدولڕه‌حمان، سامی هادی، ئه‌رخه‌وان، عەبدوڵا تاهیر بەرزنجی، ئازاد عه‌بدول محه‌مه‌د (ئازاد بەرزنجی)، جه‌مال غه‌مبار، دلاوه‌ر قه‌ره‌داغى، قوبادى جه‌لیزاده، یاسین فه‌قێ سه‌عید، جه‌مال محه‌مه‌د ئه‌مین عارف (جه‌مال شارباژێڕى)، د. محه‌مه‌د دلێر ئه‌مین، له‌تیف مه‌حمود محه‌مه‌د (له‌تیف هه‌ڵمه‌ت)، ئاوات حه‌سه‌ن ئه‌مین، سابیر سدیق محه‌مه‌د، ئاكۆ كه‌ریم مه‌عروف، ڤیان كه‌مال، محه‌مه‌د عومه‌ر عوسمان (ژه‌نه‌ڕاڵى پایز)، عیرفان ئه‌حمه‌د).
فێستیڤاڵى گەلاوێژ
فێستیڤاڵی گەلاوێژ چالاکییەکی ئەدەبی و هونەری فراوانە، کە تێیدا بایەخ بە بەرهەمی فیکری و ئەدەبی و هونەری نووسەران و کلتوری ڕۆشنگەری ده‌دات، بنکەى روناکبیریى گەلاوێژ وەک رێکخراوێکى کولتورى ساڵانه فێستیڤاڵێکى نێودەوڵەتى سازدەکات، لە سەرەتاى دامەزراندیەوە لە ساڵى 1996 کاتێک تارمایی و زەبری شەڕی ناوخۆ کۆتایی بە هەموو چالاکییە ئەدەبی و هونەری و کۆمەڵایەتییەکان هێنابوو، نووسەران و هونەرمەندانی بەسەر دووبەرەدا دابەشکردبوو، لەو ڕۆژانەدا بیرۆکەی دروستبوونی کۆمەڵێک چالاکی و فێستیڤاڵێک کە ببێت بە چەتری کۆکردنەوەی گشت نووسەران بێ جیاوازی سەری هەڵدا و له‌و رۆژه‌وه بەردەوام هەوڵى بۆ کولتورێکى رۆشنگەر و ئەدەب و فیکرێکى پێشکەوتوو داوه، ئامانجى سەرەکیى فێستیڤاڵیش بریتییە لە بنیاتنان و پتەوکردنى پردى پەیوەندیى کولتورى کوردى بە کولتورى گەلانى ترەوە لەپێناو خوڵقاندنى دیالۆگێکى کولتوریى کراوە، هه‌روه‌ها بایەخدانە بە بەرهەمی ئەدەبی و هونەری نوێ و هاندانی گەنجان و نوسەران بۆ بایەخدان بە نووسین و کاری ڕۆشنگەری و بانگێشتکردنی نووسەرانی بیانی و ئاشناکردنیان بە کلتورو مێژوی ئەدەبی کوردی و کارکردن بۆ کۆکردنەوەی نووسەران و هونەرمەندانی کورد لە شارە جیاجیاکانی کوردستانەوە.
ساڵانه لەگەڵ نزیكبوونەوەی فێستیڤاڵدا ئەدیبان و ڕووناكبیران هەواڵی چۆنێتی بەڕێوەچوونی دەرپرسن و خۆیانی بۆ ئامادە دەكەن، ئەوەش لەو مێژووە پرشنگدارەوە سەرچاوەی گرتووە كە فێستیڤاڵی گەلاوێژ توانیویەتی لە چەند ساڵی رابردوودا تۆماری بكات.
بەردەوامیی فێستیڤاڵی گەلاوێژ زەمینەیەكی ئازاد و لەباری بۆ دەركەوتن و نواندنی توانا و داهێنانی نووسەران فەراهەم كردووە، لە سونگەی ئەو ڕاستییەشەوە دەركەوتن و ناساندنی چەندین قەڵەمی لاو، گەواهیی ئەوە دەدەن كە ئەم فێستیڤاڵە ئەو زەمینەیەی بۆ ڕەخساندوون، كە بتوانن توانا و بەرهەمی خۆیان بخەنە بەردەم نووسەرانی بەئەزموون، چەند نووسەرێکی لاو هەبوون و لە ڕێگەی ئەم زەمینەیەوە کە ئێمە ڕەخساندوومانە، خەڵاتیان پێ بەخشراوە و دواتر پەرەیان بە توانای خۆیان داوە و بوونەتە ناوێکی دیاری ناوەندی ڕۆشنبیری لە بوارەکەی خۆیاندا.
فێستیڤاڵ کۆمەڵێک بواری ئەدەبی و هونەری لەخۆ دەگرێ لەوانە، (شیعر، چیرۆک، لێکۆڵینەوە، موزیك، پێشەنگای شێوەکارى و کردنەوەی پێشەنگای کتێب)، بەڵام تەنیا شیعر و چیرۆک و لێکۆڵینەوە دەچنە بواری پێشبڕکێوە و ساڵانه سه‌رجه‌م به‌رهه‌مى به‌شداربوه‌كان له به‌رگێكدا چاپده‌كرێن.
لەماوەی کارکردنیدا فێستیڤاڵی گەلاوێژ توانیوێتی کۆدەنگییەکی گرنگ و متمانەداری نووسەرانی ناوخۆ‌و دەرەوە بەدەستبهێنێت و ببێت بە چەتری گشت نووسەران و بەرهەمەکانیان بێ جیاوازی سیاسی و کلتووری و بیرکردنەوە، گەورە شاعیری عەرەب ئەدۆنیس لە پەیامێکیدا بۆ فێستیڤاڵی گەلاوێژ دەنووسێت: "ئەم فێستیڤاڵە وا وەسفدەکەم کە بەڕاستی فێستیڤاڵێکی گەشاوەیە".
هه‌ر له رۆژانى فێستیڤاڵدا گهلاوێژنما، وه‌كو ڕۆژنامەیەکی ساڵانەی تایبەت بە چالاکی و بەرهەمەکانی فێستیڤاڵ ده‌رده‌چێت و بایەخ بە بەرهەمی بەشداربوان و نووسەرانی میوان دەدات و بەرنامەی ڕۆژانەی فێستیڤاڵ ڕادەگەیەنێت.
فێستیڤاڵه‌كانى گه‌لاوێژ:
یەکەمین فێستیڤاڵ له رۆژانى 21-30/12/1996، له ژێر دروشمى (وڵاتێك بۆ ئازادى ئاسمانێك بۆ داهێنان) له هۆڵى رۆشنبیریى به‌ڕێوه‌چوو.
دووەمین فێستیڤاڵ له رۆژانى 12-19/11/1997، له ژێر دروشمى (بۆ ئه‌وه‌ى هه‌وره‌كانى كوردستان نه‌تۆرێن با چراى ده‌نگه‌كان داگیرسێن!) له هۆڵى ژوورى بازرگانى سلێمانى به‌ڕێوه‌چوو.
سێیەمین فێستیڤاڵ له رۆژانى 10-17/11/1998، له ژێر دروشمى (له ژوانگه‌ى ئاشتى دا ئازادیى ده‌بێته ئاسمانى داهێنان) له هۆڵى كۆمه‌ڵه‌ى هونه‌ره جوانه‌كانى كورد به‌ڕێوه‌چوو.
چوارەمین فێستیڤاڵ له رۆژانى 15-22/12/1999، له ژێر دروشمى (به‌ره‌و ئازادیى لێكدانه‌وه‌ى تهلیسمهكان له هه‌زاره‌ى سێیه‌مدا) له هۆڵى سه‌نته‌رى چالاكیى گه‌نجانى سلێمانى به‌ڕێوه‌چوو.
پێنجەمین فێستیڤال له رۆژانى 15-20/1/2001، له ژێر دروشمى (وروژاندنى پرسیاره‌كانى داهێنان... رامان له ئاسۆى ئاینده‌مان) له هۆڵى دیالۆگ به‌ڕێوه‌چوو.
شەشەمین فێستیڤاڵ له رۆژانى 15-20/5/2002، له ژێر دروشمى (ئازادى عه‌قڵ گه‌وهه‌رى رۆشنگه‌رییه) له هۆڵى سه‌نته‌رى چالاكیى گه‌نجانى سلێمانى و هۆڵى دیالۆگ به‌ڕێوه‌چوو.
حەوتەمین فێستیڤاڵ له رۆژانى 2-7/11/2003، له ژێر دروشمى (دیموكراسى راسته‌قینه، ده‌سته‌به‌رى ئازادیى ویژدانه...) له هۆڵى دیالۆگ به‌ڕێوه‌چوو.
هەشتەمین فێستیڤاڵ له رۆژانى 4-10/12/2004، له ژێر دروشمى (ئازادیى.. په‌لكه‌زێڕینه‌ى داهێنانه) له هۆڵى سه‌نته‌رى چالاكیى گه‌نجانى سلێمانى و هۆڵى دیالۆگ به‌ڕێوه‌چوو.
نۆیەمین فێستیڤاڵ له رۆژانى 20-26/11/2005، له ژێر دروشمى (سلێمانى ژوانى هۆگرانى پهیفى ئازاده) له هۆڵى سه‌نته‌رى چالاكیى گه‌نجانى سلێمانى به‌ڕێوه‌چوو.
دەیەمین فێستیڤاڵ له رۆژانى 23-29/11/2006، له ژێر دروشمى (ئاشتى و ئازادى ساباتى داهێنانه) له هۆڵى راپه‌ڕین له زانكۆى سلێمانى و هۆڵى دیالۆگ به‌ڕێوه‌چوو.
یانزەیەمین فێستیڤاڵ له رۆژانى 20-27/11/2007، له ژێر دروشمى (سه‌ركه‌وتنى ئازادى، ئاسووده‌یى مرۆڤایه‌تییه) له هۆڵى رۆشنبیرى و هۆڵى دیالۆگ به‌ڕێوه‌چوو.
دوانزەیەمین فێستیڤاڵ له رۆژانى 20-27/11/2008، له ژێر دروشمى (گه‌لاوێژ سه‌كۆى هاوبه‌شى كولتووره جیاوازه‌كانه) له هۆڵى رۆشنبیرى و هۆڵى دیالۆگ به‌ڕێوه‌چوو.
سیانزەیەمین فێستیڤاڵ له رۆژانى 10-15/11/2009، له ژێر دروشمى (ئه‌ندێشه جیاوازه‌كان به‌ره‌و داهێنان) له هۆڵى ته‌وار به‌ڕێوه‌چوو.
چواردەیەمین فێستیڤاڵ له رۆژانى 10-15/11/2010، له ژێر دروشمى (ئازادیى ئه‌قڵ ده‌روازه‌ى داهێنانه) له هۆڵى ته‌وار به‌ڕێوه‌چوو.
پانزەیەمین فێستیڤاڵ له رۆژانى 22-25/11/2011، له ژێر دروشمى (نه‌وه‌ى نوێ چه‌مكى نوێى به‌رهه‌مهێنا، تێبگه‌ین یا تێنه‌گه‌ین) له هۆڵى ته‌وار به‌ڕێوه‌چوو.
شانزەیەمین فێستیڤاڵ له رۆژانى 15-18/11/2012، له ژێر دروشمى (جیاوازییه‌كان له تریفه‌ى گه‌لاوێژدا ده‌دره‌وشێنه‌وه) له هۆڵى ته‌وار به‌ڕێوه‌چوو.
حەڤدەیەمین فێستیڤاڵ له رۆژانى 21-25/11/2013، له ژێر دروشمى (گه‌لاوێژ رایه‌ڵه‌ى داهێنه‌ران و گوڵچنینى به‌هره‌مه‌ندانه) له هۆڵى سلێمانى پاڵاس به‌ڕێوه‌چوو.
هەژدەیەمین فێستیڤاڵ له رۆژانى 20-24/11/2014، له ژێر دروشمى (شنگال و كۆبانێ سه‌نگه‌رى به‌ره‌نگارى و ئاسۆى ئازادى) له هۆڵى ته‌وار به‌ڕێوه‌چوو.
نۆزدەیەمین فێستیڤاڵ له رۆژانى 19-23/11/2015، له ژێر دروشمى (بیره بوێره‌كان مه‌شخه‌ڵى رۆشنگه‌رین) له هۆڵى ته‌وار به‌ڕێوه‌چوو.
بیستەمین فێستیڤاڵ له رۆژانى 20-23/11/2016، له ژێر دروشمى (ئه‌قڵى ئازادى نه‌وه‌یه‌كى رۆشنگه‌ر) له هۆڵى ته‌وار به‌ڕێوه‌چوو.
بیست و یه‌كه‌مین فێستیڤاڵ له رۆژانى 5-7/4/2018 له ژێر دروشمى (به‌ره‌و تێپه‌ڕاندنى چوارچێوه داخراوه‌كان) له هۆڵى ته‌وار به‌ڕێوه‌چوو.
بیست و دوه‌مین فێستیڤاڵ له رۆژانى 18-20/4/2019، له ژێر دروشمى (ره‌خنه‌ى ئازاد، ده‌سته‌به‌رى كرانه‌وه) له هۆڵى ته‌وار به‌ڕێوه‌چوو.
بیست و سێیه‌مین فێستیڤاڵ له رۆژانى 20-21/9/2020، له ژێر دروشمى (ئاسۆ ده‌دره‌وشێته‌وه) له هۆڵى شه‌هید ئازاد هه‌ورامى به‌ڕێوه‌چوو.
مه‌رجه‌كانى وه‌رگرتنى بابه‌ت:
پێویستە سەرجەم بابەتى بوارەکانى (شیعر، چیرۆک، لێکۆڵینەوە) نوێ بن و پێشتر لە هیچ شوێنێک بڵاونەکرابێتەوە و بەفۆنتى یونی‌کورد گۆران تایپ کرابن و سایزى (14) بن.
شیعر، پێویستە لە (4) چوار لاپەڕە زیاتر نەبێت.
چیرۆک، لە (2000) دوو هەزار وشە زیاتر نەبێت.
لێکۆڵینەوە، لە (6000) شەش هەزار وشە زیاتر نەبێت.
لە رۆژى 15/12/2020 تاکو 1/3/2021 بابەتەکانى فێستیڤاڵ لە رێگەى ئیمەیلى ([email protected]) وەردەگیرێن.